ھەردوو کایەی سیاسەت و ئایدۆلوژیای ئیسلامی سیاسی دوو پاڵنەری سەرەکین بۆ کوشتنی شوناسی میللی و دروستکردنی مرۆڤی گرگنو کینەباز لەناو کۆمەڵگای کوردیدا . ئەوەی ھەنووکە دووبارە دەبێتەوە لەناو ئەم جوگرافیایەی بچووکەی کە ناو ھەرێمی کوردستانە ، خوڵاندنەوەی بازنەیەکی بەتاڵە لەو دۆخەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستانی تێکەوتوە لە ھاوشێوەی دۆخی رۆمانەکەی جۆرج ئوریل دەچیت بەتایبەتی لە مەزرای ئاژەلاندا کە رۆمانووس بۆخۆشی باس لەو دیوە فراوانەی دیاردەیی ڕیاکاری و کینەبازی ناو پانتاییەکی فراوانی سیاسی ئەو کاتەی ئەوروپای ڕۆژھەڵات و ڕوسیا دەکات. کە ھەموومان دەرئەنجامی دیمەنەکەمان بینی کە چوون ھاونیشتمانیانی ئەوکاتەی روسیا تووشی چ سەرگەردانیەکی ووڵاتانی رۆژئاوابوون وە سوک چروک بوون .
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە بۆتەنھا جارێکیش لەم ھەرێمەدا بەرپرسێکم نەبینی بە غەمگینەوە باس لە تێکشکانی کەسیتی تاکی کورد ئەو کەلتورە خراپە بکات ، وە دژی ئەو پەروەردە بێت کە ئێستا زۆربەمانی گرتوتەوە وەیان روحێکی یاخی بوونی ھەبێ لەبەرامبەر لاوازی سیستەمەکە لە شێوازی پەروەدەیی تاک بەتاکی ئێمە لەناو گشت کایەکانی ژیاندا و وە بتوانی ھەوڵی داھاتوویەکی باشتر بدات لەناو روحی دەسەلاتە سیاسیەوە .
ھەرگیز ھاونیشتمانی ئێمە بۆ جارێکیش ئەو پرسیارە ڕوایە لە خۆی ناکات؟ تاکەی بەدوای فۆڕمێکی جیاوازتر دا ناگەرێ کە بتوانێت ، لەم مەرگدۆستی و دووڕوویە ڕزگاری بێت . ئەوەی لەناو ھاونیشتمانی ئێمە ڕەگوڕیشەی قووڵی ھەیە نەریتی رۆحی شەرانگێزی و دووڕوویی وڕیاکاریە لە بەرامبەر یەکتری، چونکە ھەمیشە سیفاتی دووروویی لە پێشت واقیعەوە نمیاش دەکرێت بۆیە ئەو ترسە دەکوژیت لەوەی کە کەسی بەرامبەر چ کاردانەوەیەکی دەبێت ،لەبەر ئەوە ھەمیشە ژمارە کەسە دەمامکدارەکان لەناو کۆمەڵگای کوریدا زۆر زیاترن لەو مرۆڤە واقیعو بێ دەمامکانەی کە تەنھا ڕوویەکی ڕاستگویی خۆیان ھەیە . تەنانەت لەناو ھێزە سیاسیەکاندا تا ئەندازەیەکی گەورە مرۆڤی گرگنو ڕیاکار ڕیز وپێگەیان بەھێزترە لە مرۆڤی سادە و خاوەن ھەڵوێست.
زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم ئێستاش کەلتوری بەعس لەناو بەشێکی زۆری ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان باڵا دەستە، وە توانویانە لەڕێگای پرۆسەیەکی فکری قووڵەوە ئەو کەلتورە یان ئەو دیاردەیە بەشاراوەیی بەجێ بھێڵن ، بەتایبەتی لەناو کایەیی سیاسی ئێستای کوردستاندا، چیرۆکی جیاواز جیاواز دەبینن لە بەشێکی زۆری ئەو خێڵ و گروپانەی کە پێشتر لەناو دەزگاکانی دوژمندا پەروەردە کراون ، ئێستا لە ناو بەشێکی دەزگاو ھێزە سیاسیەکاندا دەسەڵاتیان ھەیە، بە ھەمان روحیەتی کینەبازی وڕیاکاری ھەڵسوکەوت دەکەن وە خۆیان بە میراتگیری نیشتمان و شوڕش و ڕاپەڕین دەزانن .
لێکەوتەکانی ئەم جۆرە پەروەردەییە بەداخەوە ھاونیشتمانیەکی دووڕوو و مەرگدۆستمان بۆ بەرھەم دێنت ، بەتایبەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە ، بەشێکی زۆرمان بە کینەبازی و خۆپەرستیەوە خەریکن ، ئەم دیاردەیە ھیچ پێویستی بە بەڵگە ھێنانەوە ناکات . چونکە گرفتی ئێمە لەوەدایە بە ھەر شێوەیەک نمایشی روحی مرۆڤدۆستی بکەین ، مەحاڵە بتوانین دەمامکی شەڕەنگێزی خۆخۆری خۆمان بشارینەوە.