یەک تۆو و دوو چاڵ

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-11-02     285

تێبینی:

ئەم گوتارە، ڕۆژی (18. 4. 2020)، لە فەیسبووک و لاپەڕەی ئەلیکترۆنی (ئاوێنە)دا بڵاوکراوەتەوە. لەبەرئەوەی ماوەی (3) ساڵ و (6) مانگ، بەسەر بڵاوکردنەوەیدا تێپەڕبووە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بۆ دووەمین جار بڵاویکەمەوە، چونکە گریمانەی ئەوەی لێ دەکرێ، بە سەرنجی وردی بارودۆخەکەی باشووری (کوردستان)، دید و بۆچوونەکانم نیشانیان پێکابێ.

 

)پارتی) و (یەکێتی)، لە یەک تۆو درووست نەبوون، بۆیە لە یەک چاڵی، بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورددا ناڕوێن، بەڵکوو دوو تۆوی جیاوازن و لە دوو چاڵی جیاوازی بەرژەوەندی تەسکی تایبەتی، دوو بنەماڵەی جیاوازدا ڕواون!!

داگیرکەران خاکی نیشتمانەکەمانیان، لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، ئەو دوو بنەماڵەیەش، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردیان، لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە!

لە باشووری (کوردستان)، لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا، شتێ نییە، ناوی بەرژەوەندی گشتی نیشتمان و بزووتنەوەی کوردایەتی بێ، بەڵکوو ئەوەی هەیە و نییە، شەڕی دەسەڵات و پارەیە، ئەمەش بە کۆنەقین دەکرێ. بۆیە بە هیچ جۆرێ، لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندی باڵای گەلەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد ناڕوانن!

لەبەرئەوە، ئەو دوو بنەماڵە گەورەیە، بەگوێرەی بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتیی و بنەماڵەکانی خۆیان، یاری بە چارەنووسی ئەم نەتەوە بندەسە چەوساوەیە دەکەن. کلکیان بە دەزگە سیخووڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)ەوە گرێداوە، هەر جارەی بەپێی بارودۆخەکە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، وەک یاریی دووگۆڵی، بە نۆرە سەردەگۆڕنەوە!

سەرکردایەتی هەردوو باڵی (جەلالیی) و (مەلایی)، وەک کۆمەڵێ بووکەڵەی سەر شانۆ وان، سەرەداوەکانیان لە نهۆمی سەرەوەی شانۆکە، بە دەس ئەکتەرەکانی سەرانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران)ەوەیە، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و ڕووداوەکان دەیانجووڵێنن، هەڵیاندەسووڕینن، گەمەیانپێدەکەن، هەڵیاندەپەڕینن و بەگژیەکدیاندا دەکەن!

ئاخر ئەم دوو بەڵایە، کوردایەتی لە دژایەتیکردن و قڕکردنی یەکدیدا دەبینن. بۆیە ئەوڕۆش خەریکە، بە پشتیوانی سەرانی هەردوو دەوڵەت (توورکیا) و (ئێران)، جەنگێکی خوێناوی دیکەی ناپاکانە هەڵدەگیرسێنن، بۆئەوەی لایەکیان لووتی ئەوی دیکەیان بشکێنێ و بیبەزێنێ!

بەڕاستی ئەم هەڵسوکەوت و کارە قێزەونانەیەی سەرکردایەتی ئەو دوو بنەماڵە گەورەیە، لە تامیان دەرکردووە و لە هەموو دابونەریتێکی نەتەوەیی، ڕامیاريی، یاسایی، کۆمەڵایەتیی و کەلتووری لایانداوە، بەتەواوی سنووری ڕەوشت و پێوەندی کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییان بەزاندووە! گەر کاریش تا سەر بە ئەو شێوەیە بڕوا، دەبێ، (فاتیحە) بۆ ئەم ئەزموونەی گەلی باشووری (کوردستان) بخوێنین. ئەمەش ئامانجی هەرە بەرز و خەونی گەورەی ستراتیژی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) نەبێ، هیچی دیکە نییە!

لە کۆتاییشدا دەڵێم: هەق وایە، کوردە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە سەربەخۆکان، ڕێزی خۆیان بگرن، بڕوا بە هیچ جۆرە پڕوپاگەندەیەکی ئەو دوو پارتە نەکەن، زوڕنا بۆ هیچ لایەکیان نەژەنن، با تەنیا هەر دەسندەخۆر و هەلپەرستەکانی خۆیان، ئەندامەکانی خوارەوە بەگشتی، ئەوانەی تازە سەریان لە هێلکە جوقاوە و بە ناوی سەرکردایەتی پارتەکانەوە قسەدەکەن، دەروێش ئاسا لە هەموو کاسەیەکدا ئەسکوێن، لە ئەندامانی سەرکردایەتییەکانیان دەمگەرمتر و خراپترن، زوڕنایان بۆ لێدەن و ئاگرەکە خۆشکەن. چونکە تەنیا هەر ئەوان، لە زەلکاوی هەلپەرستی، گێرەشێوێنی، ناکۆکیی و دووبەرەکیدا، مەلەوانێکی زۆر وریا و شارەزا و لێهاتوون، زۆر بەباشیش، کەڵک لە جەنگی نێوخۆی، نێوان ئەو دوو بنەماڵە زلهێزە وەردەگرن!

پێم وایە، گەر چارەسەڕێکی بنەڕەتی، بۆ ئەم گرفتە گەورەیە نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئەو هەموو قوربانیی و دەسکەوتە مەزنانەی، لە ماوەی ئەم (50-60) ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە باشووری (کوردستان) بەدەسیانهێناوە، وەک بڵقی سەر ئاوی لێ دێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×