جینۆسایدی ئێزیدییەکان

سەردار عەزیز
  2019-08-03   
شەوێکی هاوینی گەرم بو لەگەرمیان، لەسەر کورسییەک لە سەر سەکۆکەمان دانیشتبوم تەماشای ئاسمانی پڕ لەئەستێرەم دەکرد، ئەمە تاکە سودی کاتی بێکارەباییە، کە ئاسمانی پڕ لەئەستێرە دەبینیت، بەهەردو دەستم مێشولە(هوڕەم) لە خۆم دور دەخستەوە، لە پڕ زەنگی تەلەفونەکەم لێیدا، ژمارەیەکی نەناسراو بو. کە قسەمان کرد خێرا زانیم ئەمەریکیە، داوای کرد یەکتر ببینین. رۆژانی پاشتر یەکترمان بینی، ئەوە دەروازەیەک بو بۆ نزیک بونەوە لە رێکخراوی یەزدا و بە ئاگابون لە نزیکەوە لە جینۆسایدی ئێزیدیەکان.

جینۆسایدی ئێزیدیەکان یەکێکی ترە لەو روداوە تراژیدیانە کە کۆمەڵگای کوردی لە باشور پەرتکردوە. هەرچەندە ئەوەی ئاگای لە ئەدەبیاتی بواری کۆلۆنیالیزم و تۆقان و پاتاڵبون بێت بە ئاسانی تێدەگات کە رەگەکانی ئەم دیاردەیە زۆر و ئاڵۆزن. لە داهاتودا دێمەوە سەر ئەبجێکشن یان بە کوردی پاتاڵ بون، بە تایبەتی لای جولیا کریستیڤا.

ئێزیدیەکان ئاڵنگاری زۆر دروست دەکەن بۆ هەمو دەوروبەریان، تەنها چونکە دەیانەوێت بە ئێزیدی بمێننەوە. هەردو پرۆسەی بە ئیسلام بون و بە کورد، دیارە بە کوردبون دیاردەیەکی نوێیە، وەک ترسێک بە سەریانەوەیە. ئەوان لە بەرامبەر ئەمەدا پەرت بون. تەنها تەماشای کورد خۆی بکە لە بەرامبەر فشارەکانی دەوروبەری چۆن توشی پاتاڵ بون بوە. ئەم پرۆسەیە پەرتبونە لە نێوان بون و واقیعدا.

دژایەتی جینۆساید کارێکی ئەخلاقی سەختە. چونکە جینۆساید لە کرۆکی هەمو کەلتورێکدایە. بۆ ئەوەی دژی جینۆساید بیت دەبێت بەبێ هیچ گومانێک ئەویتر هەرچۆنێکە وەک خۆی قبوڵی بکەیت. بەڵام ئەمە لە ناوچەی ئێمەدا بونی نیە. بە تایبەتی کاتێک کە کەلتوری کوردی لە هەمان فۆرمی ئیسلامی سوننیدا لە دایک دەبێت. ئیسلام خۆی بە باڵاترین دەزانێت لە بەرامبەر هەمو ئەوانیتر لە دونیادا. خۆی بە بەهەشتی دەزانێت هەمو ئەوانیتر بە دۆزەخی. کێشەی گەورەی ئەم دیدە ئەوە نیە کە جار جار لە فۆرمی توندی وەک قاعیدە و داعشدا دەردەکەوێت، بەڵکو ئەوەیە کە دەرگای بە سەر خۆیدا داخستوە لە بەرامبەر هەمو عەقڵانی بونێکدا. هەرگیز تاکە پرسیارێک لە خۆی ناکات، چونکە لە ڕاستیدا پارادیمی دینی بە تەواوی دژ بە پرسیار و گومان و تێرامان و بیرکردنەوە و پیاداچونەوەیە.

لە لایەکی ترەوە بەرهەمهێنانەوەی جینۆسایدی ئێزیدی لە هەناو شەڕی ناوخۆی کوردیدا گەورەترین تاوانە بەرامبەر بە ئەوان. شەڕی ناوخۆی کوردی لە نەوەدەکان دەست پێدەکات و ئیتر وەک شێرپەنجە هەر پەل دەهاوێت، لە فۆرمی نوێدا خۆی بەرهەم دەهێنتەوە. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵک شەڕکەری ئەو شەڕەن.

ئەوە کێشەی ئیسلامە کە ناتوانێت ئێزدی قبوڵ بکات، ئەوە کێشەی ناسیونالیزمی کوردیە کە ناتوانێت ئێزیدی بون وەک شوناسێکی جودا قبوڵ بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
پێکدادانی قورس و هێرشی درۆنی لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ ڕوویدا
پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من: بانكی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاییزی ساڵی رابردوه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ دورخراوه‌ته‌وه‌
دوای ١٨ ساڵ کارپێکردن؛ وەزارەتی دارایی عێراق مەرجێکی پێدانی سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە
وتاربێژی هەینیی نەجەف هێرش دەکاتە سەر کابینەکەی زەیدی: دروستکردنی سێ وەزارەتە نوێیەکە بارگرانییە
تره‌مپ: پێویست ناكات چه‌كی ئه‌تۆمی له‌دژی ئێران به‌كاربهێنین
محەمەد سەمعان: لە چەند ڕۆژی داهاتودا پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک دەستبەکاردەبێت
كه‌شناسی: باران ده‌بارێت و پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌
فواد حسێن: به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌، عێراق 60 ملیار دۆلار زیانی به‌ركه‌وتوه‌
ئه‌و بانكه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سزادرا: تۆمه‌تباركردنمان پاڵپشته‌ به‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاست
چارەنووسی هاووڵاتییەکی پیرانشار دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە نادیاری ماوەتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×