(١)
بەگوێرەی پلانی وەزارەت بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتا دەچێت. بایکۆتی خوێندن و خۆپێشاندانی مامۆستایان درێژکراوەی هەمان کێشە و داواکارییەکانی ساڵانی رابردووە. یەکەم ساڵ نییە مامۆستایان بایکۆت و خۆپێشاندان بۆ مافەکانیان دەکەن، ساڵانی ڕابردووش بۆ ماوەی جیاجیا جوڵەی لەم شێوەیەیان کردووە، بەڵام لە هیچ جوڵەیەکیاندا، دەسەڵات نە بە دەنگیانەوە چووە، نە وەڵامێکی ئەرێنی بە کەمترین لە داواکارییەکانیان داوەتەوە. کورت و پوخت، کۆی ناڕەزایەتی و داواکارییەکان بەر دیواری بێدەنگی و بێباکی دەسەڵات کەوتوون.
لە ساڵانی ڕابردوودا، خراپترین کارێک دەرهەق بەم ناڕەزایەتییە مەدەنیانە کرابێت، تەنیا بێباکی دەسەڵات نەبووە، بەڵکو شکاندنی بایکۆتیش بووە لەلایەن خودی مامۆستایان خۆیانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی گرنگیان دەستکەوتبێت، ئەوە جگە لەوەی نەتوانراوە ناڕەزایەتییەکان بکرێنە ناڕەزایەتی گشتی و ڕووبەری بەشداری کۆمەڵایەتی تێیدا فراوانتر بکرێت. بێگومان ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە کەموکورتی لە بەرنامە و جوڵەی مامۆستایانەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی بەو توێژە کۆمەڵایەتییانەشەوە هەبووە، کە گرفتەکانیان ئەگەر لە مامۆستایان زیاتر نەبووبێت، کەمتر نەبووە، بەڵام بەشی هەرە گەورەیان، نەک داکۆکیان لە مافەکانی خۆیان نەکردووە، بەڵکو کەمترین ڕادەی پشتیوانیشیان لە مامۆستایان و ناڕەزایەتییەکانی شەقام پێشاننەداوە.
دڵنیام زۆرێکمان سەرنجمان لەبارەی هەندێ لایەنی بایکۆت و دیوە نەرێنییەکانی هەیە، مامۆستایانیش خۆیان ئەم ڕاستییانە لە هەر کەسێکی دیکە باشتر دەزانن، بەڵام بۆ هەمووان ئەو ڕاستییە ڕوونە، کە بایکۆت و داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، دەرەنجام و وەڵامدانەوەیە بە بێباکی و خەمساردی دەسەڵات، واتە هۆکاری سەرەتا و کۆتایی تەواوی جوڵە و خۆپێشاندانە مەدەنییەکان لە کوردستان، خودی دەسەڵات و ئەو ڕووبەرە گەورە و بەرفراوانەی مافخوران و گەندەڵی و بێدادییەیە، کە لە هەرێمدا بوونی هەیە. گاڵتەجاڕییە تۆ منداڵەکەت بنێریت بۆ بریتانیا و بە تەنیشت منداڵانی سوڵتان و پاشاکانی کەنداوەوە درێژە بە خوێندن بدات، لە هەرێمی کوردستانیش داوا لە مامۆستا بکەیت بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی، ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، لەوەش خراپتر بۆ چەندین ساڵ مافەکانی ئەوان و کۆی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیشت بە نایاسایی خواردبێت. ئاخر بە گیرفانی بەتاڵەوە چۆن وانە دەوترێتەوە، تەنانەت ئەوانەی گیرفانیشیان بەتاڵ نەبێت و پێویستیشیان بەو موچەیە نەبێت، مادام ئەرکێک جێبەجێ دەکەن، دەبێت لە بەرانبەر جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا، مافەکانیان بۆ دابین بکرێت. موچەخۆر پێویستی بێت یان نا، کاتێک دەچێتە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکەوە، دەبێت مافەکانی پێبدەیت. ئەوەی ڕۆژێک لە پۆلێکی قوتابخانەیەکدا وانەیەکی وتبێتەوە، لەو ڕاستییە تێدەگات، کاتێک هەر مامۆستایەک بە کۆڵێک گرفتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونییەوە دەچێتە ناو پۆلەوە، هەرگیز ناتوانێت وەک مامۆستایەکی ئاسایی و دەروون دروست ئەو ئەرکە پەروەردەییەی لەسەر شانیەتی، بەشێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە پێشکەشی بکات. قوتابخانە و پۆلی ئارام، سەرەنجامیش کۆمەڵگەیەکی ئارام، بەرهەمی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و دروونییە ئارامە دەبێت کە بۆ مامۆستا و پێگەی مامۆستا دابین دەکرێت.
مامۆستایان تا دوا ڕادە لەسەر هەقن، جگە لە داوای ڕەوا بە گەڕاندنەوەی مافێک، کە بە نایاسایی لێیان زەوتکراوە، داوای هیچ شتێکی زیادەیان نەکردووە. ئەوەی مامۆستایان داوای دەکەن، دەبوایە کۆی توێژەکانی دیکەیش، کە هەمان کێشەی مامۆستایانیان هەیە، بە تەنیشت ئەوانەوە داوایان بکردایە، تەنانەت دەبوایە کاسبکار و دوکاندارانی بازاڕیش چووبانە پاڵ ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە و بەر لەوەی پشتیوانی لە مامۆستا بکەن، پشتیوانیان لە مافی خۆیان بکردایە، چونکە جگە لەوەی بەشی هەرە گەورەی ئەو توێژانە، یان منداڵیان لە قوتابخانە حکومییەکاندا دەخوێنن، یان نەبوونی موچە و قفڵکردنی نایاساییانەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، کاریگەری نەرێنی لەسەر جوڵەی کڕین و فرۆشتنی ئەوانیش داناوە. بۆیە ئەوەی ئێستا لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان، دەگوزەرێ، تەنیا کێشەی مامۆستایان و تایبەت بەم سنورەش نییە، بەڵکو کێشەی کۆی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و تەواوی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیشە.
هەموو ئەوانەی دەڵێن کێشەی موچە، کێشەیەکی کاتییە و چارەسەر دەکرێت، لەو جۆرە فیگەرە سیاسی و مرۆڤە ڕۆبۆتیانەن، لە ناو دونیای فریودان و فریوخواردندا، ڕستەکانی یەکدی تەواو دەکەن، ئەو وشە و ڕستانەی هێندە بەتاڵن، تەنانەت منداڵەکانی خۆیشیان باوەڕیان پێناکەن. لە ئێستادا ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی هەمووانە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت، تێکەڵ بە دەنگی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بن، جا ئەو تێکەڵبوونە بۆ کاسبکار و دوکاندارێک دەکرێ بریتی بێت لە داخستنی بازاڕ، بۆ مامۆستای ئاینی لە گوتاری هەینی و دەرکردنی بەیاننامەی پشتیوانی، تەنانەت ئەگەر بە نووسینی دوو ڕستەش وەک پشتیوانی لە داواکارییەکان بێت لە سۆشیال-میدیا، کارێکە بەر لەوەی بۆ مامۆستایانی بکەین، بۆ ژیان و کەرامەتی خۆمان، بۆ ئایندەیەکی جوانتر بۆ ئەم نیشتمانە و ئاسۆیەکی گەشتر بۆ منداڵەکانمانی دەکەین.
(٢)
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی وەرزێکی خوێندن و بێباکی دەسەڵات، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، بایکۆت و خۆپێشاندان بەرەو کوێ، چارەنووسی خوێندن چی بەسەر دێت؟ بایکۆت بشکێنرێت، یان درێژەی پێبدرێت؟
وەڵامەکان جۆراوجۆرن، بۆ کەسانێک کە لە ناو پرۆسەی خوێندن و فێربووندا کاریان کردبێت، ئەگەر شارەزاییەکی کەمیشیان بە گرنگی و بایەخی سێکتەری پەروەردە هەبێت، وەڵامەکەیان جیاواز دەبێت لەگەڵ کەسانێک، یان گروپێک لە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە پرسەکە بە چاوێکی دی و بە ڕەنگی تایبەتی خۆیان دەبینن، تایبەت ئەو کەس و ڕێکخراوانەی دوور و نزیک، نە پەیوەندییەکیان بە پەروەردەوە هەیە، نە شتێکی گرنگ دەربارەی بایەخی پەروەردە دەزانن. پرسەکە تەنیا ئەوە نییە، مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵکو دیوێکی لەوە گرنگتر پلانی ساڵانەی خوێندن و لایەنە پەروەردەییەکەیەتی. ئایا بەگوێرەی خشتەی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە، کات بەشی ئەوە ماوە دوای تێپەڕبوونی نزیک بە یەک وەرزی تەواوی خوێندن، مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و بەرپرسیارێتی خوێندن و فێربوونی خوێندکاران بگرنەوە ئەستۆ. ئەوە لە کاتێکدا هەمووان باش دەزانین، وەرزی سەرەکی و پڕی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، وەرزی یەکەمی خوێندنە، نەک دووەم، چونکە وەرزی دووەم، وەرزی پشووی زۆر و گەشت و گەڕان و، قۆناغی دوازدەش لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا ماڵئاوایی لە قوتابخانە و مامۆستایان دەکەن. ئەگەر کەمێک پەروەردەییانە بیربکەینەوە چ هێزێک دەتوانێت قەرەبووی ئەو کاتە لە دەستچووە بکاتەوە، چ مامۆستایەک دەتوانێت سەدان لاپەڕەی بابەتێکی زانستی ورد دوای داخستنی زیاد لە حەفتا ڕۆژی ناوەندەکانی خوێندن، لەو ماوەیەی لەبەردەستدا ماوە تەواو بکات. مامۆستایان خۆیان لە هەر کەسێکی دیکە باشتر ئەو ڕاستییە دەزانن، کە تەواوکردنی بابەتی خوێندن شتێکە و تێپەڕاندنی شتێکی دی. ئەوەی گەورەترین زیانی لە ڕووی پەروەردەیی و فێربوونەوە لە تێپەراندنی بابەتەکان لە دەرەوەی پلانی ساڵانەدا بەردەکەوێت، خودی خوێندکارانن لە قۆناغی یەکەمی سەرەتاییەوە بۆ دوازدەی ئامادەیی. بۆیە ئەگەر بایکۆت بشکێنرێت ئەوکات مامۆستایان دەکەونە بەردەم ئازارێکی ویژدانی و پەروەردەیییەوە، چونکە باش دەزانن ئەوەی لە پۆلدا پێشکەشی دەکەن، ئامانج لێی شەڕکردنە لەگەڵ کات، لە باشترین حاڵەتیدا تێپەڕاندنی بابەتەکان دەبێت لەسەر حیسابی خوێندکار.
بۆیە لە باوەڕی مندا، لە ئێستادا هەر بیرکردنەوەیەک لە شکاندنی بایکۆت، بەر لەوەی بکرێتە بڕیارێکی کۆنکرێتی مامۆستایان، دەبێت بە وردی بیر لە لایەنە پەروەردەییەکەی بکرێتەوە، ئەگەرنا هەمووان و لە سەرووی هەموویانەوە خوێندکاران زەرەرمەندی یەکەم و مامۆستایانیش بە دەستی بەتاڵەوە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ درێژەدان بە پرۆسەیەک، کە جگە لە تێپەڕاندن و ژماردنی ڕۆژەکانی ساڵ هیچ دەستکەوتێکی گرنگی بۆ پەروەردە و فێربوون نابێت، وەکچۆن بە زیانیش بۆ شکۆ و کەسایەتی مامۆستایان خۆیان تەواو دەبێت.