عیراق، لەنێوان دیموکراسییەتی تەوافوقی‌و زۆرینەدا

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2022-02-12     657


بەشی یەکەم

سەرەتا

دیموکراسییەتی تەوافوقی بەرهەمی ئەوروپای رۆژئاوایە، ئەم چەمکە پاشخانێکی تیۆری نییە، بەڵکو بەرهەمی پێداویستییە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگەی فرەییە، یان لە  باری نەتەوەییەوە بەرهەمی کۆمەڵگەی ناهۆمۆجینە. تیۆرەی تەوافوقی، وەک تیۆرەی ناسیۆنالیزم دوای ئەزموونکردن هاتووە، نەک پێشتر. کێشەی ئێمە و زۆرێک لە گەلانی دیکەی دونیاش ئەوەیە، کە ئێمە بەبێ هیچ ئەزموونێک لەبەردەم پرۆسەی بیناکردنی تیۆرەیەکدا وەستاوین، کە ناوی تیۆرەی تەوافوقییە، هەمانکات ئامادەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی دونیاش نین.

   ئەزموونی تەوافوقی، کە بە کردەوە دوای جەنگی دووەمی جیهان لە دایک بوو، دانپێدانان بوو بە کەموکورتییەکانی دیموکراسییەتی زۆرینە. بە مانای ئەوە نا، کە دیموکراسییەتی زۆرینەی کۆتایی پێهێنابێت، بەڵکو بە مانای گەڕان بوو بۆ دۆزینەوەی فۆرمێکی دیکە لە دیموکراسی، فۆرمێک توانای کۆکردنەوە و بەیەکەوە ژیانی جیاوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی هەبێت، تایبەت لەو کۆمەڵگە سیاسییانەی کە سیستمی زۆرینە کێشەی قوڵ و نەبڕاوەی بۆ دروست دەکردن. 

    دیموکراسییەتی تەوافوقی کۆمەڵێک بنەما و پرەنسیپی تایبەت و دیاریکراوی خۆی هەیە، کە هەوڵدەدات لە ڕێگەیەوە مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، دیدگای سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆی کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی فرەیی بپارێزێت و سەرزەمینێک بۆ بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و بردنەپێشی پرۆسەی سیاسی و گەشەی دیموکراسی بڕەخسێنێت. ئەم چەمکە بەشێوەیەکی گەورە لە عیراقی دوای کەوتنی بەعس بڵاوبوویەوە، چەمکێک کە دەرچوونێک بوو لەو کۆدەنگییە نەمەتییەی کە سیستمی زۆرینەی بریتانی، ئەمریکی و فرەنسی نوێنەرایەتی دەکەن.

   دیموکراسییەتی تەوافوقی وێڕای لایەنە پۆزەتیڤەکانی، لە پاراستنی مافی کەمینەکان، تا ڕادەیەک ڕاگرتنی هاوسەنگی کۆمەڵگەی فرەیی و رێزدانان بۆ سەربەخۆیی کەرتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لایەنی نێگەتیڤیشی هەن. لە دیارترین لایەنە نێگەتیڤەکانی، کە پەیوەندی بە نادیموکراسیبوونی چەمکەکە خۆیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەموکورتییە چاوەڕوانکراوەکانییەوە هەیە، بریتییە لە نەهێشتن، یان بێهێزکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، چونکە حکومەتی تەوافوقی وا دەکات، یان ئۆپۆزیسیۆنێکی بچووک، بێهێز و بێکاریگەری هەبێت، یان ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی بوونی نەمێنێت. وێڕای ئەوەی پرۆسەی دروستکردنی بڕیار تا ڕادەیەکی زۆر توشی سستی و خاوبوونەوە دەکات. 

   دیموکراسییەتی تەوافوقی، تیۆرەیەک نییە لە دەرەوەی دیموکراسیدا بوونی هەبێت، بەر لەوەی بیر لە تەوافوق بکرێتەوە، گرنگە بڕوات بە پرەنسیپ و بەهاکانی دیموکراسی هێنابێت. ئەوەی ڕێگە بەرەو تەوافوق و بەیەکەوە گونجان و سازانی جیاوازییەکان خۆش دەکات، دیموکراسی و بڕوابوون بە پرەنسیپەکانی دیموکراسییە. واتە پێشمەرجی سەرکەوتنی هەر تەوافوقێک لە کۆمەڵگەی فرەییدا، دیموکراسیبوونە. لە ئامادەنەبوونی هۆشیاری دیموکراسیدا، ئەگەر چوارچێوەیەکیش بە ناوی تەوافوق و دیموکراسییەتی تەوافوقییەوە بێتە بوون، سەرکەوتوو نابێت.    
 
عیراق، لە تەوافوقەوە بۆ زۆرینە

   لە دوای پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتەوە پاش کەوتنی بەعس، تەواوی حکومەتەکانی عیراق، حکومەتی تەوافوقی بوون، واتە لەسەر بنەمایەکی فراوان بەشداری بە کۆی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی و سیاسییەکانی عیراق کراوە و هەمووان لە دەوری مێزی حکومەت و ئیدارەدا کۆبوونەتەوە. سێ پۆستە باڵاکەش، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی لە دەرەوەی دەستور و وەک عورفێکی سیاسی لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵاتدا دابەشکراون. لەم دابەشکارییەدا، پۆستی سەرۆک کۆمار لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە تا ئێستا، کە لەبەردەم هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی سەرۆک کۆمارداین، هەر وەک پشکی کورد ماوەتەوە، کورد وەک نەتەوە، نەک وەک حیزب و بنەماڵە و تاقم و خێڵی سیاسی.

   کۆی کابینەکانی رابردوو لە ئەیاد عەلاوییەوە (٣ ئایاری ٢٠٠٥- ٢٠ ئایاری ٢٠٠٦) تا دەگاتە عادل عەبدولمەهدی (٢٥ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨-٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩)، هیچیان لە کابینەی تەوافوقیدا سەرکەوتوو نەبوون، هیچیان نەیانتوانی نە حکومەت بکەن بە حکومەتێکی نیشتیمانی، نە دامەزراوەی نیشتیمانی بونیاد بنێن، نە تەوافوق لە پرسێکی تیۆری ڕووتەوە، بە پراکتیکی بگوازنەوە بۆ ناو دەوڵەت و سیستم و دامەزراوەکانی دەوڵەت. لە تەواوی کابینەکاندا، بە کابینەکەی مستەفا کازمیشەوە، عیراق بەردەوام لە ناو گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناتەبایی نەتەوەیی و تائیفی قوڵدا ژیاوە. گرفتەکانی عیراق، گرفتی مێژوویی و بونیادین، گرفتی داخرانە بەسەر رووبەرە بچووکەکانی ئیتنیک و مەزهەب، گرفتی نەبوونی هۆشیاری دیموکراسی و کولتوری بەیەکەوە ژیان، گرفتی ئەو مێنتاڵیتییەی نە توانای تێپەڕاندنی سنورە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بچووکەکانی خێڵ و دین و تائیفە و نەتەوەی هەیە، نە توانای ڕەخساندنی سەرزەمینێکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ قبوڵکردنی جیاوازییەکانی یەکدی و داننان بە بوونی بەرامبەر. واتە ئیلیتی سیاسی و دینی لەم وڵاتەدا لەوە کەمتواناتر بووە، بتوانن کەرتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ناو چوارچێوەیەکی هاوبەشی سیاسی و ئیداریدا کۆبکەنەوە و بەگوێرەی ئەو چەمکەی کە پێیدەگوترێت سیستمی دیموکراسییەتی تەوافوقی حوکمڕانی بکەن و بناغەیەک بۆ تەوافوق لە بەڕێوەبردنی نیشتیمانیدا دامەزرێنن. 

    عیراق بە گووتەی فەیسەڵی یەکەم خۆی، وڵاتی تۆپەڵە مرۆڤی جیا جیایە. ئەم تۆپەڵە مرۆڤانە لە دروستکردنی دەوڵەتی عیراقەوە ناکۆکی و قینی مێژوویی جوڵەیان پێدەکات. دوای کەوتنی بەعس، ئەم قین و ڕقە مێژووییە لە دیوە ئاشکراکەی سیاسەت، لە گوتاری گۆڕەپانە سیاسییەکان و نێو شاشەی تیڤی و بەیاننامە حیزبییەکانی نوخبەی سیاسیدا وا دەردەکەوێت کۆتایی پێهاتووە و هەمووان خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگەی بەهەشتین، بەڵام لە دیوە پەنهان و شاراوەکەیدا، دڕندەیەکە و لە ناخی سیاسییەکاندا خەوتووە، بۆیە دوای ڕوخانی بەعس، پێویستی بە کاتی زۆر نابێت تا بە خێرایی بێتەوە ناو دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە. بەشی هەرە گەورەی کەرتە کۆمەڵایەتییەکان، نوخبەی سیاسی، دینی و مەزهەبییە جیاوازەکان، لەبری کارکردن بۆ سڕینەوەی ڕق و دروستکردنی مێژوویەکی تازە و دونیایەکی سیاسی نوێ، قینی مێژوویی دەبێتە بزوێنەری کاری سیاسی و ئیداری و، تەواوی کایەکانی ئیدارە و دەوڵەت بە تەواوی دامەزراوەکانییەوە، دەخرێنە خزمەتی ئەم تۆڵە مێژووییەوە. 

   ڕاستە بەشی زۆری وڵاتانی جیهان پێکهاتەی ئیتنیکی، دینی، سیاسی و کولتوری جیاوازیان تێدایە، بەڵام ئەوان، تایبەت لە ئەوروپای رۆژئاوا، ئەمریکا و کەنەدا، کە ژمارەیەکیان دیموکراسییەتی تەوافوقی و هەندێکیشیان دیموکراسیەتی زۆرینە پەیڕەو دەکەن، لەبری تۆخکردنەوەی ئەم ناکۆکییە بچووکانە و بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە شەڕی سڕینەوەی ماف و بوونی ئەوانیدیکەدا، خودی ئەم دامەزراوانەیان دیموکراتیزە کردووە و بنەمایەکی دیموکراسی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە بۆ قبوڵکردنی تەواوی ئەو جیاوازیانە و داننان بە ماف و بوونی سیاسی و کولتورییان. بە پێچەوانەوە لە عیراقدا دامەزراوەی دەوڵەت نەیتوانیوە ببێتە چەترێکی قانونی و سیاسی بۆ پاراستنی ماف و بوونی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان. 

کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزیش کە دەوڵەتی عیراقی دروستکردووە، نەک مافی سیاسی و کولتوری ئەم پێکهاتە و تائیفە جیاوازنەی وەک پێویست لەبەرچاو نەگرتووە، بەڵکو ڕەگی جیاوازی و ناکۆکییە مێژووییەکانی قوڵتر و پڕ برینتر کردووە، تەنانەت بردنەپێشی بەشێک لە ئەجێندای سیاسی خۆی لەسەر بنەمای تۆخکردنەی جیاوازییەکان و گۆڕینی بۆ ناکۆکی و بەیەکدادانی نەتەوەیی و تائیفی بونیاد ناوە. دوور نییە هەر لە بنەڕەتدا بڕیاری پشتیوانی ئینگلیز بۆ دروستکردنی دەوڵەتی عیراق بۆ عەرەبی سوننە مەزهەب، وەک سەرەتای وەرگرتنەوەی ئەو تۆڵە مێژووییە ببینرێت لە ئەوانیدی، تایبەت لە عەرەبی شیعە، وەک چۆن دەشێ بڕێک لە هەنگاوەکانی پشتیوانی و بڕیاری ئینگلیز بۆ لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە دەوڵەتەکەوە، دیوێکی دیکەی ئەو تۆڵەیە بێت لە کورد و هەندێ لە پەیوەندی و جوڵەکانی شێخ مەحمود. واتە ئینگلیزیش لەم وڵاتەدا، لە داڕشتنی دەوڵەتەکە و مامەڵەی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکاندا، رێگە دروستەکەی نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو بووەتە لایەنێکی گرنگ و پڕ مەترسی بۆ تۆخکردنەوەی کێشە نەتەوەیی و تائیفییەکانی ئەم وڵاتە و سەرەنجامیش ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی. لەوساوە بۆ ئێستا ئەم مێنتاڵیتی و ئەخلاقی تۆڵەیە، ئەم نەزیفی خوێن و نائارامی  ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەم سەرزەمینە جوگرافییەدا بەردەوامە و درێژەی هەیە. کاتێک ڕق مێژوو دەنوسێتەوە، دیموکراسییەت لە ژێر پرسیاردا دەمێنێتەوە، کاتێکیش دیموکراسی لەبەردەم پرسیاری بونیادیدایە، نە تەوافوق و نە حکومەتی زۆرینە مانایەکی دیموکراسیان نابێت. بۆیە نوخبەی سیاسی لە عیراق بەر لەوەی جارێکی دی بیر لە تەوافوق، یان حکومەتی زۆرینەی نیشپیمانی بکاتەوە، دەبێ بیر لە خودی دیموکراسی خۆی بکاتەوە.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×