ئاییندەی (کوردستان) و سەرکردەی پارتەکان

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-12-14     168

بەشی سێیەم

ئەز پێم وایە، گەر ئەم ڕەوشە پڕ مەترسیی و خراپە، تا سەر بەردەوامبێ، نەک هەر کورد، بە هیچ نابێ و ئەزموونەکەشی لەدەسدەچێ، بەڵکوو داگیرکەران زۆر هەوڵدەدەن، باشووری (کوردستان)یش، لەسەر نەخشەی (عێراق) بسڕنەوە. چونکە ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەی (توورکیا) و (ئێران)، جگە لە ئەوەی، چاویان لە سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی وڵاتەکەمان بڕیوە، بە مەترسیی و لەمپەرێکی گەورەی بەردەمى، ئامانجە شۆڤێنیی و بەرژەوەندییەکانی خۆشیانی دەزانن.

ئاخر ناهەقیان نییە، وەک دوو دەوڵەتی داگیرکەر، بە ئەو شێوەیە بیربکەنەوە، چونکە گەلی کورد لە باشووردا، ئەوەتەی خاکەکەی داگیرکراوە و بە دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)ەوە لکێنراوە، چەندین شۆڕشی چەکداریی و ڕاپەڕینی جەماوەری بەرپاکردووە، بەدەیان ڕێکخراوی ڕامیاری، کۆمەڵایەتیی و وێژەیی دامەزراندووە، بەشێوەیەکی بەردەوامیش، داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە و تا ئەوڕۆش، هەر لەسەر داوا ڕەواکانی سوورە. بەڵام تا گەلی کورد، ڕیزەکانی خۆی ڕێک نەخا، لەنێوخۆدا یەکگرتوو و تەبا نەبێ، سەرکردایەتییەکی نیشتمانپەروەری دڵسۆزی نەبێ، لەپێناوی ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەماندا، خەبات نەکا، ئەوا نەک هەر بە هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی و ڕامیاری خۆمان شادنابین، بەڵکوو ئەوەی لە ماوەی تێکۆشانی ئەم (100) ساڵەشدا بەدیهاتووە، لەدەسیدەدەین، ئیدی زۆر کارێکی سەخت و ئاڵۆزە، جارێکی دیکە بتوانین، لە ماوەیەکی کەمدا، سەرپێی خۆمان بکەوینەوە.

پێم وایە، دەردی ئەم بندەسيی و ماڵواێرانییەش، بە پلەی سەرەکی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نەتەوەی کورد، لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی نەتەوەیی خۆیدا، خاوەنی سەرکردە و سەرکردایەتییەکی بلیمەت، کارامە، خاوەن ئەزموون و دڵسۆز نەبووە و نییە. لەبەرئەوە، لە ماوەی ئەم (100) ساڵەی ڕابووردوودا، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری بەرپابووە، هەر هەموویان تێکشکاون و لە گۆمی خوێندا نقومبوون. بۆیە بە هیچ نەبووین و تا ئەم بارەنالەبار و ڕەوشە خراپەش، بەردەوامبێ و ڕاست نەکرێتەوە، هەرگیز هیچ بە هیچ ناکەین!

 

تێبینی:

دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەم وتارەم بڵاوکردەوە، وا خەریکە پێشبینییەکەم بەدیدێ. لەبەرئەوەی ئێستە لە هەموو کاتێ پتر، ئەو مەترسییە گەورەیە هەیە، چونکە (توورکیا) و (ئێران) بە پشتیوانی (رووسیا)، خەریکی ئەم پیلانە گەورەیەن. جا با هەردوو سەرکردایەتی (پارتی) و (یەکێتی)، هەر خەریکی دژایەتیکردنی یەکدی بن، لە کورد زیاتر، کێ زیانی لێ دەکا؟!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×