پاکیی و ناپاکیی لە مێژوو کورددا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-08-27     211

قۆناغە جیاوازەکانی سەراپای مێژووی کورد، هەر لە (ماد)ەکانەوە بیگرە تا ئەوڕۆ، هۆکەی هەرچی شتێ بووبێ و جۆری ناپاکییەکەش، هەر جۆرێ بووبێ، لە ناپاکیی نەتەوەیی بەدەرنەبووە. بەڵام بە شێوەیە لە شێوەکان، لەبەر خاتری خاترداران، بەژێر لێوەوە کراون، بە هیچ شێوەیەکیش، پەندی لێ وەرنەگیراوە و سزای ناپاکان نەدراوە. بۆیە هەمیشە، ئەو ناپاکییانە لە مێژووی کورددا، دووبارە و چەن بارەبوونەتەوە. بەڵکوو هێندێ جاریش، خوێندەوار و نووسەرەکانمان، داکۆکییان لە ناپاکەکان کردووە و ناپاکییەکانیان بۆ سڕیونەتەوە.

لێرەدا وەک مشتێ لە نموونەی خەروارێ، ناپاکییەکانی هێندێ کوردزمان، لە سەردەمە جیاوازەکانی میژووی کورددا، بە نموونە دێنمەوە.

 •هێندێ لە میرەکانی (بابان)، چەن جارێ بە نۆرە، پەنایان بۆ بەر لێپرسراوانی عەرەب، توورک و فارس بردووە، بە یارمەتی لەشکرەکانی داگیرکەری (بەغدا)، دەوڵەتی (عوسمانیی) و (ئێران)، دژی یەکدی جەنگاون و کوردێکی زۆریان بەکوشتداوە.

• (مەسعوود موحەممەد), داکۆکیی لە (مەلای خەتێ) دەکا، گوایە ناپاکیی له کورد و میرنشینی (سۆران) نەکردووە.

 •دوکتۆر (کەمال مەزهەر)، داوای لێبووردن لە گیانی (موشیری حەمەی سولەیمان) دەکا، گوایە بە هەڵە ناوی بە ناپاک بردووە.

 •دوای ئەو هەموو ساڵە، کۆمەڵێ نووسەر پەیدابوون، دەڵێن: چیرۆکی ناپاکییەکەی (حەسەن خەیری) ڕاست نییە.

 •هەموو ئەو جاشانەی، لە شۆڕشی (11. 9. 1961) و شۆڕشی نوێی ساڵی (1976)ی گەلەکەمان، چەکی ناپاکییان هەڵگرتبوو، بە هەموو شێوەیە، دژایەتی شۆڕش و کورد و ئامانجە پیرۆزە نەتەوەییەکەیان دەکرد، ئێستە دەڵێی، نە بایان دیوە و نە بۆران، بەڵکوو زۆربەیان نیشتمانپەروەرن و لە ڕیزەکانی (پارتیی) و (یەکێتیی)دا کاردەن.

• هەوادارانی هەردوو پارت (پارتیی) و (یەکێتیی)، شانازیی بە ناپاکییەکانی (31. 8. 1996) و (16. 10. 2017)ەوە دەکەن و بە سەرکەوتنی دادەنێن.

• چەندین ساڵە، ئەم هەموو تیرۆرکردنەی کوردانی باکوور و خۆرهەرڵاتی (کوردستان)، لە نێوچە جیاجیاکانی باشووری (کوردستان)دا، بە فرمانی دەزگەکانی سیخووڕیی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران) دەکرێ، بە ناپاکیی دانانرێ.

لە کۆتاییشدا دەڵێم: پێم وایە، شیکردنەوەی مێژووی کورد و هەڵسەنگاندنی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی، گەر بە ئەو شێوەیە بکرێ، کە ئەوڕۆ دەکرێ، دوای چەن ساڵێکی دیکە، هەرچی ڕۆژێ لە ڕۆژان، ناپاکیی لە کورد کردبێ، هەر هەموویان بە کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر دادەنرێن، دووریش نییە، سەرو پەیکەریشیان بۆ درووست نەکرێ!

ئاخر دوژمن و ناپاکەکانی نێوخۆ، گەلێ لە دوژمنە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەمان، پڕ مەترسیترن. بەڵام ئێمە چاویان لێ دەنوقێنین و داکۆکییان لێ دەکەین. بۆیە بە هیچ نابین، چونکە دوژمنە ڕاستەقینە سەرەکییەکانی نەتەوەکەمان، باش ناناسین، لەبەرئەوەی ئێمە، نەتەوەیەکی بێ هۆش و گۆشین. ئایا مێژووی کورد، وا دەنووسرێتەوە؟!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×