نەوەی تازە لەئێران، ئەمرو نەهییەکانی دەسەڵات

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2022-10-01     780

ساڵانێکە لە ئێران، نەوەیەک پێگەیشتووە بە ئاسانی ملکەچی ئەمرو نەهییەکانی میراتی فیکری (خومەینی) و، مورشیدی باڵا (عەلی خامەنەئی) و دەزگا سەرکوتکەرەکانی سیستەمی مەلاکانی ئەو وڵاتە نابن، سیستەمێک لەسەر بنەمای فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی، خەریکی سەندنەوەی مافی ژیان و ئازادی لە ئینسان و تەلبەندکردنی عەقڵی ئینسانەکان، جۆری پۆشین، زمانی قسەکردن و تەنانەت ناردنەدەرەوە و سەپاندنی ئایدیۆلۆژیا و باوەڕ و دینیشە. 

مەرگی ژینا سەرەتای ئیلهامی ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێرانە. تەنیا دوای تێپەڕبوونی شەو و ڕۆژێک بەسەر مەرگی ئەودا، ئەم کچە کوردە گەنجە لە ناوێکی نەناسراوەوە، لای نزیکەی تەواوی ئێرانییەکان، بوو بە ناوێکی بیستراو و ناسراو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمیشدا، بوو بە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و دەسەڵاتی سەرکوتکەری مەلاکانی ئێران لەتەواوی دونیادا. 

وەستانەوە دژ بەکۆنتڕۆڵی ئازادی ئینسان، لە ناویشیاندا ئازادی هەڵبژاردن و جۆری پۆشین، لە ژێر دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکاندا، بابەتێکی تازەی کۆمەڵگە و شەقامی ئێرانی نییە. لە سەرەتای دەسەڵاتیانداو دوای ٢٥ ڕۆژ لە دەرکەوتنی ئایەتوڵڵا خومەینی بە سیفەتی حاکمی نوێی وڵات، واتە لە مارسی ١٩٧٩دا، وێڕای کۆت و بەندی مەلاکان و دەزگاکانی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و دینی، سەدان هەزار ژن لە تاران دژ بە سەپاندنی (حیجاب) و یەکڕەنگکردنی پۆشین گردبوونەوەیان ئەنجامدا. لەو کاتەوە بۆ ئێستا، ئێران ڕووبەڕووی دەیان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جۆراوجۆر بووەتەوە، سەرجەمی ئەو ناڕەزایەتیانەش بە ڕێگەیەکی وەحشیانە لە گۆڕەپان و زانکۆ و شەقامەکاندا سەرکوت و خەفەکراون، بەڵام لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا گەورە و زیندوو ماون. هیچ کاتێک سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوە و لە شەقامەکان، مانای کۆتاییهێنان بەو ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتییە قوڵە نەبووە، کە لە ناوەوەی کەرتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا بوونی هەیە. مانەوە و زیندوویی ئەم ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتییە، ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکەبوون و گەورەتربوونی، وایکردووە لە هەر چرکەساتێکدا و لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا، چەندیش لۆکاڵی و بچووک بێت، چاوەڕوانی کەوتنەوەی ڕووادوی جەماوەری گەورەی لێبکرێت. 

ئامانجی سەرەتای دەسەڵاتی مەلاکان، لەسەروویانەوە مورشیدە باڵاکەیان، خومەینی، بریتیبوو لە پاراستنی سیستەمەکە و چەسپاندنی، کە خومەینی ناوینابوو (پێویستترین ئەرک). بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی پێویستیان هەڵێنا و بەشێکی گەورە لە داهاتی وڵاتەکەیان خستە خزمەتی بونیادنانی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان، دەیان تۆڕ و دامەزراوەیان لەژێر ناوی جیا جیا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دامەزراند. 

نەتەنیا لە ناوەوە، لە دەرەوەی وڵاتیش دامودەزگای زانیاری و ئەمنی دروستکرابوو، کە هەزاران ئێرانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمریکای لەخۆدەگرت، ئەوانە بە خۆشگوزەرانییەوە ژیانیان دەکرد و بەرگریان لە دەسەڵاتی سیاسی ـ دینی و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەکرد. بەڵام کۆی ئەو ڕێوشوێن و میلیتاریزەکردنەی کۆمەڵگە و دەزگا جیاوازانە نەیانتوانی نزیکەی لە (٣٠%)ی زیاتری دەنگی دەنگدەران بۆ پاڵێوراوی پشتگیریکراو (ئیبراهیم ڕەئیسی)، لەلایەن مورشیدی باڵا، لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، مسۆگەر بکات، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تەواوی خەرجییە زۆرەکانی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی مەلاکان و دامەزراوە تایبەت و سەرکوتکەرەکانی، هێزی ئەوەیان نەبووە، پێش بە دەنگی ئەو ناڕەزایەتییە بگرن کە لە ناوەوەی کۆمەڵگەی ئێرانیدا زیاد لە چل ساڵە قوڵپ دەدات. 

دەنگی ئەم نەوە تازەیە، پڕیەتی لە وزەی تازە و ژیانی نوێ، دەنگی نەوەیەکە چیتر ئامادەیی گوێگرتن لە پیرۆزییەکانی گوتاری ژێر شاقەلی عەبای ئایەتوڵڵاکان و نۆشکردنی ژەهری ئایدیۆلۆژیای تاریکی عەمامە بەسەرەکانی تارانی نییە. ئەوان نەوەی ڕۆژگاری تەکنۆلۆژیا و تۆڕی پەیوەندی نوێ و ئامێرە زیرەکانن، بەشێکی گەورەیان منداڵی کۆتایی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ئەم سەدەیەن. ئەم نەوە نوێیە، جوڵەیان، پەیوەندی کۆمەڵایەتیان، ڕوانینیان بۆ ژیان، بۆ ئازادی تاک، تەنانەت ئیمان و باوەڕیشیان، هەمان دیدی هێڵی فیکری فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی و پیرۆزییەکانی مورشیدی باڵای قۆناغی شۆڕش نییە، بۆیە نە چیرۆکەکانی شۆڕش و نە حیکایەتەکانی مێژوو ناتوانن تێریان بکەن و وەڵام بە پێداویستییە ژیانییەکانیان بدەنەوە. ئەم نەوەیە دەنگێکی جیاوازترن لە ڕەنگ و دەنگەکانی سەردەمی کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ساڵانی شۆڕش و چیرۆکەکانی پیرۆزی و سیحری بەتاڵی شۆڕشگێڕان، تایبەت کە ئەم چیرۆکانە هێزی ئەوەیان نابێت نەک بچووکترین هیوای ئەوان بێنێتەدی، بەڵکو ماوەی چل ساڵیشە لەسەر کوشتنی خەون و هیوای گەنجانی ئەم وڵاتە دەژی و خواست و ژیان و ئازادیان لێدەگۆڕێت بە تاریکی و دۆزەخ. 

   بەکورتی ئەم نەوە نوێیە چیتر بەوە ڕازی نییە تا مردن بە خەیاڵی گوتاری فریودەرانەی ئایەتوڵڵاکان درێژە بە ژیان بدات، بۆیە  لە هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی دیکە زیاتر و لە هەر شتێکی دیکەیش زیاتر ئارەزووی ڕزگاربوون و دەرچوون لەم تونێڵە تاریکە، کۆت و بەندی کۆمەڵگەی داخراو و، هەمانکات کرانەوە بەسەر ژیان و ماف و ئازادی تاکدا دەکات. ئەم دەنگە تازەیە، هێزی نەوەیەکە، دەخوازێت وەک مرۆڤ ددانی پێدابنرێت، ڕێزی بگیرێت و ئازاد بژی. 

   تا ڕێگرییەکانی سیستەم لەبەردەم ئەم ڕۆحی کرانەوە و ئازادییەدا گەورەتربن، ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتیش لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا فراوانتر دەبێت، بەجۆرێک ڕووبەری فراوانی یاخیبوونی ناوەکی، تەنیا ڕووداوێکی لە گۆشەیەکی بچووکی وڵاتدا بەسە، تا سەرانسەری گۆشەکانی دیکەی وڵات بکاتە شانۆی ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری و تاریکی و داخران. ئەوەی ئێستا لە ئێران ڕوودەدات، تەقینەوەی ئەم ڕۆحی یاخیبوونەیە بە ڕووی سیستەمی سەپاندن و کۆنتڕۆڵی فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی مەلا و ئایەتوڵڵاکانی تاران.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک بە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پڕۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات
دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ پارێزەران باس لە «سیناریۆ و گوشار» لەسەر تۆمەتباران دەکەن
پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو شاری موخا؛ هاوکێشەی سەربازی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەگۆڕێت
پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دۆسیەی لالەزار وەردەگرێت
لە کەلار؛ منداڵێکی دوو ساڵان لەناو تەشتێک ئاودا خنکا
ئیسرائیل بە هەزارو ١٠٠ تەن تەقەمەنی تونێلەکانی "عەلی تاهیر"ی وێران کرد
حکومەتی هەرێم بەپێی سەرژمێریی نوێ داوای 14.1%ـی بودجەی عێراق دەکات؛ "مەبەستمان بودجەی گشتگیرە نەک تەنها مووچە"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×