نیوەڕۆیەکی خۆرەتاوی کەم تینی بەھا بوو ، بە شەقامە جەنجاڵەکەی مەولەوی دا ھەنگاوم دەنا ، لە ناکاو کەسێک لە تەنیشتمەوە چنگی لە چاکەتەکەی سەرشانی چەپم گرت، حەمەی پەپولەی شار بوو ، بە زمانە پڕ لە بەرائەتەکەیەوە وتی :
- بێ نامووسی ئەکەم
+نا حەمەگیان ، تۆی فریشتەی ** شارەکەیت ؟
وەک ئەوەی وەڵامەکەمی نەبیستبێ ، وتی :
- بێ نامووسی ئەکەم
ئەو کەسانەی بەم لاو ئەولای شەقامەکە دا ، بە لامان دا تێدەپەڕین ، سەیری من و حەمەیان دەکرد ، .پێکەوە بە ھێمنی ھەنگاومان دەنا ، تا گەیشتینە بەردەم دوکانێکی سەر قادرمەکان ، حەمە پیلی بەردەم پێشانگاکەی بینی ، دەستی لەمن بەردا و پیلەکانی ھەڵگرت و وتی :
-ئەم پیلانەم بۆبکڕە
پیلەکانی خستە ناو تیشێتە سپییەی بەری ، چەند ھەنگاوێک لەوێ دوورکەوتینەوە ، دوای ئاوی کرد ، چەند قومێکی لە ئاوەکە خواردەوە ، ئاوەکەی کرد بە دەم و چاو و سەری دا و وتی :
-ئەم دەبەیەم بۆم پڕبکە لە شەربەت
روانیمە ئەم بەرەو ئەوبەری شەقامەکە ،ھیچ شەربەت فرۆشێکم نەبینی .
بەدەم رێگاکەوە ، چەند جارێک وەستا، سەیری چاوەکانمی دەکرد ودەیوت:
- ئەی شەربەتم بۆ ناکڕی؟
بە بەر دوکانی میوە فرۆشەکان وسەوزە فرۆشەکانی ناو بازاڕی بەربەلەدییە کۆنەکەی شاردا ، شۆڕبووینەوە ،گەیشتینە بەردەم دوکانەکەی کاک شاخەوانی شێخ عوسمان باراوی ھاوڕێم ، لە گەڵ کاک شێخ عەلی دا دانیشتبوون ، کاک شاخەوان بە موبایلەکەی وێنەیەکی چرکاند .
بە بەردەم قەسابەکان دا تێ پەڕین ، گە یشتینە بەردەم دوکانی شەربەت فرۆشێک ، بەرامبەر قەیسەری نەقیب ،دەبوە کەیان بۆ پڕ کرد لە شەربەت ، چەند قومێکی لە شەربەتە مێوژەکە خواردەوە ، باڵی خەیاڵ منی گەڕاندەووە ، بۆ سەرەتای شەستەکان .
من و حسینی ھاوڕێم ، قوتابی پۆلی دووی سەرەتایی بووین، لە قوتابخانەی بێ کەس ، بەرامبەر ئینزیبات خانەی سلێمانی ، حسین ھەموو رۆژێ بە تامەزرۆیەوە باسی دیمەنی سەرنج راکێشەری (ماسییەکانی ) دوکانەکەی (حاجی عەباسی ماستاو ***ی بۆ دەکردم.
رۆژی سێ شەمەبوو ، دەوامی نیوەڕوان بووین ، رۆژانەکەمان لە گیرفاندا بوو، پێکەوە روومان کردە بەردەم ھەردوو دووکانی ( ماستا وە ) کەی شار ، خۆمان کرد بە دوکانی حاجی عەباسی ماستاودا ، لە گەڵ ھەر پارویەکی نان و ماستاوەکە، چاوەکانمان لەو ماسییە رەنگاو رەنگانە نەدەتورکان لە ناو حەوزاکەدا بەم لاو ئەولادە دەجوڵانەوە ، باڵی خەیاڵمان تێکەڵ بە جوانی ئەو ماسییەکان ببوو، لە ناو ئەو قەوزە و درەختانەی ئەو شوشە لاکێشەیەدا، سەمایان دەکرد.
لە ناکاو دەنگە گڕەکەی حەمە خەیاڵەکەی بچراند :
-بێ ناموسی ئەکەم .
منی لە لای ماسییەکان و دوکانەکەی حاجی عەباسی ماستاوە وە گەڕانەوە ، بۆ دوکانی شەربەت فرۆشەکە .
*حەمە و بەکر ، کوڕ مستەفا بوون ، مستەفا لە گەڵ حاجی عەلی بەگی باوکی کاک (قادر) دا، پورزو خاڵۆزان ، باوکی حەمە فەراش بوو ، لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سەرچنار ، ، مستەفا و حەلاوی ھاوسەری خەڵکی وێڵەیەرن ، باری دەروونیان ئاسایی نەبوو ، ئەمەش کاری کردە سەر منداڵەکانیان .
(بەکر)ی کوڕەگەورەیان و (حەمە و ناھی ) یان باری دەروونیان ئاسایی نە بوو، بەکر تا پۆلی سێ ی سەرەتایی خوێند .
ئەم خانەوادەیە دراوسێ ی ماڵێ شێخ عوسمان باراوی بوون لە سەرچنار ، شەورۆژ ماڵەکەیان پڕ بوو لە ھاوار ھاوارو و قیژە قیژ و زریک وھوڕو دەنگە دەنگ .
(ھیدایەت )کوڕە بچوکیان ، مداڵێکی جوانکییلەبوو ، ژیربوو ،شاگردی ( کاکە حەمەی نوری عەبە مۆخە )بوو ،لە کارگەی شەکری کڵۆ، دوای ئەوەی دایک و باوک یان کۆچی دوایی یان کرد ، (بەکرو حەمە ) کەوتنە سەرشەقامەکانی شار ، شەورۆژ بە یەکەوە بوون ، بێ یەکتریی ھەڵیان نەدەکرد ، بەکر لەم ساڵانەدا مرد ، (حەمە) بەتەنیا لانەواز مایەوە / شاخەوان شێخ عوسمان باراویی
** مامۆستا فایەق حەمەسالح ی فۆتۆگرافەر ، ڕۆژێک حەمەی لە ژێر داروپەردووی کەلاوەیەک د ا بینی خەوت بوو ، بەکامێراکەی چەند وێنەی گرت ، چیرۆکی لانەوازەیی و بێ لانەیی حەمەی ناخ وویژدانی (کاک ڕزگارقادر و مامۆستا خۆشناوقادر و مامۆستا فایەق و و کاک فازیڵ قادر )یان داگیرکرد .
ھەموویان بڕیاریان دا لانەیەک بۆ حەمە دروست بکەن ، بۆ ئەوەی حەمە لەبەر باران و بەفرو بەستەڵەکی سەرمای زستان و مۆتەکەی ترسی مەڕو سەگ بپارێزن ، ترسی حەمە لە ( سەگ و مەڕ ) بڕەوێننەوە، لەگەڵ چەند ھاوڕێیەک دا ،ھەموویان بوون بە (گروپی حەمە) ، بە نایلۆن ژوورێکمان بۆ دروست کرد
دواتر ژووریکیان لە ئاسن لە گەڕەکی قەسابە کۆەکانەکانی شار بۆ دروست کرد ، بەرانبەر بەریدەکەی سلێمانی و پشتی جگەرخانەکەی ئەحەی گوڵە .
رۆژێک خالیدی پێشمەرگە ، تفەنگەکەی خۆی کردبوە شانی حەمەوتاقم و مەخزەنەکانی لە ناوقەدی حەمە بەست ، وێنەکی گرت ، وێنەکەیان گەورە کرد و بە ژوورە نایلۆنەکە دا ھەڵواسیان واسی .
دواتر گروپی حەمە بڕیاریان دا ھەموو ھەفتەیەک حەمە بشۆین و جلەکانی بگۆڕن ، ناو بە ناو وێنەکانی حەمەیان لە سۆشیاڵ میدیا و فەیس بووک بڵاودەکردەوە ، ئەمە سۆزو ھەژانێکی گەورەی بەھای مرۆڤایەتی زیاتری لە ناخی خەڵکی شارەکەدا دروست کرد .
ھەموو رۆژێک خەڵک سەردانی لانەکەی حەمەیان دەکرد ، ھەواڵی ژیانی ڕۆژانەی حەمە یان لە میدیا و کەناڵەکان و پەیجەکان دا بڵاودەکردە وە.
گروپەکەی حەمە ھەموو پێنج شەمانێک حەمە دەشۆن و سەری دەتاشرێت و جلەکانی دەگۆڕن ،جەمال و کاک سابیرعەبدوڵلا و کاک سەروەر و ڤێنوارعەبدوڵلا و حاجی عەلی جەمال و سەروەر و دێکان کاوەی مامە عەبە و حەیدەر ) ، ڕۆڵی خۆیان ، لە دابین کردنی ێیداویستیەکانی حەمە لە بازاڕی قەزازی کارەبایی دەبینن.
کۆمەڵێ کەس لە ھەندەرانەوە ھاوکاری کاکە حەمە دەکەن ، جل و بەرگ و پارەی بۆ دەنێرنەوە ، بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی . گروپی حەمە ، مانگانە لە بازاڕی( قەزازی کارەبایی) پارەی بۆ کۆدەکەنەوە.
گروپی حەمە ، بۆ جەژنی لەدایک بوون و یادی رۆژی لەدایک بوونی حەمە ، خەڵکێکی زۆریان بانگھێشت کردبوو ، شیرینی و کێک یان ، بەو بۆنەیەوە بەسەر میوانەکان دا دابەش کرد، لە روخاری ھەموویان دا ، جوانترین ھەڵەوێستی بەھای مرۆڤایەتی دەدرەوشایەوە.
مامۆستا فایەق و کاک ڕزگارقادر عەریزەیەکیان دا بە شارەوانی سلێمانی و بەڕیوەبەرایەتی پۆلیس ی سلێمانی ، بۆ دابینکردنی شوێنێک ، دوای سێ مانگ، شارەوانی سلێمانی شوێنێکی گونجاوی بۆ دیاری کردن .
ڕۆژێک کاک فەرەیدون لە ئوتێل مەم و زین بان گھێشتی گروپی حەمەی کرد ، کابینەیەکی پێشکەش بە حەمەکرد ، ئەو کابینەیە بووبە ماڵی کاکە حەمە .
ھەست ونەستی خۆشەویستی حەمە ھەموو شاری گرتەوە ، چەندان کەس لە ھەموو روویەکەوە گرنگی بە حەمە دەدەن ، جل و بەرگی بۆ دەھێنن و دەیگۆڕن .
.ھەموو جەژنێک کاک حاجی عەلی حەمە دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان و پێکەوە جەژن دەکەن . کاک جەمالی برای حاجی عەلی ھەموو پێنج شەمانێک حەمە دەیشوات .
مامۆستا فایەقی فۆتۆگرافەر ، دە ساڵ زیاتر وێنەی کاکە حەمە دەگرێ وبە نیازە ئەمساڵ پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ حەمە بکاتەوە .
حەمە لە ساڵی ١٩٦٩ لە سەرچنار لە دایک بوەو دووخوشکی ھەیە ، برایەکی ھەیە ناوی ھیدایەتە و زۆر ئاگای لە کاکە حەمەیە ، بەڵام حەمە لە ماڵی ئەوان ھەلناکات ناکات / فایەق حەمە ساڵح. .
سڵاو مامۆستا گیان دەست خۆش. ئەم زانیاریانە زۆر جوانن ، بە ئەمانەوە ، دایدەڕێژم وەک سەرچاوەی مامۆستا فایەق حەمەساڵح ی فۆتۆگرافەر
***لە ١٩٢٠ لەدوای جەنگی یەکەمی جیھان ،دوودووکانی (ماست و ماستاو کەرەو قەتماغ و ھەنگوێن و پەنیری پێستە )،لە تەنیشت یەک ، لە خوار بەلەدییە کۆنەکە ی سلێمانی، بەرامبەر بە قەیسەری نەقیب کرانەوە، دوکاەێکیان ھی حاجی عەباسی ماستاوی کوڕی حاجی مەحمودی قوربانی بوو.
دوکانەکەی تریان ھی مەلا محێدین ی ماستا بوو، لە ناوەڕاستی حەفتاکان ھەردوودوکانە کران بە دووکانی ترشیات ، دواتر دوکانەکەی حاجی عەباسی ماستاو کرا بە شەربەت و دوکانەکەی مەلا محێدینی ماستا کرا شەربەو داودەرمان / فەرھاد محەمەد .