چەوساندنەوەی سیاسی
زانا توفیق بەگ
2021-06-19   770
سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ، لەسەر
سێ بنەمای سەرەکی لەناو فەزای گشتیدا کاردەکات. (گوێڕایەڵی ،خۆبەدەستەوەدان ،بێ هێزکردنی
ئیرادە) ئەمە ئەو سێ کۆچکەیەی سیستەمی سیاسی کوردییە کە بۆ چەوساندنەوەی تاك لەناو
فەزای گشتی کوردستانە کاری پێدەکات.
دەرئەنجامەکانی ئەم فشارانە دەگات بەکوێ؟
لەو چرکەساتەی کە چەمکی ئازادی دەگوڕێ بۆ ئەو
سێ چەمکەی کە لەسەرەوە باسمانکرد لەناو کاییەی سیاسیدا ، بەشێوەیەکی خۆبەخۆییانە
ئازادێکان بە هەموو شێوازەکانیەوە مانایەکی نوێ وەردەگرێت. مانایەك هەموو ئەوانە بەرپەرچ
دەداتەوە کە پێشتر گرێدراوی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بوون لەم چەمکەدا . چونکە لێکەوتەکانی فشارو چەوساندنەوەی نیزامی
سیاسی و ناجێگری دۆخی سیاسی ، تاك وەك بونەوەرێکی چالاک لەناو گشت کایەکانی کۆمەڵگادا
تووشی دۆخێکی خراپی سایکۆلوجی و بێبڕوایی
و بێ متمانەی لەبەرامبەر تاکەکانی تردا دروستدەکات ، وە خەونی گەورەی نامێنی ، تەنانەت لە بوونەوەرێکی ئەکتیڤی کۆلەکتیڤی کۆمەڵگا دەبێتە
مرۆڤێکی بێکەڵک و بێفەڕ لەناو فەزای گشتی دا.
توانای داهێنان وتێپەڕاندنی بۆ دۆخێکی
باشتر لاواز دەبێ وە هەوڵدەدات لەناو فۆڕمێکی سیاسیدا کاربکات وەك بوونەوەرێکی بێ پڕۆژەی بێ ئیرادە ، بەتایبەتی لە سایەی سیستەمێکی ستەمکار کە بڕوای تەنها بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی
مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆی هەبێت. ئەو مرۆڤە حیزبیە درێژە بەچالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتی
و ژیاریەکانی دەدات لە پێناو دابینکردنی بژوی ڕۆژانەی خۆی.
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە دۆخێکی هەستیاری
مەترسیداری چەوساندنەوەی سیاسی حیزبی دا هەنگاو دەنێت ، دۆخێکی بێ دەنگی ئاوا کە بەشێکی
زۆری مرۆڤە سیاسیەکانی ناو حیزبە سیاسیەکان بڕوایان بە پرۆژەیەکی سیاسی حیزبی نەماوە
کە کاری بۆ بکەن واتا بڕوایان بە کێشە گەورەکە نەماوە کە خەمی گشتیە. هاوکات هاووڵاتیانی هەرێم هەمان بڕوایان بە چالاکیە مەدەنێکان
نە ماوە پێیان باشترە دوورەپەرێزی بگرن لە
فشارەکانی وەك بڕیاری یاخیبوون لە سیستەمی
سیاسی هەرێم دروستکردنی فشاری مەدەنی . ئەمە ئەو دۆخەیە کە مێژووی سیستەمی سیاسی
ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە بەردەوام
دووبارەی دەکەنەوە وە توانای سود وەرگرتنیان لە ئەزموونەکانی پێشرتیان نیە .
بەرئەنجام
بەردەوامی ئەم دۆخە خراپە و کەڵەکەبوونی ئەم فشارە سیاسیەیانە دەبێتە هۆکاری
دروستکردنی واقعێکی سیاسی نوێ ، چونکە هە موو ئەزموونەکانی مێژووی دەسەڵاتی سیاسی
دەورووبەری خۆمان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا خوڵقێنەری ئەو ڕاستیەن ، کە نەوەی شوڕشی یەکەم چاوەڕێ دروستبوونی نەوەی شوڕشی
دووهەم دەکات. ئەگەر هاتوودەسەڵاتی سیاسی نەتوانێ هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی خزمەتە گشتیەکان و یەکسانی و دادپەروەری و سەرەوەری یاسا دەستەبەر بکات لەناو جڤاتی گشتیدا.
بۆ
بەشێك لە چارەسەر دەبێ حیزبە سیاسیەکانی
کوردستان بڕوایان بە دەستەودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگای میکانیزمەکانی دیموکراسی
و گوڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی ووڵاتدا هەبێ هاوکات واز لە بوغرای سیاسی و بێمنەتی
لە بەرامبەر ئەندام و هاووڵاتیانی کوردستان بهێنن . چونکە دەرهاویشتەکانی ئەم دۆخە
دەرئەنجامێکی خراپ لە داهاتوودا چاوەڕێ قەوارەی هەرێم دەکات، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی
ئێستا بەردەوام بێت.