دوادیدار، دواوێنە و دواتێلێفۆن ...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-04-15     685

پێشەکی

ڕۆژی (5. 8. 2014) بوو، لە (ڤییەن – نەمسا)، لای هاوڕێم دوکتۆر (کوردۆ عەلی) بووم. تێلێفۆنمان بۆ کاک (شوان) کرد و گوتی: گەر دەتوانی، سەرێکیش لە من بدە. منیش گوتم: بە چاوان. نزیکەی ماوەی ساڵێ بوو، لە یەکدی دابڕابووین، زۆرم بیردەکرد. ئەوەبوو، ڕۆژی (14)ی هەمان مانگ بەڕێکەوتم. لە (ئەمستەردام) کاکە (فایەق)ی کوڕی چاوەڕێیدەکردم و پێکەوە بەرەو (ڕۆتەردام) سواربووین. تا (29)ی هەمان مانگ مامەوە، هەرچەندە (شوان) زۆری پێی ناخۆشبوو، بگەڕێمەوە، بەڵام چارم نەبوو، دەبووایە، هەر بگەڕامایەتەوە، چونکە پشووی سەری ساڵ تەواودەبوو، ڕۆژی (1. 9) دەرگەی زانکۆکان دەکرایەوە و دەبووایە، ئامادەبوومایە.

 

دوادیدار

هەرچەندە هاوڕێکەم، لەسەر کورسی گەڕۆک بوو، بە هیچ شێوەیە توانای هەستانی نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ئیشەکانی نێوماڵی، هەر بەسەر کورسییەکەوە ڕادەپەراند و قایل نەدەبوو، یارمەتیبدەن. سەرنجمدا، لە ماوەی ئەو ساڵەی تووشی ئەو ڕووداوە بووبوو، زۆر گۆڕابوو، هەرچەندە هێندێ جار، زوو هەڵدەچوو، بەڵام ڕووە خۆشەکەی جارانی، دەنگی قاقای پێکەنینەکەی و نوکتەگێڕانەوەکەی، زیادیکردبوو، کەمی نەکردبوو. دەسوپەنجەشی زۆر بە جوانیی، بە ئامادەکردنی خۆراک و خاوێنیی ماڵەکەیەوە دیاربوو.

 

چۆنمان گوزەراند  

ماوەی ئەو چەن ڕۆژەی لای مام (شوان) بووم، کاتێکی زۆر خۆشمان بەسەربرد. زۆربەی ڕۆژ، بەیانیان دەردەچووین، ئەو بە کورسییەکەی و منیش بەپێ، نێو ئەو دارانەی دەوروبەری ماڵەکەی دەگەڕاین. یا بە ترومبیلەکەی، شوێنە خۆشەکانی نێوشاری (ڕۆتەردام) و دەوروبەرەکەی دەگێڕام، وەک کارمەندێکی گەشتوگوزار، بۆی باسدەکردم. شەوانەش پێکەوە دادەنیشتین، مێزی دەڕازاندەوە، بە قسەی خۆش و پێکەنین، یادەوەریی و بەسەرهات، ڕووداوەکانی ساڵانی پێشووی شۆڕش و ژیانی پێشمەرگایەتی ساڵی (1974-1975)مان بەسەردەبرد. ئەو شەوانە هەرچەند لێی ورددەبوومەوە و سەرنجمدەدا، بە ئەو شێوەیە دەمبینی و ناتوانێ، بجوڵێ، یەکسەر ڕۆژانی پێشمەرگایەتیم بیردەکەوتەوە.  

 

چەن یاد و  بیرەوەرییەکی ڕۆژە سەختەکان

بەرەکانی جەنگی چیای (گۆڕەز)

من و (شوان)، ساڵی (1974-1975)، لە بەتالیۆنی (4)ی هێزی (خەبات) پێشمەرگە بووین، ڕەوانشاد (نووری حەمەعەلی) فەرماندەی بەتالیۆنەکەمان بوو. هەرگیز بیرم ناچێ، ئەو کوڕە باڵابەرزە بەخۆ و کوردپەروەرە، تفەنگێکی بڕنەوەی پێ بوو، ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەک بوو. کاتێ لە (کوردستان) بە گشتیی و نێوچەی سەرکردایەتی شۆڕش بە تایبەتی، بە سەختترین شێوە، جەنگ دەسیپێکردەوە، بەتالێۆنەکەمان، یەکەمین بەتالیۆن بوو، بەشداری جەنگی بەرەکانی نێوچەی سەرکردایەتی کرد.

(کاژێری "11"ی شەوی "15. 8. 1974"، بەتالیۆنەکەمان لە (ئازادی)یەوە، بەرەو بەرەکانی جەنگی چیای (گۆڕەز) بەڕێکەوت. ده‌مه‌وبه‌یانی ڕۆژی (16. 8)، هێشتا تاریکولێلبوو، له‌ گوندی (هاودیان) دابه‌زین. گونده‌که‌ له‌ چه‌ن پیره‌مێردێ پتر، که‌سی دیکه‌ی تێدا نه‌مابوو. پێشمه‌رگه‌کان دابه‌زین و یه‌کسه‌ر به‌ره‌و مزگه‌وت ڕۆیشتن. مزگه‌وته‌که‌ دیواری نه‌بوو، کراوه‌بوو، حه‌وزێکی گه‌وره‌ و خاوێنی پڕ له‌ ئاو، له‌ دامێنی مزگه‌وته‌که‌دا هه‌بوو. ئێمە خه‌ریکی ده‌موچاوشتن بووین، له‌پڕ دوو فڕۆکه‌مان لێ په‌یدابوو. گونده‌که‌یان به‌ بۆمبا و شه‌ستیر داگرته‌وه‌. چه‌ن فه‌ڕه‌یه‌‌کیانکرد و پاشان ده‌نگیان نه‌ما. بەڵام که‌س فریای ڕاکردن نه‌که‌وت. له‌ تاواندا هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بوو، خۆی به‌زه‌ویدا دابوو. هێندێکی دیکه‌ش دوای یه‌که‌مین ده‌سڕێژ، ڕایانکرد و دوور له‌ ئاوایی، له‌ په‌نا به‌رده‌کاندا خۆیان شاردبووه‌وه‌.  

ئیدی کاتێ‌ فڕۆکه‌کان ڕۆیشتن، یه‌کسه‌ر هاتینه‌ده‌ره‌وه‌. گوێمان له‌ ناڵه‌ و هاواری پیشمه‌رگه‌ برینداره‌کان بوو. به‌په‌له‌ به‌ده‌نگ هاواری برینداره‌کانه‌وه‌ چووین و برینپێچه‌کانیش، برینه‌کانیان تیمارکردن. ته‌رمی شه‌هیده‌کانیشمان کۆکرده‌وه‌. هێشتا پێشمه‌رگه‌، ته‌قه‌ی نه‌کردبوو، (7) بریندار و (3) شه‌هیدمان هه‌بوو. له‌نێو برینداره‌کاندا، (شوان)ی هاوڕێمی تێدابوو، فیشه‌کێ به‌ر ڕانی که‌وتبوو. که‌ چوومه‌ سه‌ری، یه‌کسه‌ر گوتی: جگه‌ره‌یه‌کم بۆ داگیرسێنه‌. منیش ماچمکرد و گوتم: به‌ هه‌رزان ڕزگارتبوو!)*

برینەکەی سەختبوو، لە جووڵەی خستبوو. ئیدی بریندارەکانمان بە ترومبیلەکان، ڕەوانەی سەرکردایەتی کرد و دوای (3) مانگ، لە بارەگەی هێز لە (پێنجوێن)، کاکە (شوان)م بینییەوە، هێشتا کەمێ دەشەلی.

 

داڵدەدان

(ئازاد مستەفا) و (فه‌رهاد عەبدولقادر)، ڕۆژی (4. 5. 1977) ‌گیرابوون. ئەو کاتەی ئەوان گیران، من لە زانکۆی (سولەیمانی) مامۆستا بووم. ملازم (مەنسوور)یش بۆ (ناسریە) دوورخرابووەوە، به‌ ڕێککه‌وت‌ بە سەردان هاتبووه‌وه‌. هه‌ر زوو ئاگادارمکرد.   

له‌ ئه‌و ماوه‌یه‌دا، تا چاره‌نووسی ئەو دوو هاوبیرە ده‌رکه‌وت، شه‌و له‌ ماڵی خۆمان نه‌ده‌نووستین. چونکە ئێمە پتر له‌ ئه‌وه‌ ده‌ترساین، یه‌کێکیان به‌رگه‌نه‌گڕێ، له‌به‌ر لێدان و له‌تاو ئازاردان، خۆی بۆ ڕانه‌گیرێ، ناوی ئێمه‌ بڵێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی (به‌عس)، بە شەو بمانگرن. لەبەرئەوە بە کاکە (شوان)م گوت: ئەم شەو من و ملازم (مەنسوور)، لای تۆ دەبین. ئەویش زۆر بە گەرمیی، پێشوازی لێ کردین. بۆ بەیانی ڕۆیشتین و دووەمین شەویش، هەر لە ئەوێ بووین. ئیدی ڕەوشەکە ئارامبووەوە. *   

 

کانیسارد

ڕۆژێکی خۆره‌تاوی خۆشی، سه‌ره‌تای مانگی (8)ی ساڵی (1978) بوو، ملازم (مه‌نسوور) هات بۆ لام و گوتی: کاک (جه‌لالی حاجی حوسێن)، پیاوێکی به‌ دواماندا ناردووه‌ و له‌ (کانیسارد) چاوه‌ڕێمانده‌کا، به‌ڵکوو ترومبیلێ په‌یداکه‌ی و سه‌رێکی لێ بده‌ین.

ئه‌وه‌م بۆ کاکە (شوان)ی هاوڕێم باسکرد و داوام لێ کرد، یارمه‌تیمانبدا و به‌ ترومبیله‌که‌ی خۆی بمانگه‌یه‌نێ. چونکه‌ بڕوام به‌ که‌سی دیکه‌ نه‌بوو، ئه‌و داواکارییه‌ پڕ مه‌ترسییه‌ی لێ بکه‌م. هه‌رسێکمان لەگەڵ ته‌ته‌ره‌کەدا که‌وتینه‌ڕێ. کاتێ له‌ ڕێی گوندی (سیته‌ک)ه‌وه‌، به‌ره‌وخواربووینه‌وه‌، له‌پڕ ترومبیله‌که‌مان وه‌ستا، کاتێکی زۆری ویست، تا مامە (شوان) چاره‌سه‌ریکرد.

له‌ (کانیسارد)، له‌ ماڵی ڕەوانشاد (شەریف کانیساردیی)، چاومان به‌ کاک (جه‌لال) که‌وت. ئه‌وه‌ته‌ی ڕۆیشتبوو، ئه‌وه‌ یه‌که‌مین جاربوو، چاومان پێی بکه‌وێ. پاشان ئێمە سێقۆڵی ماینەوە، به‌دوورودرێژی، باسی هه‌موو به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌کانی شۆڕشی بۆ کردین. دەمەتەقێیەکی زۆرمان کرد و ده‌مه‌وئێوارەش،‌ له‌ یه‌کدی جیابووینه‌وه، له ‌ڕێی (دووکانیان)ەوە گه‌راینه‌وه‌.*

 

پیتاک 

مانگی (2)ی ساڵی (1981) بڕیارماندا، لەنێو دۆست و خزمەکانماندا، پیتاک بۆ (پاسۆک) کۆکەینەوە. لەنێو ئەو کوردپەروەرانەدا، (" شوان"ی هاوڕێم، یەکێ لە ئەو کەسانە بوو، نامەم بۆ برد، لە هەموو کەسێ زیاتر و 200 دیناری ئەو سەردەمەی دا.) *

ئەوە ئەو کوڕە کوردە مەردە بوو، لەنێو بنەماڵەیەکی ناسراوی دەوڵەمەندی شارەکەماندا گەورەبووبوو، بە مەرجێ دایکی خاتوو (سەعدیە)، کوردیش نەبوو، خەڵکی (موسڵ) بوو، ئینجا ئامادەش بوو، لەپێناوی نیشتمانەکەیدا، گیانبازی لەگەل مەرگدا بکا!

سەیر ئەوەیە، هێندێ کەس بە خاتوو (سعدیە)یان گوتبوو: تو عەرەبی. ئەویش گوتبووی: من (4) مناڵم بۆ کورد بەخێوکردووە! ئاخر ڕاستی فەرمووە، چونکە دوو کوڕەکەی، ساڵی (1974-1975) پێشمەرگە بوون. کاتێ (شوان) برینداربوو، هەر زوو هات بۆ (پێنجوێن) و سەری لێدا. هەروەها جگەرگۆشەکەی دیکەشی (مەزن)، لە (چۆمان) پێشمەرگە بوو، سەری لە ئەویش دا.

 

دواوێنە

ڕۆژی (26. 8. 2014)، چووین بۆ (ئەمستەردام) و لە کەناری زەریاچەیەک، لە کافێیەک دانیشتین و وێنەیەکمان بۆ یادگار گرت. ئاخر من نەمدەزانی، لەگەڵ ئەو هاوڕێ خۆشەویستەی، ماوەی پتر لە نیوسەدە پێکەوەبووین، ئەوە دوادیدار و دواوێنە دەبێ. تەنانەت خوشکە گەورەکەی خاتوو (جوان)، چونکە دەیزانی، ئێمە چۆن هاوڕێیەکین و یەکدیمان چەند خۆشدەوێ، لە کۆمێنتێکدا لە فەیسبووک، بۆ (شوان)ی نووسیبوو: (چاوت ڕوون لەگەڵ شێخ حسين دانيشتوويت.)

 

دواتێلێفۆن

کەم کات هەبوو، لە ماوەی ئەو هەشت ساڵە (2014-2022)، هەفتانە چەن جارێ بە تێلێفۆن قسەنەکەین. بەڵام ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەو (3) تێلێفۆنەی کۆتایی ژیانی بوو.

یەکەم: بە بۆنەی سەری ساڵەوە، شەوی (31. 12. 2021)، هەر زوو تێلێفۆنی بۆ کردم و گوتی: جارێ لە ماڵەوە بە تەنیام. بەڵام بڕیارە میوانم بێ، حەزمکرد، یەکەمین کەس قسە لەگەڵ تۆ بکەم. ئیدی هێندێ قسەمانکرد و جێژنەپیرۆزەمان لە یەکدی کرد.

سەیر ئەوەبوو، هێشتا لەسەر ئەو هەموو نەخۆشیی و دوورە وڵاتییە، کەچی ئەو دڵخۆشیی منی دەدایەوە، کە لای چەپم بە ڕووداوی هاتووچۆی سەرلەئێوارەی ڕۆژی (7. 12. 2021) وێرانبووبوو، لە ماڵەوە کەوتبووم!

دووەم: دوای سەری ساڵ، تێلێفۆنێکم بۆ کرد و گوتی: هەموومان تووشی نەخۆشی (کۆرۆنا) بووین. زۆرم پێ ناخۆشبوو. کاتێ نەخۆشییەکەشی زۆری بۆ هێنابوو، هەموو ڕۆژێ تێلم بۆ دەکرد. من دڵخۆشیم دەدایەوە و پێم گوت: دوێنێ لە ئینتەرنێتدا خوێندمەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا، (3) میلیۆن کەس لە جیهاندا، تووشی (کۆرۆنا) بوون، بەڵام زۆر مەترسی نییە.

گوتی: ناوی (شوان عوسمان فایەق)ی تێدا بوو؟! گوتم: کوڕی باش پێمان ڕادەبوێری؟! گوتی: ئاخر بۆیە دەپرسم، گەر ناوی منی تێدا نەبێ، درۆیە! پاشان ڕۆژی (7. 2. 2022)، بۆ چارەسەرکردنی دەست و قاچم، سەردانی (سوید)م کرد. بەڵام تێلێفۆنی نیوانمان هەر نەبڕا و بگرە، زۆر زیادیشیکرد.

سێیەم: ماوەی دوو سێ ڕۆژ، دەنگی نەبوو. ئاخر من نەمزانیبوو، لە دوا ساتەکاندا، ڕەوشی تەندرووستیی زۆر خراپبووە و لە نەخۆشخانە کەوتووە. بۆیە تێلێفۆنێکم بۆ کرد، وەڵامیدامەوە، بەڵام دەنگی زۆر گۆڕابوو، بە ئاسانیی قسەی بۆ نەدەکرا. دیاربوو، باری تەندرووستیی خراپتربووبوو. ئیدی کەمێ قسەی کرد و گوتی: (شێخە گیان) ناتوانم، قسەبکەم، خوات لەگەڵ.

دوای دوو ڕۆژی دیکەش، زەنگێکم بۆ لێدایەوە، تەنیا هەر هێندەی گوت: ببوورە ناتوانم، قسەبکەم. ئیدی گوێم لە دەنگی نەما. لە تاواندا تێلێفۆنم بۆ (فەیەق)ی کوڕە گەورەکەی کرد، ئەویش گوتی: لە نەخۆشخانە کەوتووە و باری تەندرووستیی زۆر خراپە. ئیدی خەمێکی گەورە دایگرتم، لە تاواندا نەمدەزانی، چی بکەم. تا سەرلەئێوارەی ڕۆژی (10. 3. 2022)، هاوڕێم کاک (سەرکۆ شەوقی) تێلێفۆنی بۆ کردم، لەبەر گریان قسەی بۆ نەدەکرا. منیش یەکسەر تێگەیشتم و گوتم: چییە؟ کاک (شوان) مردووە؟! گوتی: بەڵێ، (10) خولەک لەمەوبەر، کوڕەکەم تێلێفۆنی بۆ کردم و ئەو هەواڵەی پێ ڕاگەیاندم!   

 

پوختەی ژیان

کاکە (شوان)، لە باوکێکی کورد (عوسمان فایەق مستەفا 1902-1976) و دایکێکی عەرەب (سەعدیە ئەمین سەلیم 1919-2001) لەدایکبووە. باوکی  لە شاری (موسڵ) ئەندازیار و لێپرسراوی موهەندیسخانە بوو. لەگەل خاتوو (سەعدیە) خێزانیان پێکهێنابوو. (2) کوڕ و (2) کچیان بووە. (مەزن 1949-2008) و (شوان 1951-2022)، دوو کچ (جوان) و (گیان)، هەموویان لە (موسڵ) لەدایکبوون. پاشان ساڵی (1971)، بە یەکجاری گەڕاونەوەتەوە بۆ شاری (سولەیمانیی) و لە گەڕەکی (عەقاری) نیشتەجێبوون.

کاکە (شوان)، لە بنەماڵەیەکی گەورەی کوردپەروەری شاری (سولەیمانی) بوو. هەردوو کەسایەتی ناسراوی کورد (ماجد مستەفا مەحموود 1896 -1974) برا و (فوواد عارف مەحموود بەرزنجی 1913- 2010)یش خوشکەزای باوکی بوون. لە هەردوو سەردەمی پاشایەتیی و کۆماریی دەوڵەتی (عێراق)دا، چەندین جار پۆستی گەورەیان وەرگرتووە. (مام جەلال) لە گفتوگۆکەی ساڵی (1963)دا، هات بۆ (سولەیمانیی) و لە ماڵی ئەوان دابەزی.

کاکە (شوان)، ماوەیەکی زۆر، بە کاری بەڵێندەرییەوە خەریکبووە. ساڵی (1980)، لەگەڵ خاتوو (سەیران کەریم عەبدوڵڵا) زەماوەندیکردووە، دوو کوڕ (فایەق، سەرۆک) و کچێکیشیان (شاناز) بووە. پاییزی ساڵی (2013)، لە ماڵەوە کەوت و ئێسکی ڕانی شکا. ماوەیە لە (سولەیمانیی) مایەوە، چاک نەبووەوە. لەبەرئەوە ناچاربوو، بۆ (هوڵەند) بگەڕێتەوە و چارەسەری خۆی بکا. بەڵام بە داخەوە، کەڵکی نەبوو. لەبەرئەوە تا لە ژیاندا بوو، لەسەر کورسی گەڕۆک بوو.

کاکە (شوان)، ڕۆژی (22. 9. 1951) لەدایکبووە و نزیکەی (71) ساڵ ژیاوە. ڕۆژی (10. 3. 2022)، لە شاری (ڕۆتەردام – هۆڵەند) بە نەخۆشیی کۆچیدواییکردووە. کاژێری یەکی دوانێوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەی (14. 3. 2022). لە گۆڕستانێکی هەمان شار و نزیک ماڵی خۆیان، بە خاک سپێرراوە.

 

ماڵاوا ...

لە ئەو نووسینانەی لە لاپەڕەکانی فەیسبووکدا بڵاوکرابوونەوە، منیش ئەم چەن دێڕەم، بۆ مەرگی ئەو هاوڕێ خۆشەویستەم نووسی. لێرەدا و لە کۆتایی ئەم یادەدا، دووبارە بڵاویدەکەمەوە:

لە ئاستی ئەو کۆچە ناوادەیەدا، نازانم، بە چ شێوەیە، دەردی دڵی خۆم دەربڕم ... چونکە ڕەشەبای مەرگ، لە ناکاو هەڵیکرد، گەڵای درەختی ژیانی برا و هاوڕێ، هاوبیر و کوردپەروەرێکی دڵسۆزی هەڵوەراندم.

 سەدان ئاخ و هەزاران داخ، ماوەی (7) ساڵ دەبێ، پێش ئەوەی بە تەواویی چاوی لێکبنێ، لە نزیکەوە بە دیداری شادنەبوومەوە!

سەدان ئاخ و هەزاران داخ، بۆ هەموو ئەو یادگارە تاڵ و شیرینانەی، ژیانی پتر لە (50) ساڵەی هاوڕێیەتی نێوانمان!

سەدان ئاخ و هەزاران داخ، پتر لە (50) ساڵ برا و هاوڕێ بووین، کەچی ئەوەش دوادیدار، دواوێنە و دواتێلێفۆن بوو!

ئاخر ڕاستیان فەرمووە: ئێمە هەموو لەسەر ڕووی ئەم زەویە میوانین و تا دەمرین، نازانین، چیمان بەسەردێ!

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی بێ، یاد و یادگارەکانی هەر زیندووبن، جێگەی بەهەشتی بەرین بێ!

تێبینی: ئەو باسانەی لە (چەن یاد و  بیرەوەرییەکی ڕۆژە سەختەکان)دا باسمکردووە، لە ئەم سەرچاوەیەوە وەرگیراون: دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم، یاد و بیرەوەریی، بەرگی 2، چاپخانەی کارۆ، سولەیمانی، 2018، لاپەڕەکانی (148-149،  280-281، 292-294، 349)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×