لۆزان لە ئەمڕۆدا

سەردار عەزیز
  2023-07-19     198

ئەم ڕۆژانە یادی لۆزان زۆر دەکرێتەوە. بە گشتی ئەم یادکردنەوانە حیزبین. وەک هەر بۆنەیەکی حیزبی تەنها ئاهەنگسازییەکە بۆ کۆئامێری حیزب. بۆیە دەگمەنە ڕامانێک، ڕاڤەیەک، خوێندنەوەیەکی نوێ بێتە ئاراوە. حیزب بە سروشتی خۆی لە سەر ڕێسانەوە و ڕێسانەوە دەژی. کۆئامێرێکە کە ماندونابێت لە ووتنەوە و ووتنەوە و ووتنەوە. دوبارەسازی پرسێکی ئێجگار گەورەی دونیای بێ مەعریفەی کوردییە. نەوەد لە سەدی ئەوەی لە دونیای کوردیدا دەوترێت، وتراونیە، بەڵکو کڵێشەی دوبارەی بیرلێنەکراوە. لە کۆمێنتە زۆرەکانی فەیسبوکدا ببینە چۆن خەڵکانێکی بێشومار هەمان دەربڕین دوبارە دەکەنەوە. دوبارە کرۆکی ڕاهێنانە. لە وەرزشدا مرۆڤ لە میانەی دوبارەکردنەوەدا ڕادێت، باشتر دەبێت. لە دونیای دەرونی و عەقڵیدا دوبارە پرۆسەیەکە، چەندێک خەمی خۆ سەپاندنیەتی، هێندە زیاتر خەمی کوشتنی جیاوازییەتی. دوبارەچی گرنگ نیە لە لای بابەتەکە چیە، بەڵکو ئەوەی گرنگە کە چۆن پرۆسەی دوبارەیەتی بڕێسێت. بە گشتی مرۆڤی دینی خۆشەیە بە دوبارەسازیی. دین لە ڕێگای دوبارەی ناکۆتاوە دونیایەکی سنوری بەندی بچوک دروست دەکات کە ئارامی و دڵنیایی بۆ شوێنکەوتوانی دەهێنێت. دوبارە نوێنەرایەتی دەکات، بەبێ ئەوەی توانای نوێنەرایەتی هەبێت. لێرەدا پێویستمان بە کارکردنی زۆرە لە سەر فەلسەفەی دوبارە. پێشتر لە بازنەییەتی کات یان مێژودا لە ئاماژەدان بە ئیبن خەلدون قسەم لە سەر ڕەهەندێکی ئەم پرۆسەیە کرد.

حیزب بە گشتی ماندونابێت لە کڵێشەبازی و وتنەوەی هەزارجارەی ئەوەی هیچ بەهانەیەک نەماوە بۆ وتنەوەی. لە ئەنجامدا مرۆڤی حیزبی، کە دەرئەنجامی ئەم ژینگەیە، کەسێکە کە ئاخێنراوە لە کڵێشە و دروشم و تۆمەتبازیی.

سەرباری ئەمە دەکرێت لە یادی لۆزاندا زۆر شت بوترێت. لۆزان روداوێکی سیاسی بوو. ڕوداوی سیاسی لە فەلسەفەی نوێدا، ئەو ساتەوەختەیە کە ئاراستەی مێژوو دەگۆرێت. دوبارە لە دوبارەیەتی دەکەوێت. هەروەها دیدێکە بۆ پەرتەوازەیی بونی مێژوو، دیسانەوە دۆلۆز. لۆزان بەیان ولادەی تورکیای ئەمڕۆیە. ئەم لە دایکبونە ئاسایی نەبوو. پێشتر مەرگ و هەڵوەشانەوە و مەترسی لە ناوچون هەیە. هەموو ئەمانە پێکەوە توخمەکانی حەکایەتێک پێکدەهێنن کە تورکیای ئەمڕۆ دەستوپەنجەی لە گەڵدا نەرم دەکات.

ئەگەر سیڤەر بەیاننامەی وەفاتی تورکیا بوو، بەتایبەتی مەرگی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەوا لۆزان نە ژیانەوەی عوسمانیەتە نە قبوڵکردنی مەرگ، بەڵکو دۆخێکە لە ناوەنددا. هاوشانی لۆزان تورکەکان پرۆژەیەکیان هەبوو ناویان نابوو میساقی میللی. کاتێک شاندی تورکی چوو بۆ لۆزان بۆ دانوستان لە سەر میساقی میللیی چوو.

میساقی میللی سەرتاپا باشوری کوردستان لە خۆی دەگرێت. هەندێکجار لە لایەن پەکەکەوە وەک دۆخێکی برایەتی کورد و تورک بەکارهاتوە، بە تایبەتی لە سەردەمی دانوستان. گوتارەکەی نەورۆزی ئۆجەلان لەم ڕوانگەیەوە. بەڵام لێرەدا لە ڕوانگەی کارل شمتەوە لە لۆزان دەڕوانین.

کارل شمت لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناوی نۆمۆس، باس لە دۆخی نەخشەسازێتی دونیا دەکات لە لایەن ئەوروپاییەکانەوە. بۆ ئەم دۆخە چەمکی نۆمۆس بەکاردەبات. نۆمۆس لای شمت تەنها ماف یان یاسا نیە، بەڵکو ئەو دۆخە ئاینی و شارستانی و ژیارییەیە کە ئەو یاسایانە ڕەگیان تیادا دادەکوتێت.

نۆمۆس لە سەر زەوی یانی سەپاندنی سیستەمی ئەوروپایی لە ڕێگای کۆلۆنیالیزمەوە بە سەر گۆی زەویدا. بە زمانێکی تر کردنی زەوی بە دوو بەشەوە، بەشێکی ئەوروپاییەکانە و بەشەکەی تری سەرزەمینێکی کراوەیە بۆ ئەوروپاییەکان، کە لە ئەنجامدا ئەوروپاییەکان لە پێناو بەڕێوەبردنی سیستەمی خۆیانیان بە سەردا سەپاند، کە خۆی لە سیستەمی دەوڵەتی سنوریی یان دەوڵەت نەتەوەدا دەبینێتەوە. لە لۆزان تورکیا دەبێتە بەشێک لەم سیستەمە. دەکرێت ئێستا هەقایەتەکەمان بەمجۆرە دابڕێژین. عوسمانیەت کە بۆ چەندین سەدە مایەی مەترسی بوو بۆ سەر ئەوروپا، لە سیڤەردا هەوڵی ناشتنی درا، بەڵام بە کۆمەڵێک هۆکار نەمرد، پاشان ئەوەی زیندوبویەوە لە لۆزاندا لە هەناو دەوڵەتێکی سنوریدا لە قاڵبدرا، هەتا ببێت بە بەشێک لە سیستەمی جیهانی و پاشان بچێتە خزمەتی ئەوروپاوە، وەک وڵاتێکی هەژاری، پەراوێزی بە مەبەستی بەرگرییکردن لە ڕوس و دابینکردنی دەستی کاری هەرزان و بەربەستێک بەرامبەر ڕۆژهەڵات و زۆر ڕۆڵی تر. جارێکیان بولەند ئەجەوید بە موکەڕەم تاڵەبانی دەڵێت، ئێمە تەنها بنکەی ئەنجەرلیک و کرێکارانی ئەڵمانیامان هەیە وەک سەرچاوەی گەورەی داهات.

بەڵام ترسی مەرگ و فەنتازیای مەزنێتی لۆزان نەیتوانی کۆتاییان پێبهێنێت. بۆیە ئەمڕۆ لە هەناو سیاسەتی تورکیدا، مەزنێتی و مەرگ و سنوردارێتی توخمە هەرە سەرەکیەکانی دونیابینی و خەونی تورکین.

لۆزان دانپیانانە یان پێدانی مافە بە تورک بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی دەوڵەت نەتەوە بە مۆدێلی فەرەنسی. بە پێی مێژونوسی گەورەی فەرەنسا، ئیوجین ویبەر، لە کتێبی جوتیار بۆ فەرەنسی، هەتا سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستیش فەرەنسا دوو دونیا بوو، دونیای پاریس و دونیای دەرەوەی پاریس. دونیای فەرەنسی و دونیای جوتیاران. بە قسەکانی ئەو دونیای جوتیاران دونیایەکی پڕ لە خورافات و ئەفسانە و هەژاری و نامۆدێرن بوو. بەڵام فەرەنسا لە ڕێگای بونیادنانی ڕێگاوبان و سیستەمی خوێندن و خزمەتی سەربازییەوە توانی جوتیاران بکات بە فەرەنسی. ئیوجین هەرچەندە مێژونوسێکی گەورەیە بەڵام بێ کێشەنیە. ئیوجین کە بە ڕەچەڵەک ڕۆمانیە و لە سوپای کۆلۆنیالی بەریتانیدا لە هیند خزمەتی کردوە و شارەزای فەرەنسا و لە ئەمریکا ژیاوە، بڕوای بە مۆدێرنەی بە زەبر و کۆلۆنیالیزم هەبوو. لە ڕاستیدا ئیوجین فراوانبونی دەسەڵاتی پاریس بە سەر جوتیاراندا بە جۆرێک لە کۆلۆنیالیزم دەبینێت، هەروەها بەبێ ئەوەی بیەوێت سەر بە قوتابخانەی مۆدرینایسەیشنە.

وەک پێشتر لە پەیوەندی فەرەنسا و تورکیا قسەم لە سەر کرد، مۆدێل و ئەدەبیات و میتۆدی فەرەنسی زۆر زاڵ بوو بە سەر ئەتاتورک و دەوروبەرەکەیدا. لێرەوە هەردوو پرۆژەی توانەوەی ئیتنی و دابرانی ئاینی دەست پێدەکات. ئەمانەش وەک دەرئەنجامی لۆزان دەبنە بەشێک لە پرۆژەی تورکی. ئەگەر ئاگاداربن، لە سەردەمی داڕوخانی عوسمانیدا، نوخبەی عوسمانی لەوە بە ئاگابوەوە کە یەکێک لە ڕێگاکان بۆ هێشتنەوەی ئیمپراتۆریەتەکەیان بە تورککردنیەتی. ئەم هەوڵە پاشان لە لایەن ئینگلیزەکانەوە بەکارهێنراو بۆ ڕەوایی دان بە ڕاپەڕین دژ بە عوسمانییەکان. ڕەگی دژایەتی ناسیونالیزمی بن دەستەکان لە لایەن تورکەوە لێرەوە هاتوە. دوفاقی ناسیونالیزم، بە تایبەتی ناسیونالیزمی سەردەست لەوێدایە، کە تەنها بەخۆی رەوا دەبینێت. بۆ نمونە هەوادارانی ناسیونالیزمی عێراقی، دژ بە ناسیونالیزمی کوردین، بەڵا خزمەتکاری ناسیونالیزمی عێراقین، بەڵام خۆیان بە دژە ناسیونالیست بۆ کوردی داماوی بەیان دەکەن. یارییەکی ترە لە گەمەی دوبارەی ڕشانەوە.

پرۆسەی بە تورککردن دەرخەریی ئەوەیە کە ترسی داڕمان و داڕوخانی دەسەڵاتی تورکی، بە تایبەتی کە تورک کەمینەن لە تورکیا، دەبێت لە ڕێگای بە تورککردنی ئەوانیترەوە چارەسەر بکرێت.

لۆزان ئەمڕۆ ئەو دۆخە یاسایی و نێودەوڵەتیەیە کە تورکیای تیادا دەژی، بەڵام نوخبەی تورکی دەیانەوێت لەم پانتاییە سنوردارییە بێنە دەرەوە، بە پاڵنەری ترسی لەناوچون و خەونی عەزەمەتی ئیمپراتۆریی، لە هەوڵی ئەوەدان کە لە سنورەکانیان بڕۆنە دەرەوە، خۆیان وەک هێزێکی ئیقلیمی ببینن. لە ئێستادا وەها دەبینن کە دۆخی نێودەوڵەتی فەراهەمە بۆ ئەوەی بۆ دەرەوەی سنورەکانیان بکشێن.

وەک لە پرۆسەی ئەندامێتی سویددا بەیانبوو. تورکیا خۆی وەها دەبینێت کە دەتوانێت لە هەموان سودمەندبێت. لە گەڵ زیلینسکیدا دژ بە پوتین قسەکرد، وەک ئەوەی سەربەخۆیی خۆی بەیان بکات، بەڵام دەیزانی کە پوتین لاوازە. بەڵام لە هەمانکاتدا خۆی بۆ دیداری پوتین ئامادە دەکات. لۆزان بۆ ئێمە مانایەکی هەیە، بۆ تورک مانایەکی تر، هەروەها بۆ سیستەمی دەوڵەتداری دونیا مانایەکی تر. گەر لە سیڤەردا هەوڵی لە گۆڕانانی تورکدرا، ئەوا لە لۆزاندا کۆرد سڕایەوە. ئەمە بنەمای ئەو یارییە سفریەیە کە ئەمڕۆ سیاسەتی تورکی تیایدا دەژی، بە تایبەت لە نێوان باڵی فاشیستی تورک و کورد. یادکردنەوەی لۆزان، ڕەنگە نەک هەر هیچ تێگەیشتنێک بۆ سەر لۆزان زیادنەکات بەڵکو ئاساییشی بکاتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×