دۆناڵد ڕامسفێڵد مرد

سەردار عەزیز
  2021-07-03     615

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش دۆناڵد ڕامسفێڵد مرد. پاش مەرگی بە گشتی هەموان بە خراپ باسیانکرد. دۆناڵدیان بە کەسێکی گومڕا، بێتوانا لە پیاداچونەوەی بۆچونەکانی و خۆ بە ڕاستزان و بێباک بە مەرگی ئەوانی تر لە قەڵەم دا. بەڵام ئەوەی بۆ کورد گرنگە تێبگات لە خەڵکانی وەک ڕاسمفێڵد، پێش ئەوەی خۆی بکات بە دادوەر و کار و ڕەفتاری هەڵسەنگێنێت، ئەوەیە کە ئایا ئەم کەسایەتییە، کە لە ماوەی پەنجا ساڵدا ڕۆڵی ئێجگار گرنگی گێڕا لە بەڕێوەچونی سیاسەتی ئەمریکی: لە چ جۆرە سیاسییەک بوو؟ چ کاریگەرییەکی هەبوو لە سەر ئاراستەکردنی ئەمریکا؟ پاش ئەمان چی دەبێت و چۆن کاریگەریی دەبێت لە کورد و ناوچەکە؟
دۆناڵد ڕامسفێڵد لە ئەو جۆرە کەسایەتییانە بوو، کە بڕوای وەهابوو، ئەمریکا وەک کۆمارێک، بۆ ئەوەی بە گەورەیی بمێنێتەوە، دەبێت لە دونیادا ئامادەبێت و ببێت بە جۆرێک لە ئیمپراتۆرییەت. ئیمپراتۆرییەت بەمانای ئەوەی کە ئەرکی ئەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت بۆ ئەوەی ژیان و ژیاری ئەوانیتر لە قاڵب بدات. لە پێناو بە دیهێنانی ئەم ئامانجەدا دەبێت ئەمریکا سوپاکەی بەکاربهێنێت و بە زەبر دونیا ئاراستە بکات هەتا نەیاری بۆ دروست نەبێت و لە دونیادا بە تاکە هێز بمێنێتەوە.
ئەم ڕۆژانە کە شایەدحاڵی کشانەوەی ئەمریکاین لە ئەفغانستان، لە هەمانکاتدا کۆتایی ئەم خەونی بە ئیمپراتۆربون و گۆڕینی دونیایە. ئەمریکا دەیەوێت ببێتەوە بە کۆمار، بەڵام ئاسان نیە، لە هەمانکاتدا ئەمریکا ناتوانێت ببێتە ئیمپراتۆریەت، ناتوانێت دەستبەرداریی باڵایی ببێت بە سەر دەریاکاندا، بە سەر بازرگانیدا. بە کۆماربونی سیاسەتی ئەمریکی مامەڵەی ئەمریکا دەگۆڕێت، زیاتر پشت بە ئەوانیتر دەبەستێت بۆ هاوسەنگی هێز، کەمتر جەنگی ڕاستەوخۆ دەکات، زیاتر دانوستان دەکات. ئەمانە هەموو کاریگەرییان لە سەر ئێمە دەبێت بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×