پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای بودجە

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2021-04-07     404

لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و پێکهێنانەوەی دەزگاکانی دەسەڵات لە بەغدا، هەرگیز پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێندە پتەو و سەقامگیر نەبوە، نە هەولێر و نە بەغدا بتوانن کار و بەرنامەی سیاسی و ئابوری خۆیان لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە دابڕێژن.

هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکان لە هەندێ قۆناغدا گەیشتوەتە ئاستی دابڕان و بایکۆتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جومگەکانی یەکەمی بڕیار و دەسەڵات، تایبەت ئەو کاتەی مالکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و مەسعود بارزانیش سەرۆکی هەرێم بو.

ریشەی پەیوەندییەکان جگە لەو سەردەمەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا ئۆپۆزیسیۆنی بەعس بون، لە ژێر باری ناچاری و بە ئامانجی سودوەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ناوچەیی و جوگرافی هەرێم، هەرگیز لە دۆخێکی ئاسایی و نمونەی پەیوەندی نێوان دو بەرەی سیاسی و  هاونیشتیمانی هەڵگری یەک ناسنامەی قانونی هاوبەشی ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی نەبون. دەتوانین بڵێین دۆخی پەیوەندییەکان بە ئێستای دوای پەسەندکردنی بودجەی عیراق و سازانی هەولێر و بەغداشەوە، لە ئاستێکدایە، بچوکترین لێکتێنەگەیشتن، یان بیانوی پێویستە، تا گێچی پەیوەندی و رێککەوتن و ئەنجامی سەفەرە مەکوکییەکانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، لە یەک چرکەدا بێنێتەوە سەر سفر. ئەم دۆخی پەیوەندییە لەرزۆکە، تەنیا پەیوەندی بە مەسەلەی بودجە و پارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو وەحشە ترسناک و تاریکەوە هەیە، کە لە ناخی دۆزەخی سیاسییەکانی هەولێر و بەغدادا دەژی، وەحشێک، نە تەنیا  توانا و هێزی بیرکردنەوەی ناگاتە ئاستی هەڵکشانی پتەوکردنی بنەما هاوبەشە نیشتیمانییەکان، بەڵکو زۆر لەوە بچوکترە ئەو بۆشایی و درزە مێژوییە گەورانە چارەسەر بکات کە لە نێوان هەر دو لادا هەن و مەرجی دروستکردنەوەی متمانەش دەبن بۆ ئایندەی ژیان و سیاسەت و کاری بە یەکەوەیی لە عیراقدا. ئەو عەقڵەی لە برینەکانی مێژوەوە بنەماکانی گوتاری سیاسی دادەڕێژێت، هەرگیز لە دونیای هاوچەرخدا، ناتوانێ هەنگاوێک بە قازانجی دیموکراسی و داڕشتنی پەیوەندی سیاسی دروست، بچێتە پێش.

سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا، شەیتانەکانی ناوەوەیان هێندە بە ئاگا و زیندوە، خەون بینینێکیان بەسە بۆ ئەوەی لە چرکەساتێکدا دۆخەکە لە رێککەوتنەوە بگۆڕن بۆ گرژی، ئارامی سیاسی و بوژانەوەی ئابوری بگۆڕن بە سەرزەمینێکی دۆزەخی بۆ هاوڵاتییەکانیان. ئاسانترین شتێک کە سیاسییەکان دەتوانن بیکەن و بە پلەی ئیمتیازیش تێیدا سەرکەوتون، خوڵقاندنی دۆزەخە، ناشیرینکردنی جوانی و بەتاڵکردنەوەی ژیانە لە مانا.

ئەوان چونکە سیاسی ناهۆشیار بە زانستی سیاسی، دامەزراوەی نیشتیمانی، ئازادی و مافی ئینسانن، بەردەوام خەریکی فڕێدانی دروشمی قەبەی ناواقیعی، ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و تێکدانی ژیانی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتین. ئاخر ئەگەر سیاسی بو بە بازرگان، شەڕەکانی بە ناوی دیموکراسی، دەستور، نیشتیمان، نەتەوە و ماف و ئازادییەوە دەیکات، شەڕی راستەقینە نین و جەوهەری شەڕەکە گوزارشت لە دیوە دۆزەخییەکەی ناوەوەیان ناکات، چونکە پاڵنەری سەرەکی شەڕەکە لە تاریکی و دیوی ناوەوەیاندا پەنهان و شاراوەیە. ئەوەی لە شەڕدا خۆی بەیان دەکات، ئەوەی هاوار دەکات و پۆپۆلیستانە یاری بە هەست و هۆشیاری عەوام دەکات،  دیوە روکەش و ساختەکەیە، نەک دیوە راستەقینە شاراوەکە. ئەم قسەیە هەم بۆ ئەو سیاسییانەی لە دەسەڵاتدان، هەم بۆ ئەوانەش کە لە ئۆپۆزیسیۆندان، راستی زۆری تێدایە.

سیاسی پۆپۆلیست، سیاسی بازرگان، هەر دوکیان پێویستیان بە عەوام، پێویستیان بە خەڵک هەیە، نە سیاسی پۆپۆلیست بێ عەوام دەژی، نە سیاسی بازرگان لە دەرەوەی خەڵک و بازاڕدا دەتوانێ سەرمایەی کەڵەکەبوی قەبەتر و گەورەتر بکات، بۆیە هەردوکیان وەکیەک شەڕی داگیرکردنی دڵ و هۆشیاری خەڵک دەکەن، نەک ئازادکردنی. کێشەی سیاسەت لە هەرێم و عیراقدا هەر ئەوەیە، کە سیاسەت وەزیفەی بنەڕەتی خۆی لێوەرگیراوەتەوە و کراوە بە سەرپۆشێک بۆ داپۆشینی شکست و دۆڕان، کراوە بە بزوێنەری سەرەکی بە گەڕخستنی ماشێنی حەزە شەخسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. تا سیاسەت بەم فۆرم و تێگەیشتنە لە عیراق و هەرێم درێژەی هەبێت، هەمو چرکەساتێک ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەر رێککەوتنێک هەیە، هەمو رۆژێک لەبەردەم گێمێکی دیکەی پەیوەندی گرژ و ئاڵۆز و دیسانەوە تۆمەتبارکردن و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بێزەنتیدا وەستاوین.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×