کێشەی (کەرکووک) و زانکۆی (ئەزهەر)، لە بەڵگەنامەیەکی مێژووییدا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-10-12     476

ڕۆژی (1. 5. 2017) سایتی (ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا)، وتارێکی گرنگی بە زمانی عەرەبی، بە ناونیشانی (کەرکووک کوردسانییە: بە بەڵگەنامەی ئەزهەری شەریف پێش سەد ساڵ و زیاتریش) بڵاوکردووەتەوە. هەم لەبەر بایەخ و گرنگی بابەتەکە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی، هەم لەبەرئەوەی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی، بە گەلی کورد و پارێزگەی (کەرکووک)ەوە هەیە، زۆر بە پێویستم زانی، دەقی وتارەکە، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕم و پێشکەش بە خوێندەوارانی هێژای کوردی بکەم.

 

دەقی وتارەکە بە زمانی کوردی:

 

پێشەکی

ساڵی (1913ز.) (واتە 110 ساڵ لەمەوبەر ـ و.)، لە دەزگەی فێرکاری (میسر)، ناکۆکییەکی گەورە ڕویدا، کێشەی (کەرکووک)، هۆی سەرەکی ئەو ناکۆکییە بوو. لەبەرئەوە ناچاربوون، بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێن، تا ناسنامەی نەتەوەیی دیاریبکەن. ئەمەش لەکاتێکدا یەکلاییکرایەوە، هێشتا سەبارەت بە (کەرکووک) ناکۆکی ڕامیاری، بەشێوەیەکی زانستانە، لە ئارادانەبوو. هەروەها سەرەداوەکانی نێوخۆ و هەرێمایەتی، بۆ بازرگانیکردن بە ناسنامەی (کەرکووک)ەوە، هێشتا گەڵاڵەی نەکردبوو. کەواتە ڕەگوڕیشەی ئەم ناکۆکییە چییە؟! چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردووە؟! بە چ شێوەیە، چارەسەریانکردووە؟!   

هێندێ زانیاری سەبارەت بە خوێندن لە ئەزهەر

لە مانگی چواری (1913ز.)دا، خوێندکار (شەوکەت موحەممەد غۆس)، لە (کەرکووک)ەوە چوو بۆ (میسر)، تا لە (ئەزهەری شەریف) بخوێنێ. ئەو سەردەمە، بۆ ئەوانەی لە وڵاتانی جیاوازەوە، بۆ (ئەزهەر) دەچوون، بۆ کوڕانی هەر نەتەوەیەک، (ڕەواق*1)ێکی تایبەتی بە ناویانەوە هەبوو، کە ئێستە لە زانکۆکان، بەشی نیوخۆیی یا شاری زانکۆی خوێندکارانی پێ دەڵێن. بۆ نموونە: کورد بە ناوی (ڕەواقی ئەکراد)، توورکەکان بە ناوی (ڕەواقی توورک) و عێراقییەکانیش، بە ناوی (ڕەواقی بەغداد) یا (ڕەواقی ئەلبەغادە)ەوە بوون. ئیدی بە ئەو شێوەیە، نزیکەی لە (42) گەلی جیاوازەوە دەهاتن بۆ (ئەزهەر)، تەنیا هەر بەکاری چاکەخوازیی و خۆڕایی خوێندنەوە، کەڵکیان وەرنەدەگرت، بەڵکوو بە درێژایی ساڵەکانی خوێندنیش، خەرجی هەموو شتێکی ژیانی ڕۆژانەیان، بۆ دابیندەکردن، تەنانەت هەر خوێندکاری بۆی هەبوو، یەکجار (حەج)یش بکا. ئەمەش لە ئەو کاتەوە دەسیپێدەکرد، کاتێ لە وڵاتەکانی خۆیانەوە دەهاتن، تا ئەو کاتەی خوێندنیان تەواودەکرد و بڕوانامەی (ئەهلییە)یان وەردەگرت. ئەو بڕوانامەیەش ئیستە، یەکسانە بە لیسانس، یا (عالیمیە)یان وەردەگرت، یەکسانە بە دوکتۆرا.

کێشەی نەتەوەیی خوێندکاران و ئەزهەر

کاتێ خوێندکار (شەوکەت موحەممەد غۆس)، گەیشتە (ئەزهەر)، هەموو دەکومێنتێکی پێویستی لەگەڵ خۆی بردبوو، وەک بڕوانامەی لەدایکبوون، داواکاری وەرگرتن و مانەوە لە (ڕەواقی ئەلبەغدادیە)، بەڵام شێخی*2 ئەو ڕەواقە، داواکارییەکەی ڕەتکردەوە و وەری نەگرت، گوایە ئەو شارەی لێوەی هاتووە، سەر بە ولایەتی (بەغداد) نییە! لەبەرئەوە خوێندکارەکە، پەنای بۆ بەرپرسانی ڕەواقەکان برد، ئەوانیش لە دەکومێنتەکانی وردبوونەوە، تەماشایانکرد، کوردە و لە (کەرکووک) لەدایکبووە. بۆیە داوایان لە شێخی ڕەواقی کوردەکان کرد، لای خۆیان وەریگرن، چونکە لە وڵاتی کوردان لەدایکبووە. بەڵام شێخی ڕەواقی کوردەکان، قایل نەبوو، چونکە ئەو خوێندکارە، بە ڕەچەڵەک توورکە و نابێ، لە ڕەواقی کوردەکان وەرگیرێ، با لە (کەرکووک)یشەوە هاتبێ، بەڵکوو تەنیا ئەو کەسانە وەردەگرن، کە لە بنەچەیەکی ڕەسەنی کوردن و هیچ کەسێکی دیکە وەرناگرن. تەنیا ئەوانە نەبێ، کە کوردی ڕەسەنن، لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبوون.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، لێپرسراوانی ڕەواقەکان، گرفتەکەیان بەرەوڕووی ڕەواقی توورکەکان کردەوە. بەڵام لە ئەوێش وەرنەگیرا، گوایە تەنیا ئەو توورکانە وەردەگرن، کە لە وڵاتی (ئەنادۆڵ) لە ئاسیا و (ئەلرومللی) لە ئەورووپاوە هاتوون، (کەرکووک)یش نە لە سنوور و نە لەنێو بازنەی ئەو ناوچانەدایە. ئا لێرەوە پێویستیکرد، کۆمیتەیەکی زانستی پێکبێنن، ناسنامەی شارەکە دیاریکەن: ئایا (کەرکووک) شارێکی کوردییە، عەرەبییە یا توورکییە؟! هەروەها بە دەکومێنتەکانی خوێندکارانی پێشووشدا بچنەوە، کە لە (کەرکووک)ەوە هاتبوون، لە چ ڕەواقێ وەرگیراون؟! دوای ئەوەش کۆمیتەیەکیان دامەزراند، کارەکانی خۆیان تەواوکرد و بە ئەم ئەنجامانە گەیشتن:

1. (کەرکووک)، یەکێ لە شارە بەناوبانگەکانی (کوردستان)ە، بەپێی ئەوەی (ئیسماعیل بەگ عەلی)، لە پەرتووکی (ئەلنوخبە ئەلئەزهەریە) لە جوگرافیادا، لە لاپەڕەی (502)دا نووسیوێتی.

2. لە دۆسییەی (ئەزهەر)دا هەیە، کەسێ ناوی (موحەممەد عەتا یوسف حەسەن) بووە، لە شاری (کەرکووک)ەوە هاتووە، لە (ڕەواق ئەلئەکراد)دا وەرگیراوە، ئەمەش لە دۆسییەی ساڵی (1303ک = 1889ز. لاپەڕە 110)دا تۆمارکراوە. (واتە 134 ساڵ لەمەوبەر ـــ وەرگیڕ)

3. هەروەها لە دۆسییەی تایبەتی (ڕەواق ئەلبەغادە)ی ساڵی (1329ک =1910ز.)دا دۆزراوەتەوە: کەسێ ناوی (تەقییەدین کوڕی محێدین کوڕی حاجی سولەیمان) بووە، لە (کەرکووک) بە ژمارە (8) تۆمارکراوە. (واتە 113 ساڵ لەمەوبەر ـــ وەرگیڕ)

پاشان کۆمیتەکە، ڕۆژی (10. جەمادی یەکەمی ساڵی1331 = 17. 4. 1913ز.)، ڕاپۆرتێکی درێژیان، سەبارەت بە هەموو ئەوانەی باسکرابوون، بۆ شێخی ئەزهەر بەرزکردووەتەوە، تا بۆ ئەنجوومەنی بەڕێوبەرایەتی ئەزهەر بینێرێ، لێێ بکوڵنەوە و چی پێویستە بیکەن. لەئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، هەر یاداشتەکەی ژمارە (8) بووە، ڕۆژی (23. 4. 1913ز.)، لەنێو فایلی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی ئەزهەر دانراوە، تا ئەنجوومەنەکە بڕیاری کۆتایی لەسەربدەن. بەڵام ئەنجوومەنەکە، بڕیارێکی سەیریان دەرکردووە، ژمارەکەی (254-7) بوو، ئەمەش دەقەکەیەتی: لەبەرئەوەی کەرکووک سەر بە ولایەتی مووسڵە، پێشتریش ئەنجوومەنی ئەزهەر، ڕۆژی (14. 1. 1906ز.) بڕیاریداوە، (واتە 117 ساڵ لەمەوبەر ـــ وەرگیڕ) هەر خوێندکارێ سەر بە ئەو ولایەتە بێ، لە ڕەواقی بەغدادییەکان وەردەگیڕێ، لەبەرئەوە ئەنجوومەن بڕیاریدا، خوێندکار شەوکەت موحەممەد غۆس، لە ڕەواقی بەغدادی وەربگیرێ، وەک پێشتر ئەو بڕیارە جێبەجێکراوە. دوای (6) ڕۆژیش، بە شێوەیەکی فەرمی، بە شێخی (ڕەواقی بەغادە) ڕاگەیەنرا، تا بڕیارەکە جێبەجێکا.

ئەم بڕیارە، سەیرەکەی لە ئەوەدایە، ئەوەی ئەنجوومەنەکە پشتی پێ بەستبوو، بڕیارێکی ناوازەبوو، چونکە لە کاتێکدا، ئەو یاداشتەی بەرزکراوەتەوە، بەدرێژی باسی ئەو کێشەیەی تێدا کراوە، لەگەڵ ڕاپۆرتی کۆمیتەی زانستی، کە بۆ کۆڵینەوە لە ناسنامەی (کەرکووک) تەرخانکرابوو، بە ئەو ئەنجامە گەیشتبوو، کە شارێکی کوردییە و زۆربەی ئەوانەی لە ئەوێشەوە هاتوون، بەگوێرەی شوێنی لەدایکبوون و ڕەچەڵەکی نەتەوەیی کوردییان، لە (ڕەواقی ئەکراد) وەرگیراون. بەڵام، ئەو کێشەیەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی ئەزهەر، بڕیاریان لەسەر داوە، کێشەی خوێندکارێکە، ناوی (موحەممەد حەمدان موسوڵی)یە و عەرەبێکی خەڵکی شاری مووسڵە، ئیدی چۆن بە حاڵەتێکی لەیەکنەچوو دەچوێنرێ، لە ئەو حاڵەتەی پیشاندراوە. ئەمەش پشگیری بۆچوونەکانمان دەکا، کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی شاری (کەرکووک)، دوای ئەوە هاتوون و وەرگیراون، بۆئەوەی لە (ئەزهەر) بخوێنن، بۆیە لە ڕەواقی ئەکرادیش وەرگیراون، لە ئەو بڕوایەوە بووە، کە کاریان لەسەر (کەرکووک) کردووە، یەکێ لە شارە بەناوبانگەکانی (کوردستان) پێکدێنێ و خوێندکارەکانیشی، لە ڕەواق ئەلئەکراد وەردەگیرێن. هەرچی چۆنێ بێ، دوور لە ئەو بڕیارەی، سەبارەت بە مافی خوێندکار (شەوکەت موحەممەد غۆس) دراوە، بە دانپێدانانی هەر یەکێ لە شێخی ڕەواق ئەلبەغدادیین و شێخی ڕەواقی توورکەکان، هەروەها بە ئەو ئەنجامەی کۆمیتەی زانستی ئەزهەر پێی گەیشتوون، کوردستانییەتی (کەرکووک) دەسەلمێنێ، ئەمەش پێش زیاد لە سەدەیەک دەبێ، پێش ئەوەی هیچ جۆرە، ناکۆکیی و گرفتێکی ڕامیاری، لەسەر (کەرکووک) ڕوویدابێ، ئایا لایەنەکانی ئێستە دەتوانن، بەچاوێکی بێلایەنانە و بابەتانە، لەلایەکەوە دوور لە بەرژەوەندی تەسک و لەلایەکی دیکەشەوە، بەدیدێکی شۆڤێنیانە، لە کێشەی (کەرکووک) بڕوانن؟!!               

 

سەرچاوە: سایتی المجلس الوطنی الکوردی فی سوریا، كركوك كردستانية: بوثائق من الازهر الشريف قبل مائة عام و أكثر، 1. 5. 2017

تێبینی:

1. ڕەواق: بەش.

2.. شێخی ڕەواق، واتە سەرۆکی بەشەکانی خوێندنی زانکۆی ئەزهەر.

3. زۆربەی ساڵەکان، بە ساڵی کۆچی نووسرابوون و بەرانبەرەکانیانم بە زایینی نووسیوە.

4. ناونیشانی بەشەکان، لە وتارە عەرەبییەکەدا نییە، بەڵکوو بۆ ئاسانکاریی، خۆم بۆم داناون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×