دیدی (مادلین ئۆڵبرایت)، سەبارەت بە ئەزموونەکەی باشووری (کوردستان)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2023-10-01     354

دەقی نووسراوەکە {لە ئەو کاتەوە، وێنەیەک هەردوو سەرکردەی کوردی، بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیپلۆماسی ئەمێریکا (ئۆڵبرایت)، لە کۆشکی سپی کۆکردەوە، ماوەی چارەکە سەدەیەکی تەواودەبێ. ماوەی چارەکە سەدەیەک، بەسەر (ڕێککەوتننامەی کوردی)دا تێپەڕبوو. بەڵام تا ئێستە، ناکۆییەکە هەر ئەوەیە، کە هەبوو: جیاوازی پارت لەگەڵ پارت، هۆز لەگەڵ هۆز، بنەماڵە لەگەڵ بنەماڵە، سەرۆک لەگەڵ سەرۆک، پارە لەگەڵ پارە، کورسی لەگەڵ کورسی.

دوای چارەکە سەدەیەک لە دامەزراندنی (کوردستان)، تا ئیستەش کورد هەر ئەوەن، کە هەبوون: هۆزی پارتی شەڕکەر: هەموو دژی هەمووانن. هەمووانیش دەیانەوێ، هەمووان لەنێوبەرن. کوردستانی عێراق، وەک پڕۆژەی دەوڵەت دەسیپێکرد، بەڵام لەبەر (3) هۆ، بە پڕۆژەیەکی دەوڵەتۆچکە یا هەرێمێکی بڕواپێنەکراو کۆتاییدێ.

1. بێبڕوایی. لەلایەکەوە کورد بڕوایان بە خۆیان نەماوە، لەلایەکی دیکەشەوە، بڕوایان بە یەکدی نییە. تەنانەت چیاکانیش وەک دۆستی کورد وابوون، ئێستە وا نەماون.

جگە لە ئەوەی، جیهانیش بڕوایان بە کورد و پڕۆژە ڕزگاریخوازانەکەی نەماوە. لەبەر هێندی هۆ، کە لە بواری چوونە نێو جیهانەوە، لە دەروازەی دێمۆکراسیی و سێکوچکە گرنگەکەی (ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانیی) و یاساکانی مافی مرۆڤەوە، پێوەندی بە  (کوردستان)ەوە هەیە، سەرکەوتوو نەبووە و فەشەلیکردووە. 

2. کێشەی کورد، وەک کێشەی گەلێکی زۆرلێکراو، لە ڕێباز و ڕێڕەڕەوەکەی خۆی لایداوە. بەشێوەیەکی زۆر خراپ، کەوتووەتە داوی دیکتاتۆری پارتایەتی، تیرەگەرێتی، خێزان و دەسبەسەراگرتنی دەسەڵات و سامانی (کوردستان). لەسەر (کوردستان) ناکۆکیی نییە، بەڵکوو ناکۆکی یا هەموو ناکۆکییەکە، لەسەر ئەوەیە، کێ وەک کێڵگەیەک، یا باخچەیەکی دواوەی پارتەکە، یا هۆزەکە و خیزانەکە، فەرمانرەواییدەکا.

3. کورد کەوتووەتە نێو تەڵەیەکی ململانێی ئایینی/ تایەفەگەرێتی هەرێمایەتییەوە: (سوونە بە سەرکردایەتی توورکیا و سعوودیە. شیعەش بە سەرکردایەتی ئێران)، بە مەرجێ جگە لە زیان، کورد هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی لە ئەو جۆرە ململانێیەدا نییە.

کورد لەسەر هەردوو لای سنوور: (لە هەردوو  دەسەڵاتەکەوە: دەسەڵاتی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتی خواروو و ڕۆژاوای سووریا)، بەسەر هەردوو لایەنی ململانێ هەرێمایەتییەکەدا دابەشبوون، ململانێ کۆنە نوێکە، کە مێژووە خوێناوییەکەی، بۆ پتر لە (14) سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە: کوردە سوونەکان لەگەڵ توورکیا، دژی کوردە شیعەکانن. کوردە شیعەکان لەگەڵ ئێران، دژی کوردە سوونەکانن. ئەمەش تەنیا هەر یەک ئەنجامی هەیە: کورد زیان بە کورد دەگەیەنێ. (کوردستان) زیان لە (کوردستان) دەدا. کورد نەتەوەیەکن، بیرەوەرییان نییە.}

پوختەیەکی ژیانی (مادلین  ئۆڵبرایت)

 (مادلین جانا کۆربال ئۆڵبرایت -Madeleine Jana Korbel Albright )، بە بنەچە هاونیشتمانییەکی (چیکۆسلۆفاكیا)ی کۆنە و ڕۆژی (15. 5. 1937)، لە (پراگ) لەدایکبووە. ساڵی (1948) ڕووی لە (ئەمێریکا) کردووە و مافی پەنابەری وەرگرتووە. ڕۆژی (23. 3. 2022)، لە تەمەنی (85) ساڵیدا، کۆچیدواییکرووە. لەنێو دەزگە دیپلۆماسییەکاندا، بە خانمێکی ئارامکەرەوە ناسرابوو. ئەم خانمە زیت و وریایە، گەلێ پۆستی گرنگی وەرگرتووە و کاری چاکی کردووە، بۆ نموونە:  

ساڵی (1993-1996) ماوەی سێ ساڵ، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵوێزی ئەمیریکا بوو. ساڵی (1997-2001) شالیاری دەرەوە بوو، لە مێژووی ئەمریکاشدا، یەکەمین خانم بوو، ئەو پۆسته وەرگرێ. ڕۆژی (17. 9. 1998)، لەنێوان هەردوو سەرکردەی (پارتیی– مەسعوود بارزانی) و (یەکێتیی– جەلال تالەبانی)، سەرپەرشتی ڕێککەوتننامەی کورد – کوردی کردووە، ئاشتیکردوونەتەوە و کۆتایی بە جەنگی نێوخۆ هێناوە. دڵسۆزێکی نەتەوەی کورد بوو، هەروەها بە ئەندازیاری یەکەمین قەوارەی هەرێمی باشووری (کوردستان)یش دادەنرێ. ساڵی (2012)ٍ سەرۆکی ئەمریکا (بیل کلینتن)، مەدالیای ئازاديی پێ بەخشيوە.  

 

تێبینی: ئەم وتارە، بە زمانی عەرەبی نووسراوە، هاوڕێم دوکتۆر (ساڵح مەجید)، ڕۆژی (25. 8. 2023) بۆی ناردووم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×