سۆسیۆلۆجییای شاشە.. هێزی نەرم دامان دەپۆشێت

ئارام قادر حەمەسور
  2023-02-10   


لەئێستادا تاکی کوردیی لەبەردەم بەشاشەبووندایەو شاشەکان بوونەتە نزیکترین هاوڕێی تاک. ئێواران زۆرینەی خێزان ڕوویان لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانە و شەوانیش تادرەنگ مەستین بە دیار شاشەی مۆبایلەکان. 
بەشێکی گەورەی ژیانمان لەگەڵ شاشەکانی مۆبایل و ئایپاد و تەلەفزیۆنە. بەشێکی زۆری ئاگاییمان لە سەر شاشەکانە. لە کاتێکدا شاشەکان جۆرێکن لە تەڵەی سەردەم، وەک کۆمەڵناسی پۆڵەندی  زیگمۆند باومان دەڵێت؛ شاشەکان، بە تایبەت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان جۆرێکن لە هۆشبەر، وە ئاگایی گشتیمان دەستکاری دەکەن.
کۆمەڵناسی فەڕەنسی پییەر بۆردیۆ دەڵێت؛ تەلەفزیۆن جۆرێکی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتییە و دەتوانێ کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات.

وەک زیگمۆند باومان لە تیۆری هێزی نەرمدا دەڵێت، لە سەردەمی تەکنۆلۆجییادا هێزی نەرم کاریگەرترە لە هێزی ماددە. هێزی نەرم هەموو کاریگەرییەکانی جۆرەکانی میدیا دەگرێتەوە، بە نەرمی کۆمەڵگە دادەپۆشێ، نەک بە دەبابە و فرۆکە و چەکی ئەتۆم.

کۆمەڵگەی بە شاشەبوو، بە تایبەت لە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لە ڕێگەی مۆبایلەوە تاکێکی مەستبوو بەرهەم دێنێت، تاکێک تا درەنگانی شەو لەگەڵ شاشەی مۆبایلەکەیدا کات بەڕێدەکات. لە ئێستادا هیچ شتی هێندە شاشەکان لە جەستەمان نزیک نین.
 بە گشتیی ئەم تاکە بە شاشەبووانە تووشی شڵەژانی سایکۆلۆجیی دەبن، بەهۆی تێکچوونی سیستەمی خەو و پاراستنی نهێنییەکانی ناو شاشەکانیان. تاکی بە شاشەبوو تاکێکی شڵەژاو و گۆشەگیرە، زۆرکات ئەم تاکانە بەرەو خەمۆکی و نەخۆشیی دەروونیی دەچن. وەک هێربەرت مارکۆزە لەکتێبی مرۆڤی تاکڕەهەند دا دەڵێت؛ تەکنۆلۆجییا فۆڕمێکی تری کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتییە لە سەردەمی مۆدێرنەدا، فۆڕمی ملکەچکردنی کۆمەڵگەیە.

تاکی بە شاشەبوو تاکێکی تەمبەڵە و بەردەوام فێری بیرکردنەوە کورتەکان دەبێت. شاشەکان بە تایبەتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان شوێنی بابەتی کوورتن، ئەمەش تاک فێری خوێندنەوە کوورتەکان دەکات. بۆیە زۆرینەی ئەوانەی بە شاشەدەبن ڕقیان لە کتێبە، چونکە کتێبەکان درێژن و فیکر دەجووڵێنن. بە گشتی تاکی بە شاشەبوو تاکێکی تەمبەڵ و بەکاربەرە. وەک زیگمۆند باومان دەڵێت؛ جاران تاک بەرهەمهێن بوو، بەڵام تاکی ئێستا بەکاربەرە. کاتێکیش ناتوانێ هەموو شتەکان بەکاربێنێ تووشی خەمۆکی دەبێت.
پییەر بۆردیۆش دەڵێت؛ لە ڕابردوو بەرهەمی دەستی مرۆڤەکان شووناسی مرۆڤەکان بوو، بەڵام ئێستا ئەوشتانەی بەکاری دێنێت دەبێتە شووناس. لە ڕووانگەی کۆمەڵناسییەوە ئەوەی ئێستا پێوەری شووناسە، جۆری مۆبایل و جۆری ئۆتۆمبیل و جۆری ناوماڵ ... هتد. 

شاشەکان وەک هێزی نەرمی سەردەم کۆمەڵگەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، تاکێکی بەرخۆرییان درووستکردووە، تاکێک هەموو خەمی بەکارهێنانە.
کۆمەڵگەی کوردیی لە بەردەم دیاردەی بە شاشەبووندایە و کاری سۆسیۆلۆجیستەکانە ڕەهەندەکانی ئەم دیاردەیە شیکار بکەن. مەترسی کۆمەڵگەی بە شاشەبوو لەوەدایە، تاکەکانی گرنگی بە بابەتە لینجەکانی وەک فەلسەفە و فیکر و سۆسیۆلۆجیا نادەن، بەڵکو مەست دەبن بە بابەتە تەرفیهییەکان، ئەو بابەتانەی پێویستییان بە بیرکردنەوەی قووڵ نییە. 

دەسەڵاتی سیاسیی  خۆشبەختە کاتێک خاوەنی کۆمەڵگەیەکی بە شاشەبوو دەبێت، چونکە شاشەکان تاڕادەیەکی باش ڕووحی ناڕەزایی سەر شەقام دەکووژن. بینیمان لە خۆپیشاندانەکان نیوەی ناڕازی سەرشاشەکان لە شەقام نەبوون. 

بەگشتیی شاشەکان ئاڕاستەکەری کۆمەڵگەن و فۆڕمێکی تری دەسەڵاتن. دەسەڵات ئەوەندەی دەیەوێ لایەنی سلبی شاشەکان کاریگەربن، نایەوێ لایەنی ئیجابی شاشەکان دەربخات. هەموومان مەستبووین بە شاشەکان، لە کاتێکدا نازانین کە دەستکاری ئاگاییمان دەکەن. ئەوەیە هێزی نەرمی سەردەم کە خەریکە بە تەواوی دامانپۆشێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×