پەرلەمان‌و وەزیری سامانە سروشتییەکان!

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2021-01-06     814
قسە لەبارەی کەمال ئەتروشییەوە نییە، قسە لەسەر نەبوونی کاری دەزگایی و دامەزراوەییە. قسە لەبارەی دەنگدان، یان دەنگ نەدان بە وەزیر، قڕەقڕ و ھاوار ھاوار، یان بێدەنگی ناو کۆبونەوەکانی پەرلەمان نییە. راستییەکە ئەوەیە ئێمە باڵەخانەیەکی چەند نھۆمی قەشەنگمان ھەیە و ناونیشانی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر نوسراوە، بەڵام وەک دامەزراوە نەخێر، شتێکمان بە ناوی دامەزراوەی پەرلەمان و کاری پەرلەمانی نییە، بە مانا ئێمە لەبەردەم ناونیشانێکی رووت و بێ گیان داین، نەک لە بەردەم دامەزراوەیەکی تەشریعی بەھێز و زیندوودا، لە ناونیشانی رووت و بێ گیانیش چاوەڕوانی دەستکەوتی گرنگ و گەورە ناکرێت، بۆیە لەم شوێنەدا بێدەنگی یەکسانە بە قڕەقڕ و، قڕەقڕیش یەکسان دەبێتەوە بە بێدەنگی. 
پەرلەمان بە گوێرەی یاسا باڵاترین دامەزراوەی تەشریعی و یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکانە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە باری پراکتیکەوە باڵاترین دەزگای لە کارخراوی بێ جەوھەر و ناوەرۆکە، کە بە ئاستەم دەرفەتی ھەناسەدانی پێدەبەخشن. ھەر دەزگایەکیش لە دەرەوەی خۆیەوە لە جەوھەر و ئەرکی سەرەکی خۆی بەتاڵ کرایەوە، ئیدی نە بێدەنگی و نە دەنگە دەنگ و ھاواری بەرز دەتوانێ رۆحی بە بەردا بکاتەوە. رۆحی پەرلەمان و ئەکتیڤبوونی پەرلەمان، لە مشتی ئاسنینی دەرەوەی نھۆمەکانی خۆی و ژووری سەرۆکی پەرلەمان و باڵەخانەکەدایە. ئەگەر بڕیار بێت، رۆح بە بەری ئەم دەزگایەدا بکرێتەوە، دەبێ ھەوڵی کردنەوەی ئەو مشتە نوقاوە بدرێ کە پەرلەمانی وەک چۆلەکە لە ناو لەپی دەستیدا بچوک کردۆتەوە و لە جەوھەر و ناسنامەی خۆی بەتاڵیکردۆتەوە، تەنانەت خەریکە لە ناو لەپی نوقاویدا دوا ھەناسەکانی ژیانی خۆی دەدات و دەخنکێت.
   قسە ئەوەیە، پەرلەمانێکی وەھا متمانە بە وەزیر بدات یان نا، چ بایەخێکی ھەیە و چی لە دۆخی گشتی دەگۆڕێت. بۆ ھیچ یەکێک لە ئێمە ئەوە شتێکی تازە نییە، کە پەرلەمانی کوردستان تەنیا ھێزی متمانە پێدانی ھەیە و متمانە وەرگرتنەوە نەخێر. متمانە دەبەخشێتە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ھێزی لێپرسینەوە لە فەرمانبەرێکی ئاسایی کابینەکەی نییە، ئەوە ئەو راستییە تاڵەیە کە لە سەرەتای تەمەنی پەرلەمانەوە تا ئێستا درێژەی ھەیە. ئەوە ئەو نەخۆشییە کوشندە و بێ بەھاکردنەیە، کە لە ھەر شوێنێک دەتوانین بۆ چارەسەرەکەی بگەڕێین، بەڵام لە ناو خودی پەرلەمان خۆی نا. 
   لە رۆژگاری دەسەڵاتی سەدام حوسێندا، دکتۆر فازیڵ چەلەبی بریکاری وەزیری نەوت بوو، ئەو لە دیدارێکیدا باس لەوە دەکات، کە نە وەزیری نەوت و نە خۆی، بە ھیچ شێوەیەک بڕی ئەو نەوتەی عیراقیان نەدەزانی، کە بۆ دەرەوە رەوانە دەکرا، ھەر وەک نرخی فرۆشتنی نەوتەکەشیان نەدەزانی. ئەو دەڵێت: لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرگریم لە شتێک دەکرد، کە نەمدەزانی چییە. 
   ھەر وەک لە راگەیاندنەکان باسکراو دواتریش بە فەرمی جەختی لێکرایەوە، وەزیری بەرگری عیراقیش ئاگاداری ھێرشەکەی سوپای عیراق بۆ سەر کوێت و داگیرکردنی نەبووە. 
   وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی و ....، لە ھەر حیزب و لایەنێکی سیاسی دەرەوەی پارتی بن، بە دڵنیاییەوە ئاگاداری زۆر پرسی نھێنی و شاراوەی تایبەت بە وەزارەتەکەی خۆیشیان نابن. بۆ نمونە گومان دەکرێت وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاگاداری ئەو یاریکردنە بە سامانی نەوت و  بەکارھێنانی بۆ قازانجی تایبەتی بێت، ئەگەر ئاگاداریش بێت بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی بەسەریدا نابێت، ھەر وەکچۆن وەزیری پێشمەرگە ئەگەر پارتی بڕیاری ھێرش بۆ سەر ھێزێکی سیاسی بدات، رەنگە چوارمەشقی لەسەر کورسی وەزارەت و ژورێکی رازاوەدا، بە دیار بینینی ھێرشەکەوە خەریکی باوێشکدان بێت و وەزیری داراییش دەگۆڕێت بۆ ژمێریارێکی قەبە و ھیچی دی. ئەوە راستییەکە و لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئیدی تۆ وەک پەرلەمان، لە بێدەنگیدا دەژی، یان ھاوار ھاوار دەکەی، ئەم توڕەبوون و ھاوارە بۆ ھەر شتێک بێت و چەندیش رەوا بێت، نە بەھایەکی سیاسی دەبێت، نە دەتوانرێ لەم رێگەیەوە شتێکی بچوک بە قازانجی چاکەی گشتی دەستکاری بکرێت، چونکە یەکەم، توڕەبوونێک لە دەرەوەی ھۆشیاریمانەوە بێت (ئەم قسەیە گشتگیر نییە) بە دەرە لە توانای گۆڕین، دووەم، ئەو دەزگایەی تۆ دەنگی تێدا ھەڵدەبڕی لەوە کەوتووە تروسکاییەک ئومێدی گۆڕانکاری تێدا سەوز بێت. لێرەوە ھەم بێدەنگی و ھەم توڕەبوون یەک مانا دەبەخشن، نەک دوو مانای جیاواز و پێچەوانە. ئەو لە بێدەنگی و ئەویدی لە توڕەییدا خۆی خاڵیدەکاتەوە، بەڵام لە ناو دامەزراوەیەکدا، کە رۆح و جەوھەرەکەی وا لە ناو لەپی خێزانێکی سیاسی و رەنگە چەند دەموچاوێکی سیاسی دەرەوەی دەزگاکەدا بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×