ڕەخنەو چەواشەکردن

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2021-09-02     544
گەر ئێمە بمانەوێ، قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی پێشکەوتن و گەشەکردنی نەتەوەی کورد، ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی، ڕۆڵی سەرکردە و پارتەکانی (کوردستان)، بە شێوازێکی زانستانە هەڵسەنگێنین، پێویستە، زۆر وردبینانە و ژیربێژانە، ئازایانە و دڵسۆزانە، ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە، هەموو لایەنە باش و خراپەکان، کەموکووڕیی و هەڵەکانیان دەسنیشانکەین. لە ئاستی هەڵە و تاوانی سەرکردایەتی ڕاپەڕین و شۆڕشەکاندا، چاو نەنوقێنین، مێژووی هیچ قۆناغ و سەردەمێ، بە هەڵە نەنووسینەوە، ڕۆڵەکانی گەل چەواشەنەکەین و خۆڵ لە چاویان نەکەین. چونکە تا پەتای چەواشەکردن پەرەبستێنێ، هەڵە و تاوانەکان پەردەپۆشکرێ، کۆمەڵەکەمان پتر بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، یەک هەنگاو پێش ناکەوێ و بە ئامانجە ڕەواکانی خۆشمان ناگەین!
بۆیە گەر بە شێوەیەکی زانستانە و بوێرانە کارنەکەین، هەرگیز بە هیچ نابین و ڕۆژبەڕۆژیش، کۆتوپێوەندیی نەزانین و ژێردەسیی، پتر لە ملی نەتەوەکەمانەوە دەئاڵینرێ!
ئاخر گەر بمانەوێ، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، ڕۆڵی سەرکردەی پارت و شۆڕشەکان هەڵسەنگێنین، بۆچی نابێ، باسی خەوش و کارە خراپەکانیان بکەین؟!! بۆچی ئەو سەرکردانە، وەک مرۆڤێکی ئاسایی، ئەگەری ئەوەیان نییە، هەڵە و تاوان، بەرانبەر بە ڕۆڵەکانی گەل و نیشتمانەکەمان بکەن؟!! خۆ ئەوان فریشتە نەبوون و نین، لە ئاسمانەوە، بۆ کورد باریبێتن، تا لە هەموو کەموکووڕیی و هەڵەیەک شۆرابنەوە؟!!
جا گەر وابووایە، ئەوا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لە سەرانسەری (کوردستان)ی مەزندا، ماوەی دوو سەدەیە، دژی دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان خەباتدەکەن، ڕادەپەڕن، شۆڕش بەرپادەکەن، قوربانیدەدەن، خوێندەڕێژن و لاشە دەنێژن، بە هەموو لێکدانەوەیەک بێ، ئێستە دەبووایە، نەتەوەی کورد سەربەست و خاکی (کوردستان)یش سەربەخۆ بووایە!
کەچی بەپێچەوانەوە، نەتەوەی کورد تا ئەوڕۆش، بەدەس زۆرداریی و داگیرکردنەوە دەناڵێنێ، چونکە هەموو ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، یەک لە دوای یەک تێکشکاون و ڕۆڵەکانی کوردیش، تووشی دەربەدەریی و چەرمەسەریی بوون. بۆیە هیچیان بە هیچ نەکردووە و هیچ ئامانجێکیشیان نەپێکاوە، چونکە نهێنیی تێکشکان و ڕاستییەکانمان لێ شاردوونەتەوە، تەنیا هەر بە شانوبازوویانماندا هەڵداوە و کۆمەڵانی خەڵکمان چەواشەکردووە!
بە کورتیی و بە کوردی: هەموو نەتەوەیەک، گەر ڕۆڵی سەرکردە و پارت و شۆڕشەکانی، بە ڕێکوپێکیی و ڕاسگۆیانە هەڵ نەسەنگێنێ، هەڵە و تاوان و ناپاکییەکانیان لەقاونەدا و بۆیان پەردەپۆشکا، هەر بە درۆ بە شانوبازویاندا هەڵدا، ئەوا ئەو نەتەوەیە، نە بە هیچ دەبێ و نە لە کۆتوپێوەندی دیلێتیش ڕزگاریدەبێ!
خۆزگە نەتەوەی کوردیش، چەن پیاوێکی تێکۆشەری ئازای دڵسۆزی وەک: (سیودەر هرتزل، جوزێف بروز تیتۆ، کەمال ئەتا توورک ...)ی تێدا هەڵکەوتایە، پیاوی هیچ کەس و دەوڵەتێکی داگیرکەر نەبوونایە، تا نیشتمانە داگیرکراوەکەیان، لەدەس داگیرکەرانی (کوردستان) ڕزگارکردایە و دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆیان دامەزراندایە، ئیدی ئێستە ڕۆژمان بە ئەم ڕۆژە ڕەشە نەدەگەیی و ڕۆڵەکانی کوردیش، بە شێوەیەکی دیکە باسیاندەکردن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×