نوکتەکەی پۆمپیو

سەردار عەزیز
  2020-12-23     1038
لە تویتەکەیدا، مایک پۆمپیو پشتیوانی خۆی، کە یانی پشتیوانی ئەمریکا، بۆ ئازادی میدیا دەردەبڕێت. ئەم پشتیوانییە رون نیە، ئایا پشتیوانییە بۆ دیاردەیەک کە هەیە، یان دیاردەیەک کە لە قەیراندایە. پێوانی ئازادی میدیا بە هەموو شێوازەکانی پڕ لە قەیرانە.
میدیا تەنها کاتێک ئازادی پێشێل ناکرێت کە کەناڵێک دادەخرێت یان ڕۆژنامەنوسێک تیرۆر دەکرێت. بەڵکو ئازادی میدیا دەمێکە لە کوردستان و عێراق بە شێوازێکی سیستەماتیکی لە قەیراندایە.
میدیا بە تەنها ناتوانێت سەربەخۆبێت بە جودا لە بوارەکانی تر. ئەگەر بازاڕ ئازادنەبێت، کایەی سیاسی ئازادنەبێت ئەوا ناتوانرێت باس لە ئازادی میدیا بکرێت. لە سەروی هەمویەوە کاتێک کەلتورێک دژ بە ئازادییە، لە ژێر ناوی پیرۆزیی، بەرژەوەندی باڵا ئەوا ناتوانرێت باس لە ئازادی بکرێت.
میدیای ئازاد لە کوردستان تەمەنی کورت بوو. هەرزوو میدیا بوو بە ئامراز یان ئەپاراتۆسی پڕوپاگەندە. لە دۆخێکی وەهادا فرەیی نیشانەی ئازادی نیە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە بەرژەوەندییە تایبەتەکان جیاوازن و پێویستیان بە تیمی جیاواز هەیە بۆ داکۆکیکردن لێیان.
میدیا لە کوردستان هیچ نیە جگە لە یەکێک لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان. هەرکەسێک، باڵێک، گروپێک بیەوێت بە دوای دەسەڵات و داهاتەوەبێت ئەوا پێویستی بە میدیایە. لە دۆخێکی وەهادا میدیا نەک بەرجەستەکەری ئازادی نیە، بەڵکو میدیا بکوژی ئازادییە، بەوەی هەموو دەربڕینێک دەکات ئامرازی دەست گروپێک بۆ خزمەتی تایبەت.
پۆمپیو خۆی هێندە خۆشی بە میدیای ئازاد نایەت. چ وەک سەربازێک و چ وەک ئایندارێکی توندڕەو هێندە تاقەتی ئازادی نیە، ئەوە هەرباسی تەرمپ مەکە تەنها خۆشی بە پیاهەڵداندا دێت.
لە پانتایی میدیایی کوردستان هەرگیز کەسێک نادوێت، دەربڕینی ئازادی بونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە خەڵك وەک ماشینێکی ململانێکان، بە ئاگایی و بێئاگایی بەردەوام وەک ئەوانیتر دەدوێن، دوبارە دەکەنەوە.
ئازادی پێویستی بە پشتیوانییە، ئەمە بۆخۆی یانی ئازادی لاوازە. ئایا ئەم پشتیوانییە چەندێک بەهێزی دەکات و چەندێک سنورداری دەکات؟؟ بکوژی میدیای ئازاد بازاڕی ئازادە، کە تیایدا میدیا دەبێتە کەرتێکی بازرگانی و پێویستی بە ڕیکلامە. ڕێکلام تەنها شێوازێک نیە بۆ بازاڕکردن، بەڵکو ئامرازێکە بۆ ڕامکردنی میدیا و میدیاکاران.
بۆیە لە نەبونی ئازادیدا پشیوانی ئازادیین!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×