بۆچی ئیمارات دەیەوێت بچێت بۆ مەریخ‌و ئێمەش دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ کەپکی حەمەد ئاغا؟

سەردار عەزیز
  2020-07-21     1030
دوێنی ئیمارات هەنگاوێكی گەورەی نا لە پرۆژەی بونی بە یەکێک لە وڵاتانی پێشەنگ لە بواری بۆشایی گەردونیدا. هەڵدانی  پرۆب یان مسباری ئاسمانی، کە بریتیە لە ڕۆبۆتێکی باڵا بۆ پشکنین، نازانم دەبێت بە زمانی کوردی چی بۆ بەکاربهێنین، بەشێکە لە هەوڵی وڵاتانی گەورە، ئەمریکا و چین و ئەوانیتر بۆ پشکنین و دەست بەسەراگرتنی بۆشایی گەردونی لە پێناو زانیاری و پانتایی و بەدەستهێنانی ماددەی دەگمەن و زۆر بواری تر.

بەڵام پرۆژەی ئیماراتی کۆمەڵێک ئامانجی تری هەیە:
یەکەم، دەرکەوتنی ئیمارات لە دونیادا. دیاربون لە دونیادا کۆمەڵێک زۆر سودی هەیە لە ئاستی سیاسی و ئابوری و دۆخی دەرونی گشتی خەڵکی وڵات، بڕوابەخۆبون، کە ئێمەی کورد تیایدا ئەوەندە دوورنین لە سفرەوە. پێشتر پرۆژەکانی وەک دوبەی، باڵاترین باڵەخانە و زۆر شتی تر هەموو لە بەربنەمای ئەم ستراتیژییە بو. قەتەر لە ڕێگای کەناڵی جەزیرەوە یەکەم هەنگاوی ئەم بوارەی نا. 

دووەم، هاندان و خۆماڵێکردنی زانست. ئیمارات و ئەوانیتر هەست بە کۆتایی سەردەمی نەوت دەکەن، دەزانن  ئەوەی ئێستا لە نەوت دەستدەکەوێت بنەمای ئابوری پاش نەوتی پێدابین نەکەیت، ئەوا دادەڕوخێیت. زانست و تەکنەلۆجیا بنەمای ئابوری جیهانییە، بۆیە ئەم پرۆژەیە زانست دەکاتە ڕشتەیەکی ناوەکی و خۆیی، کە خەڵکی ئەو وڵاتە شانازی پێوەبکەن.

سێیەم، ئیمارات هەمیشە خەمی پێشەنگبونیەتی لە ناوچەکەدا، لە پێناو ئەمەدا سیاسەتی باش و ناشیرینیشی هەیە. ئەمە هەنگاوێکی باشە لەو بوارەدا. ئێمەی کورد تەواو بە پێچەوانەوە.

لە سی ساڵی ڕابوردودا ئێمە بە ئاستێکی باش بوین بە جێگای سەرنجی دونیا، چ بە هۆی نەهامەتی و تراژیدیا یان بە هاوکاری و کارەکانمانەوە. بەڵام نەمانتوانی هەنگاوێکی وەها کاریگەرانە بنێنین کە بتوانین شەڕی ناوخۆیی کوردی-کوردی تێبپەڕێنین. ئەم شەڕی ناوخۆییە، بوو بە هۆکاری ئەوەی زۆربەی زۆری وزەی کوردی بۆ خۆ مەتەرێزکردن بەرامبەر یەکتر و هێرشی بەردەوام بۆ سەر یەکتر و دروستکردنی قارەمانی محەلی بچکۆلە و زۆر شتی تر. بە جۆرێک زانکۆکانی کوردستان، توێژنەوەکان، دەزگاکانی حکومەت، ژینگە، ئابوری، کۆمپانیا، بازاڕی ئازاد و نەوزاد،  زمان و وشەکان هەموو شتێکی تر لە هەناو سیستەمی شەڕی ناوخۆدا بەڕێوەدەچێت و شەڕی ناوخۆ تەنها میکانیزمیەتی. ئەم بێتواناییە لە دەرچون لە شەڕی یەکتر، وەهایکردوە کە دونیا خەریکە لێمان ماندو و بێتاقەت دەبێت و ئیتر ئێمە هیچ چیرۆک و ئەزمون و کارێکمان نیە بۆ ئەوانیتر. کە ئێمە دەڕۆینەوە بۆ کەپکی حەمەدئاغا کەس ئیرەییمان پێنابات، کەس تاقەتی بیستن و بینین و خوێندنەوەی چیرۆکەکانمانی نیە. کە ئەوانیتر دەڕۆن بۆ مەریخ خەڵک واقی ووڕ دەمێنێت و  بە دیدێکی ترەوە تەماشایان دەکات.

پرسیاری ئەوەی بۆچی ئێمە دەمانەوێت بڕۆینەوە بۆ کەپکی حەمەدئاغا، هەمو کەس وڵامەکەی دەزانیت و هەمو کورد بە گەورە و بچوکەوە تیایدا بەشدارە. وەڵامی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئێمە هێندە عاشقی ئەو کەپکەین هەرگیز نەمانتوانی بەجیی بهێڵین. ئێمە جارێ ناڕۆین بۆ مەریخ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×