باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی (1920– 2020) - 4

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-08-01     212

بەشی چوارەم

 

قۆناغێکی نوێ

گەر کەمێ لە مێژووی ئەم (62) ساڵەی نێوان (1958-2020)ی باشووری (کوردستان)یش وردبینەوە، بە سەر چەن قۆناغێکی مێژووییدا دابەشیکەین و بە کورتی، لێی بدوێین، بە چاوێکی بێلایەنانە و بە ویژدانانە هەڵیسەنگێنین، ئەوا زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوه.

 

قۆناغی یەکەم (1958-1961)

لە ئەم قۆناغەدا، لە چاو قۆناغی نێوان ساڵانی (1925-1958)، هێندێ گۆڕانکاری گرنگ، لە ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاريی (کوردستان)دا ڕوویداوە. چونکە دوای کۆدەتاکەی ڕۆژی (14. 7. 1958)، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمی، دانیان بە هێندێ لە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا ناوە. بۆ نموونە:

1. لە دەستووردا نووسیویانە: کورد و عەرەب لە کۆماری (عێراق)دا هاوبەشن.

2. مۆڵەتی کارکردنی فەرمییان، بە (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) داوە.

3. ڕێیان بە سەرۆکی (پارتی) و گەلی کورد (مەلامستەفا) داوە، بۆ زێد و نیشتمانەکەی خۆی بگەڕێتەوە.

4. گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤار، بە زمانی کوردیی دەرچووە.

بەڵام بە داخەوە، زۆری نەخایاند، ئەم قۆناغەش پێچرایەوە.

 

قۆناغی دووەم (1961-1963(

ڕاستە، سەرەتا کۆمەڵێ دەرەبەگی کورد، دژی یاساکانی چارەسەرکردنی زەوی بوون، بزووتنەوەیەکی چەکدارانەیان هەڵگیرسان و شکستیانهێنا. بەڵام لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیی و جیاوازییانەی، لە دید و بۆچوونی نێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) و سەرکردایەتی (پارتی)دا ڕوویاندا، ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشێکی چەکداريی نەتەوەیی بەرفراوانی جەماوەريی، بە سەرکردایەتی (پارتی) و ڕابەرایەتی (بارزانی)، لە باشووری وڵات دەسیپێکرد. تا کۆبوونەوەکەی ساڵی (1964)ی (ماوەت)یش کرا، گەلی کورد یەکڕیز و یەک ماڵ بوو.

قۆناغی سێیەم (1963-1964)

لە ئەم قۆناغە ناسکەدا، ناکۆکییەکان لە دید و بۆچوونی، هێندێ لە ئەندامانی پەلیتبیرۆی (پارتی) و سەرۆکەکەی (بارزانی)دا روویدا. پاشان ناکۆکییەکان قووڵبوونەوە و تەقینەوە، تا لە ئەنجامدا، دووبەرەکییەکی خراپ، لەنێو ڕیزەکانی پارت و شۆرشەکەدا دەسیپێکرد. ئەمەش بۆ یەکەمین جاربوو، لە میژووی ئەو چەن ساڵەدا، خوێنی براکان بە دەسی یەکدی بڕێژرێ!

 

قۆناغی چوارەم (1966-1970)

لە ئەم قۆناغەدا، ئەوەی هەموو کوردپەروەرێکی دڵسۆز لێی دەترسا، ڕوویدا. بە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق)، جەنگێکی پۆخڵی خۆبەخۆی کورد، بە خراپترین شێوە دەسیپێکرد. شۆڕشەکەش، نێوەڕۆکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی لەدەسدا. لەبری یەک پارتی پێشڕەو و یەکگرتوو، دوو باڵی (مەلایی) و (جەلالیی) درووستبوو، هەردوو باڵەکەش، بە ناوی (پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق)ەوە کاریاندەکرد. هەر لایەکیشیان، بە پشتێوانيی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق)، جەنگێکی چەپەڵی کوردکوژییان، لە شار و شاخ دەسپێکرد، کوردێکی زۆر لە هەردوولا کوژران.

 

قۆناغی پێنجەم (1970-1975(

لە ئەنجامی ئەو خەباتە سەختەی، هێزەکانی پێشمەرگە و (پارتی) بە سەرۆکایەتی (بارزانی) کردیان، پارتی (بەعس)یش، پێویستی بە پشوویەک بوو، تا بە تەواوی، دینگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆی، لە (عێراق)دا بچەسپێنێ و خۆی قایمکا، لەبەرئەوە هەردوو سەرکردایەتی (پارتی) و (بەعس)، دەسیان بە گفتوگۆ کرد و لە ئەنجامیشدا، ڕۆژی (11. 3. 1970)، ڕێککەوتننامەیەکی مێژوویی، لەنێوان هەردوو سەرکردایەتیدا مۆرکرا. ئەم ڕێککەوتننامەیەش، ماوەی (4) ساڵی خایاند، بەڵام سەرکردەکانی (بەعس)، لە زۆر شت پەشیمانبوونەوە و لە کۆتایشدا، ، ڕۆژی (11. 3. 1974)، جارێکی دیکە جەنگ لە (کوردستان) دەسیپێکردەوە.

پێم وایە، ماوەی ئەو (4) ساڵی ڕێککەوتنە، (سەردەمی زێرین)ی گەلی باشووری (کوردستان) بوو. چونکە:

1. بۆ یەکەمین جاربوو لە مێژوودا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمی، دانیان بە هێندێ لە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەیی، ڕامیاریى، یاسایی و وێژەیی گەلی کورددا نا، کە خۆی لە (ئۆتۆنۆمی)دا دەبینی. ئەم دانپێانانەش تا ئێستە، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی وایە.

2. جگە لە پارێزگەی (کەرکووک)، لە سنووری هەموو پارێزگە و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری (کوردستان)دا، دەسەڵاتێکی کورديی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمی دامەزرا.

3. ئاوێکی بە ئاگری جەنگی چەپەڵی نێوخۆدا کرد و ڕیزەکانی گەلێ کوردی یەکخستەوە.

4. (كوردستان) لە ڕووەکانی ئابووریی و بازرگانییەوە بوژایەوە.

5. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵانی خەڵک زۆر تەبا و ڕێک بوون، هەژاریی و نەداری، بێکاریی و داماوی نەبوو.

6. زمان و وێژەی کورديی، پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینى.

7. کۆڕی زانیاریی کورد دامەزرا و باشترین کادیری ئەکادێمی گەلەکەمان، لە بوارەکانی زمان، وێژە و کەلتووردا، کاریان تێدا دەکرد.

8. یەکێتیی نووسەرانی کورد دامەزرا.

.9 یەکێتیی هونەرمەندان و کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی دامەزرا.

10. بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیریی فراوان، لەنێو ڕیزەکانی گەلی کورددا نەشونمایکرد.

 

قۆناغی شەشەم (1991-2020)

هەرچەندە لە ئەم قۆناغەدا، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، دژی زۆرداریی و ستەمی داگیرکەر ڕاپەڕین، دەسکەوتێکی نەتەوەیی و ڕامیاريی گەورەتری بەدەسهێنا، مافی فیدراڵمان لە چوارچێوەی (عێراق) و لە دەستووردا بۆ سەلمێنرا. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی فیدراڵ دامەزرا. بەڵام جگە لە ئەوەی، هەر دوای (3) ساڵ فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی هەرێمی فیدراڵ، ڕۆژی (2. 5 . 1994)، جەنگێکی قێزەونی دیکەی نێوخۆ، لە نێوان هێزەکانی (پارتيی) و (یەکێتيی)دا دووبارەبووەوە، لە هەموو ڕوویەکیشەوە، زۆر لە (سەردەمی زێڕین)ی باشووری (کوردستان) خراپتربوو. چونکە:

1. لە سەردەمی نوێدا، گەلی کورد یەک ڕابەری مێژوویی نەتەوەیی نەبوو، تا ئێستەش هەر نییەتی.

.2 یەک پارتی پێشڕەو و نیشتمانپەروەری نەبووە و نییە، بەڵکوو چەندین پارتی گەورە و گچکە، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، ئاینیی و سیکیۆلار پەیدابوون. هەر پارتێکیش لە ئەو پارتانە، بە دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)ەوە گرێدراون و لە ئاوازێکی جیاواز دەخوێنن.

3. بەرنامەیەکی یەکگرتووی نێشتمانیی، پارت و لایەنەکان کۆناکاتەوە، بەڵکوو بەرژەوندی باڵای نەتەوەیی، بە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتیی و بنەماڵە کراوە.

4. سەرکردەی پارتەکان دەوڵەمەند و ڕۆڵەکانی گەلیش، بە هەژاریی و کولەمەرگی دەژین.

5. ڕەوشی ئابووريی هەرێم زۆر خراپە، هەژاریی و بێکارییەکی زۆر، لەنێو ڕیزەکانی گەلدا بڵاووبووەتەوە. تەنانەت وای لە کۆمەڵانی خەڵک بە گشتیی و لاوەکانمان بە تایبەتی کردووە، ڕێز لە دەسکەوتەکانی شۆڕش و قوربانییەکانی گەلەکەمان نەگرن، سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە ژیانی ئاوارەیی بکەن.

6. زمان بە تایبەتیی و وێژەی کورديی بە گشتی، لە قەیرانێکی زۆر خراپدا دەژین. تەنانەت ڕۆژبەڕۆژیش، زمانەکەمان بەرەودواوە دەگەڕێتەوە و خراپتردەبێ.

7. خەڵکێکی بیانيی گومانلێکراوی زۆر، بە ناوی کارکردن و لێقەوماوییەوە، لە هەموو نێوچەکانی باشووری (کوردستان) بڵاوبوونەتەوە و دەژین.

8. (کوردستان) بە ئاشکرا، بووە بە جێی تەراتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتی، هێندێ دەوڵەتی دیکەی نێوچەکە و جیهان بە گشتی.

9. هیچ کاتێ، هێندە عەرەبی سووننە و کۆنە بەعسی، بە بڕوبیانووی جیاجیاوە، پەنایان بۆ (کوردستان) نەهێناوە. ئەوڕۆ نزیکەی میلیۆنێ عەرەب، لە نێوچە جیاوازەکانی باشووری (کوردستان) دەژین، وەک کوردێکێ خەڵکی وڵاتەکە، هەموو مافێکی کڕێن و فرۆشتنیان هەیە. ئەمەش ڕەنگە دوا قۆناغی بەعەرەبکردنی (کوردستان) بێ، کە هەردوو سەرکردایەتی (پارتیی) و (یەکێتیی) لێی بەرپرسیارن.

 .10هاونیشتمانیانی کورد، لە ژیان و گیانی خۆیان دڵنیانین. چونکە گەلێ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش ڕوودەدەن. دەسەڵاتدارانی کوردیش، جگە لە ئەوەی خۆیان خەڵک دەچەوسێننەوە و سزایاندەدەن، لە ئەو ئاستەدا بەرزەشدا نین، ژیان و گیانی خەڵک بپارێزن.

11. یەکێتییەکی نەتەوەیی ئابڕوومەندانەی کوردپەروەرانە نییە، بەڵکوو ڕیزەکانی گەل لە یەکدی دابڕاون و ترازاون، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بەسەر هەردوو باڵی (جەلاليی) و (مەلايی)دا دابەشبوون، بە شێوەیە هەموو کاتێ مەترسی، نوێبوونەوەی جەنگی نێوخۆ و دابەشکردنی هەرێمی (کوردستان) هەیە. بۆیە دوژمنانی سەرەکی کوردیان بیرچووەتەوە و هەمیشە هەوڵدەدەن، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)دا ڕیکبکەون و پشتی یەکدی بشکێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×