ئایا ئێمە دەتوانین حوکمی خۆمان بکەین؟

سەردار عەزیز
  2021-06-07     469
ئاراستەکردنی ئەم پرسیارە ئاڵۆزە. ئەوە کێیە دەپرسێت، ئەو کەسەی کە بەشێکە لە ئەو ئێمەیە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو ئێمەیە، دەربارەی توانای ئەو ئێمەیە دەپرسێت، لە حوکمکردنی خۆی! ئەو ئێمەیە ئاسان نیە. ئێمە یانی خەڵکانێک پێکەوە، کە دەتوانن یان توانیویانە هاوبەشییەکی وەها لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن، کە ببنە یەک یەکە یان خاوەن ڕایەڵەی هاوبەشی وەها کە بتوانن وەک یەک، لە دونیادا بجوڵێن.
پرسی دروستکردنی ئێمە، شێوازی زۆرە. بەڵام لێرەدا من جەختم لە سەر حوکم و حوکمکردنە. هەرچەندە بە ڕای من ئەستەمە بتوانیت حوکمی کۆمەڵگایەکی پەرتەوازە بکەیت، کۆمەڵگای بێ ئێمە. بەڵام با جارێ کەمێک قسە لە سەر حوکم بکەین.
حوکمداری هونەرێکی نوێیە. لە ناوچەی خۆماندا هێشتا بە تەواوی نە گەشتوە و نە لێی تێگەشتویین. حوکمداری مانای کۆنترۆڵکردن نیە. کاتێک هێزێک کۆمەڵگایەک کۆنترۆڵ دەکات ئەوا مانای وەهایە کە ناتوانێت حوکمی بکات بۆیە دەیەوێت لە جوڵەی بخات و ئازادی تیادا بکوژێت بۆ ئەوەی بە سەریدا زاڵ بێت. کەواتە دیکتاتۆریەت، ستەمکاری، تۆتالیتاری، تاک دەسەڵاتی، بە هیچ شێوەیەک ناچنە خانەی حوکمدارییەوە.
بەم پێیە کرۆکی حوکمداری ئازادییە. ئەمەش وەها دەکات کە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان حوکمداریی و لیبرالیزمدا بونی هەبێت. لیبرالیزم جودایە لە نیولیبرالیزم. نیولیبرالیزم بڕوای وەهایە کە بازاڕ دەتوانێت هەموو پرسەکانی هەناو کۆمەڵگا چارەسەر بکات. ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ نمونە توێژی بازرگانی نەخۆش وەربگرە لە کوردستان. بە بونی نیولیبرالیزم، کە یانی تەشەنەکردنی عیادەو نەخۆشخانەی تایبەت لە بەرامبەر خەستەخانەی گشتیدا، وەهایکردوە کە نەخۆش لە کەسێکی ئازارداری پێویست بە هاوکاری بگۆڕدرێت بۆ کڕیار و سەرچاوەی داهات. لە ئەنجامی ئەمەدا هەبونی نەخۆش باشە، چونکە دەبێتە مایەی زۆری داهات. دەرئەنجامی ئەمە ئەوەیە کە کەرتی ڕێگریی لە نەخۆشی و خۆپارێزی پشتگوێدەخرێت و کەرتی چارەسەر و بەکارهێنانی دەرمان و نەشتەرگەریی بڕەوی دەبێت. بەمجۆرە سیستەمێک دروست دەبێت کە یەکتری تەواو دەکەن. کە بنەماکەی لە سەر بونی نەخۆشی زۆر وەستاوە.
با بگەڕێینەوە سەر حوکم. ئەگەر حوکمداریی و ئازادی پێکەوە نوسابن ئەوا دەبێت لە نێوان ئەوەی حوکمی دەکرێت و حوکمەتدا جیاوازییەک هەبێت. ئەمەشە جیاکاری نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت یان حکومەت. لیبرالیزمی کلاسیک بۆ داڕشتنی ئەم بنەمایە جەخت لە سەر تاک و ئازادی تاک و حکومەتی سنوردار دەکاتەوە.
بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەستەمە کاتێک نە حکومەت ڕێگە دەدات کۆمەڵگای ئازاد هەبێت و نە کۆمەڵگا دەیەوێت ئازادبێت. ئازادی لێرەدا ئەو مانا شیعریەی نیە کە لە لەدەقی ئەدەبی و دەربڕینی هاکەزایی سیاسیدا دەوترێت. ئازادی کرۆکی سەرمایەدارییە. چونکە سەرمایەداری لە سەر بنەمای سەرکێشی و داهێنان و هەوڵدان دەژی. بۆ ئەمەش پێویستی بە ئازادییە هەتا تاکەکان بتوانن ئەمە بکەن. بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی ئەمە بەڕێوەببات سیستەمی دڵنیایی، ئینشورانس، و یاسا و پۆلیسی داهێناوە.
کەواتە ئەگەر بمانەوێت حوکمی خۆمان بکەین دەبێت هەموو ئەو بنەمایانەمان تیادابێت. ئیستا با بێینە سەر خۆمان. خۆمان یانی ڕێگرییکردن لەوەی کە لە دەرەوەی خۆت حوکم بکرێیت. ئەمە تەنها سەربەخۆیی ئابوریی و بونی سەروەریی و ئازادی و هێزەوە بەردەست نابێت بەڵکو دەبێت خۆت خاوەن فەلسەفەیەکی حوکمڕانی بیت. نەبونی ئەم بیرە کرۆکییە بۆ حوکمڕانی وەها دەکات کە هەمیشە سەرگەردانییەک هەبێت لەوەی کە ئایا دەبێت حوکمڕانی چۆن بێت. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە نوسینەوەی دەستوردا دەبێت ڕوبەڕوی ببینەوە. ئایا ئێمە دەمانەوێت چۆن حوکمی خۆمان بکەین؟ کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارەمان داڕشت ئەوا ڕۆڵ و پێگە و بواری دامودەزگاکان بە ئاسانی دیاری دەکرێت.
کەواتە حوکمرانی هونەرە. پرۆسەی بەڕێوەبردنی یەکەیەکی هەمیشە گۆڕاوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بێت. لێرەدا چەندێک گرنگە تاکێک خۆی بێت، دەبێت لە میانەی کۆدا بتوانێت هاوخەمی و هاوبەرژەوەندیی و هاوژینی دروست بکات.
حوکمرانی لە دونیای ئێمە و دەوروبەرماندا وەها دەبینرێت بریتیە لە دەستگەیشتن بە دامودەزگانی دەسەڵات لە پێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت وەک سەرچاوەی هێز هەتا ڕێگری لە ئەوانیتر بکرێت کە دەیانەوێت بەشیان هەبێت. ئەم جۆرە دونیابینیە کە لە سەر بنەمای بردن و بێبەریکردن و پەراویزخستن و زاڵبون و ترس دروست بوە، ئەستەمە بتوانێت هونەری حوکمڕانی پیادەبکات. چونکە ئازادی نە بە مانا شاعیرییەکەی و نەبەمانا لیبرال و سەرمایەدارییەکی بونی نیە. ئەمەیە هۆکاری بەتاڵبونی دەسەڵاتداریی ڕۆژهەڵاتی لە مەعریفە.
دیارە لێرەدا دەبێت ئەوە ڕونبکەمەوە کە نامەوێت دیدێکی ڕۆمانسی بۆ سەرمایەداری دروست بکەم. سەرمایەداری لە قۆناغی تایبەتدا زۆر بە باشی لە سیستەمی کۆیلەیەتیدا دەژی. بۆ نمونە سۆشیالیزم کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی، دەکرێت بە باشی بچێتە خزمەتی سەرمایدارییەوە وەک لە مۆدێلی چینیدا دەیبینین. ئەمە خۆی لە ئەو بە کۆیلەکردنەی ملیونان ملیون مرڤی گوندیدا دەبینێتەوە، کە لە شارەکانی ئەو وڵاتەدا وەک کۆیلە زۆرترین کار دەکەن و کەمترین ژیانی مرۆییان هەیە. دەکرێت لە هەمانکاتدا ئازادی بکرێت بە کاڵا و هەموو ئەندامان نەتوانن دەستەبەری بکەن، بە تایبەتی کاتێک ئازادی پێویستی بە پارەیە.
لە سەر ئەو بنەمایانە ئایا حوکمداریی چۆن دەکرێت؟ لە ساڵانی ڕابوردودا بە هۆی زاڵبونی کەلتوری لیبرالیزم بە سەر دونیادا، کۆمەڵێک چەمک لە دونیای ئێمەدا هێنرانە ئاراوە، وەک بەشێک لە پرۆسەی بونیادی حوکمی لیبرال، وەک کۆمەڵگای مەدەنی، میدیای ئازاد، دیموکراسی، جیاکاریی دەسەڵاتەکان و سنورڕێژی ناو کایەی دەسەڵات، بەڵام لە بەر ئەوەیە تێگەیشتنی گشتگیری بونی نەبوو، لەوەی کە چۆن ئەم بوارە جیاوازانە دەتوانن بەشێک بن لە پرۆسەیەک، زۆرجار هەڵسوێنەرانی هەر بوارێک خۆی بە نەیار یان ڕەخنەگری بوارێکی تر دەزانی. هەموو ئەمە ڕویدەدا چونکە تێگەیشتنی پەرت پەرت بونی هەبوو بۆ ئەوەی کە ئایا پرۆسەی حوکمڕانی چۆن دەبێت، یان چۆن حوکمڕانی دێتە دی.
بۆ ئەوەی حوکمی خۆمان بکەین، دەبێت ئێمەیەک دروست بکەین. دەبێت ئەو ئێمەیە بزانێت خۆی کێیە و چۆن لە گەڵ خۆی دونیادا مامەڵە دەکات. پاشان دەبێت کۆمەڵگا دروست بکەین، هاوشان حوکمرانی وەک کۆدەزگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە پێناوی خۆدا. ئێستا حوکمڕانی میکانیزم و ئامرازنیە، بەڵکو ئامانجە. ئەوە خەڵکە حوکمدەکرێن بۆ ئەوەی حوکمرانی بەڕێوەبچێت، کەچی دەبێت بە پێچەوانەوە بێت.
مرۆڤی ئێمە ناتوانێت بە ئاسانی وێنای حوکمڕانی بکات وەک هونەرێک کە تیایدا بەڕێوەچون بەرهەمدێت نەک حاکم و حاشییە. بڵاوترین وێنەی حوکمداری لە ئاگایی گشتی ئێمەدا باوکە. ئەمە دەرخەریی ئەوەیە کە ئێمە هێشتا لە سەردەمەکانی پێش مۆدێرنەداین.
هەموو وڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێت حوکمی ئێمە بکەن. پرۆسەی حوکمداری ئەوان لە هەناو کۆمەڵێک پرۆسەدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە لە پەراوێزی کۆمەڵێک ناوەنداین، وەک ئیمپراتۆریەتەکانی پێشوو ئەم ناوەندانە لە میانەی دروستکردنی درز، گرژی، دژایەتی، دۆست و دوژمن، هەموو بنەماکانی حوکمرانی ئێمە لە هەناو خۆماندا دادەڕێژن. ئەمە هۆکاری هەرە سەرەکی نەبونی ئێمە و خۆمان و حوکمرانییە. ئەمە ئەمڕۆ لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە باشتر و ئاسانتر و خێراتر بەڕێوەدەچێت.
کوردەکان دوژمنی یەکترن. چێژ لە دوژمنایەتی یەکتر دەبینن. بەمەش ئەو پێداویستیی و زەخیرانە دابین دەکەن بۆ ئەوەی کەسێکی تر حوکمیان بکات دژ بە خۆیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×