یەک تۆو و دوو چاڵ!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-04-20     1422

(پارتیی) و (یەکێتیی)، لە یەک تۆو درووست نەبوون، بۆیە لە یەک چاڵی، بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورددا ناڕوێن، بەڵکوو دوو تۆوی جیاوازن و لە دوو چاڵی جیاوازی بەرژەوەندیی تەسکی تایبەتیی، دوو بنەماڵەی جیاوازدا ڕواون!!

داگیرکەران خاکی نیشتمانەکەمانیان، لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە، ئەو دوو بنەماڵەیەش، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردیان، لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە!

لە باشووری (کوردستان)، لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا، شتێ نییە، ناوی بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمان و بزووتنەوەی کوردایەتی بێ، بەڵکوو ئەوەی هەیە و نییە، شەڕی دەسەڵات و پارەیە، ئەمەش بە کۆنەقین دەکرێ. بۆیە بە هیچ جۆرێ، لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندیی باڵای گەلەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد ناڕوانن!

لەبەرئەوە، ئەو دوو بنەماڵە گەورەیە، بەگوێرەی بەرژەوەندیی تەسکی پارتایەتیی و بنەماڵەکانی خۆیان، یاری بە چارەنووسی ئەم نەتەوە بندەسە چەوساوەیە دەکەن. کلکیان بە دەزگە سیخووڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)ەوە گرێداوە، هەر جارەی بەپێی بارودۆخەکە و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، وەک یاریی دووگۆڵیی، بە نۆرە سەردەگۆڕنەوە!

سەرکردایەتی هەردوو باڵی (جەلایی) و (مەلایی)، وەک کۆمەڵێ بووکەڵەی سەر شانۆ وان، سەرەداوەکانیان لە نهۆمی سەرەوەی شانۆکە، بە دەس ئەکتەرەکانی سەرانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران)ەوەیە، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان و ڕووداوەکان دەیانجووڵێنن، هەڵیاندەسووڕینن، گەمەیانپێدەکەن، هەڵیاندەپەڕینن و بەگژ یەکدیاندا دەکەن!

ئاخر ئەم دوو بەڵایە، کوردایەتی لە دژایەتیکردن و قڕکردنی یەکدیدا دەبینن. بۆیە ئەوڕش خەریکە، بە پشتیووانیی سەرانی هەردوو دەوڵەت (توورکیا) و (ئێران)، جەنگێکی خوێناویی دیکەی ناپاکانە هەڵدەگیرسێنن، بۆئەوەی لایەکیان لووتی ئەوی دیکەیان بشکێنێ و بیبەزێنێ!

بە ڕاستی ئەم هەڵسوکەوت و کارە قێزەونانەیەی سەرکردایەتی ئەو دوو بنەماڵە گەورەیە، لە تامیان دەرکردووە و لە هەموو دابونەریتێکی نەتەوەیی، ڕامیاریی، یاسایی، کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی لایانداوە، بە تەواویی سنووری ڕەوشت و پێوەندیی کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییان بەزاندووە! گەر کاریش تا سەر بە ئەو شێوەیە بڕوا، دەبێ، (فاتیحە) بۆ ئەم ئەزموونەی گەلی باشووری (کوردستان) بخوێنین. ئەمەش ئامانجی هەرە بەرز و خەونی گەورەی ستراتیژیی، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) نەبێ، هیچی دیکە نییە!

لە کۆتاییشدا دەڵێم: هەق وایە، کوردە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە سەربەخۆکان، ڕێزی خۆیان بگرن، بڕوا بە هیچ جۆرە پڕوپاگەندەیەکی ئەو دوو پارتە نەکەن، زوڕنا بۆ هیچ لایەکیان لێ نەدەن، با تەنیا هەر دەسندەخۆر و هەلپەرستەکانی خۆیان، ئەندامەکانی خوارەوە بە گشتیی، ئەوانەی تازە سەریان لە هێلکە جوقاوە و بە ناوی سەرکردایەتیی پارتەکانەوە قسەدەکەن، دەروێش ئاسا، لە هەموو کاسەیەکدا ئەسکوێن، لە ئەندامانی سەرکردایەتییەکانیان دەمگەرمتر و خراپترن، زوڕنایان بۆ لێدەن و ئاگرەکە خۆشکەن. چونکە تەنیا هەر ئەوان، لە زەلکاوی هەلپەرستیی، گێرەشێوێنیی، ناکۆکیی و دووبەرەکیدا، مەلەوانێکی وریا و شارەزا و لێهاتوون، زۆر بە باشیش، کەڵک لە جەنگی نێوخۆی، نێوان دوو بنەماڵە زلهێزەکە وەردەگرن!

پێم وایە، گەر چارەسەڕێکی بنەڕەتیی، بۆ ئەم گرفتە گەورەیە نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئەو هەموو قوربانیی و دەسکەوتە مەزنانەی، لە ماوەی ئەم (50-60) ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە باشووری (کوردستان) بەدەسیانهێناوە، وەک بڵقی سەر ئاوی لێ دێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×