دەسەڵاتی هەرێم و پەندی مێژوویی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-03-03     630
لە سەرتاسەری مێژووی کورددا، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لەبری ئەوەی، بیر لە باری ژێردەسيی نەتەوەکەی خۆیان بکەنەوە، لەدەس داگیرکردن و چەوساندنەوە ڕزگاریکەن، خاکە داگیرکراوەکەیان بسەننەوە و دەوڵەتێکی کوردیی دامەزرێنن، تاوێ بە ناوی ئایین و تاوێکی دیکەش، بە ناوی خەباتی هاوبەشەوە، هەر نۆکەری داگیرکەرانی (توورک، عەرەب و فارس) بوون، پێش لەشکرەکانیان کەوتوون، خوێنێکی زۆریان بۆ ڕشتوون، تا وڵاتەکانیان بۆ ڕزگارکەن و دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆیان بۆ دامەزرێنن. کەچی لە هەمان کاتیشدا، وەک کەوی خۆخۆر، لە گیانى یەکدی بەربوون!
لەبەرئەوە، لە ماوەی سەدان ساڵی مێژووی کورد بە گشتیی و ئەم (100) ساڵەی پێشوودا بە تایبەتی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، هەر هەوڵێکی ڕامیاریی و سەربازییان دابێ، وەک ئەوە وابووە، گوێزيان بە گومەزدا هەڵدابێ! گەر هێزەکانی کورد و دەسەڵاتيش، لەسەر ئەم ڕەوشتە پۆخڵە بەردەوامبن، ئەوا زۆر مەحاڵە، سەربەخۆیی بەدەسبێنن و نەتەوەکەشمان، لە ماڵە کاولبووەکەی خۆیدا، وەک مرۆ بە ئازادیی بژی!
هەرچەندە، ئەم دەسەڵاتە لاواز و بێ توانا فیدراڵەی باشووری (کوردستان)، ماوەی (30) ساڵە دامەزراوە، بەڵام نابێ، هێندە بە ئاییندەی گەشبینبین و وا بزانین، تا سەر دەمێنێ. لەبەرئەوەی داگیرکەرانی (توورک، عەرەب و فارس)، هەمیشە لە بیری ئەوە دان، چۆن ئەم دەسەڵاتە لاوازە لەنێوبەرن. چونکە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (ئەردەلان 1220-1876)، لە بەشەکەی خۆرهەڵات و میرەکانی میرنشینی (بابان 1500-1851)یش، لە بەشەکەی باشووری (کوردستان)مان لەبەرچاوە، یەکەمیان ماوەی (647) ساڵ و دووەمیشیان، ماوەی (351) ساڵ فەرمانڕەواییانکرد و بەردەوامبوون، لەبەرئەوە ئەم ئەزموونە زیندووە، ئەوەمان بیردەخاتەوە، دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان، هەمیشە لە بیری ئەوەدان و خەو لە چاوانیان ناکەوێ، چۆن ئەم دڕکە لە دڵی وڵاتەکانیاندا دەربێنن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×