ڕۆژێکی ڕه‌ش و یادێکی غەمگین – 3

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-06-15     266

ئەم چەن زنجیرە وتارە، بە بۆنەی (60) ساڵی ڕێک، تێپەڕبوون بەسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ڕەشەکوژییەکەی شاری (سولەیمانی) ڕۆژی (9. 6. 1963)وە نووسراوە.

 

 بەشی سێیەم: ئەنجامی کارەساتەکە و قوربانییەکان

دوای ماوەيەكى كەم، وردەوردە بارودۆخەکە هێوربووەوە، ماوەى هاتوچۆكردنيان زيادكرد. تا واى لێهات، هەر لە بەيانييەوە تا كاژێری (5)ى ئێوارە، خەڵك بۆی هەبوو، هاتوچۆبكەن و دووكانەکانیان بكەنەوە. ئينجا بە تەواوى دەركەوت، سەربازە كێويلە دڕندەكانى (بەعس)، چيان بەسەر خەڵکی بێدەسەڵاتی شارەکەمان هێناوە؟! چەن كەسيان بێسەروشوێن کردووە؟! كەس نەيدەزانى، لە كوێن و چيان بەسەرهاتووە؟!

سەرکردایەتی پارتی (بەعس)، بە یارمەتی هێزەکانی دژ بە کۆماری نوێی (عێراق)، ڕۆژی (8. 2. 1963)، خوێناویترین كودەتایان لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا‌ كرد و دەسیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. ئیدی وەك هێزێکی فاشی خوێنڕێژ، دەسیان لە ڕۆڵەکانی گەل نەدەپاراست، بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە، دوور لە هەموو یاسایەك و بێ دادگاییکردن، بە سەدان پیاو و ئافرەتى تێكۆشەری کورد و عەرەبیان، لە ڕۆڵەکانی گەلانی (عێراق) کوشت. بۆ نموونە: لە ژوورەكانی دادگەی گەلدا، تێكۆشەری لاو (حەمەسدیق پێنجوێنی)، لەگەڵ دەیان تێكۆشەری دیكەدا، بەئەشكەنجەدان ڕەوانیان شادکرا.

سەرکردایەتی (بەعس)، بۆئەوەی نەخشە و پیلانەکانیان جێبەجێکەن، هەر لە یەكەمين ڕۆژی كودەتاكەیانەوە، پەیوەندییان بە سەركردایەتی شۆڕشی كوردەوە كرد، بەڵێنیان پێ دان، مافی ناناوەندێتی بە کورد بدەن. بەڵام هەر ئەوەندەی سەرکەوتن و شوێن پێی خۆیان قایمکرد، گیرفانیان گەرمبووەوە، لە داواکارییەکانی گەلی كورد و بەڵێنەکانی خۆیان پەشیمانبوونەوە، جەنگێکی گەورەی خوێناويی سەرتاسەریان، دژی ڕۆڵەکانی گەلی کورد هەڵگیرسانەوە.

ئەوەبوو، سەرەتا ڕۆژی (8. 2. 1963)، سوپای (عێراق) بە فرمانی زەعیم (سدیق مستەفا)، بەرەو شاخی (گۆیژە) و (ئەزمڕ) بەڕێکەوتن. بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان، هێرشەکەیان تێکشکاند و هەڵاتن. ئیدی ئەو هیزە هەڵاتووە بەزیوە، لە گیانی خەڵکی بێدەسەڵاتی شاری (سولەیمانی) و دەوروبەری بەربوون، تا تۆڵەی ئەو تیکشکانە، لە هاووڵاتیانی بێ‌ دەسەڵاتی کورد بکەنەوە. 

ڕۆژی دوایی، هەر لە کاژێری (3)ی بەیانیيەوە، بە بڕیاری زەعیم (سدیق)ى تاوانبار، هاتوچۆ لە شاری (سولەیمانی) قەدەغەكرا. بە ناوی گەڕان بە دوای چەك و پێشمەرگەدا، ژمارەیەكی زۆریان لە هەموو توێژ و چینەکان (خوێندكار، مامۆستا، فەرمانبەر، دووکاندار و خاوەن پیشەی جیاواز)ی شارەکە، بە ديل گرت. سەرەتا لە تەویلەکانی سەربازەگەکە کۆیانکردنەوە، بێ ئەوەی خواردن و خواردنەوەیان بدەنێ، لە ئەو تەویلە چکۆلانەیەدا، کە جێی (30) وڵاخی تێدا دەبووەوە، وەک مەڕوماڵاتى تاڵانى تێکخزێنران، ساتبەساتیش تا دەهات، ژمارەیان زیادیدەکرد و تا ژمارەیان گەیشتە (780) کەس. لەبەرئەوەی جێیان نەدەبووەوە، پێخەفیش نەبوو، تا دایخەن، ناچاربوون لەسەر تەرس و پەینی ئێسترەکان، یەک لەسەر یەکدی کەڵەکەبن. هەر لە ئەو شوێنە و بە ئەو شێوەیە، (3) دانە ڕۆژ لە سەر یەک، بێ خواردن و خواردنەوە مانەوە.

جگە لە ئەوەی، لە هەموو لایەکەوە، دەنگی دەسڕێژی گوللە و گرمەى تۆپ دەهات، کەس خەو لە چاوانى نەدەکەوت، لەبەرئەوە ترسێکی گەورە، باڵى بەسەر هەموواندا کێشابوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژانە کۆمەڵێ کوردیان هەڵدەبژارد و پێش خۆیان دەدان، دەبووایە جنێویان بە شۆڕش و (پارتیی) و سەرۆک (بارزانی) بدایە، گەر ئەو کارەیان نەکردایە، بێ لێکۆڵینەوە لە (دۆڵی مەرگ) گوللەبارانیاندەکردن. ئەوانەی گیانیشیان لەدەسدابوو، لەگەڵ بریندارەکاندا تێکەڵاویانکردبوون، لە چاڵێکی قووڵی گەورەدا، بەجلوبەرگی خۆیانەوە شاردبوونیانەوە. بەڵام ئەوەی لە تەویلەکاندا مابوونەوە و لەدەس مەرگ قوتاربووبوون، ڕۆژى (3. 7. 1963) وردەوردە بەرەڵاکران، مەگەر هەر ئەوانە بیگێڕنەوە، چییان بەسەرهاتووە و چۆن ژیاون؟!

ئەو ڕۆڵە کوردە ئازا و کوردپەروەرانەی، لە دەرەوە و لە سەربازگە، لە (دۆڵی مەرگ) گوللەبارانکرابوون، زۆربوون. بۆ نموونە: یەکێ لە ئەو ڕۆڵە کوردە بەجەرگ و ئازایانە، مامۆستا (یاسین) بوو، جگە لە پیشەی مامۆستاییش، یەکێ لە وەرزشکارە هەرە دیارەکانی شاربوو، لەگەڵ چەن مامۆستایەکی دیکەی هاوڕێیدا وەک (ئەنوەر، ئیسماعیل و حەمەبۆر)، ئەمانیش هەر مامۆستای وەرزشكاربوون، لە یاریگەی (سولەیمانی) دەستگیرکران، هەر لە (دۆڵی مەرگ) گولەبارانکران و هێشتا زیندووبوون، بە شۆڤڵ خۆڵیان بەسەرداکردبوون و زیندەبەچاڵیانکردبوون.  

هەروەها مامۆستای فیزیا (حاجی باقی)، تازە لە بەندیخانەی (سولەیمانی) بەربووبوو، كەسایەتی ناسراوی شار (نامیق مستەفا ئاغا)، دوو خوێندكاری لاو (بابەعەلی شێخ مارف) و (كەمال عەلی)، هەردووكیان لە گەڕەكی قەزازەكان گیرابوون، هەموویان پێکەوە گوللەبارانکران. جووتە برای مامۆستا (مستەفا عەبدولڕەحمان)، باوكی هونەرمەند (فرمێسك مستەفا)، لە حەوشەكەی خۆیاندا گولەبارانكران. هەروەها كوڕە لاوەكەی (خونچەخان) لە گەڕەكی (قاوەخانەی سەرچیمەن)، لە حەوشەكەی خۆیان و لەبەرچاوی دایکی گولەبارانكرا، تا ئەو کاتەی ڕێگەشکرایەوە، تەرمی کوڕەکەی هەر لەسەر ڕانی بوو!

ئەمە مشتێکە لە خەرواری تاوانەکانی (بەعس) و ناوی ڕەوانشادانی کورد، ئەگینا هەر لەسەر ئەو تابلۆبەردینەی لە (پارکی ئازادی) دانراوە، ناوی (84) ڕەوانشادی لێ نووسراوە.

 

كۆدەتايەكی چاوەڕواننەكراو

دوای ئەوەی (بەعس)ی فاشی، نزیکەی (9) مانگ دەسەڵاتداربوو، بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە، فەرمانڕەوايیدەكرد، هەوڵيدەدا، هەرچی چۆنێ بێ، بە ئاگر و ئاسن، شۆڕشی كورد لەنێوبەرێ و نەیهێڵێ، هەموو جۆرە ئازادييەكيشی، لە گەلانی (عێراق) زەوتكردبوو. بەڵام ئەوەی لەپڕ ڕوویدا، کارێکی زۆر باشبوو، لەنێوخۆياندا تێکچوون. (عەبدولسەلام عارف)ی هاوپەيمانی (بەعس)، ڕۆژی (18. 11. 1963)، كۆدەتايەكی سەربازیی بەسەردا كردن، هێندێكی لێگرتن و ئەوانی ديكەش پەرتەوازەبوون. تا ماوەيەكيش گەلانی (عێراق)ی، لەدەس چەوسانەوە، دڕندەيی و ڕەشەكوژیی سەرانی (بەعس) ڕزگاركرد.

لە ئەو ماوەيەدا، جەنگ لەنێوان سەركردايەتی شۆڕش و دەسەڵاتی نوێی دەوڵەتی (عێراق)دا وەستا، بێ ئەوەی هيچ جۆرە مافێكيان بۆ گەلی كورد دياريكردبێ! بەڵام ماوەیە كوشتنوبڕين نەما و ڕۆڵەكانی گەلەکەمان، پشوويەكياندا و ئاهێكيان پێدا هاتەوە، كە ئەوەش خۆی لە خۆيدا، بە يەكێ لە نووشستيە گەورە و خاڵە لاوازەكانی سەرکردایەتی شۆڕشەكە دادەنرێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×