برێت مەکگۆرک: کیسنجەرێکی تر؟

سەردار عەزیز
  2022-06-09     357

هێنری کیسنجەر بوو بە ٩٩ ساڵ. کەم سیاسی هەیە لە مێژوی ئەمریکادا کە هێندە ناسراو و کاریگەر و درێژخایەن بێت، بە تایبەتی کە نە سەرۆک بوبێت و نە لە ئەمریکا لە دایک بوبێت. سەردەمانێک کیسنجەر ڕومەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو. پۆل وود، کە بیست و پێنج ساڵ لە بی بی سی کاری کردوە، لە پرۆفایلێکی ووردا وەهای دەبینێت کە، وەک کیسنجەر و ڕیتجار هۆلبروک و ئەوانیتر، برێت مەکگۆرگیش، دەبێتە ڕومەتی دیپلۆماسی ئەمریکی. بەڵام هەرچەندە ماکگۆرک جوان دەنوسێت، بەڵام خاوەن هەمان بیر و ئاگایی و دیدی کیسنجەر نیە.

مەکگۆرک لە سی ساڵیدا، وەک زۆرێک لە ئەو تازە دەرچوانەی زانکۆکانی ئەمریکا، لە گەڵ هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق هات بۆ بەغدا. سەرەتا هیچ ڕۆڵێکی سەرەکی نەبوو، بەڵام ئەوەی بە لای هەموانەوە جێگای سەرنج بوو، ئەوە بوو کە چۆن وەها بە خێرای پێگەی هەڵدەکشێت.

برێت کەسێکی نەناسراو نیە لە ناو کورددا، بۆیە هێندە بە ووردی ناچمە تان و پۆی مێژویەوە. بەڵام زانینی هەندێک خەسڵەت گرنگە. لاوبونی ئەو بنەمای ئەوەیە کە ئەو چۆن دەیەوێت مامەڵە بکات لە گەڵ خۆی و ڕێچکەی کاری و ئەوانیتردا. لەم ڕوانگەیەوە برێت زۆر ڕەخنەی لە سەرە، بەوەی کەسێکە کە گرنگی زۆر بە ئیمیجی خۆی و سەرکەوتنی دەدات و زۆر بێ دەربەستە بەرامبەر نەیار و ڕێگرەکانی. ئەمە تەنانەت لە واشنتۆنیش بەرامبەر ئەوانەش کە لە گەڵیاندا کار دەکات. ئەم خواستی سەرکەوتن و هەوڵدان بۆ تێکشانی هەموو ڕکەبەرێک و لابردنی هەموو بەربەستێک بە خراپی لە پرۆسەی پەرلەمان کاریگەری هەبوو لە کوردستان، پاشان لە سەر ڕیفراندۆم.

ئەم بێدەربەستییەی مەکگۆرک بەرامبەر دەرئەنجامی هەوڵەکان ڕەنگە لە هەموی زیاتر لە پشتیوانی ئەودابێت بۆ نوری مالیکی. پشتیوانی ئەمریکا بۆ مالیکی لەو قوتابخانەیەوەیە کە عێراق پێویستی بە کەسایەتییەکی بەهێزی شیعەیە بۆ بەڕێوەبردنی. [ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەربڕینێک هەیە کە بە گشتی دەیگەڕێننەوە بۆ ڕۆزفلت بەرامبەر دیکتاتۆری نیکاراگوا سۆمۆزا، ڕەنگە کوڕی سۆزانی بێت، بەڵام کوڕی سۆزانیی سەر بە خۆمانە]. گەر ئەو نەبوایە مالیکی بۆ هەمیشە وەک کۆلکە سیاسییەک دەمایەوە. دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان ڕەخنەی ئەوە لە مەکگۆرک دەگرن چونکە عەربی نازانێت و لە مامەڵەیدا پشت بە وەرگێر دەبەستێت و زۆربەی وەرگێڕەکان، بە هۆی ترس و لایەنگرییەوە، هەرگیز کارەکەیان بە پرۆفیشاناڵانە ناکەن، ئەوا مەکگۆرک نەیزانیوە مالیکی کێیە. چۆن کەسێکی ناسیونالیستی، تایفی، دژە ئەمریکایە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی مەکگۆرک زۆر جار تەنها مامەڵە لە گەڵ ئەوانەدا دەکات کە زمانی ئینگلیزی دەزانن.

دیدی کورد بۆ تێگەیشتن لە کەس و کەسایەتی و یەکەکان زۆربەی جار لە سەر بنەمای هەڵوێستە. میتۆدی هەڵوێستگەرایی قەیرانی زۆرە. کەسێک لە ساتێکدا هەڵوێستێکی هەیە، ڕەنگە ئەو هەڵوێستە دەرئەنجامی کۆمەڵێک زۆر لە فاکتەر بێت، لە هەمانکاتدا ڕەنگە بە ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجامدرابێت و هەروەها تەنها تاکتیکێک بێت. بۆیە هەڵسەنگاندنی کەسێک بە هەڵوێستێکی زۆر سنوردارە، بە تایبەتی بۆ کەسێکی بیانی لە دونیای پڕ لە هەڵبەز و دابەزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت، ئەگەر بمانەوێت لە ئاستی فیکریدا تێبگەین، برێت دەچێتە خانەی ئەوانەی کە هانا ئارێنت پۆلێنیان دەکات وەک کەرییەریست، careerist کە بە کوردی پیشەخواز گونجاو بێت. کەسێک کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ئەوەیە لە پیشەکەیدا سەرکەوتووبێت. لە هەمانکاتدا کەرییەریست کە دەبێتە بنەمای دونیابینی کەریەریزم، ئەو کەسانەن کە پێچەوانەی ئایدەلۆژیستەکانن.

چەمکی ئایدەلۆژیست سەدایەکی نێگەتیفی هەیە لە دونیای کوردیدا و هەروەها لە ئاستی دونیادا بە گشتی. بە لای بەختیار عەلییەوە ئایدەلۆژیست ئەو کەسەیە کە نابینایە یان کەمبینایە. بەڵام بە گشتی ئایدەلۆژیست ئەو کەسەیە کە بە چاویلکەی ئایدەلۆژیاکە و بۆ بەرژەوەندی ئایدەلۆژیاکەی دەبینێت. بۆ نمونە زۆرێک لە چەپی ڕۆژئاوایی، چونکە ئێران نەیاری ئەمریکایە، ئەوا ئێران وەک دژە ئیمپریالیزم دەبینن و بە زۆری پشتیوانی دەکەن، بەبێ لە بەرچاوگرتنی هەر ڕەهەندێکی تری ئەو وڵاتە.

ئەگەر ئایدەلۆژیست تەنها دونیای ئایدەلۆژیاکەی دەبینێت، ئەوا کارییەریست تەنها خۆی و سەرکەوتنی خۆی دەبینێت. بەڵام چونکە کارییەریست لە گەڵ کرۆکی نیولیبرالیزمدا تەبایە، ئەوا ڕەخنەی زۆر لە سەر کەمە. لێرەدا بەسودە ئەگەر قەسابەکەی ئادەم سمیثمان بیرکەوێتەوە.

زانینی ئەم ڕوانگە و دونیابینی کەسەکان زێدە گرنگە، چونکە ئەم کەسانە کاریگەرییانە هەیە لە سەر چۆنێتی بینین و مامەڵە و ڕەفتاری وڵاتەکەیان. دیارە کڵێشەیەک هەیە لە ناو دونیای کوردیدا کە ئەمریکا دونیای دەزگاکانە و شەخسەکان ڕۆڵیان تایدا نیە، ئەم تێگەیشتنە تەنها وەک کڵێشەیەک ڕاستە.

ئایا ئەم دید و دونیابینییەی برێت مەکگۆرک یانی چی و چۆن کاریگەری هەیە؟

برێت وەک راپۆرتەکان ئاماژەی پێدەدەن ئێستا یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتیەکانی واشنتۆن لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەندێک وەهای پۆلێن دەکەن کە ئدەو هیچ سەرکەوتنێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دینەهێناوە، بەڵکو هەموو سەرکەوتنەکانی لە واشنتۆن بوە.

لە ماوەی پێشوودا لە میانەی قەیرانی لە گەڵ سعودیەدا ئیدارەی بایدن دووکەسی بە نهێنی هەنارد بۆ ئەو وڵاتە یەکێکیان برێت مەکگۆرک بوو. برێت کە لە هەردوو ئیدارەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش کاری کردوە، ئەم هەڵکشانەی وەهای لێدەکات کە زیاتر ببێتە جێگای ئامانجی کەسایەتی و سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لۆبییکردن و دانانی قورسایی لە سەر بڕیار و ئاراستەی بڕیار لە واشنتۆن. پێکەوەگردانی ئەزمونی چەند ساڵەیی و هەروەها ئامانجی تاکەکەسی خۆی، مەکگۆرک لە ئەنجامدا بوە بە هەواداری سیاسەتی [دەستی لێمەدە با خراپ نەبێت]. ئەوەی بە لاتینی پێی دەوترێت سیاسەتی ستاتۆس کۆ status quo. ئەم دیدە دوپاتکردنەوەی ئەو باوەڕەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەرژەوەندی ئەمریکا لە ئەوەدانیە کە هەوڵی ئەوەبدات بیگۆڕێت، بە دیموکراسی بکات یان مۆدێرنی بکات. ئەم دیدە لە پاش ئەزمونی عێراق و ئەفغانستان هەتا ئاستێکی زۆر ڕەواجی هەیە. نەیارانی مەکگۆرک، کە بە ڕاشکاوانە ناتوانن قسە بکەن و ڕەخنەی لێبگرن لە ترسی تۆڵەکردنەوە، وەهای دەبینن کە هەر پێشنیارێکی نوێ بێتە ئاراوە ئەو بە پشت بەستن بە ئەزمون و پەیوەندییەکانی پوچی دەکاتەوە.

دەکرێت لێرەدا بە ئاسانی نەرەتیڤی ئەوە بونیادبنێین کە تەباییەک هەیە لە نێوان دیدی مەکگۆرک و دۆخی ئەمریکا و دۆخی جیهانی. بۆ نمونە، کاتێک لە ڕۆژانی داهاتودا سەرۆکی ئەمریکی جۆ بایدن سەردانی سعودیە دەکات، ئەم سەردانە وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت لە ئاراستەی سیاسی ئەودا چونکە، بایدن دژ بە مەلیکی ڕاستەقینەی سعودیە محمد بن سەلمانە. هەندێک لە چاودێران وەهای دەبینن کە سەردانەکەی بۆ دوو ئامانجە، زیادکردنی نەوت لە بازاڕدا و نزیککردنەوەی سعودیە و ئیسرائیل. بەڵام هەندێکیش وەهای دەبینن کە هیچ کام لە ئامانجەکانی ناپێکێت. بەڵام گرنگ نیە کە پاڵنەرەکان چیە، بەڵکو ئەوەی ڕونە کە پلان و دید لە گەڵ ئەمری واقیعدا هەمیشە یەکناگرنەوە. ناچاربونی بایدن بە ملکەچبوونی بۆ ئەمری واقیع دەرخەری ئەو دۆخەیە کە مەکگۆرک پشتیوانی لێدەکات.

مامەڵەکردنی ئەمریکا لە گەڵ ئەمری واقیعدا، ڕەنگە لە ماوەی کورتدا لە بەرژەوەندی ئەمریکا بێت. بەڵام لە درێژخایەندا ئەمریکا ناتوانێت خۆی لە دەرئەنجامەکانی بە دوور بگرێت. ئەم ئاراستەیە گەرچی نوێ نیە، بەڵام لە سەردەمێکدا کە سیاسەتی جیهانی دەگۆڕێت، زیاتر تەبایە لە گەڵ سیاسەتی چینیدا. چینییەکان جگە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان هیچ ڕەهەند و بوار و لایەنێکی تر بە لایانەوە گرنگ نیە لە سیاسەتی دەرەوەیاندا. ئایا ئەوە کێیە کە ئەو بەرژەوەندییە دابین دەکات، چۆن دابینی دەکات، ئەمانە پرسیاری ناپێویستن لە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی چیندا.

گەر لاوازبونی دیموکراسی لە دۆخی باشبونی باری ئابوریدابێت، ئەوا هێندە کاریگەری نابێت، چونکە زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتخوازنین، بگرە بە ئاگایی و بێئاگاییش دژ بە دیموکراسین. لە هەمانکاتدا دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین کە پراگماتیزم و هەوڵی ئەو بۆ سەرکەوتن لایەنی گەشاوەشی هەیە. پشتیوانیکردنی ڕۆژئاڤا لە بەرامبەر ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکیادا، کارێکی بێ وێنەیە لە مێژوی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×