لە گەڕانەوەی لە ئۆکرانیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕستەیەکی ئاڵۆزی فڕێدا. ڕستەکەی لە کاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژێکی کەمی پێشتر لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبونەوەی هەبوو. ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنوسانی گوت گوایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی ووتوە: بۆ چارهسهركردنی گرفتی گازی سروشتی، لهگهڵ حكومهتی ناوهند و سهرجهم لایهنه پهیوهندیدارهكان گفتوگۆ دهكات.
ئەم ڕستەیە لە چەند لایەکەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە. یەکەم ئاست ئەوەیە کە ئێستا کە زستانێکی سەختە لە ناوچەکە، ئێران وەک یەکێک لە وڵاتانی دابینکەری غازی سروشتی بۆ تورکیا بۆ ماوەی دە ڕۆژ غازی لە تورکیا بڕی. بڕینی غازەکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا، هەر لە سەرمای ئێران و زیادبونی پێداویستی ناوخۆیی، هەتا بەکارهێنانی غاز وەک کارتی فشار لە لایەن ئێرانەوە لە سەر تورکیا، بە تایبەتی پاش نزیکبونەوەی زیاتری تورکیا لە کەنداو و دەستوەردانی زیاتری لە سیاسەتی عێراق.
دیارە بەکارهێنانی غاز وەک کارتی جیوپۆلەتیکی و سیاسی کارێکی نەکردە و نوێ نیە. ڕوسیا کە دۆستێکی ئێرانە، بەردەوام ئەو کارە دەکات. لێرەدا ئێمە گومانمان هەیە لەوەی کە ئێران ئامانجی ئەوە بوبێت کە فشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە لە هاوسەنگی هاوکێشەکاندا ئێران زیاتر پێویستی بە فرۆشتنی غاز هەیە، لە بەر ئابلۆقە و پێداویستی بە دراوی سەخت و پەیوەندی دەرەکی، هەتا تورکیا. ڕەنگە بڕینی غاز کاریگەری کورتخایەنی هەبێت بەڵام لە مامناوەندا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە.
گرێبەستی ئێران و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان بە تایبەتی سەردەمی هاتنی نەجمەدین ئەربەکان، کە بە لای ئێرانەوە وەک وەرچەرخانێکی پۆزەتیڤ لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا دەبینرا. تەمەنی کورتی سیاسی ئەربەکان هەر ئەوەندەی پێکرا کە رێککەوتنەکە واژۆ بکات. بە هاتنی ئاکەپە لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە زەمینەی ئەوە سازا کە ڕێککەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تورکیا وەک کۆمەڵگایەک هەتا بێت زیاتر و زیاتر غازی شل بەکار دەبات، به هۆکاری زۆربونی دانیشتوان و بە شاربون و گەشەی ئابوری لە چەند دەیەی ڕابوردودا. رێککەوتنەکەی ئێران و تورکیا هەرگیز بێ کێشە نەبوە، هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پێی ناڕازی بوو، بەردەوام کێشەی بەردەوامیی هەبوە.
ڕێککەوتنی ئێران و تورکیا لە چەند ساڵی ڕابوردودا بەرەو کۆتایی دەچێت. بە پێی زانیارییەکان ئەمریکاییەکان پێیان باشە کە غازی هەرێم بکەوێتە کێ بڕکێوە لە کاتی تەواوبونی ئەو گرێبەستە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی هەڵسەنگاندێکیان بۆ غازی هەرێم کردوە لەمبارەوە.
مەبەستمان لە پێدانی ئەم پاشخانە ئەوەیە هەتا زەمینە بسازێنین بۆ تێگەیشتن لە لێدوانەکەی ئەردۆگان. ئایا ئەردۆگان لە بەر کام لەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم لێدوانەی لەم کاتەدا دا:
یەکەم، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە لە ناوخۆدا لە سەریەتی، چونکە لە ئەنجامی بڕینی غازی ئێرانی نرخی غاز دوو قات بەرزبوەتەوە لە وڵاتدا و تورکیاش لە ساتێکدایە کە بە هۆی هەڵاوسانەوە، نرخی دراوەکەی هێندە دابەزیوە کە خەڵکێکی زۆر ناتوانن نانی وشکیان بە ئاسانی دەست بکەوێت. سرەگرتن بۆ نان یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی ئەم سەردەمەی ئەو وڵاتە. ئەردۆگانە ئاشنایە بەو جۆرە یاریە میدیاییە کە چۆن سەرنج لە سەر پرسە سەرکیەکان بگوێزێتەوە بۆ پرسی تر. ساڵانێکی زۆرە بە پرسی لاوەکی جەماوەرە باوەڕدارەکەی فریو دەدات.
دووەم، ئایا ئەردۆگان مەبەستی ئەوەیە کە پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت کە، ئەگەر خۆشی پێویستی بە غازبێت، غازی تورکیا نەبڕێت چونکە ئەلتەرناتیڤ هەیە، کە غازی کوردستانە.
سێیەم، ئایا ئەردۆگان بەڕاستی مەبەستی ئەوەیە کە غازی هەرێم و لە داهاتودا عێراقیش، بکاتە سەرچاوەی وزەی خۆی. دیارە غازی هەرێم بە بڕێکی کەم دەتوانرێت لە ماوەی کەمدا بگاتە سنوری تورکیا، بەڵام غازی عێراق، ئەگەر هەبێت پێویستی بە کات و سەرمایەی زۆرە.
چوارهەم، ڕەنگە ئەردۆگان مەبەستی هەموو ئەمانە بێت، لە هەمانکاتدا.
پرسیارێکی تر لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئایا غازی هەرێم دەتوانرێت بگەیەنرێتە تورکیا؟ لە ڕۆژانی رابوردودا سایتی ناسراوی ڕاپۆرتی نەوتی عێراقیIraq oil report ، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە بۆڕی غاز بەرەو سنوری تورکیا دەکێشرێت. ئامانجی یەکەمی ئەم بۆڕیە دابینکردنی غازە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک و پاشان گەیاندنی بە تورکیا.
پرۆژەی غازی هەرێم بڕێکی زۆر لە کێشەی هەیە، لەوانە سەرمایە، پاککردنەوە و چۆنتی مامەڵکردن لە گەڵ ئەو مادە کیمیاویانەی کە لە ئەنجامی پاککردنەوە دەردەهاوێژرێت. لە هەمانکاتدا پرسی بازاڕ پرسێکی سەرەکی بوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایە. هەتا ماوەی ڕابوردوو عێراق وەک بازاڕێک دەبینرا بە تایبەتی لە بواری پێداویستی کارەبادا و بەکارهێنانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەمریکاییەکان فرۆشتنی غازی هەرێمیان بە تورکیا پێباشە، چونکە دوو ئامانجیان بۆ دەپێکێت، یەکەم، سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هەرێم دابین دەکات، کە فشاری دارایی لە سەر ئەمریکا کەم دەکاتەوە، وەک هاوپەیمانێک لە شەڕی تیرۆردا. ئەگەر هەرێم توانای خۆ بژێوی هەبێت ئەوا پێگەی باشتر دەبێت لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەخوازێت لە ڕوی دارایی و سەربازییەوە ئاستی تێوەگلانی لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە فشار لە سەر ئێران زیاتر دەکات، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو نەگەشتنە ڕێککەوتن لە بواری چەکی ئەتۆمیدا. چونکە بەرنامەی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بە هیچ جۆرێک.
ڕەنگە هۆکارێکی ئاسانکاری تر لەم بوارەدا ئەوەبێت کە تورکیا لە گەڵ ئیماراتدا پەیوەندی باش بوە. وەک دەزانرێت کە کۆمپانیای گەورە بواری غاز لە هەرێم دانا غازە کە بنکەکەی لە وڵاتی ئیماراتە. وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان میانگیربوە لە نێوان ئیمارات و تورکیادا، ڕەنگە پاڵنەری ئەم کارە غاز بوبێت.
کەواتە ئەگەری ئەوە هەیە کە بتوانرێت غازی هەرێم بگەیەنرێتە تورکیا. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە غازی هەرێم ناتوانرێت ببێت بە بەدیل بۆ هیچ کام لە سەرچاوەکان غازی تورکیا. تورکیا لە ڕوسیا و ئازەربایجان و ئێران و جەزایر و نەیجیریاوە غاز هاوەردە دەکات. بەم پێیە هەرێم ئەگەر ئەڵتەرناتیڤ نەبێت ئەوا سەرچاوەیەکە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکان، دایڤێرسفای.
لە ماوەی ڕابوردودا نوێنەری پێشوی یەکێتی ئەوروپا لە کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەبوو یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی گەشەی غازی کوردستانی بکردایە لە بڕی هاوکاری دارایی لە هەندێک بواردا کە هیچ سودێکیان نەبوە. بە قسەی ئەو ئەو کاتە هەرێم دەبوە خاوەن داهاتی خۆی و سەرچاوەیەکی تری غازیش لە سنوری ئەوروپا زیادی دەکرد. دیارە ساڵانێک لەمەوپێش ئەورپا لە ڕێگای نابۆکۆوە پلانی ئەوەی هەبوو کە سود لە غازی هەرێم ببینێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە مرد. لە لایەکی ترەوە کاتێک لە سەروبەری شەڕی داعشدا هەرێم پێویستی بە پارەبوو، ڕوسەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و هاتنە ناو پرۆسەی غازی هەرێمەوە. هاتنی ڕوسەکان بە ئامانجی ئەوەبوو، هەتا ئەگەر بونی هەرێم بە سەرچاوەیەکی غاز، لە دەرەوەی ڕوسیا بۆ ئەوروپا بکوژن. هەتا ئاستێک لەو بوارەدا سەرکەوتوبون.
ئایا پاش نەوت، گەیاندنی غاز بۆ تورکیا مانای چیە؟
غاز وەک نەوت نیە بە ئاسانی بگوێزرێتەوە، بە گشتی پێویستی بە بۆڕی و تێچون و ئینشورانسی زۆرە. لەبەرئەوانە گرێبەستی غازی هەمیشە گرێبەستی درێژخایەنن. بەم پێیە ئەگەر هەرێم و تورکیا گرێبەست بکەن ئەوا نابێت لە بیست ساڵ کەمتر بێت. ئەم پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتێکدا کە ناتوانێت ناوی کوردستان گۆ بکات بێ کێشە نیە. لە هەمانکاتدا ئایا ئەمە بەشێکە لە ئەو گرێبەستەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە نێوان هەرێم و تورکیادا واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە دەناسرێت، کە هەتا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بۆ زۆرینە بە نهێنی ماوەتەوە.