مەرگی مورسی؟!
سەردار عەزیز
2019-06-18   1797
چەند هاوڕێیەک داوای ئەوەیان لێکردم کە لەسەر مەرگی مورسی قسەم هەبێت. کاتێک مەرگی مورسی شایستەی ئەوەیە کە قسەی لەسەر بکرێت کەواتە مەرگی مورسی، مەرگێکی ئاسایی نیە، لەهەمانکاتدا مورسی خۆشی کەسێکی ئاسایی نیە.
لێرەدا دوو جەمسەر لەئارادان: یەکەم، فرە شوناسی من، لە هەمانکاتدا فرەشوناسی مورسی. وەک مرۆڤێک، مەرگی هەموو مرۆڤێک، لەبەر هەڵوێستی سیاسی جێگەی دڵتەنگیە. بەڵام ڕۆژانە خەڵکی لەبەر هەڵوێستی سیاسییان لەجێگای جیاوازی دونیادا دەمرن، بەڵام نابنە مایەی قسە لە سەر کردن لەدونیای ئێمەدا. کەواتە پرسەکە پرسی مرۆڤ و سزای سیاسی و هەڵوێستی مرۆڤانە نیە.
لەهەمانکاتدا ڕۆژانە لەدونیادا ڕوداوی دژ بەمرۆڤایەتی ڕودەدات، نابێتە مایەی ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە بەشایستەی ئەوەی بزانێت کە قسەی لە سەر بکات، یان هەڵوێستی هەبێت.
لە لایەکی ترەوە زۆر بوار و ڕوداو هەن لە دونیادا بەلای منەوە جێگای بایەخە، بەڵام هەست ناکەم جێگەی بایەخی مرۆڤی کورد بێت، بۆیە قسەی لەسەر ناکەم. بۆ نمونە هاتنی بۆلسەناڕۆ لە بەرازیل بۆ من جێگەی بێزارییە، بەڵام هەست ناکەم ئەمە پرسێکی جێگەی بایەخ بێت بۆ مرۆڤی کورد، بۆیە لەگەڵ هاوڕێ بەرازیلی و پورتگالی و ئەوانیتردا باسی ئەم پرسە دەکەم.
ئەگەر مورسی وەک مرۆڤێک جێگەی بایەخ نیە، چونکە ڕۆژانە مرۆڤ دەمرن لەبەندیخانەو بەردەمی قەنارەو سزادان و برسیکردن زۆر دیاردەی تردا، کەواتە مورسی لەبەر هۆکاری تر جێگەی بایەخە. ئەم هۆکارەش ئەندامبونەیەتی لەپارتێکی سیاسی و ڕەوتێکی فیکری ئیسلامی، کە چەند دەیەیەکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیای کوریدا بونی هەیە، کە ئیخوانە. کاتێک مورسی دەبێتە سیمبولی ئیخوان، ئەوا دەبێتە لەدونیا بینی ئیخوانەوە لیی تێبگەین بەرامبەر کورد.
چەند ساڵێک لەمەوپێش پرۆژەیەکی بەرفراوان هەبوو کە چۆن ئیخوان ببنە هێزی سەرەکی بەدەوری دەریای ناوەڕاستدا، لەتونسەوە هەتا میسرو غەزەو سوریاو تورکیا. ئەم پرۆسەیە ئەگەر سەرکەتوبوایە تورکیای سەرکردایەتی دەکردو دەچوە خزمەتی تورکیاوە. بەدڵنیایەوە بە هەمو شێوەیەک دژ بە کورد دەبو لەتورکیاو سوریاو عێراقیش.
کەواتە وەک مرۆڤێک مەرگێکی ناشایستە مرد، وەک سیاسیەک نەدەبوو بەو شێوەیە ژیانی کۆتایی بێت، بەڵام وەک سیاسەیەک ئەگەر لە سەر دەسەڵاتدا بمایە، ئەوا بەشێک دەبوو لەپرۆژەیەک کە مەرگی هەزارەها کورد لای ئاسایی بو.
بۆ ئیسلامیەکان زۆر مرۆڤانەترە کە بیر لە عومەر بەشیر بکەنەوە کە چی بەسەر هات و چۆن هەزارەها مرۆڤی بەدبەختی سودانی جینۆساید کرد.
مەرج نیە ئەوەی دژ بەخراپێک دەوەستێت باش بێت. دەکرێت دوو خراپ لەململانێدا بن، ئەمەش دۆخی میسرە.