(هاوڕێ شنۆ)* پێشمه‌رگه وکاردرێکی هێمن و دیاری راگه‌یاندنی شاخ ،ژنێکی خاوەن هه‌ڵوێست به باڵای نیشتمان , تایبه‌تمه‌ندی که‌سێتی خۆی به جۆرێک داڕشتبوو ، له هه‌رشوێنێک پێشمەرگە بوایه ، رۆڵی دیار‌و توانای خۆی بە کردەوەکانی ده‌سه‌لماند ، هه‌ڵوێسته‌کانی و ئیراده‌ی له بن نه‌هاتووی مایه‌ی تێڕامانی دەوروبەرەکەی بوو، ئەم کەسێتییە نمونییە ، هەموو تەمەنی میهره‌بانی و به‌خشنده‌یی بوو لە شکۆی ژن و ژیان
-له ساڵی 1983 (ئازاد هه‌ورامی و قادری حاجی عه‌لی و رێکه‌وت عوسمان )، بۆ هه‌ڵسوڕاندنی کاروباری کۆنفراسی محلی ، بۆ کۆنفراسی سێ ی کۆمەڵە ، روویان کرده ( پڵنگان) له( بێتواته).
شنۆخان لە گەڵ ئه‌سرین** و سارا *** میوانی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه بوون ، لە ناو خێمەکەی خۆیان دا دانیشتبوون .هەرسیکیان نیازیان بوو ، روو بکه‌ینه هه‌نده‌ران .
لەو کاتەدا ئازاد هەورامی رووی کردە خێمەکەیان ،سیامەندی برای هاوڕێ شنۆ ، ئازاد هەورامی بە هاوڕێ شنۆ ناساند .
هاوڕێ شنۆ له یه‌که‌م ناسین و گفت‌و گۆدا گه‌ڵ ئازاد هه‌ورامی دا سارد بوو، دوای ئه‌وه‌ی که بوو هاوسه‌ری ئازاد هه‌ورامی وتی :
-ده‌نگی تۆ وه‌ک مۆسیقا بوو ، سەرنجی راکێشام .
شنۆ خان وردە وردە ئازادی خۆش ویست ، بە جۆرێک ، کە دوایی نەی دەتوانی بە وشە ، ئاماژە بەو ئەوینە رۆحیە پاکە بکات .
رۆژانە لە دوای تەواوبوونی ئیش و کارەکانی ناوەندی کۆمەڵە ، کاتەکانیان بە یاری شەترەنج و سەیرکردنی یاری بەڕێ دەکرد.
له کاتی گفتوگۆی نێوان یه‌کێتی وده‌وڵه‌تی عێراق ، ئازاد لە ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌وه ، له دۆڵه ره‌قه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ سورداش ، شنۆخان له‌وێ زیاتر به‌که‌سێتی ئازاد ئاشنا بوو .
ئازاد هه‌ورامی له ده‌زگای ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه ، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندام رێکخراو بوو ،رێکه‌وت عوسمان ئه‌ندام رێکخراو بوو.
دوای ته‌وابوونی خانووه‌کانی کانی توو ، ده‌زگای رۆشنبیری کۆمه‌ڵه ، له ده‌زگای ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه جیاکرایه‌وه ، ئازاد کرا به لێپرسراوی ده‌زگای رۆشنبیری کۆمه‌ڵه ، خولی کادران یان له کانی توو کرده‌وه .
(مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فاو ئازاد هه‌ورامی و فەریدون عەبدولقادر و یوسف زۆزانی) وانه‌کانیان ده‌وته‌وه .
هاوڕێ شنۆ لە وێ رووی کرده ئازادهه‌ورامی و پێ وت:
- نامه‌وێت له‌م ده‌زگایه وه‌ک خوشکی هاوڕێ سیامه‌ند میوان بم ، وه‌ک شنۆ ده‌مه‌وێت به کارێک رۆلێ خۆم ببینم ، توانای خۆم بسه‌لمێنم .
ئازاد ئەو هەڵویستەی هاوڕێ شنۆی زۆر پێ خۆش بوو .
هاوڕێ شنۆ بوو به پێشمه‌رگه‌ی ده‌زگای رۆشنبیری کۆمه‌ڵه ، له‌وێ بوو به (هاوڕێ ی گه‌لاوێژ)****
شنۆخان بوو به تایپێستی گۆڤاری کۆمه‌ڵه‌و بڵاوکراوه فکریی و وه‌رگێڕان وکاری مۆنتاژ و فۆتۆستێنس ، لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و هه‌موو بڵاو کراوانه‌ی له گه‌ڵ هاوڕێکانی دا کۆ ده‌کرده‌وه .
رۆژبە رۆژ سەرنجی زیاتری بۆ کەسایەتی ئازاد رادەکێشرا.
ئازاد بێ سنوور منداڵی خۆش ده‌ویست ، به به‌رده‌وامی شیرینی بۆ منداڵان ده‌کڕی ، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی پێشمه‌رگه‌کان سه‌ردانی بکه‌ن.
منداڵی یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان هۆگری ته‌واوی ئازاد ببوو، پێشمه‌رگه‌کان لێیان پرسی :
-باوکت چه‌ند خۆش ده‌وێت ؟
ته‌نیا دووبست باڵه‌کانی بڵاو کردەوە .
پیان وت :
-ئه‌ی ئازادت چه‌ند خۆش ده‌وێت .
هه‌ردوو باڵه‌کانی به ته‌واوی بڵاوکردوه و وتی :
-کاک ئازادم ، به‌قه‌د هه‌مووئه‌م دنیا یه خۆش ده‌وێت .
ئازاد مرۆڤێکی هێمن و له‌سه‌ر خۆ‌و وریا بوو، هه‌ستی زۆر ناسک بوو ، له قوڵایی دڵییه‌وه رێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌گرت ، ته‌نیا گیتارێکی هه‌بوو ، پێشکه‌ش به پێشمه‌رگه یه‌کی هاوڕێ ی کرد .
له روانینیا به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌خوێنده‌وه ، له‌رووی بیرر بۆ چونی سیاسیی و رۆشنبیرییه‌وه قوڵ بوو ، بێ سنوور عاشقی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب بوو.
یه‌کی ئایاری ساڵی 1985 ، له کانی توو بوون ،ئازاد به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ئه‌و بۆنه‌یه ئاماده کردبوو ، به ده‌نگه خۆشه‌که‌ی خۆی گۆرانی ، (مه‌راببوسی ) و( پایز پایزه )که‌ی گۆران وت:
پایز پایز
بوکی پرچ زەرد
من مات تۆ زیز، هەردوو هاودەرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من هەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ هەوری گریانت
هەرگیز هەرگیز
پایز پایز
پایز پایز
شان و مل ڕوت
من مات، تۆ زیز
هەردوکمان جوت
هەرچەند گوڵ سیس، ئەبێت بگرین
ئاڵتونی دار، ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار، ئەفرێ بگرین
بگرین...، بگرین...، چاومان نەسڕین
هەرگیز هەرگیز
پایز پایز
ئازاد ئه‌وه‌نده به ئیحساسێکی ناسک و جوان تێکەڵ بە هۆنراوە و ئاوازەکە بوو ،ئەوەندە بە دەنگ و ئاوازتکی بە سۆز و کاریگەر ئەو گۆرانییەی چڕی ،بووە مایەی تێڕامانی هه‌مووپێشمه‌رگه‌کان .
ئازاد ئێواران ، حه‌زی له پیاسه کردن بوو ، له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان دا روویان ده‌کرده شاخی ئاسۆس .رۆژێک هیوا چاوشین گوڵێکی جوانی بینیه‌وه ، ئازاد وتی :
-ئه‌و گوڵه گوڵه شلێره .
چاوشین گوڵه‌که‌ی به‌ره‌گه‌وه هێنیاوه و کردیه ئینجانه‌که‌یه‌وه .
زۆربه‌ی کاته‌کان هاوڕێ شنۆ‌و هاوڕێ گه‌لاوێژ له باره‌گا به‌یه‌که‌وه بوون.
رۆژێک گه‌لاوێژ رووی کرده ، شنۆخان ووتی :
-هاوڕێ شنۆ ،ئازاد به شێوه‌یه‌کی زۆرقوڵ و سه‌رنج راکێش بۆت ده‌ڕوانێ .له ناخی دا هه‌ستێکی تایبه‌تی و نهێنی پاک ده‌خوێنرێته‌وه .
شنۆخان نکۆڵی له قسه‌کانی گه‌لاوێژ کرد ، وتی :
-نه‌خێر سه‌یرکردنه‌که‌ی ئازاد ئاساییه ،وه‌ک هه‌موو که‌سێک سروشتییه .
شنۆ به رۆح و هه‌ست ونه‌ست ، ده‌یزانی ئازاد خۆشی ده‌وێت ، به‌ڵام نه‌یده‌ویست بڕوا بکات ، روانینی چاوه‌کانی ئازاد تیژ بوو ، له روانین دا وه‌ک کامیرایه‌ک فۆتۆی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌گرت .
سروشتی که‌سێتی ئازاد به‌جۆرێک داڕ‌ێژرابوو ، رێزی که‌سانی به‌رامبه‌ری بێ جیاوای ، وه‌ک یه‌ک ده‌گرێت .
ئێواره‌یه‌ک هاوڕێ شنۆ‌و ئازاد هه‌ورامی پێکه‌وه شه‌تره‌نجیان ده‌کرد ، له وکاته‌دا له پێسمەرگەیەک ته‌سجیله‌که‌ی باره‌گای کردوە ، هونەرمەند عەلی مەردان گۆرانی (چەند جارم وت ) ناخی هەموویانی هەژاند :
چەند جارم وت ، قەسەم ئەخۆم
ژەهریش بە دەست، تۆبێ ئەیخۆم
چەند خۆشەویستی تۆ لە لام
ئەی نازەنین ،شیرین کەلام
چەند خۆشەویستی، تۆلە لام
ئەی نازەنین ، شیرین کەلام
بە قسەی خۆش ، دڵ بێنە جۆش
بمکە سەرخۆش .چەند جارم وت
بەقوربان بۆچی بەم چەشنە
منت وا شێت و شەیدا کرد
لە ناو زمرەی رەفیقانا
منت بەم چەشنە رسوا کرد
چ بوو سووچ و گوناهی من
کەوا کەم لوتفی دەربارەم
بەناهەق بۆچ منت توشی
دەردوسەودا کرد
کە دەست کە دلبەر . هەر جەفابەخشە و
دڵ هەر یادی دواکرد
غەرەس بۆ عەشق ودڵداری
نەوەک جەورو جەفاوعاشق
کە نەقاشی ئەجەل بەم جۆرە
وا تۆی شۆخ و زیبا کرد
چەند جارم وت ، بە دڵی بی عار
بێ تۆبە کە ، مەگرە دڵدار
عەقڵی وەها ئەکا ناچار
ئالەم ژینەت ئەکا بێزار
مەگری لە یاد ، بۆ دووری یار
چەند جارم وت
بەردرای دینم بووم
بەعەشقت ،عەشقی دنیا بووم
گوڵم بۆچی منت بێ بەش
لەعیزی هەردوو دنیا کرد
چ خاکێک بکەم بەسەر خۆما
لە جەوری یارو تاسەی دڵ
باڵی خه‌یاڵی هاوڕێ شنۆ به جۆرێک تێكه‌ڵ به ده‌نگ و ئاوازی ئه‌و گۆرانییه رۆمانسسیه بوو ، له به‌رخۆیه‌وه‌وتی:
-ئای ئه‌م گۆرانییه ،چه‌ند خۆشه
له‌وکاته‌دا فاروقی برای هاوڕێ شنۆ وتی :
-ئه‌و شیریته هی منە
ئازاد له‌و کاته‌دا ،به هێمنیه‌که‌ی خۆی وتی :
-ئه‌وه شریتی هی منه .
بروسکه‌ی بزیه‌ک که‌وته سه‌ر لێوه‌کانی هاوڕێ شنۆ .
له وه‌ڵامه تایبه‌تیەتەکه‌ی ئازاد :
(نهێنی یە پەنهانەکەی ناخی کپی ئازادی خوێنده‌وه ).
سەرچاوەو پەراوێز:
1- عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ، دیدارێک له گه‌ڵ هاوڕێ شنۆ له ماڵی ژیان خانی خوشکی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی ، له گه‌ره‌کی به‌رانان ، لە سلێمانی ، ١٩٩٩
*هاوڕێ شنۆ لە پلنگان پەشیمان بوەوە و بڕیاری دا ،نەچئ بۆ هەندەران و ببێ بە پێشمەرگە ی راگەیاندن ، کاری تایپ و هەڵە بڕی ، لە بەشی چامەمەنی ، لە دەزگای رۆشنبیری کۆمەڵە دەکرد .
**نەسرین رووی کردە هەندەران ، گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
***سارا ،ناوی (شیرین ئیبراهیمی ) بوو ، رووی کردە ئەڵمانیاو دواتر لەسوید گیراسیەوە.
**** گەلاوێژ لە رێکخستنەکانی کۆ مەڵەی رەنجدەران لە بەغداد کاری دەکرد ،لە دەزگای رۆشنبیری کۆمەڵە کاری دەکرد.
