ئایا دونیا پێویستی بە تیورەی نوێیە؟

سەردار عەزیز
  2021-09-01     512
لە پەنجا ساڵی ڕابوردودا تێگەیشتن لە دونیا هەتا ئاستێکی باش ئاسان بوو. سەرەتا دوو هێز یان دوو لایەن هەبون، پاشان یەکێکیان لە ناوەوە هەرەسی هێنا و ئەویتریان کە ئەمریکایە، بانگەشەی سەرکەوتنی کرد. سەرکەوتنی ئەمریکا کۆمەڵێک تیورەی تایبەت بە خۆی بەرهەم هێنا، کە هەرە ناسراوترینیان دوو تیورگەران، بە ناوی سامۆئێل هانتنگتۆن لە گەڵ فرانسیس فۆکۆیاما.
فۆکۆیاما، پێش سام کەوت لە بڵاوکردنەوەی تێزە وروژێنەرەکەیدا کە جاڕی کۆتایی مێژوی دا. هەرچەندە فۆکۆیاما بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە مرۆڤایەتی دەگاتە ساتەوەختی باڵایی و خۆشگوزەرانی، بەڵکو زیاتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە دونیا لە یەک مۆدێلی سیاسیدا دەگیرسێتەوە، کە مۆدێلی لیبرال دیموکراسییە. جەنگ و ململانێ ئایدەلۆژییەکان کۆتاییان دێت. فۆکۆیاما لە ساڵی ١٩٩٢ تێزەکەی بڵاوکردەوە. ئەو کاتە ئێمە سەرقاڵی ڕاپەرین بووین، کاتمان نەبوو قسەی لە سەر بکەین، هههه.
ساڵێ دوای ئەوە هەنتنگتۆن سەرەتا لە وتارێکدا پاشان لە لەکتێبێکدا وەڵامی دایەوە. کتێبەکە لە ناو دونیای کوردیدا ناسراوە، بە ناوی پێکدادانی شارستانییەکان. هەتا ئاستێکی باشیش هەواداری هەیە. سام ڕەخنەی لە فۆکۆیاما لە ڕوانگەی کەلتورەوە بوو. بە دیدی ئەو جیاوازی کەلتورەکان یان شارستانییەکان لە دونیادا ڕێگر دەبێت لەوەی کە خەڵکی گۆی زەوی هەموو باوەشیان بۆ لیبرال دیموکراسی بکەنەوە. لە بڕی زاڵبونی یەک ئایدەلۆژیا، دونیا دەبێتە جێگای ململانێی شارستانیەتەکان. چەمکی شارستانیەت، لە فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی کوردیدا زۆر ئەرێنییە، بەڵام مەرج نیە وەها بێت.
[هەمیشە لە کاتی نوسینی کوریدا، ڕوبەڕی پەیوەندی ئالۆزی نێوان بەها و فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی دەبمەوە، بەڵام ئەم ئاگاییە لە ناو کورددا هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە، بە هیوام لە داهاتودا بە قسەکردن لە سەر کتێبەکەی جۆرج لاکۆف، زیاتر لەمبارەوە قسە بکەم].
هەردوو هەنتنگتۆن و فۆکۆیاما شێوازی تیوریزەکردنی خۆیان هەیە. هەرچەندە لە هەمان ژینگەدا گەورەبوون و پێکەوە کاریان کردوە، بەڵام جۆرێک لە گفتوگۆ و ڕەخنە لە نێوانیاندا بونی هەیە. بە تایبەتی پاش مردنی هەنتنگتۆن فۆکۆیاما پەرە بە کتێبە گرنگەکەی دەدا لە سەر نیزامی سیاسی لە کۆمەڵگا گۆڕاوەکاندا. هەنتنگتۆن هەرجارە لە بارەی بوارێکی گەورەوە دەنوسێت. لە ١٩٥٧ دەربارەی پەیوەندی سوپا و مەدەنی دەنوسێت و چەمکی پیشەیی یان سوپای پرۆفیشناڵ دادەتاشێت. ئەم کتێبە ئینجلی بواری پەیوەندی مەدەنی و سەربازییە. پاشان کار لە سەر حوکمرانی و ڕێژەی حوکمرانی دەکات، لە کتێبی نیزامی سیاسی. پاشان لە سەر دیموکراسی بون و شەپۆلەکانی دیموکراسی، هەتا گەیشتن بە چەمکی کەلتور لە پاش جەنگی سارد. دوا قۆناغی ژیانی فیکریی بە قسەکردن بوو لە سەر پیاوانی داڤۆس و پەرچەکرداری چینەکانی خوارەوە. لەم قۆناغەدا هەندێک لە ڕەخنەگرانی بە پێغەمبەری ترەمپیزم ناوی دەبەن. وەک دەبینین هەریەک لەم قۆناغانە پەیوەستە بە بوار و ڕوداو و وەرچەرخانی گەورەوە.
چەمکی کەلتور لای سام یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکان، کەلە چەند کارێکی تردا بەکاری بردوە، بە تایبەتی لە دوا کاریدا بە ناوی ئێمە کێیین؟ هەنتنگتۆن بە سادەیی دەپرسێت، ئەگەر لە بڕی ئەنگلۆساکسۆنەکان، ئیسپانی و فەرەنسی و کاتۆلیکەکان لە ئەمریکادا زاڵبونایە، ئەوا ئەمریکا، هەمان ئەمریکای ئەمڕۆ دەبوو؟ لە وەڵامدا دەڵێت نەخێر، جێگایەک دەبوو هاوشێوەی مەکسیک و ئەمریکای لاتین و جێگاکانی تر.
ئەوانەی ڕەخنەی هەنتنگتۆن دەکەن، وەها دەبینن کە چەمکی شارستانی زۆر ناڕون و بەرفراوانە. لە بڕی پێکدادانی شارستانییەکان، لە هەناو یەک شارستانیدا شەڕ هەیە. فواد عەجەمی لە میانەی ڕەخنەیدا باس لە ئەوە دەکات کە لە هەناو ئیسلامدا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە، نەک شەڕی ئیسلام و ئەوانیتر.
ئەم دوو تێزە کە بە دوو تێزی پێچەوانەی یەکتر دادەنرێن، هەردوو هەوڵی ئەوە ئەدەن سەردەمی ئەمریکی ڕاڤە بکەن. تێزی فۆکۆیاما تێزێکی گەشبینانەیە، هەندێک دەڵێن ساویلکە، بەڵام تێزی هەنتنگتۆن ڕەشبینانەیە، هەندێک لە ڕەخنەگرانی وەهای دەبینن کە زۆر گشتگیرە.
خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەها مامەڵەی لە گەڵدا کراوە کە داڕێژەی دونیابینی دەسەڵاتی ئەمریکا بێت لە قۆناغی تاک جەمسەریدا. خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەک زۆر تێزی تر لە دونیای ئێمەدا روی نەداوە. پرسی خوێندنەوەی تێز، پرۆسەیەکی تایبەتە کە ڕۆشنبیری کورد پێی هەڵناسێت. خوێندنەوەی تێزی گەورەی لە ئەم جۆرانە تەنها ئەوەندە بەس نیە کە کتێبەکە و هەندێک ڕاو بۆچۆن لە سەری بخوێنیتەوە، بەڵکو دەبێت نوسەرەکە و پرۆژەکانی و قۆناغەکە و قۆناغی دیدی نوسەرەکە بناسیت.
هەنتنگتۆن بە گشتی لە هەناو تیورەی مۆدێرنەبوندا بیری دەکردەوە. ئەم شا تیورەیە لە ئەوروپاوە لە ڕێگای کۆچبەرەکانی جەنگی جیهانی دوەمەوە گەشتە ئەمریکا. بە دیدی هەنتنگتۆن مۆدێرنبونی کۆمەڵگا، پرۆسەیەکی یەکتر تەواوکەرە. وەک فۆکۆیاما کورتی دەکاتەوە، هەموو شتە باشەکان پێکەوە ڕودەدەن. گەر حکومەت قوتابخانە دروست بکات خەڵک خوێندەوار دەبێت، کە خەڵک خوێندەواربوون، کاری باشتر دەکەن و باشتر کار دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوری. لە ئەنجانی ئەمەدا چینێکی ناوەند دێتە ئاراوە کە داخوازی کرانەوەی سیاسی و ئازادی و شتەباشەکانی تر دەبێت. ئەمە وەک جۆرێک لە حەقایەتە. فۆکۆیاما رەخنە لە ئەم تێزە دەگرێت بەوەی کە هەموو شتە باشەکان مەرج نیە پێکەوە ڕوبدەن، ڕەنگە مۆدێرێنبونی کۆمەڵگا ببێتە هۆکاری پەرتبون، بەریەککەوتن و گرژی. بۆ نمونە لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردی زیاتر خوێندەوار دەبێت، سیستەمی سیاسی بە پێچەوانەوە بۆ دواوە دەچێت، لە بڕی ئەوەی ببێ بە سیستەمێکی ناشەخسی، هەتا بێت زیاتر شەخسی دەبێت.
بەڵام ئەوەنیە کە هەنتنگتۆن قەیرانی مۆدێرنبونی نەبینیبێت. بۆ نمونە کارەکانی لە سەر مۆدێرنە و گەندەڵی بینینی لایەنی قەیراناوی ئەو پرسەیە. بەڵام بە گشتی دەبێت لە چوارچێوە یان فرەیمی تیورەی مۆدێرنبون ئاگاداربیت بۆ تێگەیشتن لە هەنتنگتۆن. لە هەمانکاتدا هەنتنگتۆن میتۆدێکی تایبەتی هەبوو لە بەرچاوخستنی پرسەکاندا. وەک فەرید زەکەرییا، کە قوتابی ئەوبوو، پێمان دەڵێت، هەنتنگتۆن بڕوای وەهابوو کە دەبێت لە میانەی قسەکردن لە سەر پرسێک هۆکارێکی سەرەکی زەق بکرێتەوە. نەک ژمارەیەکی زۆر لە هۆکار بەرچاو بخرێت. ئەم میتۆدە بە رونی بە کارەکانی هەنتنگتۆنەوە دیارە.
هەردوو تیورەکە دەرخەری دۆخێکی تایبەتی ڕێکخستنی هێزن لە دونیادا، یەکێکیان بانگەشە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی دەکات و ئەویتریان بۆ ململانێی گەورەتر. بەڵام ئەوەی بە گرنگی دەزانم چۆنێتی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ دەقێکی وەها.
بە گشتی خوێندنەوەی کوردی وەک خوێندنەوەی گەلانی دەروبەری وەهایە. نوسین هەمیشە وەک پڕوپاگەندەیەکی سیاسی دەبینن. نوسین وەها نابینن کە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن یان ڕاڤە کردن، بەڵکو جاڕدانی بەرنامەیەکی سیاسییە. بۆیە هەمیشە بە دوای ئەوەدان کە ئایا نوسەرەکە سەر بە چ لایەن و دەزگایەکە. بێگومان شوێنی کار و جۆری کاری بیرمەند گرنگە، بەڵام تێگەیشتن لە تێزی لەم جۆرە بەو شێوە سادەیە نیە. ئەم جۆرە خوێندنەوە رێگری لە ئەوە دەکات هەتا بتوانین خوێندنەوە بۆ دەقەکان بکەین، کاری تری لە سەر بکەین، تەرجەمەی بکەین بۆ واقیعی ناوچەکە، بەرچاو ڕونییەکی لێوە هەڵینجێنین. بەڵکو بە گشتی دەبێتە کارێکی ئاسان، ئەو نوسەرە سەر بە ئەو لایەن یان دەزگایە و ئیتر تەواو.
ئەم بچوکردنەوەی دونیا دەربڕی دۆخی ناوخۆیی ئێمەیە. دەرئەنجامەکەی نەتوانینە لە تێگەیشتن لە ڕەفتاری هێزەکان. ماوەیەکی زۆر پرسیارێکی گەورە لای کورد ئەوەبوو، ئایا ئەمریکا دۆستە؟ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا بەجێمان دەهێڵێت؟
لە گەڵ لاوازبونی ئەمریکا و سەرهەڵدانی هێزی نوێ، بیری نوێ دێتە ئاراوە. ناسینی تیورەکانی سەردەمی نوێ گرنگترە لە تیورەکانی سەردەمی تاک جەمسەریی. وەک دەبینن تیورەکانی تاک جەمسەریی زیاتر ڕەفتاری دەوڵەتی لە دەرەوە و لە هەناو پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەسەنگان. بەڵام لە قۆناغی نوێدا دەبێت ئێمە زیاتر لە دۆخی ناوەوە بە ئاگابین و هەروەها زیاتر ڕاستەوخۆییانە کاریگەری هەیە لە سەرمان، وەک لە ترسی کشانەوەی ئەمریکادا دەمانهێنێتە لەرزە. ئەگەر باوانی ئێمە لە گوندەکان دەژیان و لایان گرنگ نەبوو یان نەیاندەتوانی بزانن چی لە پەکین و دی سی دەگوزەرێت، ئەوا ئێمە چیدی ئەو خۆشگوزەرانییەمان لە دەست دا. لەمەودوا ناچارین هێندە قوڵ بینەوە بزانین سۆزانییەکانی ڤێگاس چۆن دەنون و قومارچییەکانی مەکاو چۆن پارەکانیان بە فیڕۆ دەدەن.
182You, Sherko Kirmanj, Najat Nury and 179 others
17 Comments
1 Share

Like



Comment


Share

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×