نووسەرە  دووفاقەکان

عەبدوڵا کەریم مەحمود
  2026-07-29     86

سەردەمی شاخ و شۆڕش و رەنج و ماندووبوونی ھاوکێشەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی  پڕ بوو لە بەھای خۆشەویستی نیشتمان ومرۆڤ و مرۆڤایەتی .

پربوو لەھەڵوێستی وەفا و ئەمەک و جوامێریی .
قەڵەم و وشە ،  لە سەنگەری بەرگری دابوو  ، بەرژەوەندی تایبەتی و نەرجسیەت،  ھیچ نرخ وبەھاو مانایەکی نەبوو .

دوای راپەڕین ، سەرکردەی حیزبەکان ، بە  عەقڵی مەزاجیانەیان ، ھاوکێشەکانی ژیانیان بە جۆرێک  لاسەنگ کرد .

ھەموو بوارەکانی  ژیانیان  لە بەردەم  نووسەرە خاوەن ھەڵوێستەکان دا داخست ،لە سیناریۆی جیاجیادا  ، چەند رۆژنامەنوسێکیان تیرۆر کرد .

ھەموو  میدیا  زەبەلاحەکانیان  ، خستە بەردەست   نووسەرە دووفاق و دەربارەکان ، بۆچەواشەکردنی رووداوە کان .

ئەو نووسەرانەی  ھەموو تەمەنیان رەنج و ماندوو بوونی   بێ سنوور بوو ، باوک و دایک  و خوشک و برایان ، لەم  بەندیخانەوە  بۆئەو   بەندیخانە، ،لەم  شار بۆ ئەو شار  زیندان  کران ، کتیبخانە وماڵیان تالان و ھەراج کرا، شەھیدێکی زیندوون.  

قەڵەمە  بە ھەڵویستەکان، نەبوون بە رۆژنامەنوس ونووسەری  دەربار،  نەبوون بە سێبەری ھەنگاوی  سەرکردەکان ، وشە بکەن  بە شاباشی مشتێ پارە،  بۆ پۆست و پەیژەی دەسەڵات  .

 لە ناو ھاوکێشەی  ئاڵۆزو لاسەنگەکانی،  ئەم (٣٤) ساڵەدا ،سەرکردە ی   حیزبەکان ، قەڵەم و ویژدانی  چەندان  رۆژنامەنووس و نووسەریان   کڕی .

دەیان نووسەرو  چەپی توندڕەو  ، بە جۆرێک  خزان ، ناو و نیشان و روخسارو  ھەموو لاپەرەی،  ویستگە ی  یادەوەرییەکانی تەمەنی خۆیان رەت کردەوە ، خۆیان و نوسینەکانیان  ھەراج و  رسواکرد . 

 ئەورۆژنامە نووس و نووسەرانە ی بوون بە مەلەوانی مەنگی  ماستاو   ، لەسەر مێزو سفرەی خۆبردنە پێشەوەی سەرکردەکان  ، کران بە پێشەنگ و پێشرە و سەرکردە .

ئەو دوو فاقانە ، لە سەرلاپەرەی رۆژنامەو گۆڤارو  تۆڕی ئینتەرنیت  وسایتەکان  و یادەوەرییەکان  ، ڤایرۆس ئاسا ،  دەگەنە  ھەموو کون و کەلەبەریکی دنیا .

لای ئەوان  ھەموو دنیا  بەرژەوەندی و  خۆبردنە پێشەوە و سیناریۆ و  دەربارە .

 ئەو نووسەرە مەقاشانە ،  بە جۆرێکی  دووفاقانە ، نمایش ورۆڵ دەبینن ، ھەر رۆژەی لەسەر پەتێک و لای حزب وجسەرکردەیەک ، جۆرە سیناریۆیەک دەنوێن .

وەک سیاسییەکان  یاری بە سۆزو ھەست و نەستی خەڵک دەکەن  ، لە و پەڕی حیزبی چەپەوە بۆ باوەشی ئەو پەڕی حیزبی راسترەو.
 
ئەم نووسەرە مەقاشانە، ھەموو تەمەنیان  ، درۆی رەنگاو رەنگ ونمایشە  ، بەپێ ی کات و شوین ، ھەموویادەوەرییەکان  و مێژووی خۆیان ورووداوەکان  ، ئاواژوو دەکەنەوە .

پسپۆڕی  درۆو نمایش و پیاھەڵدانی سەرکردەکانن .

ئەم   دووفاقانە  ، نە خاوەنی دەنگ و نە رەنگ   ،  نە خاوەنی  کەسیتی  خۆیان و نە خاوەنی راو بۆ چوونی خۆیانن، ئەوان بە چاو و گوێ و زمان و  دەست و بە عەقڵ و بیرو تێڕوانین  مەقاشن.

 لەم حیزبەوە بۆ ئەو حیزب،  لەپاشکۆی ئەم سەرکردەوە بۆ سێبەری  ئەوسەرکردە ،بە دوای تارمایی  سەرکردەکانەوەن .

سەرکردەکان  بەدوای ئەم نووسەرە  دەربارانەدا عەوداڵن  ،چۆنیان بوێ   قورمیشیان  دەکەن، بەردی گەورەو بچووک ، رستە و راپۆرتی  کورت و درێژ ،  وتارو یادەوەریی و مێژووی دەرباریان پێ دەھاوێژن. 

ئەم نوسەرانە  ، لە بەردەم باڵای ھەڵوێست دا ،وەک  شۆڕە بی دەلەرزن ، باڵای کورتی خۆیان  و کەلەی تەپیوی ئەوانەی قورمیشیان دەکەن دەناسن.

ئەم   قەڵەمە دەربارانە  ، وەک مزراح ، بە چواردەوری سەرکردەکان دا  دەخولێنەوە ، چاو وگوێ وسەرو مل و کەلە وباڵایان رووەو زەوی  شۆرە.  
   
ئەو رۆژنامەنووس  و نووسەرە دەربارانە  ، کۆکتێلی    (سەوزو زەرد و شین وسوور وقاوەیی و نیلین ).

  توتی ئاسا ، لە چڕکەیەکدا ، ھەموو یادەوەرییەکانی  ژیانی خۆیان   ئاوەژوودەکەنەوە ،  بە عەقڵی قورمیش کراوی سەرکردەکان  ،  رەش دەکەن  بە سپی وسپیش بە رەش .

ھێڵێکی راست و چەپ  ، بەسەر رەنج وماندووبوونی ،  ئەو نووسەرانەدا  دەھێنن ، کە لە گەڵ  تراژیدیای گەلەکەیان دا ژیاون .

ئەم دەربارانە  بۆ  دەسکەوت  ، لاپەڕەی رۆژنامەوگۆڤارەکان و یادەوەرییەکان و بە مێژووی دەربار  رەش دەکەنەوە .

لە سیناریۆکانیان دا ، ھەر رۆژەی  لای  سەرکردە ی حیزبێکن،  دەرباری دەربارن .


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×