ماکەرەکەی پورم!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-10-20     358

ئەم چیرۆکە، چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە و بە شێوەیەکی فەرمی، لە دۆسییەی دەزگەی بەشی نەتەوە یەکگرتووەکانی خوارووی (لوبنان) تۆمارکراوە ... مانگی(7)ی ساڵی (1962)، لە گوندی (کەفەرکەلا) ڕوویداوە، چەن جارێ بە زمانی عەرەبی، لە ڕۆژنامە و لاپەڕەکانی ئینتەرنێتدا، لە چەن سەردەمێکی جیاوازدا بڵاوکراوەتەوە، منیش دەقەکەم لە عەرەبییەوە، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێراوە.

دەقی چیرۆکەکە:  

(ڕۆژێ لە ڕۆژەکانی ساڵی 1962 بوو، پێش ئەوەی دوژمنی داگیرکەری دەوڵەتی ئیسرائیل، پەرژێنیکی گەورەی جیاکەرەوە، لەنێوان لوبنان و ئیسرایلدا درووسبکا، ماکەرەکەی پورم، ڕێی لێ تێکچووبوو، لەنێو خاکی فلەستینی داگیرکراودا گیرسابووەوە، دیارنەما و ونبووبوو. پورم و هاوسەرەکەی نەیانتوانی، دوایکەون، چونکە لە گوللەبارانی ئیسرائیلییەکان دەترسان. لەبەرئەوە بڕیاریاندا، وازی لێ بێنن.

دوای ئەوەی ماوەی ساڵێ ماکەرەکە دیارنەما، پاشان بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە، پڕ بە عەرەبانەیەکیش، قۆخ‌ و هەڵوژەی بە دوای خۆیدا رادەکێشا، پورم سەری سوورما. کۆمەڵێ مناڵی گوندەکەش، دوای کەوتبوون و لە خۆشیاندا، هەلهەلەیان لێ دەدا. بەڵام خۆشییەکەمان بە گەڕانەوەی ماکەرەکە، تاسەرنەبوو. چونکە هەر دوای کاژێرێ، هێزێکی دەرەکی لوبنانی، لەگەڵ موختار و سەرۆکی شارەوانی، هێزێکی فریاکەوتنی نێودەوڵەتیش هاتن و چواردەوری ماڵی پورمیان گرت. داوایانکرد، ماکەرەکە ڕادەسی هێزە نێودەوڵەتییەکە بکەنەوە، تا بۆ ئیسرایل بیگێڕنەوە. چونکە ماکەرەکە لە ئەوێ سکی پڕبووە، باوکەکەی نێرەکەرێکی ئیسرایلیە. دوای هەراوبەزمێکی زۆر، دوای ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیان، ئاستی تووڕەبوون بەرزبووەوە، خەڵکی گوندەکەش، لە ئەو دەمەتە‌‌قێیەدا بەشداربوون و هەموویان بە دەنگێکی بەرز هاواریاندەکرد: ماکەرەکە، ماکەری خۆمانە، ڕێی لێ تێکچووە و بۆ ماڵەکەی خۆی گەڕاوەتەوە!

پاشان دوای چەن کاژێرێ، خەڵکەکە گفتوگۆیان لەگەڵ سوپای ئیسرایلدا کرد، بەهۆی دەزگەیەکی نێودەوڵەتییەوە، هەموویان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، ماکەرەکە بۆ دەوڵەتی ئیسرایل بگێڕنەوە و لە ئەوێ، جاشەکەرەکەی ببێ. بەمەرجێ دوای ئەوەی جاشەکەرەکەی دەبێ، دەزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ماکەرەکە بەتەنیا بۆ پورم بگێڕنەوە. ئیدی بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێککەوتننامەیەک واژۆکرا، ڕێ بە ماکەرەکە بدەن، بۆ ئیسرایل بگەڕێتەوە، بە مەرجێ جاشەکەرەکەی، لە دەوڵەتی ئیسرایل بمێنێتەوە.

دوای سێ مانگ بۆ دووەمین جار، ماکەرەکە لە ئیسرایل هەڵات، بێ ئەوەی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاسایشیی هەبێ، بۆ گوندی کەفەرکەلا لە خورووی لوبنان گەڕایەوە. بەڵام هەمان عەرەبانەی، بە دوای خۆیدا ڕادەکێشا و ئەم جارە لە تەنیشتیشیەوە، جاشەکەرە چکۆلانەکەی ڕایدەکرد. هەمووی کاژێرێکی نەخایان، تا جارێکی دیکە، هێزی دەرەک و شارەوانی، موختار و نەتەوە یەکگرتووەکان پەیدابوونەوە و لە ماڵی پورم ئامادەبوون. داوایان لە پورم کرد: بەندەکانی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکە، جێبەجێبکا و جاشەکەرەکەش، ڕادەسی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکاتەوە. سەیر ئەوەبوو، جاشەکەرەکە قایل نەبوو، دایکی بەجێبێڵێ و دەیوست، لە لوبنان بمێنێتەوە. بۆیە خۆی بەدەسەوە نەدەدا و لەڕادەسکردنەوەی بۆ هێزەکانی دەرەکی لوبنانی خۆی دوادەخست، لەبەرئەوە جاشەکەرەکە هەڵات. هێزی دەرەکیش، داوای هیزی پتری دیکەیان کرد، هەرچواردەوری شوێنەکەیان بە دەرەک تەنی و جاشەکەرەکەیان دەسگیرکرد. پاشان بەستیانەوە و بە لۆرییەکی سەربازی، بۆ ناوەندی چاودێری لە ناقورە گواستیانەوە. ئیدی جاشەکەرە چکۆلانەکە، بە ئاخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، بە دڵشکاوەییەوە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، هێزی لەبەربڕابوو، بۆ دەوڵەتی ئیسرایل گیڕایانەوە.

ماکەرەکەی پورم، ڕاستی گفتوگۆکارانی ئیسرایل ئاشکرادەکا، چەن ڕەق و قیرسچمەن، بە ئەندازەیەک پشوودرێژن، بە هەموو شێوەیە رەتیانکردەوە، دەس لە جاشەکەرێ هەڵگرن، کە باوکی کەرێکی ئیسرایلیی و دایکیشی، کەرێکی لوبنانییە. ئیدی ئەو گفتوگۆکارە ئیسرائیلییانە، چۆن چۆک بۆ گفتوگۆکەرانی فلەستینی دادەن، کاتێ گفتوگۆ لەسەر قودس، کەناری ڕۆژاوا، ئاسمانی فلەستین و مەسجد ئەلاقسا دەکەن، کە دەڵێن: ئەوە چیای هەیکەلە؟! چۆن واز لە (60%)ی خاکی کەناری خۆراوا دێنن، کە بەدەیان هەزار خانوویان لێ درووستکردووە، بەسەدان هەزار، ئیسرایلی پەڕگیریان لێ نیشتەجێ کردووە، لە کاتێکدا، دەس لە جاشەکەرێکی چکۆلانە هەڵناگرن؟!) لیرەدا چیرۆکەکە تەواوبوو

پەندی ماکەرەکەی پورم و کێشەی کورد

دەزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێندێ جار، چاو لە ڕاونان، دەربەدەرکردن، ڕەشەکوژیی و ئەنفالکردنی سەر و ماڵی گەلان دەپۆشن، بەڵام لەسەر جاشەکەرێ هەڵدەدەنێ و ڕووداوەکەش، لە دۆسییەکانی خۆیاندا تۆماردەکەن. جا گەر لە ئەو سەردەمەدا، کاربەدەستە ئیسرایلییەکان، وازیان لە جاشەکەرێ نەهێنابێ، دەبێ ئێستە، چۆن واز لە تۆڵەسەندنەوە لە (حەماس) بە تایبەتیی و گەلی فلەستین بەگشتی دێنن؟!

پەندی ئەم چیرۆکە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە: دەوڵەتی ئیسرایل، وازیان لە جاشەکەرێ نەهێنا، لەگەڵ ماکەرەکەی دایکی، لە وڵاتەکەی خۆیاندا پێکەوە بژین، چونکە لەسەر خاکی ئیسرایل لەدایکبووە و باوکی جووبووە. کەچی سەرانی (یەکێتیی) و (پارتیی)، دوای پتر لە (50) ساڵ، خەباتی ڕامیاریی و شۆرشی چەکداری، دوای ئەو هەموو کوشتن و بڕین و خوێنڕشنە، نەک هەر لەسەر کوردستانییەتی ئەو بەشانەی داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق)، لە ماوەی چەندین ساڵدا عەرەباندوونی و لە خاکی (کوردستان) دایبڕیون، پێیان دانەگرت، بەڵکوو بە مادەی (140) قایلبوون، هەرچەندە سەرانی دەسەڵاتدارانی (عێراق)، بڕوایان بە ئەو مادەیەش نییە و بۆ خۆڵکردنە چاوی کوردەوە، لە دەستووردا نووسیویانە!

سەبارەت بەکێشەی نێوچە داگیرکراوەکانی باشووری (کوردستان)یش بە گشتیی و پارێزگەی (کەرکووک) بەتایبەتی، هەر زوو بە وتارێ نووسیومە و ساڵی (2005)یش، لە پەرتووکی (کورد و کێشەی کورکووک)دا بڵاومکردووەتەوە: (گرنگ ئەوەیە، سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتی وازنەهێنن، ڕیفراندەمی لەسەر نەکەن و لەکیس کوردی نەدەن. چونکە ئەوەی لە ماڵی خۆی دڵنیابێ، شێر و خەتی لەسەر ناکا!)

 

سەرچاوە: مشعل السديري، حمارة خالتي (الوطنية(، صحيفة الشرق الأوسط، 21 سبتمبر 2023

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×