سەردەمی شاخ و شۆڕش و رەنج و ماندووبوونی ھاوکێشەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی پڕ بوو لە بەھای خۆشەویستی نیشتمان ومرۆڤ و مرۆڤایەتی .
پربوو لەھەڵوێستی وەفا و ئەمەک و جوامێریی .
قەڵەم و وشە ، لە سەنگەری بەرگری دابوو ، بەرژەوەندی تایبەتی و نەرجسیەت، ھیچ نرخ وبەھاو مانایەکی نەبوو .
دوای راپەڕین ، سەرکردەی حیزبەکان ، بە عەقڵی مەزاجیانەیان ، ھاوکێشەکانی ژیانیان بە جۆرێک لاسەنگ کرد .
ھەموو بوارەکانی ژیانیان لە بەردەم نووسەرە خاوەن ھەڵوێستەکان دا داخست ،لە سیناریۆی جیاجیادا ، چەند رۆژنامەنوسێکیان تیرۆر کرد .
ھەموو میدیا زەبەلاحەکانیان ، خستە بەردەست نووسەرە دووفاق و دەربارەکان ، بۆچەواشەکردنی رووداوە کان .
ئەو نووسەرانەی ھەموو تەمەنیان رەنج و ماندوو بوونی بێ سنوور بوو ، باوک و دایک و خوشک و برایان ، لەم بەندیخانەوە بۆئەو بەندیخانە، ،لەم شار بۆ ئەو شار زیندان کران ، کتیبخانە وماڵیان تالان و ھەراج کرا، شەھیدێکی زیندوون.
قەڵەمە بە ھەڵویستەکان، نەبوون بە رۆژنامەنوس ونووسەری دەربار، نەبوون بە سێبەری ھەنگاوی سەرکردەکان ، وشە بکەن بە شاباشی مشتێ پارە، بۆ پۆست و پەیژەی دەسەڵات .
لە ناو ھاوکێشەی ئاڵۆزو لاسەنگەکانی، ئەم( ٣٤ ) ساڵەدا ،سەرکردە ی حیزبەکان ، قەڵەم و ویژدانی چەندان رۆژنامەنووس و نووسەریان کڕی .
دەیان نووسەرو چەپی توندڕەو ، بە جۆرێک خزان ، ناو و نیشان و روخسارو ھەموو لاپەرەی، ویستگە ی یادەوەرییەکانی تەمەنی خۆیان رەت کردەوە ، خۆیان و نوسینەکانیان ھەراج و رسواکرد .
ئەورۆژنامە نووس و نووسەرانە ی بوون بە مەلەوانی مەنگی ماستاو ، لەسەر مێزو سفرەی خۆبردنە پێشەوەی سەرکردەکان ، کران بە پێشەنگ و پێشرە و سەکردە .
ئەو دوو فاقانە ، لە سەرلاپەرەی رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕی ئینتەرنیت وسایتەکان و یادەوەرییەکان ، ڤایرۆس ئاسا ، دەگەنە ھەموو کون و کەلەبەریکی دنیا .
لای ئەوان ھەموو دنیا بەرژەوەندی و خۆبردنە پێشەوە و سیناریۆ و دەربارە .
ئەو نووسەرە مەقاشانە ، بە جۆرێکی دووفاقانە ، نمایش ورۆڵ دەبینن ، ھەر رۆژەی لەسەر پەتێک و لای سەرکردەیەک ، جۆرە سیناریۆیەک دەنوێن .
وەک سیاسییەکان یاری بە سۆزو ھەست و نەستی خەڵک دەکەن ، لە و پەڕی حیزبی چەپەوە بۆ باوەشی ئەو پەڕی حیزبی راسترەو.
ئەم نووسەرە مەقاشانە، ھەموو تەمەنیان ، درۆی رەنگاو رەنگ ونمایشە ، بەپێ ی کات و شوین ، ھەموویادەوەرییەکان و مێژووی خۆیان ورووداوەکان ، ئاواژوو دەکەنەوە .
پسپۆڕی درۆو نمایش و پیاھەڵدانی سەرکردەکانن .
ئەم دووفاقانە ، نە خاوەنی دەنگ و نە رەنگ ، نە خاوەنی کەسیتی خۆیان و نە خاوەنی راو بۆ چوونی خۆیانن، ئەوان بە چاو و گوێ و زمان و دەست و بە عەقڵ و بیرو تێڕوانین مەقاشن.
لەم حیزبەوە بۆ ئەو حیزب، لەپاشکۆی ئەم سەرکردەوە بۆ سێبەری ئەوسەرکردە ،بە دوای تارمایی سەرکردەکانەوەن .
سەرکردەکان بەدوای ئەم نووسەرە دەربارانەدا عەوداڵن ،چۆنیان بوێ قورمیشیان دەکەن، بەردی گەورەو بچووک ، رستە و راپۆرتی کورت و درێژ ، وتارو یادەوەریی و مێژووی دەرباریان پێ دەھاوێژن.
ئەم نوسەرانە ، لە بەردەم باڵای ھەڵوێست دا ،وەک شۆڕە بی دەلەرزن ، باڵای کورتی خۆیان و کەلەی تەپیوی ئەوانەی قورمیشیان دەکەن دەناسن.
ئەم قەڵەمە دەربارانە ، وەک مزراح ، بە چواردەوری سەرکردەکان دا دەخولێنەوە ، چاو وگوێ وسەرو مل و کەلە وباڵایان رووەو زەوی شۆرە.
ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرە دەربارانە ، کۆکتێلی (سەوزو زەرد و شین وسوور وقاوەیی و نیلین ).
توتی ئاسا ، لە چڕکەیەکدا ، ھەموو یادەوەرییەکانی ژیانی خۆیان ئاوەژوودەکەنەوە ، بە عەقڵی قورمیش کراوی سەرکردەکان ، رەش دەکەن بە سپی وسپیش بە رەش .
ھێڵێکی راست و چەپ ، بەسەر رەنج وماندووبوونی ، ئەو نووسەرانەدا دەھێنن ، کە لە گەڵ تراژیدیای گەلەکەیان دا ژیاون .
ئەم دەربارانە بۆ دەسکەوت ، لاپەڕەی رۆژنامەوگۆڤارەکان و یادەوەرییەکان و بە مێژووی دەربار رەش دەکەنەوە .
لە سیناریۆکانیان دا ، ھەر رۆژەی لای سەرکردە ی حیزبێکن ، دەرباری دەربارن .