هێنری کیسنجەر مرد

سەردار عەزیز
  2023-11-30     446

ئەمە هەواڵێکی ئاسایی نیە. لە ڕاستیدا ئەکاونتێکی تویتەر هەیە بە ناوی، ئایا هێشتا کیسنجەر نەمردوە. کە زیاتر لە سی هەزار فۆلۆی هەیە. ئەم بەیانیە تەنها نوسیبوی بەڵێ. دەمێکە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەو هەواڵەیە. کیسنجەر زۆر ژیا، زیاتر لە سەدەیەک.

هێنری ژیانێکی پڕ لە ڕوادو ژیا. لە کۆماری ڤایمەر لە شارۆچکەی فۆرث لە کۆتایی ئایاری ساڵی ١٩٢٣ هاتە دونیاوە. هێنری جوو بوو، بە هەڵکشانی نازیەت لە ئەڵمانیا خێزانەکەی ناچار بە هەڵاتن بوون بۆ ئەمریکا، کاتێک ئەو تەنها تەمەنی شانزە ساڵان بوو. سەرباری ئەوە یەکێک لە کاراکتەرەکان کە کیسنجەری پێ دەناسرایەوە ئەکسێنتە ئەڵمانییەکەی بوو. کیسنجەر بە ناوبانگترین وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە. تەنانەت ناوبانگی ئەو لە ڕیزی بیتلزدابوو، باندە گۆرانیبێژە هەرە ناسراوەکەی بەریتانیا.

کیسنجەر پاش سەربازیی و ئیشی هەواڵگریی چوە ئەکادیمیا. لە زانکۆی هارڤەرد پرۆفیسۆر بوو. لەوێ لە شەستەکان کۆرسێکی تایبەتی بۆ سی ئای ئەی ئامادە دەکرد کە لە زۆر شوێنی دونیاوە، وڵاتان لاوەکانیان دەنارد، وەک سیاسیی داهاتوو، هەتا لەوێ فێری وانەی سیاسەت بن. سەربوردەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە لە نێوان بیرمەندی ئیتالی جۆرجیو ئەگامبین و کیسنجەر لە میانەی ئەو کۆرسەدا.

لە ساڵی ١٩٦٨، کە ساڵێکی ئیجگار تایبەت بوو لە ژیانی شاری پاریسدا، ئەگامبین لە پاریسەوە، بە هاوکاری حکومەتی ئیتالی دەچێت بۆ بەشداری لەو کۆرسەی کیسنجەردا، وەک کەسێک کە ئامادە بکرێت بۆ سیاسەت لە داهاتودا. ئەگامبین لە میانەی کۆرسەکەدا بە کیسنجەر دەڵێت تۆ هیچ دەربارەی سیاسەت نازانیت. ئەویش گاڵتەی پێ دێت و تەنها زەردەخەنەیەکی بۆ دەکات. ئەگامبین پاش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ باشوری فەرەنسا و لەوێ لە کۆرسێکدا بەشدار دەبێت کە هایدگەر وانەی تیادا دەڵێتەوە. هەردوو ڕەهەندە کیسنجەرییەکە و هایدگەرییەکە بە شێوازی جیاواز سەدەی بیست دادەڕێژن.

کیسنجەر سیاسیەک و بیرمەندێکی کۆنزەرڤەتیڤی دژە شۆرشە. تێزی دوکتۆراکەی دەربارەی کۆنگرەی ڤییەنایە، ئەو وڵاتانەی کە کۆدەبنەوە بۆ دروستکردنی بەرەیەک دژ بە شەپۆلی شۆرشی فەرەنسی. لە هەمانکاتدا کیسنجەر دژە دیموکراسیی و سیاسەتی جەماوەرییە.

من نزیکەی زیاتر لە بیست ساڵە خولیای ژیان و کارەکانی ئەوم. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٦ دوا لێکۆڵینەوەی قۆناغی بەکەلۆریوسم دەربارەی ئەو نوسی، لە لایەن پرۆفیسۆر ئەندرو کۆتی و پرۆفیسۆر یۆرن گۆتفیڵدەوە سەرپەرشتی کرا، پلەی نایابم وەرگرت.

لە سەردەمی جەنگی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، کیسنجەر هاتە زانکۆکەمان. ئەو سەردەمە خۆپێشاندانی گەورە دژی هەبوو. من نەچومە سیمینارەکەیەوە و نە بەشداریی خۆپێشاندانەکانم کرد. ئەو سەردەمە کیسنجەر بۆ من ئەو کەسە بوو، کە دونیابینی ئەمریکای بەرامبەر کورد لە قاڵبدا. ئەم دونیا بینیە لە کۆبونەیەوەیەکدا لە لە گەڵ ڕێتچارد هێلمس، باڵوێزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێران دەردەبڕدرێت. کۆبونەوەکە لە تەموزی ساڵی ١٩٧٣دا بەڕێوە دەچێت. لەوێدا کیسنجەر هاوکێشەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا دادەڕێژێت کە هەتا ئەمڕۆ کاریگەری هەیە، ئەویش بەم شێوەیەیە.

دەبێت پشتیوانی کورد بکرێت هەتا ئاستێک کە فشار بخاتە سەر نەیارەکانمان. نابێت ئەو فشارە بگاتە ئاستێک گۆرانکاریی لە نیزامی ناوچەکەدا دروست بکات. بۆیە دەبێت پشتیوانییەکە سنورداربێت. ئەم دیدە دەربڕی فەلسەفەی کیسنجەرە، کە بەلایەوە نیزام یان ئۆردەر گرنگترین شتە. کیسنجەر کتێبێکی بەو ناوەوە هەیە. لای ئەو نیزام یان ئۆردەر لە هەوڵی هاوسەنگییکردن یان نەهێشتنی مەترسی ئەویتر یان مانەوەی خۆیدایە. بەڵام لای ئەو بونی نیزام گرنگە یان پێویستییە. دەبینین پرسی کورد لە هەناو نیزامدا دەبینێتەوە، بە جۆرێک بەکاربێت بۆ ئیدارەدان و ڕاستکردنەوەی ئاراستەی ئەو نیزامە بە پێی پێداویستی ئەمریکا، نەک تێکدانی یان گۆڕینی.

بوارێکی تر کە پاشان گرنگی بۆ من زیاتر کرد، چیرۆکی چین بوو. کەس هێندەی کیسنجەر ڕۆڵی کاریگەری نەبینیوە لە دروستبونی چینی ئەمڕۆدا. چینیەکان خۆشیان دەویست و لە دوا سەردانیدا لە تەمەنی سەد ساڵیدا سەرۆکی چین پێشوازی لێکرد.

چیرۆکی کیسنجەر و چین بە سەردانی نهێنی لە ساڵی ١٩٧٢ دەست پێدەکات. کیسنجەر وەک کەسێکی ئاسایی و بە نهێنی، بەڵام بە ئاگاداریی و هاوکاری دەوڵەتی پاکستان، دەچێتە چین. کاتێک لە ئوتێلەکەیەوە دەبرێت بۆ فڕۆکەخانە، کوڕی وەزیرێکی پاکستانی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەیبات بۆئەوەی ئاشکرا نەبێت.

چین ئەو ڕۆژگارە هەوڵدرا لە سۆڤیەت دوور بخرێتەوە. هەوڵەکە سەرکەوتووبوو. چین و سۆڤیەت پەیوەندییان خراپ بوو. شۆرشی کولتوریی و بازدانە تراژیدییەکانی ماو چینی برسی و ماندوو کردبوو. بۆیە ئامادەبوون بکرێنەوە بەڕوی سەرمایەداریدا، بەڵام بە قۆناغ. بۆ ئەوەی لە کۆنترۆڵیان دەرنەچێت. کیسنجەر زۆرجار ماو دەبینێت. ئەو وەها وەسفی دەکات کە لە قۆناغی دایەلۆگی سۆکراتیدا بوو. مەبەستی ئەو لەو دەربڕینە ئەوە بوو کە ماو، بەردەوام قسە دەکات، ئەوەی گوێی لێدەرێت ناوەناوە یەک دوو وشە دەڵێت و ئەویش بەردەوام دەبێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی سیاسیە چەپەکان ئەوەیە کە زوو خۆیان لە سیاسییەوە لێ دەبێتە فەیلەسوف، یان کەسێک کە چاوەڕێ دەکەن هەموان ئەشهەدبیلای بۆ بکەن.

کیسنجەر وەک جەستە مرد. بەڵام ڕوانگەکانی دەمێننەوە. لە ماوەی داهاتودا بەشی دووەمی ژیاننامەکەی لە لایەن مێژونوسی ئینگلیزی نایڵ فێرگەسنەوە دەردەچێت. بەشی یەکەمی چەند ساڵێک لەمەوپێش بڵاوبوەوە، بە ناوی ئایدیالیست. چەمکێک کە هەمیشە کیسنجەر وەک دژی بینراوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×