ئەو پڕۆژە یاسایەی کە پەرلەمانی تورکیا، بە واژۆی نوێنەرانی کوردیش؛ بەم شێواز و ناوەرۆکەی ئێستای دەنگی لەسەر دراو دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. کەواتە دەرەنجامە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی لەسەر داهاتووی پرسی کورد لە تورکیا بە ئەگەری زۆرەوە بەو ئاراستەیەدا دەچن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم.
یەکەم: کۆتاییهاتنی قۆناغی خەباتی چەکداری لە باکوور
لەلایەک، تەڤگەری باکوور (ئاپۆچییەکان) بەئەگەری زۆرەوە قۆناغی خەباتی چەکداری بە کۆتا دێنێت، هەرچەندە دەنگۆیەک هەیە، بە ئاراستەی ڕەدکردنەوەی یاساکە. بەڵام لە دۆخە چاوەروانکراوکەدا؛ دەوڵەتی تورکیا توانی بە سەرکەوتوویی گەورەترین و ڕێکخراوترین بزووتنەوەی کوردی چەک بکات و کۆتایی بە مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە و ئەو ئایدیۆلۆژیایە بێنێت. خەباتی چەکداری، کە چەندین دەیەیە بەردەوامە، بەتەواوی ڕادەگیرێت یان تووشی ئیفلیجبوونێکی فیزیکی تەواوەتی دەبێت.
خۆیشی ئەگەر لۆژیکیانە لە ئەنجامەکانی ئەو ململانێ چەکدارییەی تەڤگەری باکوور و دەوڵەت بڕوانین، بە هەموو پێوەرەکان زەمانێکە بە بنبەست گەیشتووە. هۆکارەکان هەرچی بن گرنگ نییە، گرنگ دەرەنجامەکەیە. لەو بارەیەوە جەیمس فیرۆن، کە پسپۆرێکی بواری زانستە سیاسییەکانە، لە چوارچێوەی تیۆریی شەری ئەقڵانیدا، پێی وایە شەڕ گرانترین ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئەکتەرە ئەقڵانییەکان کە زانیان تێچووی جەنگ زیاترە لە دەسکەوتەکانی و لەڕێی سەربازییەوە ناتوانن سەرکەوتن بەدەستبێنن، لۆژیکی ئەقڵانییەت حوکم دەکات کە شەڕ بوەستێندرێت و بگوازرێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و بیر لە بەدیل بکرێتەوە. هەر بەو ئاڕاستەیەشەوە، چەمکێک هەیە بە ناوی "بنبەستی ئازاربەخش"، لە چوارچێوەی یەکێک لە ناسراوترین تیۆرییەکانی چارەسەرکردنی پێکدادان، لەلایەن ویلیام زارتمەن داهێندراوە. لێرەدا کە دوو لایەنی شەڕکەر دەگەنە خاڵێک کە ناتوانن سەرکەوتنی سەربازی یەکلاکەرەوە بەدەست بێنن، بەرەو دایەلۆگ و وەستاندنی شەڕ دەڕۆن. لەو بارەیەشەوە زارتمەن دەڵێت "ئەم بنبەستە خاڵی پێگەیشتنی پرۆسەی ئاشتییە". لەم ساتەدا سەرکردە ئەقڵانییەکان درک بەوە دەکەن کە بژاردەی سەربازی تووشی بنکۆڵبوون بووە، بۆیە واز لە چەک دەهێنن و پەنا دەبەنە بەر چارەسەری سیاسی.
بەو جۆرە، لە باکوور مەترسی لەناوبردنێکی بەکۆمەڵ دووردەخرێتەوە، بەشێک لە گەریلاکان و کادیرەکان دەگەڕێنەوە ناو ژیانی مەدەنی یان سزاکانییان دوا دەخرێت، کە ئەمەش بەشێک لە بەدەستەوەدانی توانا مرۆییەکان دەپارێزێت و بە هێواشی دەکرێت لەڕووی دەروونییەوە ژیانیان ئاسایی ببێتەوە.
دووەم: گواستنەوەی خەبات بۆ گۆرەپانی مەدەنی و پەرلەمانی
بەپێی زۆرێک لە چاودێرە سیاسییەکانی باکوور؛ ڕەوتی خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بە تەواوی دەکەوێتە سەر شانی پارتە سیاسییەکان (کەیسە مەدەنییەکان و پەرلەمان). بەو جۆرە دەوڵەتی تورکیا ئیدی ناتوانێت بە ئاسانی هەموو داواکارییەکانی مەدەنی یان هەڵوێستی پەرلەمانتاران بباتەوە سەر مێزی "تیرۆر" و "بیرۆکەی پشتگیریکردنی ڕەوتی پەکەکە"، یان "ڕەوتێکی جوداخواز"، چونکە بونیادێکی چەکداری نامێنێت. ئەو ئەرگومێنتە تا چەند ڕاستە، ئەوە داهاتوو دەیسەلمێنێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا بەپێی دراوە هەنووکەییەکان؛ گومان لەوەدا نەماوە تەڤگەری باکوور کە خۆی لە ڕەوتی پەکەکەدا دەبینێتەوە، بە بنبەست گەیشتووە و دەبێت دەرچەیەک هەبێت بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی.
ئەمە بە دڵنیایی دەرگایەک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی دەکاتەوە، کە خۆیان لە بزووتنەوەی مەدەنی فرەڕەهەند و سەردەمیانەدا ڕێک بخەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی تورکیا، خۆی پێناسە بکاتەوە و بە شێوازی جیاواز لەپێناو مافە نەتەوەییەکانیدا خەباتی خۆی درێژە پێ بدات. ئایا ئەو دەرگایە بۆ خەڵک دەکرێتەوە؛ ئەوەش لەلایەک پەیوەندی بە دونیابینی ڕەوتی زاڵی پەکەکەییەکاندا هەیە، بە پێچەوانەشەوە ئێمە نازانین کۆمەڵگەی کوردی لە باکوور، چی لەهەناوی خۆیدا حەشار داوە.
سێیەم: دروستبوونی لێکترازانی ناوخۆیی و قەیرانی شەرعییەت
دابەشبوونی ڕای گشتی کورد لە پەیوەندی بەو پرۆسەیەوە.
بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستانی باکوور "بە تایبەتی وەچەی نوێ و ناسیۆنالیستە کوردەکان"، ئەم پڕۆسەیە وەک شکست و خۆبەدەستەوەدانێکی بێ قەید و شەرت" دەبینن. چونکە پێیان وایە ئەو پڕۆسەیە هیچ دەستکەوتێکی دەستووری ڕۆشنی وەک "خوێندن بە زمانی دایک، خۆبەڕێوەبەری؛ وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا، یان دانپێدانانی فەرمی بە ناسنامەی کوردی" لەم پرۆژەی بەناو ئاشتی جێگای بۆ نەکراوەتەوە و فۆڕمولە نەکراوە.
لەپاڵ خاڵي سەرەوەشدا، بەپێی هەندێک زانیاری پێدەچێت دابەشبوونێک لەناو دەستەبژێری سیاسی پەکەکە و تەنانەت دەم پارتیشدا، هەبێت. ڕەنگە جیاوازییەکی قوڵ لە نێوان ڕوانگەی ئاپۆ، سەرکردایەتی قەندیل و سیاسییەکانی ناو دەم پارتیدا هەبێت، یان لە داهاتوودا دروست ببێت؛ بەتایبتی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە، کە زۆرێک لە چاودێرانی کورد وەسفی دەکەن بە "خۆبەدەستەوەدان".
چوارەم: دروستکردنی "تەڵەی یاسایی و سیاسی" لەلایەن دەوڵەتەوە
وەک لە دەقی ماددەکەدا دیارە لە پاڵ "بە تیرۆر ناساندنی بزووتنەوەی پەکەکە، کەجەکە و هەموو ئەو ڕێکخراوانەش کە پەیوەندییان بەوانەوە هەیە"؛ لەولایەشەوە،"دواخستنی سزاکان بۆ 5 تا 10 ساڵ"، دەوڵەت تەڵەیەکی ڕوون و ئاشکرای، لەبەرچاوی هەموو کورد و لەبەرچاوی تەڤگەریش، داناوەتەوە. ئەمەش هەر بە ڕاشکاوی تەلەیەکە؛ بۆ ئەوەی کەی پێویستی بوو، پەنای بۆ ببات و نەهێڵێت کەس لە پێستی خۆی بجوڵێتەوە. ئەوکات شەریعەتەکە تەنها و تەنها هی دەوڵەتە، چونکە خودی نوێنەرانی کورد و تەڤگەر جڵەوەکەیان داوەتە دەست دەوڵەت و بەدەستی خۆیان واژۆیان خستۆتە سەر ئەو شەریعەتە (ئەو دەقە یاساییەی پەرلەمان). لە وەها دۆخێکدا؛ هەرکێیەک ناوی کوردستان یان ناوی کوردیش بێنیت، ئەوان دەڵێن وەرە تۆ پاشماوەی تەرۆریت و دەبێت بچیتە زیندانەوە.
کەواتە دەوڵەت هەمیشە کارتی چاودێریکردن و چالاککردنەوەی سزاکانی لە دەست خۆیدا هێشتۆتەوە. ئەگەر لە داهاتوودا هەر بزووتنەوەیەکی مەدەنیی کوردی، سنوورەکانی دەستەڵاتی دەوڵەت ببەزێنێت، ئەنقەرە دەتوانێت لە چاوتروکانێکدا بڕیارەکان هەڵبوەشێنێتەوە و جارێکی دیکە قۆرۆجی و جەندورمەکانی ڕاسپێرێت بۆ رەشبگیری و بە سەدان چالاکوانی مەدەنی ڕاپێچی زیندان بکاتەوە.
تەرازووی سوود و زیانەکان
بۆ دەوڵەتی تورکیا و حیزبی دەستەڵات و دەستەبژێری سیاسی تورک، ئەوەی دەگوزەرێت سەرکەوتنێکی گەورە و فرەڕەهەندە؛ لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیە و کێشەی 40 ساڵەی چەکداریی چارەسەر دەکات، بێ ئەوەی دەوڵەت هیچ باجێکی دەستووری یان سیاسی بدات و بێ ئەوەی کورد هیچ مافێکی بنەڕەتی بەدەست بێنێت، بێجگە لە مافی بێدەنگبوون.
بۆ پرسی کورد و داهاتووی کوردستانی باکوور؛ بازدانێکی بە ئازارە لە خەباتی سەربازییەوە بۆ خەباتێکی نیمچە مەدەنی. لێرەدا کورد لە ڕووی سەربازییەوە دۆڕاندوویەتی و دەستبەرداری دروشمە گەورەکان دەبێت، بەڵام بۆی هەیە جۆرێک لە ئارامی کۆمەڵایەتی و هەڵکێشانی پشوویەک یان هەناسەیەک بێت، یان جۆرێک لە خەباتی سیاسی مەدەنی ناو پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی بێت. ئایا ئەم خەباتە مەدەنییە لە داهاتوودا مافە ڕەواکانی کورد دێنێتە دی؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەندە بە لێهاتوویی و یەکگرتوویی سیاسی و هۆشیاری نەتەوەیی نەوەی داهاتووی کورد لە باکوور.
بەپێی زانستە سیاسییەکان و تیۆرییەکانی جەنگ، پەڕاوێزخستنی شەڕی چەکداری کە دەگاتە بنبەست، نیشانەی خۆبەدەستەوەدان یان ترسنۆکی نییە، بەڵکو ئەنجامی هەژماکردنێکی تەواو ئەقڵانییە بۆ پاراستنی هێزی بەشداربووان، رێگریکردن لە لەناوچوونی فیزیکی و گواستنەوەی جەنگەکە بۆ گۆرەپانێکی دیکەی وەکو "دیپلۆماسی، خەباتی مەدەنی، یان گەشەپێدانی ئابووری"، لە کاتێکدا خەباتی چەکداری توانای بەخشین و دەستکەوتی نەمابێت.
بەڵام کێشەکە لەو خاڵەی پێشەوەدا نییە، بەڵکو لەو دونیابینی و دید و ڕوانگەیە دایە کە هەر بزووتنەوەیەک هەڵیان دەگرێت بۆ قۆناغی ئاشتی. ئایا پاراستنی زمان و کولتوور و مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد لە باکوور، لە بەرنامەی ئەو بزووتنەوەیەدا هەن؟ یان بەپێی تێگەیشتنی چەمکی ئینتەگراسیۆن، لەلایەک تێکەڵبوونی کۆمەڵگەی کوردییە بە بەها و نۆرمە باوەکانی دەوڵەت، لەلایەکی دیکەشوە؛ پارێزگاریکردن لە زمان و کولتوور لە قۆناغێکی جڤاکییەوە یان "ڕەفتاری پێکەوەییەوە" (Collective Behaviour)؛ دگوازرێتەوە بۆ پرسێکی تاکەکەسی، لەو حاڵەتەدا؛ واتە لە حاڵەتی گوێنەدان بە ڕەفتاری پێکەوەیی؛ کۆمەڵگەی باکووری کوردستان لەبەردەم مەترسیی توانەوەیەکی ڕاستەقینەدا دەبێت.