چەن دەنگێ لە ئەو دیو سنووری دەرگە داخراوەکانەوە!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-08-02     503
لە ئەم گرتووخانە گەورەیەی، ژیانی ڕۆژانەی گەلەکەماندا، کۆمەڵێ دەنگی ناڕەزایی بەرزبووتەوە. هەر یەکێ لە ئەو دەنگە کپکراوانەش، لە ئاوازێکی جیاوازی پڕ سەیروسەمەرە دەخوێنن!
یەکەمین دەنگ: پێشکەوتووخوازێ
زۆر بە توندی، لە دەرگەی ژووری زیندانەکەی خۆی دەدا و دەقیژێنێ: ئەی هاوار! من تاوانم چییە؟! من بە ئازادیی لەدایکبووم و دەمەوێ، هەر بە ئازادیی بژیم و بە ئازادییش بمرم!
دووەمین دەنگ: مەلایەک
لە کونی دەرگەکەوە، هاواری لێ هەڵستابوو، دەیگوت: ئاخر ئازادیی سنووری هەیە. بە هیچ شێوەیە نابێ، سنوورە قەدەغەکان ببەزێنین! 
سێیەمین دەنگ: هەلپەرستێ
ئەو ئازادییەی ئێوە داوایدەکەن، نابێ، دژی دابونەریتەکانی گەل بێ!
چوارەمین دەنگ: دیکتاتۆرێ
لە ئەم وڵاتەدا، یاسا و دەسەڵات هەیە. هەر کەسێ لە سنووری یاسا لابدا، دەنگ هەڵبڕێ و ئاژاوەبنێتەوە، ڕیزەکانی گەل تێکبدا، لێی قەبووڵ ناکەین و بێدەنگ نابین!
* * *
یەکەمین دەنگ: ئازادیی هەر ئازادییە و یەک واتای هەیە. ئەم کۆتوپێوەندانە ئیوە داتانناوە!
دووەمین دەنگ: مرۆ هێندە ژیر نییە، چارەنووسی خۆی بگۆڕێ. چونکە لە ئەو ئاستە بەرزەدا نییە، بەرنامە بۆ ژیانی خۆی داڕێژێ. بەڵکوو هەموو ئەو شتانە، هەر لە ڕۆژی درووستبوونی ئەم جیهانەوە، بڕاوەتەوە و ڕەنگیان ڕێژراوە!
سێیەمین دەنگ: بە ترس و لەرزەوە، با لە دابونەریتی کۆنی باووباپیرانمان لانەدەین، کارێ نەکەین، زیان بە پەزەکان بگەیەنێ.
چوارەمین دەنگ: بێدەنگبن. ئێوە ئاسنی سارد دەکوتن. ژیان هەروابووە و هەر واشدەبێ.
* * *
یەکەمین دەنگ: نا نا نا، بە هیچ شێوەیە، من ئامادەنیم، وەک کۆیلە بژیم. بەڵکوو ئامادەم، لەپێناوی ئازادیی و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ، هەموو ئەو دەنگانە کپکەم، کە لە ئازادیی مرۆ کەمدەکەنەوە.
دووەمین دەنگ: ئەو دەنگانە، دەنگی ئاسمانە، ئەوەتەی ژیان لەسەر ئەم زەویە پەیدابووە، هەر هەبووە و هەر دەشمێنێ. بێدەنگبە، بە تۆ کپ ناکرێ و قیژەقیژ مەکە، ئەگینا دەبیتە خۆراکی ئاگر!
سێیەمین دەنگ: بە دەنگێکی کزۆڵەوە دەڵێ: باشتر وایە، وازبێنن، با نە شیش بسووتێ و نە کەباب.
چوارەمین دەنگ: گەر بێدەنگ نەبن و سەری خۆتان کزنەکەن، ئازادیی و ئامانجتان پیشاندەدەین، چونکە هەر شەق دەزانێ، قۆناغ لە کوێیە!
* * *
یەکەمین دەنگ: بڕوخێ بیدەنگی، نا بۆ سنوورە قەدەغەکان، سەرشۆڕیی بۆ دەنگە کزۆڵە هەلپەرستەکان، مەرگ بۆ قامچی بەدەسەکان، بژی ئازادیی، بژی دادپەروەریی، بژی یەکسانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×