ساڵی (1930) و بەردەرکی سەرای شار ..

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-09-05     1011

خۆشەویستیی نیشتمان!
وەک چۆن، حەوزی پانوبەرینی زەریاکان، لە تنۆکەتنۆکەی بارانی ئاسمان پێکهاتوون، خۆشەویستیی (کوردستان)یش، لە خۆشەویستیی ماڵ، کۆڵان، گەڕەک، گوند و شارەکانەوە دەسپێدەکا. بێچووە مەلی خۆشەویستیی جیهانیش، لە گەرای خۆشەویستیی دایکی نیشتمانەوە سەردەجووقێنێ. چونکە هەر کەسێ، شارەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، تۆوی خۆشەویستیی نیشتمانەکەی، لە ئینجانەی دڵ و دەروونیدا بڕوێنێ. هەر کەسێ، نیشتمانەکەی خۆی خۆش نەوێ، هەرگیز ناتوانێ، پەریی ڕازاوەی بووکی ئەندێشەی جیهان، لە جۆلانەی دڵە ساواکەی خۆیدا ڕاژێنێ!
ئەوەتەی شاری (سولەیمانیی) درووستکراوە، لەنێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقوومبووە. بەڵام هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان، چاوی ڕۆڵەکانی نەنووستووە، گەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەربووە. بۆیە نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕنەوە و بە پێوە بمرێ!
مێژووی کورد، لە مێژووی زەریایە خوێن دەچێ، کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، لە جەستەی نەتەوەی کورد دەچۆڕێ! ئەو نەتەوەیەی ستەم و زۆرداریی داگیرکەرانی نیشتمانەکەی بیرچێتەوە، دیارە، بیرەوەریی نەتەوەیی زۆر لاوازە، یا کوێربووتەوە! لەبەرئەوە هەمیشە تووشی ئازار و ئەشکەنجەی دیکە دەبێ، پێش ناکەوێ و زۆر باش ناژی. بۆیە نابێ، هیچمان بیرچێتەوە! چونکە هەر نەتەوەیەک، مێژووی خۆی بە باشیی نەزانێ، ڕەگوڕیشەی خۆی ناناسێ و نازانێ، لە کوێوە هاتووە، نازانێ، چ جۆرە ڕۆڵێکی کاریگەر و باش، لەنێو کۆمەڵگەی مرۆدا ببینێ!
ڕۆژژمێری ڕۆژەکانی ساڵ!
گەر ڕۆژەکانی ساڵ، (365) ڕۆژ بێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم: بۆ نەتەوەیەکی خاک داگیر و دابەشکراوی ژێردەسی چەوساوەی وەک کورد، پتر لە (80%)ی، لە کۆمەڵێ ڕۆژی ڕەش، سوور، ناخۆش، دەردیسەریی، چەوساندنەوە، ڕاونان، گرتن، کوشتنوبڕێن، وێرانکاریی، کاولکردن، تاڵانکردن، جینۆساید، کیمیاباران، ئەنفال، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی خوێناویی پێکهاتووە. چونکە شەوی مێژووی هیچ نەتەوەیەک، هێندەی شەوی نەتەوەی کورد تەماویی و لێڵ، تاریکونووتەک نەبووە و نییە. هێندە دوورودرێژ نەبووە و نییە، هێندەش لە خوێن و فرمێسک هەڵ نەکێشراوە!
بەڵێ، نەتەوەی کورد لە بەرەبەیانی مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە، ئەوا پتر لە (2700) ساڵ دەبێ، هەر کەسێ هاتووە، پەلاماریداوە، خاکەکەی داگیرکردووە، کوشتوویەتی و بڕیوێتی، دەسی بۆ ئابڕووی کیژ و ژنانی درێژکردووە، سەروەت و سامانەکەی تالانکردووە، گوند و شارەکی ژێروژوورکردووە، ڕاویانناوە و ڕایانگواستووە، هەر تێهەڵدراو و سەر و گوێ شکاوبووە، هەر لانک بە کۆڵ و دەربەدەر بووە، هەر ستەمی لێ کراوە و بە هەموو شیوەیە چەوسێنراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی نەتەوەکەدا، چەن کوردزمانێکی بێ فەڕ و خۆفرۆشی تێدا هەڵکەوتووە، ئابڕووی خۆی و نیشتمانەکەی، بە داگیرکەران فرۆشتووە!
کەچی بە ئەو شێوەیە و بە ئەو ڕەنگەش، کورد هەر ماوە و نەتواوەتەوە، زمان و کەلتووری خۆی پاراستووە،، وەک سرێش، بە خاکی زید و نیشتمانەکەی خۆیەوە نووساوە. ئاخر گەر وا نەبووایە، چ مانگێ لە مانگەکانی ساڵ، لە ڕۆژژمێری نەتەوەی کورددا، لە چاو هەواڵی ناخۆش و جەگبڕدا، هەواڵێکی خۆش و گەشی تێدا دەبینرێ؟!! یەکێ لە ئەو ڕۆژە سەخت و خوێناوییانەش، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)ی، بەردەرکی سەرای شارە زیندووەکەمانە! 
عەولەسیس
(عەبدولمحێدین مەلابراهیم 1901-1930)، ناسراو بە (عەولەسیسی) قارەمان، یەکێ لە خۆپیشاندەرە قارەمانەکانی ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شاری (سولەیمانیی)، ڕۆژی ڕەشی (6. 9. 1930) بوو. ئەم کوردە مەردە، هێندە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی بەهیزبوو، لە ڕاپەڕینەکەدا پەلاماری سەربازێکی تاوانباری دەوڵەتی داگیرکەری ئینگلیزی دا و کوشتی. لە ئەنجامدا خۆشی لە تەمەنی (29) ساڵیدا ڕەوانشادکرا ... ئیستە لەنێو نەتەوەی کورددا، بە سیمبۆڵی بەرگریی و قارەمانی ڕاپەڕنەکە دەژمێررێ.
ئەوڕۆ (90) ساڵی ڕێک، بەسەر ئەو ڕاپەڕینە نەتەوەییەدا تێپەڕدەبێ. لە ئەم یادە پیرۆزەدا، سەری ڕیز و نەوازش، بۆ ڕەوانشاد و زیانلێکەوتووانی شارەکەم دادەنەوێنم ....
2020. 9. 6      


تێبینی:
* ساڵی (2003)، سەبارەت بە ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای شارەکەم، لە دووتوێی (120) لاپەرەدا، پەرتووکی (پەیماننامەیەکی ڕەش و ڕۆژێکی سوور)م، چاپ و بڵاوکردەوە. کۆڵینەوەیەکی نوێ بوو، وەڵامی هێندێ بیر و بۆچوونی هەڵەم دایەوە، ڕووناکبیر و خوێنەوارانی کوردیش، بە شێوەیەکی باش پێشوازییان لێ کرد!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×