من هەرگیز حەزم لە فاڵگرتنەوەی سیاسی نیە، بەڵام ئاماژەکانی ساڵی داهاتو بە باشی نابینم. کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان چی بە سەر دێت، کوردەکان خۆیان چی دەکەن، دۆخی ناوچەیی و جیهانی چۆن کاریگەری دەبێت لە سەریان پرسی قورسن لە سەردەمێکدا کە ناسەقامگیری و خێرایی گۆڕانکاری و رادیکاڵێتی وەرچەرخانەکان لە دەرەوەی پێشبینی زۆرینەن. بەڵام سەرباری ئەمە چەند ئەگەرێک دەخەینە پێش چاو:
ئەگەری یەکەم، کوردو ئەمەریکا! ئەم پەیوەندییە تراژیدیە زیاتر تراژیدی دەبێت لە ساڵی داهاتودا. لە رۆژئاڤا دۆخێکی سەخت و ئاڵۆز لە ئارادایە. ئایا کشانەوەی ئەمریکا بە سودی کێ دەشکێتەوە، تورک و سوریا لە کێبڕکێدان بۆ بردنی ئەو میراتییە. بەڵام ئێران و روسیاش لە نزیکەوە روداوەکان ئاراستە دەکەن. ئەوە لێگەڕێ هێزەکانی تری وەک ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو لەگەڵ سعودییەدا. پەیەدە دەیەوێت ئەسەد بێتەوە ناوچەکە، لەمەدا وەها دەبینێت کە پشتیوانی روس و ئێرانیش بە دەست دەهێنێت. تورکەکان خۆیان لە بەرەی ئەستانە، روسیا، ئێران نزیک دەکەنەوە، بەڵام ئەگەری هەیە بە نزیک بونەوەی تورکیاو ئەمەریکا ئەم هاوپەیمانییە بگۆڕێت. کەس حەزناکات تورکەکان سەر بکەون، ئایا ئەوان ئەوەندە هێزیان دەبێت کە بەرەنگاری هەموان بکەن. لە دۆخێکدا کە ئەسەد دێتەوە. بۆ نمونە ئیماراتییەکان پلان بو هێز ئامادە بکەن بۆ سوریا، بەڵام بە گۆڕانی دۆخەکە لە بری هێز باڵیۆزخانەیان لە دیمەشق کردەوە، بەحرەین زوتر هەنگاوی نا، بەم زوانە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە دوایدا دێت و ئێستا میسر لە هەوڵی گەڕانەوەی ئەندامێتی سوریادایە بۆ کۆمکاری عەرەبی. هەمو ئەمانە ئاماژەن کە ئەگەر کشانەوە روبدات ئەوا چانسی ئەسەد زیاتر دەبێت.
ئایا کوردەکان و ئەسەد ڕێک دەکەون، ئایا جۆرێک لە رێککەوتن دێتە ئاراوە، هەمو ئەمانە لە سەر هاوسەنگی هێزەکان وەستاوە. بەڵام ئایا کاتێک هەمو دونیا خەریکی سیاسەتکردنە دەبێت لە ساڵی (2019) کورد یەک هەنگاو بچوک بچێتە پێشەوەو تۆزێک عاقڵ بێت و بتوانێت هاوپەیمانی دروست بکات. یان هەر لە دواکەوتوی و رق و کینە و ئایدەلۆژیایی ئیکساپەریی خۆیان بەردەوام دەبن؟
بەشی دوەمی تراژیدیای کوردو ئەمەریکا لە باشورە. دۆخێک لە ئەگەری هاتنە ئارای هەیە، دەرچونی بریارێکە لە پەرلەمانی عێراقی دژ بە مانەوەی ئەمەریکا لە عێراق. ئەم هەنگاوە ئێستا بە ئاسانی تێدەپەڕێت لە پەرلەمان. لە هەنگاوێکی وەهادا چی دەگوزەرێت؟
یەکەم، ئەگەری دەرچونی ئەم یاسایە هەیە، بەڵام کار بۆ جێبەجێکردنی نەکرێت، وەک هەنگاوێک بۆ نایاسایی و نا شەرعیکردنی ئەمەریکا لە عێراق. ئەو هەڵایە کە لە سەر هاتنی ترەمپ نرایەوە بە جەختکردن لە سەر سەروەری عێراق زەمینەسازی بو بەو ئاقارەدا.
دوەم، هەوڵ بدرێت کە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ببێتە هۆی تەنگەگژە. لە دۆخێکی وەهادا ئەمەریکا ئێستا لە ئامادەییدایە کە ئەو کەسانەی کە هەوڵی ئەم کارە دەدەن بیانخاتە ژێر ئابڵۆقەوە. ئەمە هەنگاوێک دەبێت بۆ سەرەتایی کۆتایی پەیوەندی ئەمەریکا و عێراق و سەرەتای ناسەقامگیرییەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی درێژخایەن. لە دۆخێکی وەهادا ئایا کوردستان چیدەکات. ئەگەری هەیە کورد پرسی مەترسی داعش بهێنێتەوە ئاراوە. پەرلەمانی کوردستان پێداویستی هێزی هاوپەیمانان دەربکات، لە هەبونی مەترسی داعش یان کۆتایی نەهاتنی داعش. ئەگەر کارێکی وەها بکرێت، هێزەکانی تر هەڵوێستیان دەبێت، کاتێک لە عێراقدا یەک تاکە هێزی سەربەخۆ بونی نیە، ئەوا ئەم هێزانە بە ریمۆت کۆنترۆل لە جێگای ترەوە دەوروژێنرێن. ئایا چ جۆرە ناسەقامگری و توندوتیژی و ململانێی لێدێتە ئاراوە.
سێیەم، ئەگەر هەیە هیچ بەرامبەر ئەمەریکا رونەدات، چونکە دەبێتە هۆی لاوازی عێراق. لاوازی عێراق لە کاتی ئابڵۆقە لە سەر ئێران لە سودی ئێران نیە، لە دۆخێکی وەهادا، رەنگە بە زیانی ئێران بشکێتەوە.
چوارهەم، ئەگەر ئەمەریکا هێزەکانی بهێنێتە کوردستان ئەوا دەبێت کوردستان چی بکات؟ ئایا کورد دەتوانێت پشت بە ئەمەریکا ببەستێت؟ یان چاری نیە.
دیارە هەمو ئەمانە کاریگەری هەیە لە سەر ناوخۆی کوردستان. دۆخی ناوخۆ زۆر دڵتەنگە، ئەو نوخبە سیاسیەی دێت وەڵامدەرەوەی دۆخە ئاڵۆزەکە نیە، بۆیە (2019) چاوەڕوان دەکرێت سیاسی کورد خۆیان بە دۆخ و کاری هیچ و پوچەوە سەرقاڵ بکەن لە بری کاری جیدی و سەرەکی.
ئەگەر کات و دەرفەت هەبێت لە سەر ئاستەکانی تر فاڵگرتنەوەکانی خۆم دەخەمە بەرچاو. هیوای ساڵێکی خۆش و پڕ لە سەقامگیری بۆ هەموان!