ئایا تالیبان گەندەڵە؟

سەردار عەزیز
  2021-08-17     486
کۆمەڵێک ڕستەی ئامادەکراو لە هەموو دۆخ و ڕوداوێکدا دێنە ئاراوە. ئەم ڕستە ئامادەکراوانە بەرهەمی کەلتوری دروشمسازین. حکومەتی ئەفعانی هەتا بینە قاقای گەندەڵ بوو. هاتنی تالیبان وەها لێکدەدرێتەوە کە لە بەدیلی ئەو گەندەڵییەدایە. تالیبان دۆستانی کوردستان دەیانەوێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە تالیبان گەندەڵ نیە، بۆیە خەڵک پێشوازییان لێکرد. ئەم چوارچێوە و دەربڕینانە تەواو تەوا بێ بنەمان.
ڕستەی تالیبان گەندەڵ نیە، لە هەمانکاتدا ئاماژەیە بۆ تێنەگەیشتن لە تالیبان و گەندەڵیش. گەندەڵی چەمکێکی مۆدرێنە. لەو ساتەوەختەوە دێتە ئاراوە کە خەڵک دەبنە بنەمای سیستەمی سیاسی. لە گەڵ خەڵکدا سامانی گشتی دێتە ئاراوە، کە جودایە لە سامانی تایبەت. هەموو ئەمانە لە هەناو جوداکردنەوەی پانتاییەکان و دەسەڵاتەکاندا فەراهەم دەبێت.
کاتێک خەڵک ناڕازین لە ئەوەی کە سامانی گشتی لە لایەن سیاسییەکانەوە ببرێت بۆ گیرفان تایبەت، لەو ڕوانگەیەوە ناڕەزایی دەردەبڕن کە دەبێت کاری حکومەت و دەسەڵاتداران بەڕێوەبردنی سامانی گشتی بێت لە پێناو گشتدا. بۆ ئەوەی ئەمە مەیسەربێت دەبێت شەفافیەت هەبێت، بودجە هەبێت، چاودێر و ڕەخنە هەبێت، کۆمەڵگای مەدەنی هەبێت، نوێنەرایەتی هەبێت.
بەڵام تالیبان بڕوای بە هیچ کام لە ئەمانە نیە.
تالیبان وەک هێزێکی سەدە ناوەندییەکان بڕوای بە بونی خەڵک نیە. لە پێناو خەڵکد حوکم ناکات. هیچ کەسێک ناتوانێت بپرسێت داهاتی تالیبان چەندە و بۆچی خەرج دەکرێت. تالیبان سیستەمێکی وەهای نیە تیایدا خەڵ بزانن داهاتی گشتی چەندە و چۆن خەرج دەکرێت. هەرگیز ناتوانن هیچ کاریگەرییەکیان لە سەری هەبێت.
کاتێک تالیبان هەموو داهات بۆخۆی دەبات و بە خواست و ئارەزوی خۆی خەرجی دەکات و کەس ناتوانێت بزانێت یان بپرسێ یان چاودێری بکات؛ ئەوا نەک هەر گەندەڵە، بەڵکو دژ بە ئەو سیستەمەشە کە بتوانێت لێیبپرسێتەوە کە گەندەڵە. حکومەتی ئەفعانی گەندەڵ بوو، دەتوانرا پێی بوترێت گەندەڵە. بەڵام هەرکەس لە گوڵ کاڵتر بە دەسەڵاتی تالیبان بڵێت ئەوا هەرزوو ساردی دەکەنەوە.
دوێنێ لە کەناڵێکی کوردی کابرایەکی تالیبان دۆست دەیگوت لە زۆر وڵاتی پێشکەوتوشدا داهاتی وڵات ئاشکرا ناکرێت. ئیتر درۆی داماوە و هەموو کەس پێی دەوێرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×