ئەم هەموو دڵرەقییە بۆ؟
سەردار عەزیز
2020-12-13   714
بە پێی فەیلەسوفی ئەمریکی جودیث شکلار: دڵڕەقی بریتییە لە ئازاری فیزیکی خواستیانە کە کەسێکی بەهێز لە بەرامبەر بێهێزێکدا لە پێناو ترساند و تۆقاندن و ملکەچکردنیدا پیادەی دەکات. شکلار لە وتارێکیدا لە گۆڤاری دیدالۆس لە ساڵی ١٩٨٢
دڵڕەقی بە ئەو جۆرە مامەڵەیە دادەنێت کە دەبێت لە سەروی هەموو جۆرەکانی مامەڵەی خراپ بێت. دڵرەقی یان مامەڵەی دڵرەقی هیچ بەهانە و بنەمایەکی نیە. بەو مانایە نابێت هیچ شتێک بکرێتە بنەمای ئەوەی کە کەسێك دڵڕەقانە مامەڵە لە گەڵ کەسێکی تردا بکات. نە ئاین، نە پیرۆزی، نە بەرژەوەندی، نە خواست نە هیچ شتێک.
دژایەتی دڵڕەقی کارێکی ئاسان نیە لە کاتێکدا کۆمەڵگانی مرۆڤایەتی، کەلتورەکان، ئاینەکان، ئایدەلۆژییەکان، هەموو لە سەر ئەوە بونیادنراون کە ڕەوایە توندوتیژی بەرامبەر نەیارەکەت بەکاربهێنیت. کۆمەڵگای کوردی چەندین ساڵە بێبەزەییانە بەرەو دڵڕەقی دەڕوات. دڵڕەقی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ، مرۆڤ بەرامبەر سروشت، مرۆڤ بەرامبەر ئاژەڵ. بەڵام ئەگەر زۆرینەی خەڵك دڵڕەقی بەرامبەر سروشت و ئاژەڵ بە ئاسایی و قبوڵکراو وەردەگرێت، ئەوا دڵڕەقی بەرامبەر یەکتر، لە هەناو کۆمەڵگای کوردیدا بوەتە بەشێکی هەرە سەرەکی پەیوەندی مرۆڤەکان بە یەکترەوە.
ئەم ڕۆژانە دەرئەنجامی ئەم دڵڕەقییە بە ڕونی دەبینین، کاتێک چەکدارەکانی حیزب بێ سڵەمینەوە، بێ بەزەیی، تەنها لە بەر ئەوەی دەتوانن و ڕێگایان پێدراوە، دڵڕەقانە مامەڵە لە گەڵ خۆپێشاندەراندا دەکەن. ئەم دڵڕەقییە تەنها جۆر نابێت، پێشتر لە شەڕی ناوخۆدا بینیومانە. لە داهاتودا لە شەڕەکانی تردا دەیبینین.
بەڕای من کرۆکی حوکمڕانی ڕێگریکردنە لە دڵڕەقی. بەو مانایە ڕێگریکردنە لە ئەو کەسەی کە دەتوانێت هێز بەکاربهێنێت بەرامبەر کەسێکی بێهێز. لۆجیکی هێز سەرتاپا پەیوەندییەکانی ئێمەی تەنیوە. حوکمداری گۆڕینی ئەم لۆجیکی هێزەیە بۆ لۆجیکی ئارگومێنت. بۆ دانپیانان و گەیشتن بە سازان.
دڵرەقی لە نێو کۆمەڵگادا لە ڕێگای فەلسەفە و پەروەردە و ئاگاییەوە کۆتایی نایەت. بەڵکو ئەوەی کۆتایی دەهێنێت دابینکردنی ئاسایش، بە هەموو جۆرەکانی و هەروەها هاوبەشییە. بەڵام کۆمەڵگای کوردی لە کاتێکدا لە پایزی هەموو جۆرە ئاسایشەکانیەتی لە هەمانکاتدا هەموو هاوبەشیەکانیش بەرەو کۆتایی دەچن. لە هیچ کوێی دونیا حکومەتێکی سەرکەوتوو نابینیتەوە کە هاوبەشی لە نێوان خەڵکەکانیدا نەبێت. کۆمەڵگا بێ هاوبەشەکان کۆمەڵگای پڕ لە دڵڕەقین. جیاوازی دروستکردن ئاسانە و زۆرجار لە بەرژەوەندی کەمینەیەکدایە.
دڵڕەقی زۆر خێرا و زۆر بە قوڵی تەشەنە دەکات. لە ئەنجامدا دڵڕەقی دەبێتە خەسڵەت. بۆیە هەتا زیاتر پیادەی بکەین درەنگتر دەتوانین دەستبەرداری بین. ئەگەر دڵڕەقی دڵڕەقی بەرهەم بهێنێت ئەوا ئێمە دەکەوینە ناو بازنەیەکی داخراوەوە لە دڵرەقی.