موچەو نادادپەروەری

سەردار عەزیز
  2020-01-10     1104
لە کاتێکدا ئەگەری هەیە کە هەفتەی داهاتوو یاسای چاکسازی لە پەرلەمان تێپەڕێت، چەند خاڵێکی گرنگ لە ڕوی ئابوری و دادپەروەری و سەقامگیرییەوە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت.

یەکەم، موچە تەنها بریتی نیە لە داهاتی تاک، یان سەرچاوەی دارایی تاک، بەڵکو ڕەهەندی کۆ-یشی هەیە. لە بەر ئەوە ئابوری ئێمە ئابوری پیشەسازی و باج نیە، کەواتە موچە شا سەرچاوەی هاتنی پارەیە بۆ بازاڕ کە لە ڕێگایەوە جوڵە و ئاڵوگۆڕ لە بازاڕدا دروست دەبێت. 

کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەری ئاسایی دەبێتە هۆی سستبونی زیاتری گەشەی ئابوری. چونکە پارەی ملیونێر و ملیاردێرەکانی کوردستان نایەتە بازاڕ بۆ ئەوەی دەستاودەست بکات، تەنها پارەی فەرمانبەری ئاسایی دێتە بازاڕ

دوەم، هەوڵێکی باشە ئەگەر پارەی بە فیڕۆدراو بوەستێنرێت، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو پارە و پارەی زیاتر بگاتەوە دەست خەڵكی ئاسایی، چونکە ئەوە نەک تەنها کارێکی دادپەروەری و ئابورییە، بەڵکو شا دەماری ئاسایشە. بۆیە ئەگەر چاکسازی وەها دەبینرێت کە بریتیە لە نەهێشتنی بە فیڕۆدان، لە هەمانکاتدا دەبێت بیر لەوەش بکرێتەوە کە چۆن ئەو بڕە بێتەوە بازاڕ، ئەگینا پارەی دوور لە دەستی خەڵك، پارەیەکی زیانبەخشە.

سێیەم، دەبێت لە کوردستان سیستەمێکی بانکی سەردەمیانە بێتە ئاراوە و هیچ کەسێک بۆی نەبێت کە پارەی هەیە لە دەرەوەی ئەو سیستەمە پارەکانی هەڵگرێت، هەتا ئەو پارەیە ببێتە بنەمای دابینکردنی سیولە و هەروەها دەستەبەرکردنی پارەی هەرزان بۆ ئەوەی دەیەوێت کاری پیشەسازی، بازرگانی و ئینترۆپینێر بکات. ئێستا لە کوردستان کەسێک بیرۆکەیەکی ئابوری هەبێت زۆر سەختە دەستی بە سەرمایە بگات، بۆیە دەبێت سەرمایە دەستەبەربکرێت.

چوارهەم، لە کاتێکدا کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان هەنگاوێکی دادپەروەرانەیە، بەڵام یارییەکی خۆڵ لە چاوکردن هەیە لەم پرۆسەیەدا، چونکە ئەوە تەنها بەشێکی کەمە لە داهاتی کوردستان کە دەبێت دادپەروەرانە و عەقڵانیانە ڕێکبخرێت.

پێنجەم، لە سەردەمێکدا کە ئێمە لە بازنەیەکی ئاگراویدا دەژین بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ پتەوکردنی گیانی پێکەوەبون ئەرکێکی هەنوکەییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×