شاری سلێمانی بە زنجیرە چیا وگردەکانی یەوە ، دیمەنێکی رۆمانسی سەرنج راکێشەر و جوانی ھەیە ،تایبەتمەندی دڵگیری جوگرافیای ئەم شارە ، لە ناوھەموو شارەکانی عێراق دا دیارو جیاوازەو ومایەی تێڕامانە.
لەسەرەتای دروست بوونی سلێمانی یەوە،دەیان کارو پیشەی ، بنەمای شاری تیا بووە، خانوەکانی لەسەر تەرزی بیناسازی نوێ دروست کراوە ،کەرەستەو ئامێری سەرەتایی کشتوکاڵی گوندەکان و پیشەسازی و پێویستی شارەکەو گوندەکانی تیا بەرھەم ھێنراوە .
سلمانی شاری رووناکبیریی وئەدەب و ھونەرو ھەڵوێست وخۆپیشاندان و مانگرتن ویاخی بوون و شۆڕش بووە بەرامبەر بە داگیرکەرانی نیشتمان .
.لە ساڵی ١٩١٨دا و سەرەتای بیستەکان ،سلێمانی پایتەختی یەکەم حکومەتی کوردی بوو، بە رابەرایەتی مەلیک مەحمود، .لە کاتی یاخی بوونی مەلیک مەحمود ،فڕۆکەی جەنگی بەریتانیا بۆمبابارانی ناو شاری سلێمانی یان کردوە .
لە ٦-ی کانونی ١٩٣٠ بۆ یەکەم جار، یەکەم ڕاپەرینی شەقامی شار، لە دەرگای قوتابخانەوبەسەرپەرشتی روناکبیران ومامۆستایان وئەدیبان وکاسب کارانی شار ،دژ بە سیناریۆی ئینگلیزەکان بۆ ھەڵبژاردن ،لە بەردەرکی سەرای سلێمانی بەرپا کرا .
لەسەردەمی دەسەڵاتی کۆماری عێراق دا .چەندان خۆپیشاندان وھەڵوێستی یاخی بوون ، بە خوینی خەڵکی ئەم شارە بەرپا کراوە ،سلێمان بە ( شاری ھەڵمەت وقوربانی ) ناسراوە .
دەیان نوسەروشاعیرو ئەدیب ورۆژنامەنووس و سەرکردە ی سیاسی وفەرماندە ی سەربازی وکەسێتی بەتوانا و بە ھەڵوێست ، رۆڵی سەرەکی و پێشەنگ یان ،لە م شارەدا ھەبووە بۆگۆڕانکاری وداھێنان .
لەو سەردەمە جیا جیانەدا دەیان جەلاد دەستی بە خوێنی خەڵکی ئەم شارە سوور کردووە ،لە شەستەکان زەعیم سدیق ولە ناوەڕاستی حەفتاکان.ملازم موحسین ، جەمال رینگۆ و جینۆسایدی ھاوڵاتیانی ئەم شارەیان کردووە
سەدام دەیوت :
-سەری مارەکە لە ناو سلێمانییە
زانکۆی سلێمانی لە ١٩٦٨- ١٩٨١ مەڵبەندی ھەژانی قوتابیان بوو، دژ بە دەسەڵاتداران ، دەوڵەتی عێراق ئەو زانکۆیەی بەم شارە رەوا نەبینی ،لە ساڵی ١٩٨١زانکۆی سلێمانی یان گواستیانەوە بۆ ھەولێرو ناو نرا زانکۆی سەلاحەدین .
یەکەم راپەرین ، لە دەروازەی راپەرینی رانیەوە گەیشتە ناو سلێمانی وسەراپا باشووری کوردستانی گرتەوە.
گەر دەسەڵاتی پاشایەتی وکۆماری عێراق دژایەتی شاری سلێمانی کردبێت وگرنگیان پێ نەدابێت ،لە پرۆژەی خزمەت گوزارییە کانی شار بێ بەش یان کردبێت ،بەرنامەی سڕینەوەو خاپورکردنی شارەکە یان جێ بە جێ کردبێ، ئاسایی یە.
بەڵام دوای راپەرین و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ،دوای گۆڕانکاری ٩ /٤ /٢٠٠٣و نەمانی دەسەڵاتی سەدام ، حیزبە سیاسییەکان و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم ، ئەم شارە یان خستە پەراوێزەوە ؟، وەک سەدام و بەعس جیاوازیان لە نێوان شارەکانی ھەرێم دا کرد ؟.
لە (٧/ ٣/ ١٩٩١تا ئێستا ٢٠٢٥ ) ماستەر پلانی شاربۆ سلێمانی، بە سستی ھەنگاوی لەرزۆکانە دەنێت ،بە چە ند ساڵ و بەچەند قۆناغ ، پرۆژەکام تەواو ناکرێن ، پرۆژەکانی ئەم شارە ، لە رووی پراکتیکی یەوە ،جێ بەجێ ناکرێ و ئیفلیجی دەکرێت .
دەسڵاتداران گەورەترین غەدر لەم شارە دەکەن ، بەقەد بەھای فەرھەنگی وکلتووری وشکۆی ئەو ھەموو ھەڵوێست و خۆپیشاندان وراپەرین و قوربانیدانانە، گرنگی بەم شارە نادەن؟ ، ئەم شارە لە پلان و بەرنامەو نەخشەی پرۆژە خزمەت گوزارییە کانی بێ بەشی کراوە ؟.
عەقڵی چەق بەستووی دەسەڵاتدارانی حیزبی و حکومەت ، بەھامان ستراتیژی داگیرکەرانی نیشتمان ، دژایەتی شاری سلێمانی دەکەن و ماستەر پلانەکانی شار دەخەنە پەراسوێزەوە.
بە چ پێوەرێک دەسەڵات دارانی کورد ، جیاوازی لە نێوان شارەکانی ھەرێم ئەکەن، گەر بەو پلان و بەرنامە ونەخشە ژەھراویانەیان ، لەمە زیاتر دژایەتی سلێمانی بکەن .
چەند ساڵێکی تر ، سلێمانی لە ھەنگاوی نوێ و گۆڕانکاری نوێ ی و لە سیمای شار بەجێ دەمێنێت .
سلێمانی باجی ململانێ ی ناڕەواکانی (یەکیتی و پارتی و گۆران و حیزبە ئیسلامیە سیاسییەکان )دەدا.
حزبەکانی کوردستان ھەموو چەقی گرژیی و ناکۆکییەکانیان و یەکتریی سڕینەوەکانیان لە ناو شاری سلیمانی دا کۆ کردوەتەوە.