سیستەمی جوت پانتایی

سەردار عەزیز
  2021-03-09     1045
هەموو ئەوانەی کاریان لەسەر کورد کردوە، بەتایبەتی بیانییەکان، هەرزوو ڕوبەڕوی ڕاستیەکی ئاڵۆزبونەتەوە ئەویش، لەکاتێکدا کورد لەگەڵ ئەوانیتردا دەجەنگێت، لەهەمانکاتدا لەگەڵ خۆیدا دەجەنگێت. ئەم جوت بەرەییە وەهایکردوە کە هەندێک خەسڵەتی دیاریکراو بەرامبەر بەکورد بەرهەم بێت لەئەدەبیاتی کوردناسیدا. بۆ نمونە کورد خەڵکانێکن کە ناتوانن پێکەوەبن، ناتوانن یەکێتی و یەکبون لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن. بەشی هەرە زۆری مێژویان  بریتیە لە شەڕی یەکتریی.

ئەم دژایەتیکردنی یەکترییە لەم ماوەی دواییدا گەشتوەتە ئاستێکی ترسناک، بەجۆرێک دەتوانین باس لەهەڵوەشانی کۆمەڵگای کوردی بکەین. دیارە یەکبون و پێکەوەیی دۆخێکی سروشتی نیە، وەک چۆن پەرتەوازەیی دۆخێکی سروشتی نیە، بەڵکو هەردوو دۆخی بەرهەمهێنراون.  بەڵام جیاوازییان لە ئەوەدایە کە بونیادنان پێویستی بەپلان و نیازو کارکردن هەیە. بەڵام داڕمان ڕەنگە دەرئەنجامی هەندێک هەنگاوبێت کە نیازەکە داڕمان نەبێت. زۆرجار وڵاتێک یان گەلێک لەمیانەی خەونی بۆ بەهێزبون دادەڕمێت. یان هێزێک لە هەوڵی بۆ پاوانکردن و کۆنترۆڵکردن دادەڕوخێت. 

لێرەدا کۆمەڵێک پرسیاری سادە هەیە: ئایا بۆچی ململانێی نوخبەی سیاسی دەبێتە مایەی پەرتەوازەیی کۆمەڵگا؟ ئایا بۆچی خراپییەکانی نوخبەی سیاسی نابێتە مایەی ئەوەی کە خەڵک دژایەتی ئەو خراپانە بکەن، بەڵکو کۆمەڵگا سەنگەر لە یەکتر دەگرن؟ ئەم دۆخەی کە ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکانی نوخبەی سیاسییە،  کۆمەڵگا خۆی وەک خۆی خاوەن سەربەخۆیی کار و کردارنیە، مایەی نیگەرانیە. بەڵام وەها هەست دەکرێت کە بەتاڵبونەوەیەکی سیحری سیاسییەکان لە هاتنە ئارادایە. بەتاڵبونەوەی ئەفسانە یان سیحر سەرەتای گواستنەوەیە لە سیاسەتی تەقلیدییەوە بۆ سیاسەتی سەردەم.  بەڵام ئەم گواستنەوەیە کات و ئاگایی زۆری دەوێت. هێشتا کۆمەڵگای کوردی هەڵەودانی کاریزما و کەسایەتی بەهێزە، لە بڕی دەزگا و یاسا. 

لە دوای ڕێککەوتنی واشنتۆنەوە لە ساڵی ١٩٩٨ شەڕی کوردی کوردی لە باشور ڕەهەندێکی ترسناکی وەرگرتوە، ئەویش ڕەهەندی تیرەتۆرییە یان ڕەهەندی خاکە. هەر یەک لە دوو پارتە سیاسییە چەکدارەکەی هەرێم، کە جوت جەمسەری شەڕی ناوخۆبون، دەیانەوێت نەک دەسەڵاتیان بە سەر جەماوەرەکەیاندا هەبێت بەڵکو دەسەڵاتی حیزبی وەک دەسەڵاتی دەوڵەتی مامەڵە بکەن و دەسەڵاتیان بە سەر خاک یان پانتاییشدا هەبێت. ئەم جۆرە دەسەڵاتە دەکرێت ناوبنێیین، دەسەڵاتی پانتایی کە هەوڵدەدات جۆرێک لە پیادەکردنی دەسەڵات بەرجەستە بکات کە ناوی دەنێنیین پانتایی من.  لە زمانی ئینگلیزیدا  هەبونی دەسەڵات بە سەر پانتاییەکی خاکدا، بۆ کردنی بە پانتایی سەروەر، پێی دەوترێت تێرتۆریالیتی. ڕەگی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە سەر وشەی تیرۆر کە یانی تۆقاندن. پانتاییەک کاتێک دەبێتە پانتایی کەسێک یان دەسەڵاتێک کە تۆقاندن تیایدا بەکاربێت و ئەگەری هەبێت هەمیشە بەکاربێت. ئەمە پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان سیاسەت و توندوتیژییە.  

بۆیە هەمیشە ئەگەر تیرەتۆری وەها دابنرێت کە پێکهاتەیەکی پەسیڤە، ئەوا تیرەتۆریالیتی کۆمەڵێک تەکنەلۆجیا یان ئامرازی سیاسییە کە خاکێک یان پانتاییەک دەکاتە قەڵەمڕەوی دەسەڵات یان لە خراپترین حاڵدا پانتایی کەسێک.  ئیستا  باشوری کوردستان لە گەرمەی ئەم دۆخەدا دەژی.  چۆن توندوتیژی و تۆقاندن بەکاربێت بۆ ئەوەی پانتاییەک ببێتە بە پانتایی دەسەڵاتی کەسێک یان گروپێک. کاتێک پانتایی وەها دەبینرێت کە پانتایی کەسێکە، ئەوا بە مۆدێلی سەردەمی دەسەڵات ڕەهاکان، کەسی خاوەن پانتایی دەبێت هەموو نوزەیەکی جیاواز لە پانتاییەکەیدا ببڕێت هەتا هیچ گومان و نیشانەی پرسیار و دوودڵیەک لە خاوەندارێتی پانتاییەک دروست نەبێت. بۆ ئەم مەبەستە تەکنیک و ئامرازی جیاواز بونیان هەیە، لە تۆقاندن، وەدەرنان، گرتن، هەتا کوشتن. دەکرێت ئەم پرۆسەیە ناوبنێیین پرۆسەی پاکسازی. پاک یەکێکە لە ناشیرینترین چەمکە سیاسییەکان. لە ڕاستیدا پاک هەمیشە نیشانەیە بۆ  نەبونی دیموکراسی، نەبونی جیاوازی، تاکڕەویی و تیرۆر. پاک یانی ترسان لە ئەویتری پیس، چونکە لە بنەڕەتدا پاک یانی نکوڵیکردن یان شاردنەوەی پیس. 
لە دۆخی کوردستاندا ئەم قۆناغە کۆمەڵێک خەسڵەت دەهێنێتە ئاراوە:

یەکەم، پەرتبونی زیاتری هەردوو پانتاییەکە و  بونیان بە یەکەی دژ بەیەک. ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر شێوازی حوکمڕانی، دۆخی ئابوری و دەستوەردانی هێزە ئیقلیمییەکان. 

دووەم، نەمانی ئازادی، بەڵام بە شێوازی جیاواز. چونکە بنەمای هەردوو پانتاییەکە لە سەر کێبڕکێی سەپاندنی دەسەڵات بونیادنراوە، ئەوا کێبڕکێی نێوان دوو پانتاییەکە نابێتە هۆکاری ئەوەی کە دوو یەکەی جودا دژ بەیەک ڕکەبەری بکەن و لە ئەنجامدا دیموکراسی بێتە ئاراوە، بەڵکو ئەوەی دروست دەبێت  ڕکەبەری سەرکوتکردنی زیاترە . جێگای سەرنجە لە ڕێککەوتنی واشنتۆن لە ساڵی ١٩٩٨، کاتێک دوو زۆنی دەچەسپێت، وەک سەرەتایەک بۆ زەمینەسازی بۆ ئاشتی، نوێنەری تورکی لە دانیشتنەکەدا وەها بەهانە بۆ دوو زۆنی دەهێنێتەوە کە بونی باشە چونکە دەبێتە هۆی هاتنەئارانی دیموکراتی. بەڵام ئەمە ڕستەیەکی خیتابییە بۆ پۆشینی ڕاستیەکی تاڵ کە بە پەرتەوازەیی هێشتنەوەی  هەرێم ئیدارەدانی  ئاسانتر. 

سێیەم،   ئەم دوو پانتاییە چەندێک پێچەوانە و دژ بە یەک بن، هێندەش لەیەکتر نزیکن. ئەمە دوو سەری هەمان دەسەڵاتە. پێویستیان بە دژایەتییە بۆ ئەوەی بنەمای جودایەکی یەکتر بچەسپێنن. بەڵام هەر ئەو جوداییە بنەمای پێکەوە کارکردنیانە. ئەمە خەسڵەتی سەروەرە لە مێژوو و کەلتوری گەلاندا. جوت سەروەری تاک رەفتار، تەنها لاوازی کۆمەڵگا و خەڵکی لێدەکەوێتەوە. دەبێتە بنەمای دەسەڵاتێک کە هەمیشە نەیارێکی هەیە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیون و دیموکراسی و ئازادی سەرکوت بکات. 

چوارهەم، مەرگی خەیاڵی پێکەوەیی. مێژونوسی ئیسرائیلی یوڤاڵ نوا حەریری باس لە خەسڵەتێکی تایبەتی مرۆڤ دەکات کە خەسڵەتی خەیاڵکردنە. مرۆڤ تەنها خەیاڵ ناکات بەڵکو دەتوانێت لە سەر بنەمای ئەو خەیاڵە، یەکە و ئامرازی خەیاڵی بەرهەمبهێنێت و بنەمای پێکەوە کارکردن و پێکەوەیی بهێنێتە ئاراوە. یەکێک لە ئەو نمونانە کە ئاماژەی پێدەدات، نمونەی پارەیە. پارە جگە لە ئەو بەها خەیاڵکراوەی کە مرۆڤ پێی دەبەخشێت هیچ بەهایەکی تایبەت بە خۆی نیە. بەمجۆرە پارە ئامرازێکە بۆ بەرجەستەکردنی خەیاڵێک کە ببێتە بنەمای گۆڕینەوەی ناکۆتا لە نێوان مرۆڤە جیاوازەکاندا. جوت پانتایی پاوانکراوە، نابێتە مایەی ئەوەی کە کورد یان کوردستان ببنە بنەمای خەیاڵێکی پێکەوەیی. بەڵکو دەبنە بنەمای یەکەی دژ بەیەک. دەکرێت لە ئەم ڕوانگەیەوە دەربڕینە بە ناوبانگەکەی بندیکەت ئەندەرسن بخوێندرێتەوە. بە پێی ئەندەرسن نەتەوە جڤاتێکی خەیاڵکراوە. خەڵکانێک پێکەوەن لە سەر بنەمایەکی خەیاڵی کە گوایە یەکن. ئەم یەکبونە لە ڕێگای ئامرازەکانی سەرماداریی و تەکنەلۆجیاوە ڕۆژانە فەراهەم دەبێت. پێکەوەبونی خەڵکێک لە ڕێگای هەواڵ و میدیا و مەترسی و ئاهەنگ و زۆر دیاردەی ترەوە بەردەوام دەڕێسرێت. جوت پانتایی ڕێگرە لە دروستبونی ئەم پێکەوەییە. لە سیستەمی جوت پانتاییدا دوو جۆر خەیاڵی گشتی دروست دەبێت. ئەم دوو جۆرە خەیاڵە یەکتر بەتاڵ دەکەنەوە.  
سیستەمی جوت پانتایی بۆ هەرێمی کوردستان لە چەندین لاوە زیانبەخشە. لە کاتێکدا ئەم دوو پانتاییە وەها خۆیان وێنادەکەن کە ڕکەبەری یەکترن و جودان، بەڵام لە هەموو ئەو بوارانەی کە بۆ حوکمڕانی و دروستبونی هاوبەشی و بەرژەوەندی خەڵك هەیە، دژ بە یەک دەبن، بەڵام لە بوارەکانی تری وەک پێشلکردنی یاسا و گەندەڵی و نزیکایەتی لە گەڵ وڵاتانی ئیقلیمی دۆستی یەک دەبن یان هاوکاردەبن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×