ھونەرمەند دلێر ئیبراھیم محەمەد لە ١٩٥١ لە گەڕەکی کانێسکان لە سلێمانی لە دایک بووە، لە منداڵییەوە عاشقی ھۆنراوە و دەنگ و ئاوازو گۆرانی و مۆسیقا و سروودی نیشتمانی بووە، تەمەنی نۆ ساڵ بوو ، ئاراسی برای چەند مانگێک بوو ، باوکیان ماڵ ئاوایی لە ژیان کردوە .
( ئەختەر عەزیزمیرزا )ی دایکی بە خەیاتی و بە میھرەبانی پەروەردەی کردوون .
ژیانی قورسی نەداری خانەوادەکەیان و بارودۆخی نائاسایی شارەکەیان و نیشتمانەکەیان ، بژێویی ژیانیانی قورس وئاڵۆز، بە جۆرێک ناخی پاک و بێ گەردی داگیرکرد بوو ، ھەموو خەون و خولیای کەمانێک و مۆسیقایی ئەندێشەیی ئەفسانەیی رۆح بوو.
کەمانێک بۆ ئەوەی ھەموو خەم و ئازارو نەھامەتییەکانی ژیانی خۆیان و گەلەکەی بە دەنگ و ئاوازی مۆسیقا ، بە زمانی ھونەر تۆمار بکات ، تروسکەی نەشئەی ئاسودەیی بگەیەنێت بە دەروونی ، سۆزو رەحمی دایکی ئاسمانێکی بێ سنوور بۆ( دلێر و ئاراس ودڵسۆز)، رە نج و ماندووبوونی دایکی بە خەیاتی ، بە زەحمەت بژێویی دابین دەکردن .
ئەختەر خانی دایکی ، ھەموو سۆزێکی رۆحی خۆی دەبەخشی بە دلێروجگەرگۆشەکانی ، ھاوڕێ ی دلێری کوڕی بوو ،گوێ ی لە رازو دواکارییەکانی دەگرت
رۆژێک دلێر بە شەرمێکی منداڵانەی بە ئەدەبانەوە ، چێرۆکی خەون وخولیای کەمانەکە و عەشقی مۆسیقا و ھونەریی بە سۆزە بۆ دایکی گێڕایەوە :
داواکارییەکە قورسەکەی دلێر، بە گیرفانی خەیاتی ئەو دابین نەدەکرا ، دەروون و رۆحی ھەژاند ، نەیویست خەون و خولیای کوڕەکەی کپ بکرێ ، چاوی بە ژوورەکەیاندا گێڕا تەنیا پانکەیەکیان شک دەبرد ، فرۆشتی و کەمانێکی بۆکوڕەکەی کڕی.
مامۆستا ی ھونەرمەند سەلاح رەووف بە پەرۆشەوە و بە ھەموو توانایەوە ، بە چەندان وانە ، ھەموو زانیارییەکانی خۆی لە رووی تیوریی و پراکتیکی ژەنینی کەمان گەیاند بە دلێر ، بە ھونەری مۆسیقا گۆشی کرد ، ھاوکاری کرد بۆ ئەوەی ببێ بە ئەندام تیپی مۆسیقای سلێمانی .
فەرەیدون دارتاش ھەموو ئەو تیوری وزانیاریانەی کە لەپەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی بەغداد خوێندبووی ، بە ھێمنی بە دلێری دەوتەوەوە.، دلێر بوو بە ئەندامی لیژنەی ئیرادەی تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی ھونەریی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، لە ١٩٧٤ دا لە گەڵ ھاوڕێ یانی تیپی مۆسیقای سلێمانی دا روویان کردە شاخ و بوون بەپێشمەرگەی نیشتمان ، لەوێ لە گەڵ ھونەرمەدانی شارەکانی تری کوردستان ، ( تیپی مۆسیقای شۆڕش ) ،یان پێک ھێنا.
دوای سیناریۆی رێکەوتنی جەزائیر . لە ٤-٦ی ئازاری ١٩٧٥ ی کۆنگرەی ئۆپێک ، لە جەزائیری پایتەختی جەزائیر ، بە سەرپەرشتی( ھاواری بۆمیدیەن ) سەرۆک کۆماری جەزائیرو (سەدام حسین )ی جێگری سەرۆک کۆماری عیراق و (محەمەد رەزا)ی شای ئێران ، رێکەوتن ، عیراق زەوییەکانی شەت لعەرەب ،بدات بە شای ئێران ، بە مەرجێ یارمەتی کوردو شۆڕشی ئەیلوول نەدات ، ئاش بەتاڵ کرا.
ھونەرمەندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی لە شاخەوە ، گەڕانەوە بۆ ناوشار، ئەو ھەرەس و تێک شکانە بوو بە ھۆی سەرھەڵدانی خەون و خولیا و بیرێکی نوێ ، بۆئەوەی ھونەرمەندان بە ماندووبوون و عەشقی کلتووری نەتەوەیی لە ئاستی کاریگەری تراژیدیاکانی دوای ھەرەس دابن .
ھونەرمەندان بە ئیرادەو بە کارو رەنج و بەرھەمی نوێ و چرای ھیوایەکی نوێ یان لە نیشمان داگیرساند ، بە چەکی کلتوورو ھونەری بەرگریی ، توانیان ئەو تێک شکانە ، کاڵ بکەنوە ، بە رەوتێکی نوێ و ئاسۆیەکی نوێ ، بە بیرێکی نوێ و ھونەرێکی نوێ، بە زمانی ھونەرھەڵوێستەکانیان بگەیەننە ھەموو ماڵێک، بە زمانی ھونەر ، ھەموو سنوورە دەست کردەکان بسڕنەوە.
دەتوان زمانی مۆسیقای ھەموو رۆح و دەروونەکان و شکۆی بەھای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بھەژێنن، نەشئەی مۆسیقا تارمایی بێ ھیوایی و چنگی خەمۆکیی تراژیدیاکان رابماڵێ.
لەناو ئەم تراژیدیای دوای ھەرەس و خاپوورکردنی گوندەکانی سەرسنوور و کۆمەڵکوژیی کورد ، رۆژێک ،مامۆستا (عوسمان محەمەد ئەمین )،رووی کردە مامۆستا دلێری ھاوڕێ ی و وتی:
-ئێمە بە منداڵی چەند عاشقی کەمان و مۆسیقا بووین، ھەموو حەزو خولیاو خەونەکانمان ، لە منداڵی دا کپ کرا و نەھاتەدی ، با ئێستا ئەوخولیاو عەشقە کپ کراوەی دەروونمان ، بە کەمانەکەمان بگەیەنین بە منداڵانی قوتابخانەی شارەکەمان، با بەم ھەنگاوە سەرەتایانەمان ، ھەموو حەزوعیشق خەونەکانمان ، لە خەون و خولیاو بەھرەی منداڵانی شارەکەمان دا بێنینە دی.
ئەو چەند رستەیە، وەک فلاش باکێک، سەراپا ناخ و رۆحی مامۆستا دلیری ھەژاند ، ھەموو عەشق وخەونەکانی منداڵی ھاتەوە یاد :
دەیان شەوی چواروەرزە ی ساڵ ،بە تاسەوە خەونی بە کەمانێکەوە دەبینی ، کەمان خەونەکانی لێ دەبزرکاند .
لە خەونێکی دا:
(ببوو بە خاوەنی کەمانێک و ببووبە کەمانچە ژەنێک و ھونەرمەندێکی دیاری شارەکەی ، بێ سنور کەمانەکەی خۆش دەویست ،بە بەردەوامی پرۆڤەی بە ھاوڕێکانی دەکرد، شەوان پێش ئەوەی ، خەو چاوەکانی دابگرێت کەمانەکەی لە تەنیشت سەرەینەوەکەیەوە دا دەنا، دەمە وبەیانی کە خەبەری دەبوەوە ،بە دوای کەمانەکەی دا ،دەگەڕا ، لە ژوور سەرییەوە نەمابوو ، خەونەکەی بەتاڵ دە بوەوە،
• عەشقی کەمان، خەون و خولیایی منداڵی و یادەوەریی ھەموو وێستکەکانی تەمەنی بوو،ئەو رۆژانەی کە کەمانەکەی بە دەستەوە بوو ، دەێڕوانییە روخسارێ ھەرمنداڵێکی کورد، منداڵی خۆی وعەشقی کەمان و خەونەکانی دەکەوتەوە یاد:
-بڵێ ی ئەو منداڵە ، وەک ئەوسای من ، خەونی کەمانێکی ببێ ،شەوان چاوەکانی لە خەو تۆرابێ و خەون بە کەمانێکە وە ببینێ . وەک من عەشقەی کەمان لە رۆحی دا کپ کرابێ ،وەک من بە دوای کەمانێک دا عەوداڵ بێ ؟
ئەو ھەست و ئیحساسە پڕ لە شکۆیە مرۆیانەی ، بە جۆرێک ناخی دلیری داگیر کرد بوو، نەیدەتوانی ئەو یادە تاڵانە لە بیری خۆی بباتەوە ،ئەو عەشق و خەونەی رۆحی داگیر کرد .
بۆ ئەوەی کەمانەکەی ببێ بە کەمانی ھەموو منداڵی شارەکەی ، بۆ ئەوەی خولیاو عەشقەکەی بۆ ھونەر ببێ بە عەشقی ھەموو قوتابییەکانی ، ئەوزانیاریانەی کە لە بواری مۆسیقاو ھونەرفێر ببوو،بە پەرۆشەوە ، ھەموو زانیارییەکانی بە منداڵانی نیشتمانەکەی دەگەیاند.
مامۆستا دلێر ئیبراھیم ، لە ١٩٧٦ ئۆپەرێتی( ئاھەنگی شوان )ی نوسی ،بۆ ئەو دەقە سوودی لە ھۆنراوەیەکی فایەق بێ کەس وەرگرت بوو، ئەو سەردەمە مامۆستا دلێر ئیبراھیم ئەندامی کۆمەڵەی مارکسیی لینینی کوردستان بوو،بەڵام ئەو بە تێڕوانینێکی قوڵ و فراونەوە ئۆپەڕیتەکەی لە چوارچیوەی (کۆمەڵە )و حزب دا دا قەتس نەکرد بوو ، دەقی ئۆپەرێتی (ئاھەنگی شوان )ی لە بۆتەی بەھاو شکۆی نەتەوە و نیشتمانەکەی دا دەبینی ، بۆخۆسازدان بۆ راپەڕین .
مامۆستا دلێرئیبراھیم لە ئۆپەرێتی شوان ، لە ١٩٧٦ پێشبینی راپەرین ی بۆ کورد کردووە ، دوای (١٤)ساڵ لە راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ لە باشووری کوردستان دا ، پێشبینیەکەی ھاتە دی
ئۆپەرێتی ئاھەنگی شوان
وتەیەک :
نەوەی نوستوو
لە کاروانی ژین دواکەوتوو
خەریکی کات بەسەربرد نـن
مەشغوڵی یاریکرد نـن
لە قەراخ دێ
لەسەرە ڕێ
دوورن لە باسی ئازادی
بێبەشن لە خۆشی و شادی
ڕۆڵەی وەتەن، خاوەنی بیری پێشکەوتوو
ئەیەوێ بخرۆشێ ناو دێی خەولێکەوتوو
شوانەی لەزەت لە ئازادی و سەربەستی دیـو
ئەکات بە نموونەی پیاوی سەربەست
تا ھیچ نەبێ بە بیری ئازادی بن مەست
شوانەش نموونەی سەرکردەی لێھا تووە
پێویستی نەوەش ھەر تەنیا
دەستەیەکی پێشکەوتووە
تا بیان بات
بەرەو ئاوات
نەوەش ئامادەی ڕێی خەبات
ھەزاران قوربانی ئەدات
بەمەرجێ وەرگرێ خەڵات
(سەربەستی بۆ گەل و وڵات )
دلێر ئیبراھیم ١٩٧٥
ئۆپەرێتی ئاھەنگی شوان
نووسینی : دلێر ئیبراھیم بە کەڵک وەرگرتن لە ھۆنراوەیەکی فایەق بێکەس
لەسەر شانۆ: کۆمەڵێک مێر منداڵ خەریکی یاریکردنـن و کات بەسەربردنـن لە بن چنارێکا، لاوێکی خوێن گەرم، لە دووردێ، دەیەوێت بیانبات بەرەوکاروانی خەبات و تێکۆشان، لەبەر خۆیەوە دەڵێت:
لاو : (نازانم بگریم بۆ ئەم مناڵە ساویلکانەی کە ترسی ڕۆژگار سستی کردوون یان پێبکەنم پێیان، بەڵام نەء... چونکە ئەگەر بگریم ئەبێت بۆ خۆم بگریم وە پێشبکەنم ئەبێت بە خۆم پێبکەنم، چونکە منیش پارچەیەکم لەوان وتەواوکەری کۆڕەکەیانم، وا دیارە نوستوون با خەبەریان بکەمەوە)
لاو : مناڵەکان ....مناڵەکان.... ئەمڕۆیە ڕۆژی تێکۆشان
کچ : بۆچی؟ لەڕێی چی؟ تێکۆشان
کوڕ : بۆ نێشتیمان، بۆ کوردستان، خۆشترین جێی سەرزەمینە
بۆ سەربەستی
بۆ ئازادی
بۆ ژیانی کامەرانی
ژین بێ ئازادی کەی ژینە
کۆرس بە گۆرانی :
ئازادینە ئازادینە
ژیانتان نموونەی ژینە
ھیوای ئێمەش ڕاپەڕینە
ھیوای ئێمەش ڕاپەڕینە
کوڕ: بەڵێ وایە ڕاپەڕینە
دەست بەینە دەست
پشت با بەخۆمان ببەستین
ھەوڵبدەین
لەمە زیاتر ڕانەوەستین
ھەوڵبدەین
بۆ ژیانی پڕ سەربەستی
دوور بێ لە ئازارو پەستی
کچ : ئازادبین وەک شوانی بەرغەل بفڕین بجریوێنین وەک مەل
کوڕ: شوان !! جا شوان کەی ئازادە لە ژین؟!؟!
( شوان بە گۆرانی وتنەوە دێتە ژوورەوە) :
من ئازادم من ئازادم من سەربەستم دەروون شادم
بەیانیان زوو لەگەڵ ڕانا دەچمە ئەو دەشت و کێوانە
کوێ خۆشە تیا دەمێنمەوە تا وەکو دەحەسێمەوە
کوێ لەوەڕی خۆشی تیایە مەڕەکانم لەوێدایە
مەڕەکانم نەبوون برسی پارێزراون لە مەترسی
بۆیە دەڵێم من ئازادم من سەربەستم دەروون شادم
کوڕ :
ئێمە شێتی شمشاڵی تۆین کوژراوی وەزع و حاڵی تۆین
پێمان خۆشە بمرین ھەموو تا ئەوانەی لە دوامان دێن
بژین ژیانێکی تەواو دوور بن لە شەڕ و مەرگ و خوێن
بەستەی ژیان
کوڕان : ھەموو تینوی سەربەستین
کچان : بەو نایە ئێمەش مەستین
ھەموو : ھۆ ھۆ کاکەی شوان شمشاڵ لێ نادەی بۆمان
بێ تا بیکەین بە شایی بە خۆشی خزم و دۆستان
کچان : ھۆ ھۆ کاکەی شوان دەی شمشاڵت دەربێنە
لە ڕێی ئازادی ژینا یەک یەک گیانمان لێسێنە
کوڕان : وڵاتتان ئازادینە
کچان : بەھەشتی سەر زەمینە
کوڕان : ھۆ ھۆ کاکەی شوان لە پێناوی خاکمانا
ڕازین سەریش بەختکەین لە ڕێگەی نیشتیمانا (کوردستانا)
کچان : وڵاتتان ئازادینە
کوڕان : بەھەشتی سەرزەمینە
کچ : ھۆ ھۆ کاکەی شوان تۆش دەست بدەرە دەستمان
کوڕان : ھەموو بەیەک دەنگ بڵێین بژی گەل و نیشتیمان
ھەموو بەیەک دەنگ بڵێین بژی کورد و کوردستان
شوان : ئەم گڵە زۆر پیرۆزە وەک دایکێکی دڵسۆزە
کچان : فیدای ئەوین ھەموومان فیدای ئەوین ھەموومان
شوان : ئەم خاکی نیشتیمانە لانەی لاوەکانمانە
ئەم گوڵاڵە سوورانەش خوێنی ڕۆڵەکانمانە
کوڕان : ھەموو پشتی یەک بگرین ئازادیمان وەردەگرین
کچ : ھۆ کاکەی شوان ھۆ کاکەی شوان کوانێ ئاھەنگەکەی جاران؟
شوان : ڕۆڵەکانم کۆرپەکانم بێ تامن ئاھەنگەکانم
من لە تاوی نیشتیمانم ئاگر بەربووە لە گیانم
کچ : ھۆ کاکەی شوان سا بەقوربان بۆمان ناڵێی ئاھەنگی شوان
ھەموو : ئەڕەنجێین لێت....
کوڕ : ھۆ کاکەی شوان بۆمان بڵێ ئاھەنگی شوان
ھەموو : با چاوکەین لێت
شوان : باشە بڕۆنە بن چنار چەپڵەم لەگەڵ لێدەن جار جار منیش بانگی ڕانم دەکەم ئاھەنگی شوانی ساز دەکەم
ئەم بەشەی خوارەوە، ھۆنراوەی فایەق بێکەسە
شوان : مەڕەکانم چەندە جوانن چەند بە کەڵک و بەستەزمانن
بڕۆن بڕۆن بۆ ئەو لایە زۆر لەوەڕی خۆشی تیایە
مەڕەکان: لوورەی گورگێ دێتە گوێمان نزیک کەوتۆتەوە لێمان
ئەگەر تۆ زوو نەگەی پێمان ئەو بەدخووە دێتە ڕێمان
شوان : لە لوورەی ئەو قەت مەترسن ئەگەر لەو گورگە ئەپرسن
وا ڕای کرد و ملی شکان بازەی دی ڕۆیی تێیتەقان
مەڕەکان:بەھارمان ھەر بۆ بمێنێ یەزدان تۆمان لێ نەسێنێ
لە چاکەت قەت دەرناچین ھەتا ماوین گەردن کەچین
سەرچاوە :
١-چەند زانیاریەکم لە مامۆستای ھونەرمەند دلێر ئیبراھیم ەوە پێ گەێستووە.