لە يادى پێشەواى مەزنى بيَ رِكەبەردا

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-03-31     758

چه‌ن ڕۆژێ بوو، بیرم له‌ ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌، له‌ یادی پێشه‌وای مه‌زنی بێ ڕکه‌به‌ردا، گوتارێکی درێژ بنووسم و بڵاویکه‌مه‌وه‌. به‌ڵام دواجار بڕیارمدا، به‌ کورتیی یادیبکه‌مه‌وه‌. چونکه‌ هه‌رچی له‌ یادی ئه‌و کورده‌ مه‌زنه‌ ئازا و دڵسۆزه‌دا بنووسم، هێشتا هەر کەمە و ناتوانم، مافی ته‌واوی خۆی بده‌مێ!

لە بەرەبەیانی (30. 3. 1947)دا، هەر سێ قازییە قارەمانە تێکۆشەرەکان (پێشەوا قازی موحەممەد، حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزای پێشەوا و ئەبولقاسمی سەدری قازی برای پێشەوا)، دوای ئەوەی لە دوو دادگاییکردنی نایاسایی و فەرمیدا، بە دەستی دوژمنانی گەلی کورد، فرمانی خنکاندنیان دەرچوو، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری (مهاباد)، ھەر لە ئەو شوێنەی ڕۆژی (22. 1. 1946)، کۆماری (کوردستان)یان لێ ڕاگەیەندبوو، لەسێدارەدران و ڕەوانیان شادکرا. واتە دوای (1 ساڵ و 2 مانگ و 8 ڕۆژ ,(لە دوای ڕاگەیەندانی کۆمارەکەوە، لەسێدارەدران!

به‌ داخێکی گه‌وره‌ و گرانه‌وه‌، نه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد توانی، (73) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، گیانی پاکی پێشه‌وا، له‌ ده‌س په‌تی سێداره‌ی مەرگی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران) ڕزگارکا، نه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیش، سرته‌وبۆڵه‌یه‌کیان له‌ ده‌م ده‌رچوو، ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕن و داوا له‌ ڕژێمی شاهێنشایی (ئێران) بکه‌ن، ئه‌و فرمانه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ دڕندانه‌یه‌ بووه‌ستێنن!

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێم: به‌ ڕاستی (قازیی)، پێشه‌وای بێ ڕکه‌به‌ر بوو. چونکه‌ ژیان و گیانی خۆی، له‌پێناوی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ و خاکی نیشتمانه‌که‌یدا به‌ختکرد. گه‌له‌که‌ی خۆی به‌جێ نه‌هێشت. به‌ خوێنی گه‌شی خۆی، به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی خه‌باتی دواڕۆژی، بۆ هەموو نەتەوەی کورد بە گشتیی، ئه‌ندامانی پارته‌که‌ی و گه‌لی خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان) بە تایبەتیی کێشا. بۆیه‌ تا کوردێ بمێنێ، ناوی (قازیی) بە نەمریی هه‌ر ده‌مێنێ!

ئه‌ی کوردینه!

پێویستە بزانن، پێشه‌وای بێڕکه‌به‌ر، له‌ دوا ساته‌کانی ژیانیدا، چی فه‌رمووه و چ جۆرە ڕاسپارده‌یه‌کی پڕبایه‌خی، بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی به‌جێهێشتووە؟! لێرەدا چەن کۆپلەیەکی کورت، لە ڕاسپاردە گرنگ و پیرۆزەکەی پێشەوا بڵاودەکەمەوە.

1. له‌ ڕێی‌ خوادا، ده‌س له‌ دژایەتی یه‌كدی هه‌ڵگرن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به‌ مەرامە‌كانی‌ خۆی ئێوه‌ی‌ ده‌وێ. پشتی‌ یه‌كدی چۆڵمه‌كه‌ن‌ و یه‌كگرتووبن، دڵنیابن، ‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوینتان ‌بداتێ، ‌ژاری تێکردووه‌!

2. هیچ جۆرە ناپاکییەک له‌ یه‌كدی مه‌كه‌ن‌‌، چونکە ناپاککاران لای خودا و گەل ڕووڕەشن! ‌

3. به‌ سوێنده‌ درۆ‌كانی دوژمنان هه‌ڵ مه‌خه‌ڵه‌تێن. ‌گه‌ر هه‌زار جار سوێندتان بۆ بخۆن، ئامانجیان ‌‌ له‌نێوبردنتانه‌‌‌!

4. باوه‌ڕبكه‌ن، چه‌ن جار داوام له‌ خوا كردووه،‌ ‌گه‌ر بمرم، به‌ شێوه‌یه‌ گیانم ده‌رچێ، كه‌‌ ڕووسووری‌ لای‌ خوا ‌و په‌یامبه‌ر ‌و نه‌ته‌وه‌كه‌م بم. هەر ئەو جۆرە مردنەش، سه‌ركه‌وتنی‌ راسته‌قینه‌یه‌.‌

بەڵام، ئایا سەرکردەی پارتەکانی هەر چوار بەشەکەی (کوردستان)، هیچ بایەخێکیان بە ئەو دووڕ و گەوهەرانەی ڕاسپاردەکەی پێشەوای ڕەوانشاد داوە؟!! کەڵکیان لێ وەرگرتووە، تا مێژوو بە خراپترین شیوە، خۆی دووبارەنەکاتەوە، یا لەبیر خۆیانیان بردووەتەوە، بۆئەوەی ئامانجە تەسکەکانی پارتەکەیان بەدیبێنن؟!! ئاخر بۆیە بە هیچ نابین، چونکە کەڵک لە ئەزموونەکانی ڕابووردوو وەرناگرین!

هه‌زاران دروود بۆ گیانی پاکی قازیی نه‌مر، یاد و یادگاره‌کانی هه‌ر زیندووبن.

مردن و سه‌رشۆڕی، بۆ داگیرکه‌رانی (کوردستان) و ناپاکارانی کورد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×