دەوڵەتی فیدراڵ و كێشەی نەتەوەیی

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-09-23     422

بیروباوەڕی فیدراڵیزم، دوای (یاسای پارێزگەکان، ناناوەندێتی بەڕێوەبەرێتی نێوخۆێی و ئۆتۆنۆمی نێوخۆیی)، بە چوارەمین جۆری مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان دەژمێررێ. پاشان (ئۆتۆنۆمی نێودەوڵەتی، کۆنفیدراڵیی و دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆنال) دێ.
کەواتە سیستەمی فیدراڵ، وەک یەکێ لە مافەکانی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، وەک سیستەمێکی فەرمانڕەوایی دەتوانێ، چەن گەلێکی جیاواز، لە سنووری چوارچێوەی یەک دەوڵەتی فرە نەتەوە و نیشتماندا کۆکاتەوە. هەر گەلێکیش لە سنووری دیاریکراوی هەرێمەکەی خۆیدا، بە سەربەخۆیی فەرمانڕەوایی خۆی بکا و بە ئازادیی بژی، گەر نەتەوەی باڵادەس، باوەڕێکی تەواوی، بە سەرەتاکانی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، ئازادیی و مافی مرۆ هەبێ، دانیش بە مافی چارەنووسی گەلەکاندا بنێ!
بیروباوەڕی فیدرالیزم، بیروباوەڕێکی گەلێ کۆنە، لە پێش زایینەوە پەیدابووە و تا ئەوڕۆش، لە هێندێ وڵاتانی جیهاندا، بە شێوە و نێوەڕۆکی جیاواز، کاری پێ دەکرێ و بە شێوەیەکی بەردەوامیش، لە گۆڕان دایە.
یەکێ لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، لە (یەکێتیی) و (سەربەخۆیی) پێکهاتووە. واتە لەلایەکەوە، هەرێمە فیدراڵەکان هەموویان پێکەوە بەسراون و لە یەکدی جیانابنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، هەر هەرێمێ سەربەخۆیی نێوخۆیی تایبەتی خۆی هەیە.
لە دەزگە ناسراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، چ لەسەر ئاستی میریی هەرێمەکان و چ لەسەر ئاستی دەوڵەتی فیدراڵ بێ، لە (3) دەسەڵاتی جیاوازی سەرەکیی (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادگەریی) پێکدێن. ئەوڕۆش گەلێ دەوڵەت هەن، سیستەمی فیدراڵ پێڕەودەکەن، وەک (ئەمێریکا، کەنەدە، سویسرە، ئەڵمانیا، ئەرژەنتین، مەکسیک، ڤنزەوێلا، نێجیریا، هێندستان، یەکێتی میرنشینەکانی عەرەب ...)
لە ڕاستیدا، دیاریکردنی ئەرک، دەسەڵات و تەرخانی تایبەتی، هەر یەکێ لە میریی هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدراڵ، بە یەکێ لە هەرە گرفتە سەرەکییەکانی سیستێمی فیدراڵ دادەنرێ. چونکە گرفتە گەورەکە لە ئەوە دایە، تا چەن دەزگەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، خۆیان بە دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانی فیدراڵەوە دەبەستنەوە و پێوەی پابەندەبن، لێی لانادەن و پاشگەزنابنەوە! چونکە هێندێ جار، هێندێ لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی فیدراڵ، لەژێر پەردەی بەرژەوەندیی گشتیی، پاراستنی یەکێتیی قەوارەی دەوڵەت، چەسپاندنی ئاشتیی و ئاساییشدا، بیروباوەڕی تەسکی نەتەوەیی شۆڤێنیستانە و ڕەگەزپەرستانەی خۆیان، بەسەر یەکێ لە گەلانی هەرێمی نێو کۆمارە فیدراڵەکەدا تێدەپەڕێنن، بێ ئەوەی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی ڕاست و ڕەوایان هەبێ، دەس لە کاروباری نێوخۆی هەرێمە فیدراڵەکان وەردەدەن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا، لە دەسەڵاتی هەرێمە فیدراڵەکان کەمدەکاتەوە. لەبەرئەوە هەڕەشەیەکی گەورە، لە چارەنووسی گەلانی نێو دەوڵەتەکە و ئاییندەی میریی هەرێمەکان دەکا. بۆ نموونە: کۆمارە فیدراڵەکانی (یەکێتی سۆڤێت، چیکۆسلۆڤاکیا، یۆگۆسلاڤیا، سۆدان، سپان ...)، جۆری پێوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی فیدراڵ و هەرێمەکان، لە ئاستی پێویستدا نەبوون، بۆیە هەر هەموویان هەرەسیانهێنا!
ساڵی (1996)، لە چاپی یەکەمی پەرتووکی (فیدراڵیزم و دەوڵەتی فیدراڵ)دا، بە درێژیی باسی (جۆری پێوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی فیدراڵ و میریی هەرێمەکان)م کردووە. لێرەدا هێندەی پێوەندیی، بە ئەم باسەوە هەبێ، هێندێ کۆپلەی لێ وەردەگرم.
(هەر هەرێمێ، لە سنووری دەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی خۆیدا، بە هاوکاریی لەگەڵ میریی فیدراڵدا، کارەکانی خۆیان ڕادەپەڕێنن. پێکەوە هاوکاریی لە درووستکردنی بەڕێوەبەرێتی باڵای دەوڵەتی فیدراڵدا دەکەن. لەنێو پەرلەمانی فیدراڵدا، هەموو یاساکان دادەنێن، بڕیارە نێوەندییەکان دەردەکەن. ئەم کارەش لەلایەکەوە، لە ڕێی بەشداربوونی نوێنەری گەلانی هەرێمەکانەوە، لە دەزگە جۆربەجۆرەکانی دەوڵەتی فیدراڵدا دێتەکایەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای هەرێمەکانەوە جێبەجێدەکرێ. بە مەرجێ ژمارەی نوێنەری میریی هەرێمەکان، لە ئەنجوومەنی باڵادا چوونیەکبن، تا وەک یەک دەنگیان هەبێ.) *
سەبارەت بە گۆڕانکاریی لە دەستووردا نووسیومە: (هەر گۆڕانێ لە دەستووری دەوڵەتی فیدراڵدا بکرێ، دەبێ، میریی هەرێمەکان لەڕێی نوێنەرەکانیانەوە، بەشداریی تێدا بکەن و ڕەزامەندیی پەرلەمانی هەرێمەکان وەرگرن، تا ئەو گۆڕانکارییانە، بە تەنیا لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی نێوەندا نەبێ و بە ئارەزووی خۆیان، دەسکاری سیستێمی یاسایی، قەوارەی ڕامیاریی و ڕووبەری جوگرافیای میریی هەرێمەکان نەکەن.) * 
بەڵام پەرلەمانی (عێراق)، دەسکاری بودجەی ساڵانەی هەرێمی (کوردستان)ی کرد و کەمیکردەوە، بێ ئەوەی شیعە عەرەبەکان، گوێ لە نوێنەرانی کورد بگرن و پرس بە میریی هەرێمی (کوردستان)یش بکەن!

* * *
 *فیدراڵیزم و دەولەتی فیدراڵ، چاپی 1، سوید، 1996، ل 51. چ 2، سولەیمانیی، 1996. چ 3، سولەیمانیی، 2004
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×