بازنەکانی ململانێ لە سوریا، ئەزمونی کوردانی رۆژئاوا بەرەو کوێ؟

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2019-10-24     1094
چەندین ساڵە سەرزەمینی سوریا، مەیدانێکی گەرمی رووبەڕووبوونەوە و ململانێی نێوان دەوڵەتانی دونیا و ناوچەکەیە. لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە(٢٠١١)دائەگەرەکان بەرەو ئەوە بوون، کە سوریا روو لە کەوتن و خۆری بنەماڵەی ئەسەدیش روو لە ئاوابوون بێت، بەڵام رووداوەکان ئاراستەیەکی دیکەیان وەرگرت، ئاراستەیەک کە رەنگە بۆ خودی ئەسەد و هاوپەیمانەکانیشی پێشبینیکراو نەبووبێت. 
     
کاتێک خەڵكی سوریا بە جیاوازی پێکهاتە نەتەوەییو ئایینییەکانییەوە دژ بە دیمەشق راپەڕین، بەشێکی گەورە لە دەوڵەتانی بڕیار بە دەستی دونیا لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا، تەنانەت تورکیاش، داوای رۆیشتنی بەشار ئەسەدیان دەکرد، تەنانەت بڕوایان وابوو، کە چارەسەری ئاشتیانەی دۆخی سوریا لە ئامادەبوونی ئەسەددا، کارێکی نەکردەیە. 
     
دیمەشق تا دوو ساڵیش بەر لە ئێستا، بەشی هەرە گەورەی جوگرافیاکەی بۆ گروپە جیاوازەکانی سوریا لە دەستدابوو، چ گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، یان داعش، وێڕای ئەوەی کە ناوچەکانی هاوسنور لەگەڵ تورکیاش، تایبەت ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردنشینن، بە واقیعی لە بندەستی کوردەکاندا بوون و سوپای دەوڵەتی سوریا لەو ناوچانەدا پاشەکشەی کردبوو. کوردەکان جیاواز لە ناوچەکانی دیکە، جۆرێک لە بەڕێوەبردنی سەربەخۆیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان دامەزراندبوو، کە تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان تیایدا هاوبەشی دەسەڵات و بەڕێوەبردنەکە بوون. 
     
لە دۆخی ئاڵۆزی سوریادا، ئەمریکا و روسیا وەک دوو هێزی کاریگەری نێودەوڵەتی، ئێران و تورکیاش وەک دوو هێزی کاریگەری ناوچەیی، بوونە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە. سوریا بووە سەرزەمینی بەریەککەوتن و بە یەکدادانی ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییە جیاوازەکان.
     
 ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە بە کردەوە پەرۆشی زۆری لە جەنگی سوریادا پێشاننەداوە. بوونی ئەمریکا لە سوریا زیاتر ئامادەیی راگرتنی باڵانسی هێز بووە لە بەرامبەر هەژموونی ئێران و روسیادا، واتە هەر لە بنەڕەتدا، بوونی ئەمریکا بوونێک بووە لە نێو ململانێ ناوچەییەکاندا، نەک ئامادەبوون لە پێناوی بەلاداخستنی ململانێ ناوخۆییەکانی سوریادا. ئەگەر بوونی ئەمریکا لە عیراق بە بوونی ئەمریکا لە سوریا بەراورد بکەین، بە روونی ئەوە هەست پێدەکەین، کە عیراق، پێچەوانەی سوریا، هەمیشە پێگەی گرنگ و جێگە بایەخی زۆر بووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا و ئامادەبوونی ئەمریکا لە عیراقدا، ئامادەبوونێکی راستەقینە بووە، بە مانای ئەوەی تەنانەت دوای بڕیاری پاشەکشەی هێزەکانیشیان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئۆبامادا، گۆڕەپانەکەیان تەواو بۆ ئێران چۆڵنەکردووە.هەرچەندە ئەمریکا لە سوریادا توانای ئەوەی هەبوو بەر لەوەی دۆخەکە بەو ئاڵۆزییەی ئێستای بگات، بەر لەوەی سوریا بەسەر جوگرافیای نفوز و دەسەڵات و بەرژەوەندی جیاوازی جیهانی و ناوچەییدا دابەش بێت، ململانێکە بە بەرژەوەندی خۆی و دۆستەکانی لە سوریا یەکلابکاتەوە.
     
روسیاش لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی دەسەڵاتی داعشەوە وەک ژمارەیەکی کاریگەر لە (٢٠١٥)وە هاتووەتە ناو هاوکێشەکە و تا رادەیەکی گەورەش هاوسەنگی هێز و خاکی بە قازانجی دیمەشق گۆڕی. روسیا پێشتریش و لە رۆژگاری دەسەڵاتی ئەسەدی باوکدا، هاوپەیمان و پشتیوانی سوریا بووە، ئێستاش لە سەردەمی ئەسەدی کوڕدا، هەر وەک پارێزەری دەسەڵاتی دیمەشق ماوەتەوە و توانی لە کەوتنیش بیپارێزێت. تەنانەت لەگەڵ هاتنی روسیادا، نە تەنها ناوچەکانی نفوز و دەسەڵات لەسەر خاکی سوریا بە تەواوی لە نێوان واشنتن و مۆسکۆدا، دابەشبوون، بەڵکو دەسەڵاتی ئەسەدی کوڕیش هەنگاو بە هەنگاو لە دیمەشقەوە بەرەو کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە لە دەستدراوەکان رێگەی بڕیوە. 
     
ئێران لە سەرەتای دروستبوونی مەترسی بۆ سەر دیمەشق، لە هاوکاری سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی، هەر جۆرە هاوکارییەکی پێیکرابێت، بۆ دیمەشق درێغی نەکردووە، هەموو تواناکانی خۆی خستووەتە کار، هەموو هەوڵێکیشی داوە تا دیمەشق نەکەوێت. هەرچی تورکیایە لە رێی کۆمەککردنی راستەوخۆ بە گروپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و کۆبوونەوە بە بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە خۆی و جیهادییە ئیسلامییەکان، بە دژی ئەسەد جموجۆڵی لە ناو خاکی سوریا و دەرەوەی سوریادا دەسپێکردبوو. 
     
بۆ ئێران و روسیا، مانەوەی ئەسەد و نەکەوتنی دیمەشق، پرۆژەیەکی ستراتیژی بوو، لەمەشدا سەرکەوتوو بوون. ئەمڕۆ هەموو پێشبینییەکان پێماندەڵێن، کە چیتر دیمەشق، دیمەشقی بەر لە (٢٠١٧) نییە.ئەمڕۆ دیمەشق زیاتر و بە قورساییەکی گەورەترەوە بەرەو ئامادەیی لە ململانێ ناوچەییەکان و یەکلاکردنەوەیاندا بە قازانجی خۆی، رۆڵ دەگێڕێت. 
     
یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانی ئەمریکا لە سوریا، کوردەکان بوون. ئەم دووانە، ئەمریکا و کورد (پەیەدە) لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، دوو نزیکترین دۆست و هاوکاری یەکدی بوون. پەیەدە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، متمانەیەکی زۆری لە رووی سیاسی و سەربازییەوە بە دەستهێنابوو، توانیبووی لە ناوچەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریادا، واتە لە رۆژئاوادا، سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعشدا بە دەست بهێنێت، ئەمریکا  وهاوپەیمانانیش لە رووی هێزی ئاسمانی، هەروەها لە رووی پێدانی چەک و مەشق و هاوکاری لۆجستی و راوێژکارییەوە، یارمەتیدەریان بوون. بەڵام سەرەنجام لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا (٢٠١٩)، ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بڕیاریدا هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. ئەم بڕیارەی ئەمریکا جگە لەوەی لە ئاستی رایگشتی ئەمریکی و جیهانی، تەنانەت لە ئاستی ناوەندە فەرمییەکانی وەک کۆنگرێسی ئەمریکی و ناتۆ و پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا، رووبەڕووی ناڕەزایی و رەخنەی توند بووەوە، لە کاتێکیشدا بوو، کە تورکیا دوای داگیرکردنی عەفرین، نزیک بە دوو ساڵ دەبێت خەریکی ئامادەکارییە بۆ پەلاماردان و داگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە پەیەدە تیایاندا دەسەڵاتدارە، ئەمریکاش بە وردی ئاگاداری ئەم ئامادەکاری و پلانەی تورکیا بووە. لێرەوە کاتێك پەلاماری داگیرکاری تورکیا دەچێتە بواری پراکتیزەکردنی سەربازییەوە و ئەمریکاش هاوشانی روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئامادەی سەرکۆنەکردنی پەلامارەکەش نابێ، ئیدی هەرچی زیاتر وێنەکە بۆ پەیەدە و هەسەدە روونتر دەردەکەوێت. 

دیوی دیاری وێنەکە ئەوەیە، تورکیا دەخوازێت بە قوڵایی زیاد لە ٣٠کم بچێتە ناو خاکی سوریاوە، لەو ناوچانەی داگیریدەکات، ناوچەی ئارام لە ژێر سەرپەرشتی و هەژموونی خۆیدا رابگەیەنێت و ملیۆنان ئاوارەی عەرەبی سوریا لەو شوێنانەدا نیشەجێ بکات، واتە دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنەکانیاندا، سیاسەتی تێکدان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بە قازانجی سیاسەتی فاشیزمی ئاکەپە و هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی توندڕەوی سوریای سەر بە تورکیا.دیوە شاراوەکەشی بریتیبوو لە لێدان لە بوونی کورد وەک قەوارەیەکی سیاسی، وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی. چونکە لە خەیاڵی فاشیزمی تورکیدا، کورد مەترسییە و دەبێ ئەو مەترسییە لەناوببرێت. واتە هەر لە بنەڕەتدا شەڕی فاشیزمی ئاکەپە، شەڕی دژ بە بوون و ناسنامەی کوردییە، شەڕی تێکشکاندنی ئەو ئیرادەیەیە، کە هەوڵدەدات کورد وەک ئینسان، وەک بوونێکی ئازاد، گوزارشت لە خۆی بکات، نەک شەڕ دژی بوونی قەوارەیەکی جوگرافی دیاریکراو. بۆ فاشیزمی ئاکەپە، کورد وەک ئەم پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازە قبوڵکراو نییە. بۆیە هەرچی لە دەرەوەی ئەم راستییە دەیڵێن، بۆ داپۆشینی خودی ئەو بۆچوون و روانینە فاشیانەیە، کە بە شاراوەیی لە ناوەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئەنکەرە لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆغان بە نەگۆڕی ماوەتەوە.
     ئەم شاڵاوی داگیرکارییە و هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەک تەماشاکەر، کوردەکانی ناچار بە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی دۆستی نوێ کرد، دۆستێک لانیکەم هێز و مافی داکۆکی و پاراستنی ژیانی خەڵکی ناوچەکەی لەو شاڵاوەی فاشیزمی تورکیا هەبێت.

کورد لە بەردەم مەترسیدا، رۆژئاوا بەرەو کوێ؟
     لە بڕوای مندا، ئەزموونی رۆژئاوا لە ئێستادا، دوای پەلاماردانی لەلایەن تورکیا و، بێدەنگی، یان هاتنەدەنگی بێ کردەوەی دونیا، کەوتووەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسی جدییەوە، چونکە روونە هەرچی لە دوای ئەم پەلاماردانەوە لە نێوان وڵاتانی دونیا و تورکیا، یان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و دونیا بە یەکەوە لەگەڵ تورکیا، یان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ تورکیادا بکرێت، لە بەرژەوەندی هەر کەس و دەوڵەتێک بێت، لە بەرژەوەندی کورد و ئەزموونی رۆژئاوا نابێت، چونکە هەمووان، بەوانەشەوە کە سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکەی تورکیایان کردووە هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە دەبێ یەکێتی خاکی سوریا پارێزراو بێت، هیچیشیان پشتگیری دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆ، تەنانەت فیدڕاڵیش بۆ کوردەکان ناکەن. 

لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا،دوای چوار کاتژمێر کۆبوونەوە لە ئەنکەرە، وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی (مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆغاندا، کە بەپێی هەموو ئاماژەکان، ناردنی ئەم وەفدەش لە ژێر کاریگەری هەموو ئەو فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەدا بوو، کە رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ ببووەوە، یان دوور نییە ئامانج لەو هەنگاوە بۆ سوودوەرگرتن لە کات بە ئاراستەی خامۆشکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بووبێت، بەڵام خودی رێککەوتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە، جارێکی دیکە نەک بۆ کوردانی رۆژئاوا و بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی دڵخۆشکەر نییە، بەڵکو تا رادەیەکی زۆر سەپاندنی ئەو ستراتیژەیە کە تورکیا خواستی بوو لە رێی پەلاماردانی سەربازییەوە بە دەستی بێنێت.
      ئەمریکالە رێی (پێنس)ەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ئەنکەرە، ئەم رێککەوتنەی وەک دەستکەوتێک بۆ ئەمریکا، بۆ کورد، بۆ تورکیا و ناوچەکەش بەیانکرد، تورکیاش، لە رێی چاوشئوغلۆوە، گوتی: ئەوەی دەکرێت ئاگربەست نییە بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر، بەڵکو مۆڵەتە بۆ (پەیەدە) تا بە قوڵایی ٣٢کم لە سنوری تورکیاوە بەرەو قوڵایی سوریا پاشەکشە بکەن، چەکە قورسەکانیان دابنێن و بنکە و بارەگاکانیان تێکبدرێن. ئێمە ئۆپەراسیۆنەکە (بە زمانی فەرمی دەوڵەتی تورکیا) رادەگرین، بەڵام کۆتایی پێناهێنین، تا کوردەکان لەو ناوچەیە نەکشێنەوەکە بڕیارە بکرێتە ناوچەی ئارام، هەر وەک لە خاڵی یازدەی رێککەوتنەکەشدا هەر بەمجۆرە هاتووە. 
     
لە دوای رێککەوتنی ئەنکەرەی نێوان ئەمریکا-تورکیا لە١٧ی ئۆکتۆبەر و رێککەوتنی سۆچی نێوان روسیا-تورکیا لە ٢٢ی هەمان مانگدا، کوردەکان لە ناوچەکانی شەڕی گەرم کشاونەتەوە، ئەمریکاش بە فەرمی ئەوەی بە ئەنکەرە راگەیاندووە. ئەمریکا بە چەند کاروانێکی جیاواز ئەو سەدان سەربازەی لەو ناوچانەی سوریادا هەیبوو، بەرەو عیراق پاشەکشە پێکردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە گروپێکی بچووک لە سەربازەکانی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان هێشتووەتەوە، هەر وەک بە فەرمیش ئەمریکا رایگەیاند، کە ئەوان بۆ پاراستنی نەوت ماونەتەوە، نەک کوردەکان. لە بڕوای مندا، هێشتا بوونی گروپێکی بچووکیش لە سەربازانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی دەوروبەری دێرەزوور، باشترە لەوەی ئەو سەرچاوە نەوتییانە بکەونە بندەستی روسیا، ئێران، یان تورکیا و دیمەشق، چونکە دەشێت ئەمریکا پلانی ئەوەی هەبێت جارێکی دی ئەو سامانە ئابوورییە بخاتەوە خزمەتی پرسی کورد لەو ناوچانەی تیایدا دەسەڵاتدار دەمێنن.
     
دۆسیەی کوردەکان لە نێو هەموو ئەو ململانێ ئاشکرا و شاراوانەدا، دەبێ لە ناو جانتای دیپلۆماسی کام وڵاتدا حەشار درابێت، لەسەر کام مێزی کۆبوونەوە و لە کام پایتەختی ئەو وڵاتانەدا گفتوگۆی پیلانگێڕییەکە بە کۆتا بگەیەنن. دیوە ئاشکراکەی پیلانەکە بەرەو ئەوەیە، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا ئەگەر نەکەوێتە بەردەم مەترسی هەڵوەشان، ئەوا لە رووی جوگرافیاوە بەرەو بچووککردنەوە، لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە کەمتواناتر بکرێت. ئەمریکا، روسیا، ئێران، تورکیا، تەنانەت دیمەشقیش لەمڕووەوە گرفتێکیان نابێت. بۆ هیچ یەکێک لەوانە ئەوەی گرنگە، کورد و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەکانە، هەمووان بە دوای بە دەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتەوەن، دەستکەوتی سیاسی و ئەمنی و ستراتیژی، دەستکەوتی بە سەرکەوتوویی هاتنەدەر لە ململانێکە. بۆ کوردیش لە نێوان هەڵوەشانی کۆی ئەزموونەکە و بچووکبوونەوەی جوگرافیادا، ئەگەرچی ئەم بچووکبوونەوەی جوگرافیایەش دوور لە هەڕەشەیبەردەوام نابێت، بەڵام گومانی تێدا نییە بڕیاری عەقڵانی ئەوە دەبێت، کە لە ژێر باری ناهاوسەنگی هێز و پشتیوانی نێودەوڵەتیدا، بە بچووکبوونەوە رازی بێت. هەڵوەشان نزیک لە وێرانبوونە لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، بەڵام بچووکبوونەوە نا. هەڵبژاردنی بژاردەی بچووکبوونەوە نە تەنها بڕیارێکی لۆژیکییە لە رووی سیاسییەوە، بەڵکو جارێکی دی درێژەدانە بە کارکردن بۆ پاراستن و بردنەپێشی ئەجێندای سیاسی کورد لە رۆژئاوا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، نێودەوڵەتی و ناوچەیی، واتە هاوشانی مانەوە وەک لایەنە تەکتیکییەکەی، دەشێ لە رووی ستراتیژییەوە، ئایندەیەکی نوێی سیاسی و دیموکراسی و بە یەکەوەژیانی لەسەر بینا بکرێتەوە.  

دوورکەوتنەوە، یان کشانەوەی تەواوی ئەمریکا لە جەوهەری ململانێکە لە سوریا، جگە لەوەی بۆ کورد زیانی گەورە دەهێنێت، بۆ نزیکترین هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیشی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە ئیسرائیل، هیچ دڵخۆشییەک ناهێنێت. هەرگیز بوون و نزیکی ئێران و دیمەشق لە سنورەکانی باشورەوە لە ئیسرائیل، بەبێ ئامادەبوونی ئەمریکا لە نێو ململانێکەدا، بە قازانجی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ستراتیژی ئیسرائیل نابێت. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بە گەورەبوونی زیاتری هەژموونی ئێران و بەهێزتربوونەوەی دیمەشق، دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی گەورەترەوە، بۆیە ئەگەر بۆ ئەمریکا دەستبەرداربوون لە کورد وەک دۆستێک لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە سوریادا کارێکی ئاسان بێت، ئەوا ئەم دەستبەرداربوونە لە هاوپەیمانی تەمەن، لە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی، واتە لە ئیسرائیل، کارێکی نەکردەیە، بۆیە دەبێ دیوە شاراوەکەی ئەم پرسەش لە ئەجێندای سیاسی کۆشکی سپیدا ببینرێت. ئایا ئەمریکا وەکچۆن دەستبەرداری دۆستە کاتییەکانی دەبێت، هەر بەمجۆرەش ئاسایشی نەتەوەیی هاوپەیمانە پلە یەک و ستراتیژییەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە. پرسیارێکە و وەڵامەکانی لە هەگبەی هاوکێشەی ململانێکانی دواتردا باشتر روون دەبنەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×