لە ٢٧ / ١٢ / ١٩٢٠ بەریتانیا دەوڵەتی عێراقی پاشایەتی دامەزراند ، لە سەر بڕیاری بەریتانیا ، لە (٦) ی کانوونی دووەمی (١٩٢١) دا ، یەکەمین سوپایان پێکھێنا،بەناوی فەوجی (امام موسی کاچم) لە بەغدا.
جەعفەر عەسکەری ھەموو توانای خستە گەڕ، بۆ دروست کردنی سوپای عێراق، لەسەرەتادا (٩)ئەفسەری کۆکردەوە، ((٥)) یان کورد بوون و بە دامەزرێنەری سوپا ی عیراق دادەنرێن .
مەشق یان بە سوپاکە کرد، لە سەرەتادا سوپا ، بۆ ئەوە پەروەردە کرا، ڕۆڵی پۆلیس ببینێ، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوەوەی عێراق و جێگیرکردنی دەسەڵاتی کاربەدەستان.
فەیسەڵی یەکەم مەلیکی عێراق، ئەو ئەرکەی لە سوپا خواست، ژمارەی سوپای عێراق (٩٠٠) کەس بوو،سوپای عێراق بە ھاوکاری ھێزە چەکدارەکانی بەریتانیا سلێمانیان داگیر کرد، بۆ بە رووبە رووبونەوەی شۆڕشی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود(١).
بەریتانیا لە عێراق دەسەڵاتی سیاسی بەخشی بە کەمایەتیەکی قەومی_سونی عەرەبی، خەڵکی چەند شارێکی دیاری کراو، عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزھەبێکە ، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق سونی بوون،سوپاکەش ھەر سەربە سونی بوو، چەند کێشەیەکی مەزھەبی و نەتەوەیی سەریان ھەڵداو تا ئێستاش ھەر بەردەوامە.
سوپای عێراق ٦/١/ ١٩٢١لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ٩ /٤ / ٢٠٠٣) کە (٨٢) ساڵە، وەک ھێزێکی داگیر کەری بێگانە، ھەڵسوکەوتی لە گەڵ گەلی کوردا کردووە، بەپێی ھەلومەرجە جیاجیاکان، ھەمووتەکنۆلۆژیای عەسکەریان لە کوردستاندا تاقی کردۆتەوە، بێ ڕەچاوکردنی ھیچ دەستوور و یاسا ورێساو دادگاییەک، دوور لە پەیڕەوکردنی مافی نەتەوەیی ومافی مرۆڤ،ھەزاران کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە وشارۆچکەکانیان بۆردومان و خاپور وسوتماک کردووە.
دەیان ئەفسەری سوپای عێراق، لەسەردەمی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان، پلەو پایەی دەسەڵات و مەدالیای سەرکەوتنیان بەھۆی ڕەشەکوژی ژن و منداڵ و پیاوی کوردەوە پێ بەخشراوە.
(سوپا و کۆمەڵ کوژی کورد ):
* لە ١٩٢٣-١٩٢٧ سوپای عێراق بە یارمەتی ھێزی ئاسمانی و زەمینی بەریتانیا دژی خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە ١٩٣٠-١٩٣١ سوپای عێراق بە یارمەتی ھێزی ئاسمانی بەریتانی دژی خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە ١٩٣١-١٩٣٢ سوپای عێراق بەیارمەتی ھێزی ئاسمانی بەریتانی دژی شۆڕشی بەرزانیەکان.
* لە ١٩٤٢-١٩٤٧ سوپای عێراق بە یارمەتی ھێزی ئاسمانی بەریتانی دژی خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی بارزانی.
* لە ١٩٦١- ١٩٧٥ سوپای عێراق دژی شۆڕشی ئەیلوول.
*١٩٧٦- ٩/٤/٢٠٠٣ سوپای عێراق دژی شۆڕشی نوێ ی گەلەکەمان(٢).
(سوپای عێراق و زنجیرە کۆدەتاکانی)
سوپای عێراق تایبەتمەندە، بە سوپایەکی کودەتای سەربازی، رۆڵی سەرەکی لە کاروباری سیاسی وڵات ھەبوو،بۆ پارێزگاری ڕژێمێکی نادیموکراتی، ھێنانە سەر کاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، سوپای عێراق لەناو سەراپا سوپای وڵاتانی عەرەبی دا یەکەم سوپایە، بە نەریتی داھێنەرانەی ((إنقلاب)) ناسراوە، وەکو ناسنامەیەک. دەوڵەتی عێراق خاوەنی (١١) ھەوڵدانی سەرکەوتووە وسەرنەکەوتوی کودەتای سەربازی بووە.
* لە ١٩٣٥ کودەتای سەرکەوتووی بەکر سدقی.
* لە ١٩٣٦ کودەتای سەرکەوتووی ئەفسەرانی قەومی دژی بەکر سدقی.
* لە ١٩٤١کودەتای سەرنەکەوتووی (٤) عەقیدە قەومیەکە بەسەرکردایەتی ڕەشید عالی گەیلانی.
* لە١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ کودەتای سەرکەوتووی عەبدولکەریم قاسم دژی ڕژێمی پاشایەتی.
* لە١٩٥٩ کودەتای سەرنەکوتووی ئەفسەرانی قەومی(الشواف) دژی قاسم.
* لە٨ی شوباتی ١٩٦٣ کودەتای سەرکەوتووی قەومی و بەعسیەکان دژی عەبدولکەریم قاسم بەسەرکردایەتی عەبدولسلام عارف وئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە ١٩٦٣ کودەتای سەرکەوتووی عەبدولسلام عارف دژی بەعسیەکان.
* لە ١٩٦٥ ھەوڵدانی سەرنەکەوتووی عارف عەبدولڕەزاق.
*لە ١٩٦٨ کودەتای سەرکەوتووی بەعسیەکان، بەسەرکردایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە ١٩٦٩ کودەتای سەرنەکەوتووی عەبدولغەنی الراوی.
* لە ١٩٧٩ کودەتای سەرنەکەوتووی باڵێکی حزبی بەعس دژی سەدام حسێن(٣).
ئەمە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو لە بواری کودەتا بە پاڵپشتی سوپای عێراق چەندان سیناریۆی پڕلە تراژیدیایان دروست کردووە، دەیان تراژیدیای پڕلە جینۆسایدیان ھەڵگیرساندووە، ئەم (١١) کودەتا یەک لە دوای یەکەی سوپای عێراق، لە ماوەی (٤٥) ساڵ دا، بووبە ھۆی سەرھەڵدانی دەیان دیاردەی سلبی،لەناو کاربەدەستە باڵادەستەکانەوە شۆڕبونەتەوە بۆ ڕێزەکانی سوپا. ھیچ شتێک لە ناو سوپادا بەھای متمانە وئاسوودەیی و دڵنیایی نەدەبەخشی، سوپا ئامێرێکی نوێ بوو،بۆ کودەتا یەک لە دوای یەکەکان، بۆ جینۆساید و بێ سەروشوێن کردنی خەڵک، حکومەتەکانی عێراق کە بەپێ ی کودەتاکان دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، ھەموویان تەواوی توانای خۆیان دەخستە گەڕ بۆ گۆڕینی باری دیموگرافی ناوچەکانی کوردستان.
(سوپا و حوکمی عورفی):
لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق پێکھێنرا، گەلی عێراق بە گشتی و کورد بە تایبەتی ، ھەرگیز ژیانی دیموکراتی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەھیج جۆرێک ماف وئازادی بیروباوەڕ وڕۆژنامە نوسین ودامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی وپیشەیی و خۆپیشاندان ومانگرتنی نەبووە.ھەرگیز مافی ئازادی ھەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانێکی نەبووە، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بێت، ھەرکاتێک خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە پێناوی مافە قانونیەکانی خۆیاندا گەیشتبێتە قۆناغێک، مەترسی بۆ سەر ڕژێم دروست کردبێت، گەر دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەمن و پۆلیس نەیانتوانیبێت دایبمرکێننەوە، پەنایان بردۆتە بەر بەکارھێنانی سوپا، بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و پارێزگاری دەسەڵاتەکەیان.
* لە (١٩٤٨) خەڵکی عێراق لە پێناوی ئازادی و دیموکراتی، لە دژی پەیمانی عێراق-بەریتانی ڕاپەڕین، ڕژێمی پاشایەتی سوپای بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکە بەکارھێنا، سوپا کاروباری وڵاتی گرتە دەست، حوکمی عەسکەری ڕاگەیاند، دادگای عەسکەری پێکھێنا، بۆ ڕاونان و گرتن و سزادانی ئازادیخوازان.
* لە ١٩٥٢ دا کۆمەڵانی خەڵک مانیان گرت، خۆپیشاندانیان سازکرد،بۆ بەدەست ھێنانی ئازادی ودیموکراتی، سەر لەنوێ سوپا بۆ پارێزگاری ڕژێمی پاشایەتی ڕژانە سەر جادە و کاروباری عێراقیان کۆنترۆڵ کرد، حوکمی عەسکەریان ڕاگەیاند، ئازادیخوازانی عێراقییان بۆ دادگاکان ڕاپێچ کردو بزووتنەوەکەیان سەرکوت کرد.
*لە ١٩٥٦ خەڵکی عێراق پشتیوانیان لە میسر کرد، دژی دەست درێژی سێ قۆڵی ئیسرائیل-ئینگلیز-فەرەنسی ڕاپەڕین، بۆ بەدەست ھێنانی ئازادی و دیموکراتی، سوپا خۆی ھەڵقورتاند بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایی گەل ، حوکمی عورفی ڕاگەیاند.
* لە ١٩٥٨ دوای کودەتاکەی عەبدولکریم قاسم، سوپای عێراق ، بە حوکمی عورفی رۆڵی سەرەکی لە کاروباری گشتی وڵات وژیانی تایبەتی خەڵک بینی ، دادگای عەسکەری و حاکمی عەسکەری، دەسەڵاتی کۆماری و سوپا دەستوور و یاسایان پێشێل کرد ، مافی ھاوڵاتی بونیان سڕییەوە ، ڕاونان و گرتن و کوشتنی ھاوڵاتیان لەلایەن سوپاوە کارێکی ئاسایی ڕۆژانە بوو ، تا گۆڕانکاری ٩ / ٤ /٢٠٠٣(٤) ئەرکی سوپا کوشتن و بڕین و بێ سەرو شوێنی مرۆڤی کورد بوو. سوپای پیادەی عێراق و ھیزی ئاسمانی عێراق بە ھاوکاری دەزگاکانی ئیستخبارات و ئەمن و موخابەرات رۆڵی سەرەکی یان بینی بۆ ئەنفال و ژەھربارانی ھەڵەبجەو نیشتمان و جینۆسایدی کورد و گۆڕە بەکۆمەڵەکان .
.لە ٦/١/١٩٢١ تا گۆڕانکاری ٩/٤/٢٠٠٣ ،سوپای عراق لە ماوەی ٨٢ ساڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی پاشایەتی عەرەبی سونە و دەسەڵاتی کۆماری عێراقی عەرەبی سونە ، ئامرازی سەرەکی بووە بۆئەنفال و جینۆسایدی کوردو خاپورکردنی باشووری کوردستان