ترەمپ‌و حەشد

سەردار عەزیز
  2019-12-31     896
ئێوارەی یەکشەممەی پێشوو پۆلێک لە فڕۆکەی ئێف ١٥ئی ئەمریکی بنکەو بارەگاکانی کەتائیبی حیزب اللە یان لەمدیودیوی سنوری سوریا عێراقەوە لە شاری قائیم بۆردمان کرد. ئەم لێدانە لە ڕوی جۆرێتیەوە جیاواز بوو. وەک ئەمریکیەکان دەڵێن لە تۆڵەی هێرشەکەی سەر کەی یەک بوو لە کەرکوک کە تیایدا کۆنتراکتەرێکی ئەمریکی کوژرا.

شەڕی نێوان حەشد و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری پاش کۆتایی شەری داعش. شەڕی داعش زەمینەسازی دروستبونی حەشدبوو. ئەمە یەکەمجار نیە ئەمریکاییەکان هەڵەی لەو جۆرە دەکەن، لە میانەی شەڕیان لە گەڵ هێزێکدا پەنا بۆ هێزێکی تر دەبەن کە هەرزوو دەبنە دوژمنی، مێژوی ئەمە کۆنە، ڕەنگە پەیوەندی ئەمریکا و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە زەقترین نمونەی بێت.

جەنگی نێوان ئەمریکا و حەشد پاش کۆتایی شەڕی داعش بە قۆناغی جیاوازدا ڕۆشت. لە داواکارییەوە بۆ ڕێکخستن هەتا هەڕەشە و فشار. لە لایەن حەشدەوە مامەڵەی ئەمریکا وەک دوژمنێک بەشێک بوو لە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێکخراوانە. حەشد چ وەک کۆمەڵە هێزێکی عێراقی و چ وەک پرۆکسییەکی ئێرانی، وەلائی، دژ بە ئەمریکان.

ئەوەی ئەمریکاییەکان لێی تێناگەن ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانن هێزە عەرەبیە ئیسلامییەکان بکەن بە دۆستیان. ئەمە ڕەگی زۆری شارستانی و کەلتوری و خیتابی سیاسی و زۆر ڕەهەندی تری هەیە. ئیسلام وەک شارستانیەتێک هەمیشە دژ بە هەموو شارستانیەتێکی ترە لە دونیادا. ئەم پارادایمە گەورەیە بە شێوازی جیاواز وورد دەبێتە و تەرجەمە دەکرێت.

لە لایەن ئەمریکاوە پەیوەندییەکە ئامرازییە. بەو مانایە بەلایەوە گرنگ نیە هێزێک چ باوەڕ و بڕوایەکی هەیە، بەڵکو لە ساتەوەختی پێویستیدا ئەوە گرنگە چەند سودمەندە بۆ ئامانجە کورتخایەنەکە.

ململانێی نیوان حەشد و ئەمریکا لە ڕوداوەکەی کەی یەک و پاشان لێدانەکەی قائیم چوە قۆناغێکی ترەوە. ئێستا لە قۆناغی پاش خوێنڕژانداین لە هەردوو لا. ڕەنگە کەتائیب هێرشەکەی بۆ کەرکوک بەو ئامانجە کردبێت کە لە ژێر سایەی داعشدا جۆرێک لە تەمومژی بۆ دروست بکات، ئەوەی لە ئەدەبیاتی شەردا بە تەومتومانی شەڕ ناسراوە، فۆگ ئۆف ۆر. ئەم تەمومژە دۆخێک دروست بکات کە ئەگەر پێویست بکات خۆی تیا حەشار بدات یان ڕاستیەکە بشارێتەوە. بەڵام بە هۆی گەشەی تەکنەلۆجیاوە تەمومژی شەڕ هێندە وەک جارن تەمومژاوی نیە.

حەشد، یان پرۆکسی ئێرانیەکان ماوەیەک هێرشەکانیان بە کۆمەڵێک ئامانج ئەنجام ئەدەن. یەکەم، دەیانەوێت بزانن سنور لە کوێدایە. لە کوێدا ئەمریکا دێتە وەڵام. دوەم، زۆرجار وەک کارتێکی فشار بۆ دانوستانی سیاسی. کاتێک هێرشەکەی سەر کەی یەک ڕویدا، من سەرنجم بۆ ئەوەچوو کە ڕەنگە جۆرێک لە دانوستان بێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانی بژاردەی بینا. بەڵام ڕەنگە ئامانجی تری زیاتری لە گەڵدا بێت.

ئەمریکاییەکان نەیاندەتوانی لە بەرامبەر کوشتنیاندا بێ وەڵام بن. چونکە ئەوە پەیامێکی دەدا کە ئەوان دەستەوەستانن و توانای بەرگرییان لە خۆیان نەماوە. لە زانستی سەربازیدا سام و بەرهەمهێنانی سام زۆر گرنگە. ئەگەر هێزێک سامی لە هیزێکی تر شکا، ئەوا ورەی بەرزتر دەبێت و هێرشی زیاتری دەکاتە سەر. ئەمە لە مامەڵەی سوپای ئیسرائیل و عەرەبەکاندا بە رونی دەبینیت.

وەک دەردەکەوەێت ئامانجی ئەمریکاییەکان تەمێکردنە نەک شەڕ. ئەوان دەیانەوێت حەشد ڕەفتاری بگۆڕیت یان واز لەو جۆرە کارانە بهێنیت. چونکە ئەمریکا لە میانەی ململانێی لە گەڵ ئێراندا هەرگیز شەڕی پرۆکیس یان عەمیل ناکات. ئەوە خواستی ئێرانە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا لە ڕێگای پرۆکسیەکانی ئێرانەوە شەڕی ئێران بکات ئەوا هەر لە سەرەتاوە دۆڕاوە.

ئێستا حەشد لە دۆخی قەیراناوی ئەوەدایە کە ئایا چی بکات؟ ڕەنگە ئامانجی یەکەم ئەوەبێت کە چۆن بیکاتە کارتێک بۆ گۆڕینی ئاراستەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی عێراق، کە تیایدا حەشد هەمو سەرمایەکانی لە دەست دابوو کە لە شەڕی داعشدا بە دەستی هێنابوو. ئەمە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ حەشد و ئێران. بە تایبەتی ئەوان کە بڕوایان وەهایە کە ئەمریکا دەستی هەیە لە ناڕەزاییەکانی عێراقدا.
لەم ڕوانگەیەوە ئەمریکا زەرەرمەند بوو.
ئیستا پاش بە دەستهێنانی ئەم دەستکەوتە، ئایا حەشد هێرشی سەربازی دەکات؟ ئەمە لە کاتێکدا کە دەزانێت ئەو پشتیوانییە کە لە عێراقدا بە دەستی هێناوە کاتی و مەرجدارە، هەر لە مەرجەعەوە، کە باوکی شەرعی حەشدە هەتا دوا خۆپێشاندەر.

ساڵی ٢٠٢٠ ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە ئەمریکا. هەمو هەنگاوێکی ئیدارەی ترەمپ بە ئامانجی خۆ هەڵبژاردنەوەیەتی. یەکێک لەو مەترسیییانەی کە ترەمپ ڕوبەڕوی بوەتەوە، ئەو ناڕەزاییانەیە کە لە گروپە ئاینیەکانەوە روبەڕوی بوەتەوە، بە تایبەتی دوای نوسینەکەی بیلی گراهام. ئەم گروپانە کە بە زایونیستە مەسیحییەکان ناسراون ئامانجیان ئاڵۆزە، لە ئاستی ناوەوەی ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەدا، بۆ تێگەیشتنیان پێویستمان بە زانینی وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە کەی مەسیح دێتەوە. لێرەدا ناتوانم هەموو ئەو قوتابخانە ئیسکاتۆلۆجییانە ڕاڤە بکەم لەم بارەوە. بەڵام گروپێکی زاڵ هەیە بروای وەهایە کە مەسیح لە ئیسرائیلەوە دێتەوە، ئەمانە پشتیوانی ترەمپن و پۆمپیو و پێنس سەر بەم گروپەن. ترەمپ هەمو کارێک دەکات بۆ نەڕەنجاندنی ئەمانە بە تایبەتی لە وەرزی هەڵبژاردندا، وەک دەیبینین لە ناوەوە ئیستا ترەمپ دژ بە لەباربردنی مناڵانە، کە خواستی ئەم گروپانەیە.

کۆمەڵێک پرسیار چاوەڕیی وەڵامن:
ئایا پەرلەمان یاسای دەرکردنی سوپای ئەمریکی لە عێراق دەردەکات؟ سۆفا کە کورتکراوەی یاساکەی ئێستایە، هەر لە سەرەتاوە هێندە پشتیوانی نەبوو. وەک جەیمس جێفری دەڵێت جگە لە کورد کەس پشتیوان نەبوو. ئەو کاتە تەنها سەدر دژ بوو. ئەوانیتر نە پشتیوان بون نە دژ. ئەوە ڕۆژگارێکی تر بوو. ئەمڕۆ زۆرینە دژن.
ئایا گرژی لە هەموو ناوچەکەدا زۆر دەبێت، وەک ئاماژەکان دەڵێن، ئەو کاتە، ئایا قۆناغی شەڕی پرۆکسی-پرۆکسی کۆتایی دێت و شەڕی ئەمریکا ئێران دەست پێدەکات؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×